ما 1661 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

دونیا شەو بوو
کیژۆڵەیێ گۆناى گوڵى سپێدەبوو.
کیژۆڵەیێ چاوى گەشى
هێشتا ئاشناى تۆز و گەردى غوربەت نەبوو

 

تاڤگەى مەند

نەژاد عزیز سورمێ

 

(نامەکانتم خوێندەوە... پەیام بوون...

بەڵام شتێک لە هیجى ئەم دونیایەى نەدەکرد،

ناکاو گۆلە فرمێسکى پەنگ خواردووى دیدەمى سمى...

لەو ساوە بیناییم کوێر بووە..

لەو ساوە نەدەتبینم و نەتێت دەگەم.

ئەمە چڵێکى ئەو تروسکاییەیە تا دوێنێ

بەر پێى خۆمم پێ دەدەى.)

 

1

دونیا شەو بوو

کیژۆڵەیێ گۆناى گوڵى سپێدەبوو.

کیژۆڵەیێ چاوى گەشى

هێشتا ئاشناى تۆز و گەردى غوربەت نەبوو

لە شەوستانەوە دەهات،

دڵى گەورەى

خەمى گەورەى

دابووە کۆڵ و

بۆ شارى چراخان دەچوو.

 

 

دونیا شەو بوو

من بێ ئاو دەنگ، بێ مەئوا

شەویش لەبەر گۆناى ئاڵى ئەم کچەدا

بێ پەنا بوو

(ڕێگاى سەختى غەریبى خۆى گرتۆتەبەر

 نازانێ لەم دونیایە بێ ئەنوایە

بێ دەنگى دەبێ بە پەناى بێ پەنایان..

نازانێ کە ڕێگاى سەختى

غەریبى خۆى گرتووەتە بەر

دواى سێبەرى خۆى کەوتووە!)

 

چ سوود کە شار

دەبێ بە دەریاى چراخان؟

چ سوود کە کەس ئاگادارى

سووتانى دڵى کەس نییە؟

چ سوود کە تۆ

لە سپییەڕۆژێکى وادا

دواى سێبەرى خۆت دەکەوى؟

چ سوود... چ سوود….؟

 

2

من دەمدیتن

گوێم لێیان بوو..

من نەمدیتن لە باڵەخانەى خەسرەودا

هەڵئەتووتێن

من دەمدیتن پێکى خەمەکانى فەرهاد دەخۆنەوە

(هەزارە زیلەى مێروولەن

بە تەلانى شیعرەکانم هەڵدەگەڕێن)

من دەمدیتن دونیاى ڕوونیان لێ کردین

بە شەوى ئەنگوستەچاو و

دەرگاى سێبورییان بەستین..

من دەمدیتن.. گوێم لێیان بوو،

لە ترسانا:

چاوى زەق و

دەستى قامچى و

زمانى جوێن و

زارى تف بوون.

 

( بەچى چووە و

 بەچى دەچێ؟

مێژوو لە ڕۆژگارى تاڵ و

شەوگارى خۆشەوە بەدەر

چى تیابوو؟

بەچى چووە و بەچى دەچێ؟)

کیژۆڵەیێ گۆناى گوڵى سپێدە بوو

هەوازەدەى سەماى نێرگزى کوێستان بوو

بۆ شارى چراخان دەچوو..

بەچى دەچێ؟

شارى چراخان لە گوڵ دەترسێ

شارى چراخان خامۆشە خامۆش

چووەتە ژێر بارى خەوى دێوەوە

پاماڵى کەنیزەکانى

حەرەمسەراى سوڵتانە.

 

بەچى دەچێ؟

کەسێ ڕێگاى غەریبى خۆى بگرێتەبەر

دواى سێبەرى خۆى بکەوێ؟

 

3

مەزڵم.. هەوارم، سێبەرى پەڵە هەورى

بەهارێکى قات و قڕ بوو!

تاکە پەناى غەریبى و غوربەتیم تۆ بووى

تۆ مێرگى سەوزى کوێستان بووى

من بێزار بووم ،

تۆش پەنام بووى

(لەم بەهارەیش قات و قڕتر؟

لەم ڕووخۆشیەش تووڕەتر؟

لەم هەرایەش کڕو کپ تر؟)

 

ڕێگاى سەختى غەریبى خۆتت گرتووە

تۆ دواى سێبەرى خۆت کەوتووى

بۆ

چى

دەگرى؟

ئەم شۆرەزارە بە فرمێسک ناڕوێتەوە.

مێژوو لە ڕۆژگارى تاڵ و شەوگارى خۆشەوە بەدەر ،

چى تیابوو؟!

تۆ کە لەم سپییەڕۆژەدا

دواى سێبەرى ڕەشەوەبووى خۆت کەوتووى

بۆ، چى، دەگرى؟

 

سەرهەڵئەگرم.

دەڕۆم بەدواى پەنجەرەیەکدا دەگەڕێم

سەرهەڵئەگرم.

جارێکى دى ناچمەوە ژێر

لێفەکەى خەوى مناڵیم...

دەڕۆم بەدواى کولانکەیەکدا دەگەڕێم

دەڕۆم… دەڕۆم… سەر هەڵئەگرم

ئەم شۆڕەزایە بە فرمێسک ناڕوێتەوە.

 

 Image result for foss kunst

گەڕان بۆ بابەت