ما 6724 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

بەکورتی نیتشە لەو کتێبەدا روو لە رابردوو دەکات، وەک چۆن پەی بە داھاتووش دەبات، لە ھەردوو باریشدا ژیانی دەقی پێشوو لەلایەک و دەقی سەرەکی لەلایەکی دیکە بەرجەستە دەکاتەوە، بەو مانایە دەشێ ئەو بیۆگرافیایە وەک ساتەوەختێک لە ئێستا تەماشا بکەین.

 

ژیاننامە/ بیۆگرافیا (Biography)

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

 وریا بن، تف بەڕووی بادا مەکەن."نیتشە"

ژیاننامە گێڕانەوەی تاکە، یان بەشێک لە ژیانی تاکە بە قەڵەمی خۆی. بیۆگرافیا خود دەبڕێت بۆ ئەوەی کەشفی جولە دیار و نادیارەکانی ژیان و دەروون بکات و ئاستی مەعریفە و ئاگامەندی تاک بگەیەنێت. ھەموو ئەوانەش دەچنە توێی ئەدەبی خودگەراییەوە، لە پشت ئەدەبی خودگەراییدا بڕوایەک ھەیە ئەویش ئەوەیە کە خود سەربەخۆیە و لە بەرانبەر خۆی تیوار و شەفافە... نووسینەوەی خود کۆمەڵێک دەرئەنجام دەخاتە روو، لەوانەش کۆتوبەندی دابونەریتی کۆمەڵگا و کپکراوەکانی نەست و ھەڵوێست و ئازادی و چالاکی و بوێری تاک... ژیاننامە شێوەی جۆراوجۆری ھەیە و بەو شێوەیە دابەش دەبێت: سەربردە، یادەوەری، یاداشتی کەسی، یاداشتنامەی رۆژانە، یاداشتی رۆژانەی سۆزداری، نامەی ئەدەبی، سەفەرنامەی ئەدەبی... ھەموو ئەو جۆرانەش لە نێو خۆیاندا جیاوازییان ھەیە.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێ جەختی لێبکەمەوە ئەوەیە بیۆگرافیا لە زمانی کوردیدا بە (ژیاننامە) ناو بەرین، کە لە زمانی عەرەبی بە (السیرە) ناو دەبرێت... چەمکی ژیاننامە دەچێتە خانەی ئەدەبی گێڕانەوە... وەک چۆن دەشێ لە زمانی کوردیدا یادەوەری، بیرەوەری، میمۆری (memoirs) بکەوێتە بەرانبەر (مژکرات)ی زمانی عەرەبی. چەمکی یادەوەری لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە یادگەوە ھەیە، وەک جۆرێک لە گێڕانەوەی تایبەتی ژیاننامە لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام پێش ھەموو شتێک پەسنی ئەو رووداوانە دەکات و ئەو ھەڵوێست و سەرھاتانە دەگێڕێتەوە و شی دەکاتەوە کە راستەوخۆ (منی نووسەر)ی تێیدا ژیاوە و بینوویەتی و رۆڵی تێدا گێڕاوە... ھەموو ئەوانەش لەگەڵ سەفەرنامە و نووسینەوەی سەفەر بە شێوەیەکی ئەدەبی و یاداشتی رۆژانە، نووسینی مەبەست بۆ لە بیر نەچوون، واتە (یومیات) کەمەکێک جیاواز دەکەونەوە.

 لە نێو کورداندا دەڵێن: ئێمە ئاگامان لە سەربوردەی تۆ نییە... بەو مانایەش رەنگە بتوانین بۆ (السیرە الژاتیە –autobiography) دەستەواژەی سەربردە، سەرگوزشتە بە کار بھێنین... لە ژیاننامەدا گێڕەڕەوە دیارە، بەڵام بکەر ونە، وەک زەمەن ئاسۆیی خۆی دەنوێنێ و لە سەرەتاوە بەرەو کۆتایی دەبێتەوە، دەمەوێ بڵێم شوێن و زەمەن لە (ژیاننامە- Biography) و (سەربردە- autobiography)دا دیاریکراو و سنوردارە! بەڵام نووسینی مەبەست بۆ لە بیر نەچوون بە دانانی مێژووی رۆژەکان ئەوە دەچێتە خانەی جۆرێک لە یاداشتی کەسی و بە یاداشتی رۆژانە (الیومیات) ناو دەبرێت. کەواتە سەربردە ھەموو ئەوەیە، یان بەشێکە لەوەی کە مرۆڤ لە بارەی خۆیەوە دەیگێڕێتەوە، یان لە بارەی ئەویدیکەوە... بێ ئەوەی چییەتییەکەی دیاری بکات! یادەوەری، یان بیرەوەری بە گشتی لە سێ تەوەرەدا دەخولێتەوە (کردە)، (بیرکردنەوە)، (سۆز) تا سنورێکی زۆر چییەتییەکەی دیاری کراوە بۆ نموونە: یادەوەری سیاسی، مێژوویی، دیکۆمینتاری، رۆشنبیریی... وەک چۆن لە خانەی یادەوەریدا یاداشتی کەسی (مژکرات الشخێیە) ھەیە، تەواو دەکەوێتە نێوان بابەتگەرایی و مێژووی خودگەرایی سەربردەوە. دەشێ ئەو جۆرە لە یادەوەری بە شێوەی یاداشتی رۆژانەش بنووسرێتەوە، یان ساڵە و ساڵ بنووسرێت...

لە زمانی کوردیدا یاداشتی کەسی (مژکرات الشخێیە) لە سەربردەوە (السیرە الژاتیە) نزیکە، بەڵام ئەوەی لێکیان دوور دەخاتەوە ئەوەیە کە لە یادەوەری و بە تایبەتی یاداشتی کەسییدا گێڕەڕەوە فیکر و دەروونی خۆی بەیان دەکات، ھەڵوێستی خۆی لە بارەی رووداوەکانی ژیانی خۆی دەردەبڕێت و بیریش لە شیکردنەوەی ھەموو ئەوانە دەکاتەوە کە دەشێ لە داھاتوودا روو بدەن، بۆ ئەوەی دواتر بۆی بگەڕێتەوە و لە ھەڵەکانی سوود وەربگرێ. بەڵام لە سەربردەدا سەرھات و ھەستەکان و ھیواکانی تێدا دەگێڕێتەوە.*

یەکێک لە جیاوازییەکانی جۆرەکانی ژیاننامە بە گشتی بە بینراو و رووداو و کەسەکانەوە بەندە، چۆن بیرکردنەوەکان و ھەستەکانیان دەگەیەنن! دووەم، فرە رەنگکردنی پانتاییەکانی گێڕانەوەی سەرھات و ئاستی مەعریفی گێڕەڕەوە و بایەخی گێڕانەوە و ئەزموون... ھەموو ئەوانە جیاوازی تایبەتی دروست دەکەن. سێیەمین جیاوازی دەکەوێتە سەر ھێزی بیرھاتنەوە و راستگۆیی و پاراستنی ھاوسەنگی و راشکاوی لە کەشفکردن و چەپێنراوە دەروونی و فیکرییەکاندا. چوارەم جیاوازی بە ئاستی ھونەرییەوە بەندە، پەیوەندی بە توانای گوزارشتکردن و شارەزایی (منی نووسەر)ەوە ھەیە، لە ھەڵبژاردنی گۆشەنیگا و دەستەواژە و گونجاندن و دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ھۆکار و دەرئەنجامدا... واتە بونیادنانی دەقێکی ئەدەبی و ھونەری.

بە گشتی لە ئەدەبی گێڕانەوەی ژیاننامەدا ھەمیشە درۆکردن و زیادەڕۆی و لە دەستدانی ھاوسەنگی وەک سەرنەکەوتنی (منی نووسەر) تەماشا دەکرێت، بەو مانایەش زۆربەی جیاوازییەکان جەخت لە مەسەلەیەک دەکەنەوە ئەویش راستگۆییە بە تایبەتی لە گێڕانەوەی یادەوەری و یاداشتی کەسی. ئایا گێڕەڕەوە وێنەیەکی چەند راستگۆییانەمان لە بارەی خۆیەوە بۆ دەکێشێ؟ کاتێ چەپێنراوەکانی ناوەوەی خۆی و ھەڵوێست و بیرکردنەوەکانی خۆی کەشف دەکات، دەیەوێ چیمان پێبڵێت؟ بۆ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە، دەبێ بۆ ھەموو ئەو گۆڕانکارییانە بگەڕێینەوە کە لە قۆناغەکانی کلاسیک و رۆمانتیک و مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەدا بەسەر خود و (منی نووسەر)دا ھاتووە... لە قۆناغی کلاسیکدا منی نووسەر منێکی سێنترالی پیرۆز بوو، یان وەک (باسکال) دەڵێت منێکی بەدبەخت بوو! بەڵام لە رۆمانتیکدا منێکی تاک و تەنیایە (رۆسۆ لەو بارەوە دەڵێت دەتوانم بڵێم من بە ھیچ کەس ناچم) تا دەگاتە سەردەمی نوێ و لێکھەڵوەشانەوەی من و خود، ئیتر گومانکردن لە خودی سێنترال (منی نووسەر) ھاتە ئاراوە... ئەدەبی ژیاننامە لە گێڕانەوەیەکی خودگەرا و منی نووسەر لە مێژووی گێڕانەوە ھاتە دەرەوە... دەمەوێ بڵێم ئەو شێوە بیرکردنەوەیەی لە بارەی خودی سێنتراڵ و منی نووسەر، کە لە کلاسیک و رۆمانتیک لە ئارادا بوو، لە سەردەمی نوێ و لە دوای ھەستکردن بە ھیچگەرایی و پووچگەرایی لە فەلسەفەی مۆدێرنیزمەوە (وەک ھابرماس بڕوای پێیەتی)* گۆڕانکاری بەسەردا ھات و سێنتەراگەرایی بەرەو پەراوێزگەرایی و دەقگەرایی ھەنگاوی نا... دەستەواژە بە ناوبانگەکەی سارتەر "من ئەوەم کە من نیم، بەڵکو ئەویدیکەم" کاریگەری زۆری نواند*. (فوکۆ) منی رەتکردەوە، بۆ ئەوەی لە رێگای ئەویدیکەوە دەقگەرایی بەرھەم بھێنآ ء لە رێگای ئەویدیکەوە بیخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی لە بری بە پیرۆزکردنی منی نووسەر دەق ببێتە موڵکی ئەویدیکە، ئەویدیکە دەق دابنێتەوە، ئیتر لێرەوە من ھەڵوەشایەوە ء لە شوێنی ئەو منە سێنتراڵە چەندان (من) ھاتنە قسەکردن... (لاکان) لە رەتکردنەوەی کۆجیتۆی (دیکارت)یدا دەڵێت "من لەو شوێنە نیم کە بیر دەکەمەوە، من بیر دەکەمەوە لە شوێنێ کە نیم"... لێرەوە رەتکردنەوەی خود، رەتکردنەوەی خودگەرایی، رەتکردنەوەی منی نووسەریش دەنوێنێ، بەو مانایەش منی گێڕەڕەوەی نێو ژیاننامە لە پاڵ رەگەزەکانی دیکەی گێڕانەوە (خەون و شیکردنەوەی رووداو و خەیاڵ و مەنەلۆگ و ئاماژەکردن بۆ خوێندنەوەی ئایندە) خۆی ورد کردەوە... دەمەوێ بڵێم ئیتر لە مۆدێرنیزمەوە دەقگەرایی، خودگەرایی فەرامۆش دەکات!

دەقگەرایی ھەرگیز خاوەندارێتی قبوڵ نییە، چونکە فیکری مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە پێیوایە خاوەندارێتی لە رێگای ئەوەی کە ھەیەتی کەڵەگایی دەسەپێنآ، ئەگەرچی سەرەتای خاوەنداریەتی بە پێی پێداویستی کۆمەڵایەتی بوو، زەرورەتێکی ئاسمانی بوو، بەڵام لە جەوھەردا خۆی زۆرداری بوو، پاشان بە پیرۆزکرا، وەک چۆن نووسەر لە رێگای بوون بە خاوەنی دەق تەقدیس دەکرا، دواجار چەمکی خاوەنداریەتی بووە ئایدۆلۆژیا ء یاری بە چارەنووسی خەڵک دەکرد.

بیۆگرافیا

خاڵی یەکتربڕینی خەیاڵ و حەقیقەت

"ئەوەیە مرۆڤ"ی نیتشە* وەک نموونەی دەقگەرایی

"گۆتە"ی فەیلەسوف بەڕاستی بەشێکی زۆر لە حیکمەتی نواند کاتێک بیۆگرافیای (Biography) خۆی بە ناونیشانی (شیعر و حەقیقەت) ناونا، حیکمەتەکە ھەر تەنھا پەیوەندی بە بەھای ژیانی کەسێتییەوە نییە. بەڵکو پەیوەندی بە پرۆسەی نووسینەوەی بیۆگرافیا و جۆرەکانییەوە ھەیە، بەو مانایەی کە دەشێ بەشێکی بکەوێتە نێو خەیاڵ و بەشێکی بەڕاشکاوییەوە بەندبێ.* لێرە لەو نێوانەدا ناونیشانەکەی "گۆتە" حیکمەتەکەی خۆی دەوەشێنێ. دکتۆر جۆنسن دەڵێ: ئەوەی کە پێویستە بیۆگرافیا بنووسێتەوە خودی کەسەکە خۆیەتی، چونکە ھەموو مرۆڤێک بۆخۆی راستییەکانی ژیانی خۆی باشتر دەزانێ، ئیتر وێڕای نائاگایی و پشتگوێ خستن و لەبیرکردنە بێ مەبەستەکانیش... بەڵام ئەگەر ھاتوو کەسێک ویستی بە راشکاوی رووی ناوەوەی خۆی بنووسێتەوە، لە ھەموو کەس زێتر پاڵنەرەکان و وڕوژێنەرەکان و شاراوەکان باشتر یاد دەکاتەوە.*

خودگەرایی/دەقگەرایی

بیۆگرافیا گێڕانەوەی ژیانێکی دیاریکراوە، مەعریفەیەک لەبارەی ماھیەت و مانا و ئەو ئەرزشانە پێشکێش دەکات، کە دەقی پێ دیاری دەکرێ. بەو مانایەش دەقی بیۆگرافیا پێکھاتەیەکی مەعریفییە لە بەرجەستەکردنی لێوردبوونەوەی ژیانی کەسییەوە لەدایک دەبێ.

کەواتە بیۆگرافیا خۆ نووسینەوەیە، بەو وەسفەی کە دەقە، یان نووسینەوەی کۆی چالاکییەکانی خودی کەسێکە بەو وەسفەی کە دەقە. بێگومان پەسنی لەو جۆرەش لە ئەدەب نزیک دەبێتەوە، ئەگەرچی خود بە تەواوی خۆی پەسن ناکات، یان ناگێڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چالاکییە و نەخشە و نووسین و پانتاییەی کە دەکەوێتە نێوان وەسف و گێڕانەوە دەشێ بە دەقگەرایی ناو ببرێت. لەکۆی ئەو قسانەدا دەمەوێت خۆم بەو تێزە بسپێرم کە پرۆسەی بەرھەمھێنانی بیۆگرافیا پرۆسەیەکی دەقگەراییە.

دەشێ پرسیاری سەرەکی بیۆگرافیا لەنێو ئەدەب ئەوەبێ کە ئەگەر بیۆگرافیا بە ماڵێک بۆ حەسانەوە دابنێین، بەو مانایەی کە ماڵ دڵنیایی لەخۆدا ھەڵگرتووە، ئەوە بیۆگرافیا وەک درکاندن و گێڕانەوەی نێو ئەو ماڵە، تێگەیشتنمان رووبەڕووی ماڵ دووچاری لەق بوون دەکات. کەواتە تەرجەمەکردنی بیۆگرافیا وەک دەق و بەرجەستەکردنی وەک فەزایەکی جیاواز، تێگەیشتنێکی ساختەکارانەمان لەبارەی دڵنیاییەوە بۆ دەنووسێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانیین بڵێین (بیۆگرافیا) بێ فەزایە، بەڵام (دەقگەرایی) بیۆگرافی تۆبۆسە.*

بیۆگرافیا نە شوێنە نە بابەتێکە بۆ توێژینەوە، بەڵکو لە خاڵی یەکتربڕینی ھەردووکیاندا دێتەوە یەک. تۆبۆس فەزای گوتارە بەو خەسڵەتانە دەناسرێتەوە کە لە جوگرافیاوە وەری دەگرێت و لە رەوانبێژی بەدەستی دەھێنێ، بەڵام وێڕای ئەوەش پانتاییەکی تایبەت بەخۆی دەکاتە شوێنی کارکردن، چونکە فەزای گوتار لە ھەمان کاتتدا فەزای دیارکردنی دەق و کرانەوەیە بەسەر دەقەکانی دیکەدا.*

کەواتە لەلایەک دوور کەوتنەوەی بیۆگرافیا لە شوێن و تەماشاکردنی فەزا وەک جیاوازی، راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی کەسەکانەوە ھەیە. چونکە سنووری بیۆگرافی ئەو شوێنە گونجاوەیە کە دانەر وەک تاک تێیدا دەمێنێتەوە و دەسەڵاتی خۆی لە رێگای بەکارھێنانی راناوی "من"ەوە پراکتیزە دەکات. گێڕانەوەش لە رێگای قسەکەر و دابڕانی "من"ی دەق، لە "من"ی دانەر تەعبیر لە راشکاوی دەکات. لەلایەکی دیکە بیۆگرافیا وەک شێوازی چالاکیەکی زەمەنی دەقێکە بەوە پەسن دەکرێ، کە دەکەوێتە نێو شەپۆلی ژیانەوە. بێگومان گێڕەڕەوە دەتوانێ رووداوێک بە زانیاری پێشتر پڕ بکاتەوە، بە مەرجێک نەکەوێتە ژێر چاودێریکردن، یان نھێنییەک، یان بابەتێکی سەرەکی کە چاوەڕێی دەرکەوتن و ناسینی دەکرێ. نووسەری بیۆگرافیا وەک "مۆنتانی" و "رۆسۆ" دەڵێن: ھەموو شتێک دەڵێ، لەپێناو ئەوەی دەیەوێ، بۆ ئەوەی بە ھۆی رابردوو، داھاتوو بچنێ.* کەواتە بیۆگرافیا بە شێوەیەکی تایبەت زەمانییە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کات لە بیۆگرافیادا ھەموو شتێ نییە، وەک چۆن شوێنگەراییەکی جیاواز دادەمەزرێنێ. بە مانایەکی دیکە وەک (ج.ھیو. سلفرمان) دەڵێ: بیۆگرافیا لەخاڵی لێکدابڕانی زەمانی رووت و مەکانی رووتدایە. زەمانی رووت ژیانی تایبەتی نووسەری بیۆگرافیایە، بەڵام مەکانی رووت وەسفکردنی کۆمەڵێک فەزایە کە ژیان تیایاندا شێوەیەک لە شێوەکان وەردەگرێ. کەواتە ئەوەی بیۆگرافیا جیا دەکاتەوە تێکەڵکردنی زەمان و مەکانە.*

حەقیقەت/خەیاڵ

راستە گێڕانەوە ئامرازێکە پێچەوانەی رەگەزی وەسفکردن، گوتارێکە پشت بە چیڕۆک و گێڕانەوەی ئەدەبی دەبەستێ، بەڵام سنووری گێڕانەوە وەک چۆن بەسەر پەخشاندا کراوەیە، بەسەر شیعریشدا کراوەیە، کەواتە پرۆسەی گێڕانەوە لە نێوان ھەموو کارە ئەدەبی و ھونەرییەکاندا ھاوبەشە. بۆ نموونە شیعر ھەمووی وەسف نییە، ھەتا لەگەڵ گێڕانەوە پێچەوانە بکەوێتەوە، بەڵکو بەشێک لە گێڕانەوەی تێدایە کە نابێ پشتگوێی بخەین و نکۆڵی لێبکەین، پەخشانیش ھەمووی گێڕانەوە نییە، ھەتا پێچەوانەی پەسن بکەوێتەوە. لێرەوە حەقیقەت و خەیاڵ، یان پرسی گەیاندن/جیبەجێکردن، بڕیاردان/ئاماژەکردن، شیکردنەوە/وێناکردن... ھتد و  کۆی پرسەکانی زانست و ئەدەب بەرجەستە دەبن، بەڵام دەمەوێت بڵێم ئەگەر زانست بیەوێ خەیاڵنەکردن بێ، ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی پێوانە بدات، پاراستنی شوێن بێ لە پانتایی کەشفکردندا، ئەوە ئەدەب وەک (ج.ھیو. سلفرمان) دەڵێ: خۆی وەک گوتارێک لە درۆ پێشکێش دەکات. یەکەمیان مەعریفەیەکی پێوانەیی بۆخۆی دەخاتەوە، بەڵام دووەمیان مەعریفەیەک بەرھەم دەھێنێ کە زمانی قسەکردنی تایبەت بە خۆی ھەیە. لە نێوان شیعر و گێڕانەوە، خەیاڵکردن و خەیاڵنەکردن بیۆگرافیا دەکەوێتە دوورترین ھەوار... بەو مانایەی کە لە سنووری خەیاڵنەکردندا خەیاڵ دەنێتەوە، لە سنووری خەیاڵکردنیشدا بانگەشەی دەقگەرایی بیۆگرافیای خەیاڵنەکراو دەکات. بەمانایەکی دیکە لەبەر ئەوەی دەقی بیۆگرافی بە راناوی کەسی یەکەمی تاکەوە بەندە و ئەو راناوەش دەچێتە نێو بیرکردنەوە و بیرکردنەوەش توانای خەیاڵکردن دەکاتەوە بۆیە دەشێ بڵێین بیۆگرافیا گێڕانەوەیەکە ناتوانرێت بەدواداچوونی زانستی بۆ بەئەنجام بگەیەنین، بۆ نموونە لە بیۆگرافیادا قسەکردن لەبارەی سرووشت، جوگرافیا یان کشتوکاڵ.... ناتوانێ توێژەرێکی کشتوکاڵی رازی بکات. بەڵام دەشێ یارمەتی خوێنەر بدا، بۆ ئەوەی لە خەسڵەتەکانی دیکەی نووسەر تێبگات لە شارەزاییەکان و قەناعەتەکان و مەعریفەکانی...

گێڕانەوە بە راناوی "من" راشکاوییە، لەوێوە کە دەیەوێ وەڵامی ھەندێ پرس بداتەوە، وەک چۆن لەزۆر کاتتدا گەیاندنی حەقیقەت و بڕیاردان لەخۆ دەگرێ، لەڕووی زانستییەوە ئەو جۆرە گێڕانەوەیە بەرەو گوتارێکی تایبەتمان دەکاتەوە، بەڵام لەڕووی ئەدەبی و فەلسەفییەوە زاڵبوونی "من" دەگەیەنێت. بۆیە کاتێک دەقی بیۆگرافی دەخەینە چوارچێوەیەکی دیاریکراو دەبینین نە دەکەوێتە دووتوێی خەیاڵکردن نە بەخەیاڵنەکردنەوە دەلکێ، ئەوەش وامان لێدەکات بڵێین دەقی بیۆگرافی دەکەوێتە نێوان ئەدەب و فەلسەفەوە... بەو مانایەش دەقی بیۆگرافی ھەر تەنھا پەسنی رابردوو و داھاتووی دوور ناکات، بەڵکو داھاتووی نزیکیش دەگرێتەوە. کەواتە بیۆگرافیا بۆ خۆی خوازەیە، واتە دەقێکە بەگشتی خوازە پێکدەھێنێ، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت بیۆگرافیا نموونەی ژیانێکی دیاریکراو نییە، چونکە کاتێک دەبێتە خوازە بۆ ژیانێکی دیاریکراو ئەوە ئەو ژیانە ناگەیەنێت، بەڵکو کۆپێیەکی دیکەی ژیانی ناوبراو پێشکێش دەکات.

"ئەوەیە مرۆڤ "

لە نێوان توانا و تێگەیشتن

لە "سفری تەکوین ٣: ٢٢" دەگوترێ: ئەوەیە مرۆڤ ھەر وەک یەکێک لە ئێمە شەڕ و خێر ناس دەکات. دەستەواژەی "ئەوەیە مرۆڤ" ئاماژەیە بۆ مەسیح و مەسیحییەکان دەڵێن خوا لەو دەستەواژەیەدا مەلائیکەتەکان دەدوێنێ و دەڵێ ئەو مرۆڤە لە کتێبی خێر و شەڕدا بەشداری لەگەڵ ئێمەدا ھەیە. بەڵام فەیلەسوفی پۆست مۆدێرنە "فریدریک نیتشە" دەیەوێ لە رێگای دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی "ئەوەیە مرۆڤ" تواناکانی خۆی  نیشان بدات.

لە کۆی ئەو نووسینەدا ھەوڵمدا بڵێم بیۆگرافیا ژیانی کەسێکە، نووسراوەتەوە. یان پرۆسەی بەرھەمھێنانی بیۆگرافیا ئەو نووسراوە دەگرێتەوە، کە کەسێک ژیانی تایبەتی خۆی دەنووسێتەوە. بەڵام کتێبی "ئەوەیە مرۆڤ"ی نیتشە، ئەگەرچی لە چواردە بەش پێکھاتووە و لە رێگای بەکارھێنانی راناوی "من"  لەکۆی ئەو کتێبە بەتایبەتی لە بەشەکانی: بۆچی من ئەوەندە دانام، بۆچی ھێندە من زیرەکم چ شتێک وام لێدەکات کتێبی باش بنووسم... تەنھا دەیەوێت ماھیەتی خۆی نیشان بدات، کەمتر ئاماژە بە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات. بۆ نموونە لە بەشی دووەم بۆچی من ئەوەندە زیرەکم دەڵێ: لە تەمەنێکی زۆر زوودا کە ھێشتا حەوت ساڵان بووم تێگەیشتم کە ھیچ قسەیەکی مرۆڤانە نییە بتوانێت بێتە ناوەوەم، باشە کەسێک بینی من بەھۆی ئەوەوە میزاجم خراپ بێت؟ تا ئێستا بەرانبەر بە خەڵک لوتفم ھەیە، بگرە رێزی خەڵکی زۆر سادەو ساکاریش دەگرم، ئەوەش بەھیچ جۆرێک پێشاندانی گەورەیی و فیز نییە، کاتێک رقم لە کەسێک دەبێتەوە ھەر یەکسەر ھەست دەکات کە رقم لێیەتی، ھەر ئەوەندە بەسە من بێمە شوێنێک بۆ ئەوەی ھەموو ئەو خەڵکانەی خوێنیان بۆگەن و گەندەڵە بێزار و تووڕە بن.* ئەگەرچی ھەموو ئەو بەخۆداھەڵدانە دەچێتە میانی پەسن و گێڕانەوە، بەڵام گێڕانەوەیەکی زنجیرەئامێزی زەمەنی نییە، بەقەد ئەوەی بڕوای خودی نیتشەیە لەبارەی خۆیەوە، بەشێکی زۆری ئەو بڕوایەش بەتایبەتی لە بەرانبەر "فاکنەر"ی مۆسیقی زۆر کەسییە و راستەوخۆ بە پەیوەندی نێوانیانەوە بەندە. نیتشە لەو کتێبەدا لە بری ژیانی تایبەتی جگە لەو بەشانەی لە سەرەوە ناوم بردن لە ھەموو بەشەکانی دیکەدا تەنھا دەیەوێت ناسنامەی فەلسەفی و رۆشنبیریی خۆی بە ھۆی ناوھێنانی کتێبەکانییەوە بە ئەویدیکەی خوێنەر بگەیەنێت. 

کەواتە نیتشە لە رێگای راناوی "من" دەق دەخاتە روو، بۆیە لەو بیۆگرافیایەدا جگە لە دەقی ژیانی نیتشە: باوکم لە تەمەنی (٣٦) ساڵی کۆچی دوایی کرد...ل١٩. من ئەڵمانییەکی دژ بە سیاسەتم......ل٢٠. دایکم بێگومان یەکێکە لەوانەی زۆر ئەڵمانییە..ل٢١. من لە رێکەوتی (١٥)ی ئۆکتۆبەری ١٨٤٤  لە دایکبوومە... ھیچ پەسنێکی دیکەمان بەرچاو ناکەوێت. کەچی (سارتەر) لە کتێبی (وشەکان) وردەکاری ژیانی دوانزە ساڵەی خۆی لە زنجیرەیەکی زەمەنیدا تۆمار دەکات. بەڵام نیتشە زێتر ئاماژە بە بەرھەمە فەلسەفییەکانی دیکەی خۆی دەکات و لەو رێگایەوە خۆشی لە شوێنگەی خۆی بەدەست دەھێنێ. بە مانایەکی دیکە نیتشە لە بری ئەوەی خۆی وەک شوێنی پرسیار بەرز بکاتەوە، بەرھەمەکانی وا نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ئەو پەیوەندییە نووسراوەیە شوێنی دەقی بیۆگرافیا نییە.

بەکورتی نیتشە لەو کتێبەدا روو لە رابردوو دەکات، وەک چۆن پەی بە داھاتووش دەبات، لە ھەردوو باریشدا ژیانی دەقی پێشوو لەلایەک و دەقی سەرەکی لەلایەکی دیکە بەرجەستە دەکاتەوە، بەو مانایە دەشێ ئەو بیۆگرافیایە وەک ساتەوەختێک لە ئێستا تەماشا بکەین، کە دەکەوێتە نێوان رابردوو و داھاتوو. دواجار دەتوانم بڵێم ئەو کتێبە دەشێ وەک داڕژانی شیعریی و کۆمەڵێک پڕشنگی ئیستێتیکی سەیری بکەین، واتە بەشێکی زۆری جوانی ئەو کتێبە راستەوخۆ بە پڕشنگ و داڕژانە نەستییەکانی نیتشەوە بەندە، وەک چۆن بەشێکی دیکەی بە کۆی ئەو دید و زانیاری و سەرنجانەوە دەلکێ، کە لەبارەی بەرھەمە فەلسەفیەکانییەوە دەیخاتە روو. نابێ لەبیریشمان بچێ کە وەرگێڕی کوردی (رێبین رەسوڵ ئیسماعیل) بە زمانێکی نزیک لە دەقی نیتشەیی توانیویەتی ئەو داڕژان و پڕشنگانە بۆ زمانی کوردی بگوازێتەوە.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

١- ھێلکاری گێڕانەوەی خودگەرایی، یان بەشێک لە ژیانی تاک بە قەڵەمی خۆی، بە (ژیاننامە- السیرە) ناو بەرین و (سەربردە- السیرە الژاتیە) بە ژیاننامە گرێ بدەین و (یادەوەری- مژکرات) لە سەربردە نزیک بکەینەوە و (یاداشتی کەسی- مژکرات الشخێیە) بخەینە خانەکانی یادەوەری و (یاداشتی رۆژانە- الیومیات) لە یاداشتی کەسی ھەڵگرینەوە.

٢- وشەی سەرھات مانای رووداو دەدات، وەک لە لاپەڕەی ٤٤٤ ھەنبانە بۆرینەی مامۆستا ھەژار ھاتووە. 

٣- د. لگیف زیتونی، معجم مێگلحات نقد الروایە، دار النھار للنشر، بیروت- لبنان، گ١ ٢٠٠٢، ێ ١٣-١٤.

٤- ھابرماس پێیوایە پۆستمۆدێرنە درێژکراوەی مۆدێرنەیە.

٥- فریدریک نیچە، ئەوەیە مرۆڤ، وەرگێڕانی: رێبین رەسوڵ ئیسماعیل، وەزارەتی رۆشنبیریی، بەرێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، چاپخانەی کارۆ، چ١، ٢٠٠٩.

٦ – بەشێک لە رەخنەگران فیۆگرافیا و شیعر بەشیاو نازانن، بەڵام ھەندێک دەڵێن ئەدەبی فیۆگرافی لە گواستنەوەی ئەزموونی ژیانی تاک پشت بە حەقیقەت و راستگۆیی دەبەستێ، بەڵام شیعر بەپێچەوانەوە ئەگەر گواستنەوەی درۆ نەبێ،  ئەوە پشت بە وێناکردن و خەیاڵ و زیادەرۆیی و راستگۆیی ھونەریی دەبەستێ. کەسانێکی دیکەی سێیەم تێکەڵکردنی رەگ و ریشەیی فیۆگرافیا و شیعر بە لایانەوە ئاساییە.

٧ - ڕوجە السیرە، اندریە موروا، ترجمە: ناجی الحدیپی، وزارە الپقافە و الاعلام_بغداد، گ١ ١٩٨٧، ێ١٠٩.

٨- تۆبۆس-  Tobos: وشەیەکی گریکییە بە مانای شوێن دێت، بەڵام لە ئەدەب بە بابەت، یان فیکرەی بنەڕەتی سەیر دەکرێت.

٩- بڕوانە: ج.ھیو. سلفرمان، نێیات، ترجمە، حسن ناڤم، علی حاکم ێالح، المرکز الپقافی العربی، دار البیچاء-المغرب، گ١ ٢٠٠٢، ێ١٤١.

١٠- ە. س. پ. ل١٤٦_١٤٧.

١١ - ە. س. پ. ل١٤٧.

١٢ - ئەوەیە مرۆ، ە.س.پ. ل٨٨.

 

 Image result for biografi kunst

گەڕان بۆ بابەت