ما 952 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  

هاوڕێ یوسفی

لە دەرەنجامدا، دەکرێت مەرگێک هەبێت پەیوەندیدار بێت بە ژیانێکی ئانتی کاپیتالیستەوە، بەرهەم هێنانی فۆرمێک لە ژیان بۆ بەرپەرچ دانەوەی سیستمێکی ستمکار و چەوسێنەری ژیان یان هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگا و ئەخلاق بۆ ئەخلاق و ئینسان بۆ ئینسان 

 

مەرگ، خۆڕاگری و جیهانی هاوچەرخ

ڕامانێک دەربارەی ڕەهەندەکانی سەرمایەداری

هاوڕێ یوسفی 

ستراگۆن: ئێمە هەمیشە شتێک دەدۆزینەوە تاکوو بوونمان بیر بهێنینەوە، نەتبینی؟
 ڤلادیمیر: ئەرێ، ئەرێ، ئێمە جادووگەرین،
 بەڵام ڕێگە بە لەسەر ئەو بریارەی داومانە بمێنینەوە بەر لەوەی بیرمان بچێتەوە.
 سامۆئێل بێکێت
 مەرگ، ئەو وڵاتە کەشف نەکراوەی
{تاکوو ئێستا}هیچ موسافێرێکی لە نەگەڕاوەتەوە.
 هاملێت

 ڕەنگە چرکەی ڕزگار بوون یان ئازادی ڕەها، یاخود هەمان واقێعی حاشا هەڵنەگری جیهان و ژیان لە هەناوی ئەم جیهانەدا، چرکەساتی مەرگ بێت. لە ڕاستیدا ئەوەی بۆ هەر ماتریالیستێک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی ئەم چەمکە پێویستە ئەوەیە نابێت مەرگ وەک ڕزگار بوون یان ئازادی بەرەو جیهانی دیکە و جیاواز لەم جیهانە و واقیعێک جگە لەم واقیعە وێنا بکرێت بەڵکوو دەبێت چرکەساتی ڕزگار بوون و ڕزگاری یەکجارەکی لە پەیوەندیدا بە مەرگەوە گرێ بدەین بە ئازادبوون و ڕزگار بوونی یەکجارەکی و سەرتاسەری لەو سوڵتە و جیهانە کۆنتڕۆڵ کراو و ئایدیۆلۆژیکەی دەستی خستۆتە هەناوی ژیانی تاک بە تاکی مرۆڤەکانەوە و کۆی واقێع و هەڵسووکەوت و جومگەکانی ژیان دەستکاری دەکات و لەباری دڵخوازی خۆی دەیجووڵێنێت. لەم سۆنگەوە، بۆ هەر ماتریالیستێک ئەو خاڵە ئاشکرایە کە مەرگ وەک واقیعێکی ترسناک/ناشیرین بەشێک لە ژیان و بەشێک لەم جیهانە ئایدیۆلۆژیک و کۆنتڕۆڵ کراوەیە. بەواتایەکی دیکە، دەشێت مەرگیش بە قەدەر کۆی ماناکان و چەمکەکانی ناو جیهان و واقیعی ژیانمان دەستی هەبێت لە درووست کردن و پێک هاتن و تێگەیشتن و وێنا کردنمان بۆ جیهان؛ واتە دەکرێت وێنا کردنی کەسێکی ئاینی، سۆسیالیست، ناسیونالیست، کرێکار، بازرگان یاخود هەر کەسێکی ئاسایی و سەر بە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی جیاواز بێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گومانی لێ ناکرێت ئەوەیە کە مەرگ چەندە دەتوانێت یەکێک لە ڕێکخەرە شاراوە و نهێنیەکانی دونیابینی، تێگەیشتن و ڕوانینمان بێت بۆ واقع و ژیان. بەم پێیە، دەشێت مەرگ و وینا کردن بۆ مەرگ، وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، پەیوەندیدار بێت بە ژیان و هەڵسوکەوتمانەوە لە کۆمەڵگا و گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەکرێت دیاریکەری چۆنیەتی ژیان و هەڵبژاردنی ستایلی ژیانمان بێت. بۆیە، لەدواجاردا پێمان وایە، مەرگ ئەوندە چەمک و دۆخێکی کۆمەڵایەتییە ئەوەندە چەمکێکی مێتافیزیکی نییە. هەڵبەت دەکرێت ڕوانگەی و دیدی جیاواز جیاواز و فرە جۆر بۆ پرسی مەرگ لە تاکە کۆمەڵایەتییەکان و گرووپە جۆراوجۆرەکاندا ئامادە بێت. چونکوو مەرگ وەک مەرگ بۆ هەموو مرۆڤەکان یەکسانە بەڵام بێگومان جۆرەکانی مەرگ نایەکسانە و هەموو مرۆڤێک جیاواز لە مرۆڤەکانی دیکە دەمرێت. زێدە باری ئەمە، بەهەمان ڕادەش مێتۆد و دونیابینی جیاوازیش بۆ بینی مەرگ و خوێندنەوەی پرسی مەرگ و پەیوەندی بە مرۆڤ و ژیانی مرۆڤەکان لەدوای مەرگەوە هەیە و بەردەوام ئەم کەڵکەڵەیە بۆ مرۆڤ لە ئارادایە. بۆنموونە، لەوانەیە هەندێک کەس وەک ئێپیکۆر بۆ چەمک و مانای مەرگ بڕوانن کە پێیوایە: تا ئەو کاتەی ئێمە هەین مەرگ نیە و کاتێک مەرگ هەیە ئێمە نین، یاخود هەندێ کەسی دیکە ووشیارانە یان ناووشیارانە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیڕەوی لەم پێناسەی سۆرن کیێرکێگۆر بکەن کە لەو باوەڕەدایە: حةقيقەتی مەرگ سەخترە لە مەرگ و سەرەنجامی واقعی و ڕاستەقینەی مەرگ، وەک نموونەی بینین و تماشا کردنی مەرگ هێنامانەوە (دەکرێت لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا زۆر نموونەی ڕوانین بۆ مەرگ هەبێت بەڵام لەبەر پێکهاتی یاداشتەکە قەناعەتمان بەم دوو نموونەیە کرد) ڕەنگ بێت بەلای هەندێ کەسی ئێپیکۆرییەوە چیروکی مەرگ ببێتە بابەتێکی بەتاڵ و بێمانا و ئازاردەر و لای ئەوانەشی کە وەک کیێرکێگۆر بیردەکەنەوە مەرگ ببێتە هۆکار و ڕایەڵێکی ئەخلاقی/دینی بۆ جیهان و ئینسان و ڕەێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و پەروەردگار لە فۆرمێکی تازەدا.

بۆنموونە، دەتوانین ئاماژە بدەین بە چۆنیەتی مامەڵە کردنی مرۆڤ لە بۆنە و مەراسمی پرسە و سەرەخۆشی و ئەسپەردەکاندا، بەتایبەت ئەو کاتەی جەستە/تەرمی کەسی مردوو دەنێژرێت زۆربەی ئامادەبووان دەچنە ژێست/هەڵوێستێکی دینی/ئەخلاقییەوە کە: خۆ ژیانی ئێمە(زیندووان) بە بەڕێوە ماوە با خۆمان لە گوناهە ئەنجام دراو یاخۆد ئەنجام نەدراوەکانی خۆمان بپارێزین و پاک بکەینەوە. ئایا ئەم هەستە یەکێک لەو دوکتورینە تێۆلۆژیکە ترسانکە کۆشەندانەی دین نیە بۆ ڕێکخستنی پێوەندیەکانی مرۆڤ بەجیهانەوە یان ئەخلاقی کردنەوەی ئینسان لە دڵی مردندا (دۆخی ناشتنی تەرم) و گەڕانەوەی بۆ جیهان؟ بەڵام، ئەوەی لێرە و لەم چرکە ساتە وجوودیەدا بیری لێ ناکرێتەوە چۆنیەتی مەرگی کەسی مردووە(مەبەست ڕوودای هاتوچۆ، شێرپەنجەکان و هەر ڕووداوێکی پزیشکی یان سرووشتی) ئەوی بیری لێ ناکرێتەوە کە کەسی مردوو لەبەر چ هۆکارێک بەپێی کام ڕووداو گیانی لەدەستداوە. واتە، لەم جۆرە مەراسم و بۆنەی ئەسپەردە کردنانەدا جۆرێک تێگەیشتن بۆ مەرگ ئامادە دەبێت بەتەواوەتی جیاوازە لە تێگەیشتنی پێش ئەسپەردە کردندا. تێگەیشتنی باڵادەست و زاڵ لەم جۆرە تێڕوانین و بۆنانەدا بۆ مەرگ ئەوەیە، دەشێت مەرگ بۆخۆی(لەخۆیدا) جۆرێک بێت لە سەرکونە کردنی ژیان و سەرکوت کردنی بۆ ئەو کەسانەی بینەر و شاهێدی مەرگن و ئەوانیش بەشێکن لەم پرۆسە گەورەیە.

ئەوەی بۆ ئەم یادداشتە گرینگە ئەوەیە کە، ئاخۆ دەکرێت لەناو جیهانی سەرمایەسالار و سەرمایەداری هاری هاوچەرخدا هەندێک مەرگ هەبن پێوەندیان بەهیچ جیهانێکەوە نەبێت؟ دەتوانرێت مەرگێک هەبێت مەرگێکی ڕووت بێت و فڕی بەسەر هیچ مانایکی دیکەوە نەبێت و خۆی جەوهەرەی خۆی بێت؟ دەشێت مەرگێک هەبێت تاقە سەرچاوەکەی مەرگ بێت و مەرگێک بێت لە پێناو مەرگدا؟ دەتوانین ڕەستێکی دیکە لەم پرسیارانە و سەدان جۆر پرسیاری دیکە لەم پەیوەندییەدا بهێنینە ئاراوە بەڵام خاڵی گرینگ و پەیوەندیدار بە ژیانی هەمووانەوە ئەوەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا کە لەم سەرەیەوە بۆ ئەو سەری سەرمایەداری سەرجەمی کون و کەلەبەرەکانی بە پڕۆژەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریەوە خنیوە، دەکرێت مەرگێک هەبێت بەر ئەم شەپۆلە ترسناک و کوشندە نەکەوێت؟ دەکرێت مەرگێک هەبێت بە تەنها مەرگی سرووشتی بێت؟ بێگومان پێویست بەوە ناکات بەڵگە بۆ ئەم بابەتە ئاشکرایە بهێنینەوە کە، مرۆڤ گەر تەنیا بیەوێت بژی، بەس بێت بۆ بەردەوامی سەرمایەداری. کەواتە، لە جیهانی ئەمڕۆدا، لام وایە، کەم مەرگ هەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆحی سەرمایەداری تەنیا ئامادە نەبێت و ڕۆڵێکی گەورەی تێدا نەبینیت. وەک ماکس هوورکهایمێر لە پەیوەندیدا بە مەرگ لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەدەریدا دەڵێت: بێگومان هەموو کەسێک دەبێت بمرێت بەڵام نەک بە شێوەیەکی یەکسان .... لەوەی کە لە دوای مردنەوە ڕوو دەدات هیچ نازانم بەڵام ئەوەی پێش مەرگ (دەیزانم و) ئامادەیە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداریدایە (هەموو شتێک) ڕوو دەدات. ئێمە لێرەدا و لەو پەیوەندەدا بە بابەتی بەرباسمانەوە دەتوانین لە درێژەی تێبینیەکەی هوورکهایمێردا چەند خاڵ زیاد بکەین. لەوانەیە مەرگێک هەبێت بکەوێتە دەرەوەی بازنەی سەرمایە داریەوە؛ لەوانەیە مەرگێک هەبێت لە پێگەی نەفی ڕەهای دۆخی هەبوو یاخود وەک پراکسیسێکی مێژوویی لەپێناو نەفی خۆی و نەفی جیهانی سەرمایەداریدا، خۆی وەک سووژەیەکی مێژوویی مسۆگەر بکات و لە ناخەوە خۆی بەتاڵ بکاتەوە و بەرەو دۆخێکی بەرزەجێ (ترانسێندێنتاڵ) هەڵکشێ. واتە مەیسەر کردنی و پڕ ئەگەر کردنی بارودۆخێک بۆ بەرەنگاری و بەرپەرچ داننەوەی ئەو تاڵانچیێتی و چەوسانەوەی کە پڕۆژە فرە جۆر و فرە چەشنەکانی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگاکاندا فەرزی دەکات واتە، مودێلی ڕۆژئاوایی ژیان و مانەوە لەژێر درووشمی دێمۆکراسی لیبڕاڵ و چ لە سەرمایەداری لە مودێلی ڕۆژهەڵاتی و لەژێر درووشمی چەپێنەری دینی و دیسپۆتیستییەکەدا. (هەڵبەت ئێمە لێرەدا هەوڵی کاڵاییکردنەوە و فێتیشیستی کردنەوەی مەرگ یان ئێستایتیکی کردنەوەی مەرگ و خەملاندنی بە کۆمەڵێک دەستەواژەوە نادەین، یان بەگشتی وەک گیۆرگ لووکاچ دەڵێت هەوڵ نادەین دژایەتیەکی ڕۆمانتیکی سەرمایەداری بکەین بەڵکوو هەوڵی ئەوە دەدەین چۆن دۆخێک فەراهەم دەبێت کە ئایدیا وەک ڕەنگدانەوەی خواستە مێژوویەکان لە هەناوی پرۆسەیەکی دیالێکتیکی و لە ڕێگەی سووژە مێژوویەکانەوە دەبێتە پڕۆژەیکی سەرتاسەری گەوەری سیاسەتی ڕزگاری بەخش و چۆن سووژە لە مەرگێکی پەسیڤەوە (ژیان لە هەناوی سەرمایەداریدا) دەگۆڕێت بۆ سووژەیەکی مێژوویی و ویژدانێکی ووشیار و پراکسیسی (کردار) هاڕین و هەڵتەکاندی دۆخی هەبوو لە پێناو دامەزراندەوەی جیهانێکی تازە و ئافراندنی  بڕگە و کەرتێکی نوێ و مێژوویی دیکەی جیاواز لەم مێژوو/جیهانەی کە تێدا دەژین.

لە دەرەنجامدا، دەکرێت مەرگێک هەبێت پەیوەندیدار بێت بە ژیانێکی ئانتی کاپیتالیستەوە، بەرهەم هێنانی فۆرمێک لە ژیان بۆ بەرپەرچ دانەوەی سیستمێکی ستمکار و چەوسێنەری ژیان یان هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ کۆمەڵگا و ئەخلاق بۆ ئەخلاق و ئینسان بۆ ئینسان (ئایا ئەمە هەمان پڕۆژەی مێژوویی و ئاشنای هەمیشەیی و بیرمەندی گەورەی چەوساوەکان، دوژمنی سەرسەخت و عەقلانی سەرمایەداری سەدەی نۆزدەهەم، کارل مارکس نیە؟). با نموونەیەک لە مارکس بهێنینەوە. مارکس لە داس کاپیتاڵدا دەنووسێت: بۆ پیاوان و ژنان(چەوساوەکان) جیاوازە کە زۆرتر لە کاتی خۆیان بمرن، ژیانیان لەژێر کاریگەی و بێگار و کارکردندا کورتتر دەبێتەوە، لەوەی بیریان لێ دەکردەوە یان لە ڕووداوێکدا زیانیان بەربکەوێت، بریندار ببن یان نەخۆش بکەون. سەرەڕای ئەم نموونەیە لە مارکس هێنامانەوە، ئایا خەبات دژی ئەم سیستمە کوشندەیە لە دڵی خەباتێکی سۆسیالیستدا لەیەک کاتدا نەفی چەوساندەنەوە، نەفی سرمایەداری نیە لە جیهانی مسۆگەری بەر مەبەستماندا؟ مسوەگەر بوونی خواستی مێژوویی زەحمەتکێشان و بندەستان و بەشمەینەتان نیە؟ بۆیە پێمان وایە دەبێت و دەکرێت مەرگێکیش هەبێت بکەوێتە دەرەوەی بازنە نگریسەکانی سەرمایەداریەوە، هەر چەندە وەک تیۆدۆر ئادۆرنۆ دەڵێت: مەرگ لە بنەڕەتدا شتێکی ناشرینە بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە مەرگەوە مەرگ نیە لەم مانا ئابستراکت و دەرهەستەکەیدا بەڵکوو جۆرێک درێژەدانە بە ژیان لە ڕێگەی مەرگەوە، ڕەخساندن و کردنەوەی دەرفەتێکە بۆ ژیان لە دڵی مەرگدا، کردنی مەرگە بە کردار و گرێدانیەتی بە سووژەیەکی مێژوویەوە و وەبەر هێنانەوەی دیالێکتیکی ئایدیا و هەڵبژاردنی مەرگ لە پێناو پرۆژەیەکی گەورەی سەرتاسەریدا بۆ نەفی ڕادیکاڵی خۆی و دۆخی هەبوو.

لۆژیکی حەقیقی و پێوەری عەقڵانی بۆ هەموو پراکسیسێکی ڕاستەقینەی مرۆیی، لە ڕاستیدا دەبێت بکەوێتە ڕووبەرێکی ئەگەر دارەوە، ئەمەش (لە خۆیدا) بەهیچ جۆرێک بەو مانایە نیە کە ئەم پراکسیسە بە شێوەیەکی پێویست دەبێت لە ڕووی ئەخلاقیەوە نوقسان و خەساری تێدا ئامادە نەبێت؛ ئەرکی هیچ ئەخلاقێک ناتوانێت ئەمەبێت کە هەندێ نۆسخە بۆ پراکسیس بچێتەوە و ململانێ سەرنەکوتوو و تراژیکەکانی چارەنووسی مرۆڤایەتی چارەسەر بکات و وەلای بنێت. بەپێچەوانەوە، تێڕامان لەخۆدی ئەخلاقی، بەوردی ئەوە نیشان دەدات کە هەندێک شوێنکات و دۆخی تراژیک هەن کە تێیاندا ئەنجامدانی پراکسیسی بە بێ هەڵگرتنی ڕەنجی باری گوناە نامومکین و بێئەگەرە، بەڵام هاوکات فێرمان دەکات کە تەنانەت گەر ناچار بین لە نێوان دوو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گوناەدا یەکێکیان هەڵبژێرین، دیسان پێوەرێک بۆ پراکسیسی درووست و نادرووست و هەڵە بوونی هەیە. با ناوی ئەم پێوەرە بنێین گیانبازی یان قوربانی (گیۆرک لووکاچ)، کەواتە لێرەدا ئایدیای مەرگ وەک پراکسیس بۆ درێژەدان بە ژیان لەڕێگەی خەباتێکی پەڕگیری سۆسیالیستییەوە دژی سەرمایەداری، دەبێتە قوربانی کردن یان خۆبەخشی منی کەم بەها لەپێناو ئایدیایەکی واڵاتر و بەرزتردا. ئەمە لە خۆیدا، ئەگەرێکی گەورە و کۆنکرێتی نەک ئایدیالیستی بەڵکوو ئەگەرێکی گونجاو بۆ پراکسیس دەکاتەوە، ئەگەرێکی مێژوویی و ئەخلاقی، ئەگەرێک کە وەک وزەیەکی پاڵنەر و بەتین لە قووڵاییەکانی ڕەنج و مەینەتی هەژاران و زەحمەتکێشانەوە دێتە دەرێ و ئاراستەی ئەو جیهانە نامێژووییەی کە تیدا دەژین دەگۆڕێت و ورەو وزەی خەباتمان پێدەبەخشێت بۆ دامەزراندی جیهانێکی سوسیالیستی یان لەنیکەم هەڵبژرادنی مەرگێکی سۆسیالیستی.

ژێدەر: ئێمە لەم یادداشتەدا لە چەمکی مەرگ، پتر وەک چەمکێکی ئابستراکت  و دەرهەست، کە لە فەلسەفە و لای فەیلەسووفان کەڵکی لێ وەرگیراوە بۆ تیۆریزە کردنەوەی ماناکان و ڕەهەندەکانی مردن و مەرگ، کەڵکمان لێ وەرنەگرتووە و بەکارمان نەهێناوە بەڵکوو لەبەر سیاقی ئێستاتیکی تێکستەکە وشەی مەرگمان بەکار هێناوە، ئەگینا وشەی مردن زیاتر لە وشەی مەرگ لە ژیان کۆمەڵایەتیدا بەکار دەهێنرێت و گونجاوترە. 

 

 Image result for døden kunst

گەڕان بۆ بابەت