ما 5604 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام ئایا ئەم کرۆکە (ئەگەر ماڵەوە وەک شوێنێکی جۆگرافی وێنابکەین)، دەتوانێ بۆ هەموو سەردەمەکان راست و دروست بێت؟ داخۆ چ چیرۆکی ژیان و چ چیرۆکی هونەری هەمیشە دەتوانن ئەم رێچکە و رێبازە رەچاو بکەن؟ بە واتایەکی تر دەکرێ هەمیشە قارەمانی بەسەرهاتەکە بگەڕێتەوە ماڵەوە؟

 

ماڵەوە، دەرەوە، ماڵەوە

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یەکێک لەو فۆڕمانەی پێکهاتەگەراکان (سترۆکتۆریستەکان) لە لێکدانەوەی فۆرمی ئەدەبدا باسیان کردووە سیانەی "ماڵەوە، دەرەوە، ماڵەوە" یە. لەم سیانەیەدا، قارەمانی چیرۆک کە سەرەتا لە ماڵەوەیە، بەتووش گرفت یاخود ئەرکێکەوە دەبێ، وەها کە ناچارە ماڵەوە جێ بێڵێ و روو لەدەرەوە بکا، پاشان دووای ئەوەی بە سەر گرفتەکەدا زاڵ بوو، دیسان روو لە ماڵەوە دەکاتەوە و بۆ جارێکی تر چوارچێوەی ئارامی ماڵەوە لە ئامێزی دەگرێتەوە. ئەم سیانەیە کە لەسەر رەوایەت و گێڕانەوە راوەستاون، دەتوانێ بە نۆرەی خۆی کرۆک و هەوێنی سەرەکیی فۆڕمی گێڕانەوە پێک بێنێ.

هەڵبەت دەتوانین مانا و هێمایەکی گشتی بە ماڵەوە بدەین. واتە مەرج نیە کاتێک باس لە ماڵەوە دەکەین مەبەست تەنیا ماڵ یان خانوویەک بێت، بەڵکو دەتوانێ ئەو حاڵەتە سەرەتایی و سروشتییە بێت کە سەرەتا پاڵەوانی چیرۆکەکە تێیدایە، کە بە هۆی بەسەرهاتێکەوە (یان هۆکارێکی دەرەکییەوە) دوچاری شێوان دەبێ. قارەمانی چیرۆکەکە لە دۆخێکدا کە بەڕواڵەت ئاسایی دەنوێنێ بەهۆی هۆکارێکی نائاسایی کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوە، دۆخە ئاساییەکەی لێ دەشڵەقێ، وەها کە ناچار دەبێ بە گژیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی دیسان دۆخە ئاساییەکە دەستەبەر بکاتەوە.

گۆمان لەوەدا نیە کە ماڵە سەرەتاییەکە ناتوانێ هەمان ماڵ بێ کە پاڵەوانەکە بۆی دەگەڕێتەوە، هەر بەو شێوەیەی کە پاڵەوانەکەیش ناتوانێ هەمان بێت. 'دەرەوە' کە لە نێوان ماڵی ١ و ماڵی ٢ دا راوەستاوە، مۆرکی خۆی پێدا دەچەسپێنێ و لە راستیدا ئێمە تەنیا بە شێوەی رواڵەتی دۆخی سەرەتامان بۆ دووپات دەبێتەوە. چ ماڵەوە و چ پاڵەوان ملکەجی بەشێک لە ئیرادە 'دەرەوە' دەبن.

بەڵام سەرەڕای ئەم گۆڕانە، دیسان سیانەکە لە جێی خۆیایەتی و دەتوانێ بە جۆرێک نیشاندەری کرۆکی بنەڕەتی هونەری گێڕانەوە بێت. ئەم حاڵەتە نەک لە چیرۆک و رۆماندا، بەڵکو لە ژیانی رۆژانەیشدا دەتوانین بە ئاسانی ئەزمونی بکەین. رەنگە هەر ئەمەیش بێت کە دەرفەتی ئەوە دەدات بتوانرێ واقع بۆ ناو دەق بگوازرێتەوە.

بەڵام ئایا ئەم کرۆکە (ئەگەر ماڵەوە وەک شوێنێکی جۆگرافی وێنابکەین)، دەتوانێ بۆ هەموو سەردەمەکان راست و دروست بێت؟ داخۆ چ چیرۆکی ژیان و چ چیرۆکی هونەری هەمیشە دەتوانن ئەم رێچکە و رێبازە رەچاو بکەن؟ بە واتایەکی تر دەکرێ هەمیشە قارەمانی بەسەرهاتەکە (جا چ لە ژیانی راستەقینەدا بێت و چ لە چیرۆکدا)، بگەڕێتەوە ماڵەوە؟

بێگومان لە خێراترین وەڵامدا دەتوانین بڵێین کە وەها نیە. مەرج نیە قارەمان لە دووای تەواوی بوونی ئەرکەکەی بگەڕێتەوە ماڵەوە. بەڵام ئەم وەڵامە دروست نیە. زۆر سادە! چونکە قارەمان کاتێک روو لە دەرەوە دەکا کە شتێک ماڵەکەی لێ تێکدابێ. بۆیە لە دووای سەرکەوتن، یەکجار سروشتییە کە دەبێ بگەڕێتەوە ماڵەکەی. واتە گەڕانەوە، بەشی کۆتایی و گرینگی سەرکەوتن بە سەر ئەو دژوارییەدایە کە رووبەڕووی بووەتەوە. قارەمان دەبێ بگەڕێتەوە چونکە گەر نەگەڕێتەوە، ئەوا لە راستیدا سەرکەوتنێک لە ئارادا نیە. رەنگە بەشی هەرە گرینگ و سەرنجڕاکێش و خۆشی بەسەرهاتەکەیش ئەم قۆناغە بێت. لە راستیدا لێرەدایە کە هێز و چێژ یەک دەگرن و لەززەتی ژیان و دەق بە ئەوپەڕی خۆی دەگەیەنن.

یەکێک لەو حاڵەتانەی کە دەکرێ پێش بێت ئەمەیە: 'ماڵەوە، دەرەوە، دەرەوە'. ئەمەیش بەو مانایە کە قارەمان بە ئاکام ناگا (یان هێشتا بەئاکام نەگەیشتووە) و، لە راستیدا قۆناغەکە ئەوەندە درێژ بووەتەوە کە ماڵەوەی ژمارە ٢ جێی خۆی داوە بە دەرەوە!

حاڵەتێکی تر کە دەکرێ پێش بێت ئەمەیە: 'ماڵەوە، دەرەوە، دەرەوە ـ ماڵەوە'. دیاردەیەک کە لە مێژووی سەردەمی وڵاتی ئێمەدا زۆر دووپاتکراوەتەوە و بەردەوامیش دووپات دەبێتەوە.ئەمە بە چ مانایەکە؟ بەو مانایەیە کە قارەمان وەدەردەکەوێ، بەڵام بە بێ ئەوەی بە ئاکام بگا لە شوێنێکی تر ئۆقرە دەگرێ. لێرەدا ماڵەوەی ژمارە ٢ دەبێ بە 'دەرەوە ـ ماڵەوە'.

لە حالەتی 'ماڵەوە، دەرەوە، دەرەوە' بە جۆرێک هێشتا هەڵچوونە ئیحساسییەکانی دەق بەردەوامە و خوێنەر دەتوانێ سەرنجی بۆ دەق رابکێشرێ، بەڵام لە حاڵەتی 'ماڵەوە، دەرەوە، ماڵەوە ـ دەرەوە'، خوێنەر ئیتر لە لەگەڵ دەقێکی پڕ لە هەست و پڕ لە هەڵچوون و داچوون  رووبەڕوو نیە. دووا قۆناغ لە راستیدا قۆناغیکی نامۆیە بە دەق!

***

 

دوواقسە ئەویکە سەرنجی پێکهاتەگەراکان لەبابەت فۆڕمی بنەڕەتی گێڕانەوەوە کە ئەوان وەک 'ماڵەوە، دەرەوە، ماڵەوە' وێنایدەکەن، ناتوانێ دەربڕی بەشیکی گرینگ لە بەسەرهاتەکانی سەردەمی ئێمە و لە ناوچەی ئێمەدا بێت. ئەمەیش بەو مانایە نیە دەقێک کە لە فۆرمولی ئەوان پەیڕەوی ناکا، دەقێکی ئەدەبی و هونەری ناتوانێ ببێ. تەنیا دەبێ تیورییەکان ئەوەندە خۆگونجێنەر بن و ئەوەندە توانای خۆنوێکردنەوەیان هەبێ کە بتوانن دیاردە تازەکانی ژیانیش لە خۆیان بگرن.

 Image result for HELT kunst

گەڕان بۆ بابەت