ما 11842 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بیری فیلمە ترسناکەکان دەکەومەوە. ئەو فیلمانەی مانگ تێیاندا سەرەتای کارەساتێکە،... ئاماژەی رووداوێکی ترسناک. ئەو مانگەی بە سەر گۆڕستانێکی تەنیای نیوەتاریکی ناو دڵی دارستان، یان قەراخ شارێکی بێ ورەدا، تیشکی سارد و سڕی خۆی لە زستانێکی ژیاندا پڕش و بڵاودەکاتەوە. مانگ چەند شێوازی هەیە؟ 

 

 

پەڵەی لیخن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەمشەو، دەرەوە مانگەشەوێکی یەکجار خۆش بوو. گەورەگەوەرە لەوسەرەوە بەسەر ئەو دەریایەیدا ماوەیەکە بووەتە بەشێک لە ژیانی من، دەدرەوشایەوە و، دەریایش وەک ئاوێنە دیسان تیشکەکەی دەدایەوە بەڕووی ئاسماندا و ئیتر جیهان ببووە چراخانێکی سروشتیانەی سەیر. من لە سەر باڵکۆنەکە راوەستام و لەگەڵ ئەوەی هەوا سارد و بەچەند دەرەجە لەژێر سفرەوە بوو، تێرتێر لەو دیمەنە دەگمەنەیەم رووانی،... هەتا ونبوو. شەپۆلەکان دەڵێی دەبوون بە تیشک و تیشکیش بە شەپۆلەکان. هەموو شتێک چەند ئاسان سنوری یەکتریان تێدەپەڕاند.

کەچی کاتێک خەوتم، خەوم بینی لەناو حەوزێکی لیخن دا خەریکی مەلەکردن بووم!

هەڵبەت حەوزەکە هەمووی لیخن نەبوو، من رێک لەناو پەڵەیەکدا مەلەم دەکرد کە لێم جیانەدەبووەوە. بەدەوری پەڵەکەدا، لەولاتر ئاوێکی روون روون بوو. سەیر ئەوە بوو بەدەم مەلەوە بەردەوام لەگەڵ کەسێکی نادیاریش قسەم دەکرد و پێدەکەنیم. وەها دیار بوو کەسەکە لە قەراخ حەوزەکە بێت و لەوێوە بمدوێنێ. ئەگەرچی دەنگی کەسەکە نەدەبیسترا، بەڵام لەوە دەچوو من بە جوانی لێی حاڵی دەبم!

لەکاتێکدا هێشتا نیوەشەوێکی ئەنگوستەچاو بوو، لەخەو راچڵەکام. لەناو تاریک و روونیی ژوورەکەدا تیامابووم کە بەڕاستی لەکوێم، لەسەر باڵکۆن و لەبەردەم دیمەنیکی دەگمەن، یان لەناو پەڵەیەکی لیخن؟ زەقزەق لەتاریکی رامام. چەندەی پێچوو، نازانم. پاشان ئارام ئارام دەستم بەدەوری خۆمدا گێڕا. مەلافە، سەرین و لێفە،... لەگەڵ نمی ئارەقی جەستەم لە سەریان. نمێکی لینج لە شێوەی خوێن. نەکا خوێنم هەڵهێنابێتەوە؟... بەڵام نا، دڵنیا بووم کە خوێن نیە، ئاخر من نە شوێنێکی جەستەم بریندارە و نە لە دەمیشمەوە خوێنم هەڵهێنابووەوە. ئەوسا زانیم کە رەنگە یان لەبەر دیمەنەکەی دوێشەو بووە یان لە بەر مەلەکەم. شتێک پێی گوتم مانگیش دەکرێ وەک پەڵەکە لینج بێت. دڵنیایش بووم لینجە.

لەسەر جێگاکەم هەستام و هاتمە هاڵەکە. ئەوێیش تاریک. تەنیا جیاوازی: تیشکی گڵۆپەکانی سەرجادە کە لە چوار چاوە بچوکەکانییەوە دزەیان دەکردە ژوورەوە. چوار تیشکی کزی بێ هێز. باشە بۆ چوار؟... بۆ دوو نا؟ بۆ وێنە، یەکیان بۆ حەوزە لیخنەکە و ئەوی تریان بۆ دیمەنەکە؟ وەها کە ئیتر کاتێک من لەخەو بەئاگادەبمەوە، بزانم کامیان هی کامیانە، بە بێ ئەوەی وەها تێکەڵ بن کە من... . لێی گەڕێ، با باسی نەکەین!  

رووم وەرگێڕا،... بەتەمای ئاودەست. ئەوەیکە کەمێک ئاو بە سەروچاومدا بکەم و لە ئاوێنەکەدا پاش کەمێک لەخۆڕامان، خۆم سەرئەنجام بدۆزمەوە. ئەوەیکە پێویست نیە دیمەنێکی ئەوەندە جوان بەو شێوازە بۆ ناو خەوەکەم رابگوێزم. ئەوەیکە، دیمەن دەبێ وەک خۆی رابگوێزرێتەوە، بە بێ هیچ دەست تێوەردانێک.

دەستم برد گڵۆپەکە هەڵکەم،... هەڵنەکرا! چەند جاری تر تاقیم کردەوە. بێسود بوو. دیوارەکەم کرد بە گۆچان و بە هاوکاریی خەیاڵ و زانیاری پیشوو، شێرەئاوەکەم دۆزییەوە. چەند ژوورەکە تاریک بوو! شانم دادایە سەر مەغسەلەکە و پاش ماوەیەک سەرم بەرزکردەوە. بە سەرسوڕمانەوە بینیم بەردەمم کەمێک روونترە،... بگرە تەنانەت سێبەری خۆیشم لە ئاوێنەکەدا بینی. ئاوەکەم بە ئاستەم کردەوە، پەنجەم بەرخست و پاشان مشتێک ئاوم بە سەروچاو و لاملم دا کرد. چزەی چزێنەری هاتە گوێم. فێنکاییەکی خۆش سەرتاپای جەستەمی گرتە خۆ. چاوەکانم روونتر بوونەوە.

باشە بۆ ئاوەکە دیسان لە خەوەکەمدا دووپات ببووەوە؟... کتوپڕ زانیم کە لە خەوەکەمدا لەجیاتی مانگ، من دووپات ببومەوە. ئەو مانگەی کە لەدیمەنەکەدا لەناو ئاسمانێکی ساماڵ و بێ پەڵەدا دەدرەوشایەوە، ئیستا ببووە مرۆڤێکی ناو پەڵەیەکی لیخن!... من کێم؟! منێک کە لەناو وەها پەڵەیەکدا دێت و دەچێ و پێدەکەنێ و،... تەنانەت دەتوانێ لە گەڵ مرۆڤەکانی قەراخیش قسەبکا؟

سیمای وەهم ئاسام لە ئاوێنەکە بەتەمای دیتنی زیاتر نزیک کردەوە. جیاوازییەکە زۆر نەبوو. من هەر وەک وەهم دەمامەوە. هەستم کرد گەر ئیستا دەستێک هەبێ و کتوپڕ گڵۆپەکە لە موعجیزەیەکدا هەڵبکا، ئەوا من دەتوانم سیمایەکی سەیر ببینم،... سیمایەک لە رەگەزی مرۆڤێک کە لەودیو ئاوێنەکەوە هاتبوو. ئەو مرۆڤەی کە دەتوانێ وەک خۆم زەقزەق لە خۆم بڕوانێ و پاشان لە دووای کوژانەوەی گڵۆپەکە، بڕواتەوە،... ئەوەندە بڕواتەوە هەتا ون دەبێت.

پشتی ئاوێنەکە دەبێ کوێ بێت؟... چ وڵاتێک!

سەرمامە. جەستەم تەزیوە. بیری فیلمە ترسناکەکان دەکەومەوە. ئەو فیلمانەی مانگ تێیاندا سەرەتای کارەساتێکە،... ئاماژەی رووداوێکی ترسناک. ئەو مانگەی بە سەر گۆڕستانێکی تەنیای نیوەتاریکی ناو دڵی دارستان، یان قەراخ شارێکی بێ ورەدا، تیشکی سارد و سڕی خۆی لە زستانێکی ژیاندا پڕش و بڵاودەکاتەوە. مانگ چەند شێوازی هەیە؟ دەست بەردەدەم و رەپ رادەوەستم. هیچ موعجیزەیەک روونادات. سوپاسی بکەم یان... نەیکەم؟... دەنگێکی دوور بە بێ ئەوەی بزانم دەڵێ چی، دێت و دەڕوات. دەنگدانەوەیەکی بۆش.

ساڵی پەنجاوحەوت، رێک لە شەوێکی مانگەشەوی زستاندا بوو، باوکم لەبەر پەنجەرە گەورە هەمیشەییەکە دانیشتبوو و لەپاش ئەوەی تێرتێر سەیری دەرەوەی کرد، لایکردەوە، روویکردە من و گوتی بەزەییم بە داهاتووتدا دێتەوە، بەزەیم بە مێرمنداڵیی ئیستات! من کە لە باوکم نەدەگەیشتم، وتم دەرەوە مانگە شەوێکی خۆشە، (لەگەڵ ئەوەی بەڕاستی لەم قسانە نەدەگەیشتم) وتم مامم دەڵێ بڕوا ناکات ئەم مانگەشەوە بەسەر گۆڕستانەکاندا بگەڕێ و تیشکی خۆی لەوێ بڵاوبکاتەوە، دەڵێ ئەم مانگەشەوە جیاوازە! من کە نەمدەزانی ئەم شەڕە قسەیە و ئەم مەبەستە جیاوازانەی ئەوان لەسەر چییە و بۆچی بەردەوام روو لە من باسی دەکەن، ورد لە باوکمم رووانی. باوکم ئیتر هیچی نەگوت. ئارام لەبەر پەنجەرەکە هەستا و چوو بۆ ژوورەکەی خۆی.

دەرگای ئاوەدەستەکە بە شوێن خۆمدا بە ئارامی پێوەدەدەم. بەسەر پێ پلیکانە تاریکەکاندا بەکاوەخۆ سەردەکەوم. دەچمە قاتی سەرەوە. ئەگەرچی مانگەشەو نەماوە، بەڵام دڵنیام دەرەوە لێرە روونترە. دەچمە سەر باڵکۆنەکە. هەڵمی دەمم سپی سپی دەکاتەوە. ئەوسا لەدەریاکە دەڕوانمەوە. مانگ لەوێ نەماوە و رەنگە لەمێژ بێت لە پشت ئەو دوورەدەستانەوە خۆی حەشاردابێت. گرینگ نیە! چاوەکانی من بە شوێن دەریاکەوەن. ئەو بەستێنە رەشەی وا گڵۆپەکانی ئەوبەری شار بە سەریدا شەبەقشەوق دەدەنەوە. نیگاکانم تیژتر دەکەمەوە. دەریا خۆی بەدەستەوە نادات. تاریکایی بەستێنی، بەهێزترن لە تیشکی خانووەکانی ئەوبەری شار. تاریکایی، گڵۆپەکان وەک ئاوی باران دەخواتەوە و لە گەدەی دا ونی دەکا.

بەڵام من کۆڵ نادەم! شتێک پێم دەڵێ من لەوێ لەناویدا، ئیستا لە پەڵە لیخنەکەدا راکشاوم و لەگەڵ شەپۆلە رەشەکان خەریکی مەلەم،... هەروەها خەریکم لەگەڵ کەسێک لە قەراخەکان دەدوێم،... ئەویش بەدەنگی بەرز. ئەوەندە بەرز کە تەنیا خۆم گوێم لەخۆمە!

لەدوای ساڵی پەنجاوحەوت، باوکم و مامم دەنگیان لەیەک دابڕی و هەتا ئیستایش لەگەڵ یەک قسە ناکەن. باوکم دەڵێ من هەر ئەو شەوە زانیم چی بەسەر کوڕەکەمدا دێت و مامیشم دەڵێ هیچ گارانتییەک نەبوو کە بە بێ پەنجاو حەوتیش هەر وەهای بەسەرنەیەت. باوکم دەڵێ ناکرێ بە بێ ئەوەی شتێک روویدابێ کتوپڕ دونیا ئەوەندە روون بێتەوە و، مامیشم دەڵێ دونیا ئەوەندە روونیش نەبوو.

من چاوم هەر لەسەر دەریاکەیە. مەلە دەکەم و مەلە دەکەم. ئەوەیکە پەڵەکەیش دیار نیە، بە مەلەکە دڵخۆشترم دەکا. ئەوەی هەیە تەنیا دەریایەکی رەشە و تەنیا شەپۆلە رەشەکانن. ئەوەیکە ئیستاکە مانگ لە کوێیە و دەنگی قەراخ خەریکی چییە و مرۆڤی پشت ئاوێنەکە چ رووداوێکی تر لەگەڵ خۆی هەڵیگرتووە و بردوویەتی، ئیتر لام هیچ مانا و هیچ گرینگییەکیان نەماوە.

من لەمێژە باوکم و مامم لەبیر چووەتەوە.

 من چاوم هەر لە مەلەکەیە. لەو مرۆڤەی گوێی تەنیا داوەتە دەنگی شەپۆلەکان و رەوتی ئەو ئاوەی کە کەس نازانێ لە کوێوە دێت و بەرەو کوێ دەڕوات.

کە بارانیش دەبارێ ئیتر بستێک ئەولاتریش ون دەبێ. ئەو کاتەی نازانی دەریا بارانە، یان باران دەریایە. من ئیستا تەنیا خەمی ئەو مەلەیەی دەخۆم کە تەنیا بۆ مەلەکردنە.  

 

 Image result for månen over havet  kunst

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت