عه‌بدوڵڵا هورمزیاریی

گه‌ر هه‌ر میلله‌تێکیش به‌و ئاسته‌ نزمه‌ بگات له‌ مه‌عریفه‌و داهێنان و رۆشنبیریی و بره‌ونه‌دان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کان ئه‌وا زه‌نگی مه‌ترسی بۆ لێده‌درێت که‌ بوون و مانه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون بچێت. مه‌خابن ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ به‌شێکی زۆری نووسه‌رو ئه‌دیبان له‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌دا هیچ هه‌ڵوێست و بوونێکیان بۆ خۆیان دانه‌ناوه‌.

 

ئه‌ده‌ب له‌ ژێر باڵی ره‌شی ده‌سه‌ڵاتدا

عه‌بدوڵڵا هورمزیاریی

له‌ کوردستانی باشوور ته‌نیا دۆخی گه‌نده‌ڵی ئابووری و سیاسی ناگوزه‌رێ و به‌ هۆیانه‌وه‌ به‌هاو به‌رهه‌م و داهێنان و  ڕێز و مافه‌کانی مرۆڤ ڕوو له‌ داکشان بێت! به‌ڵکو به‌ درێژایی  ده‌یان ساڵی ڕابردوو ئه‌وه‌ی ره‌واجی پێدراوه‌و کاری بۆ کراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو شتێك له‌ خزمه‌ت پایه‌و مه‌به‌سته‌کانی حیزب و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا بێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌لـله‌یه‌کی بۆش به‌رهه‌م بهێنرێت که‌ هه‌موو کارو جوڵه‌یه‌کیان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بێت، ئه‌وانه‌ش له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی راگه‌یاندن و ده‌زگاکان و گروپ و کۆمه‌ڵه‌کانی نووسه‌ران‌ داده‌نرێن ده‌بێت گه‌نده‌ڵ بن و خوێنی حیزب و ئینتیمای شه‌خسی مه‌سئوله‌کان به‌ ده‌ماره‌کانیاندا بڕوات تا جێی خۆیان بکه‌نه‌وه‌و ببنه‌ پێوه‌رو په‌ساپۆرتدان به‌ بابه‌ت و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبان، له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیاوی و واسته‌کردن و په‌یوه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و ته‌نانه‌ت باڵ باڵێنه‌ بوار به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ش‌ بدرێت. ئێدی که‌سایه‌تی نزیك و بابه‌تی کاڵوکرچ به‌ره‌نده‌ ده‌بێت و خه‌ڵات ده‌کرێت و ده‌نگه‌ دا‌هێنه‌ره‌کانیش کپ ده‌کرێنه‌وه‌و ئابڵوقه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ریان. ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ وایکردبێت خوێنه‌ران له‌ که‌مبوونه‌وه‌دا بن و به‌تایبه‌تی خوێنه‌رانی جدی بوونیان به‌ره‌و نه‌مان بچێت. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ ئه‌و مه‌غزایه‌ی له‌ ئه‌ده‌بدا چڕ بووه‌ته‌وه‌ بریتیه‌ له‌ جه‌نگان دژی سته‌م و ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵی مادی و مه‌عنه‌وی، بریتیه‌ له‌ ده‌نگی راستگۆی ناخ و گیان به‌رانبه‌ر هه‌موو بڵندگۆ ته‌زویره‌کان که‌ ره‌واج به‌ کاڵبوونه‌وه‌ی بوون و گیان و ناسنامه‌ی مرۆڤ ده‌ده‌ن. خۆ ئه‌ده‌ب له‌مڕۆژه‌دا له‌ کوردستانی باشوور وه‌ك ناسنامه‌ی میلله‌تێك و گوژمی ژیاریی وڵات و نه‌ته‌وه‌ ته‌ماشا ناکرێت و له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند په‌ڕتوکت خوێندبێته‌وه‌ ناسنامه‌ت هه‌ڵبسه‌نگێنرێت و که‌سایه‌تیت ده‌ستنیشان بکرێت! بۆیه‌ ئه‌دیبیش هیچ سوودێکی مادی ناکات کاتێك ده‌نووسێت و په‌خش ده‌کات، له‌ سه‌رئێشه‌و ماندووبوون به‌ولاوه و جارانێکیش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گیروگرفت‌ چی ده‌ستناکه‌وێت. گه‌ر هه‌ر میلله‌تێکیش به‌و ئاسته‌ نزمه‌ بگات له‌ مه‌عریفه‌و داهێنان و رۆشنبیریی و بره‌ونه‌دان به‌ زانسته‌ مرۆییه‌کان ئه‌وا زه‌نگی مه‌ترسی بۆ لێده‌درێت که‌ بوون و مانه‌وه‌ی به‌ره‌و له‌ناوچوون بچێت. مه‌خابن ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ به‌شێکی زۆری نووسه‌رو ئه‌دیبان له‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌دا هیچ هه‌ڵوێست و  بوونێکیان بۆ خۆیان دانه‌ناوه‌و ئێدی له‌ناو کۆمه‌ڵگاشدا ڕۆڵیان سڕدراوه‌ته‌وه‌و نه‌ماوه‌. ئه‌گینا هه‌ر رۆشنبیران و هزرمه‌ندو ئه‌دیبانن له‌ جیهاندا ره‌نگڕێژیی و پێشڕه‌وایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌کان ده‌که‌ن و خاوه‌نی وته‌و هه‌ڵوێستن به‌رانبه‌ر هه‌موو گۆڕانکاریه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌وروبه‌ریان، به‌ڵام لای ئێمه‌ زۆر به‌ داخه‌وه‌ کاره‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، ده‌وروبه‌رو هێزی ده‌سه‌ڵات ئه‌دیبان ئاراسته‌ ده‌کات  و ناسنامه‌و بوویان پێده‌به‌خشێت، لێ ژماره‌یه‌کی که‌میش هه‌ن دووره‌په‌رێزو نائارام و نیگه‌رانن له‌و هه‌موو ئاوه‌ژووبوونه‌وه‌ مه‌ترسیداره‌ی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی و ئه‌دیبانی ته‌نیوه‌و ئه‌وانیش لێی یاخی بوون، به‌ بێ ده‌نگی ناسنامه‌ی خۆیان پاراستووه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی زۆر مه‌ترسیدارتره‌ له‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری، چونکه‌ گه‌نده‌ڵی ئابووری ره‌نگه‌ له‌ لایه‌ن که‌سانێکی ناحاڵی و که‌لـله‌پوچ و  نه‌فامه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، له‌ کاتێکدا گه‌نده‌ڵی ئه‌ده‌بی له‌ لایه‌ن رۆشنبیره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام چ رۆشنبیرێك؟! ئه‌و رۆشنبیره‌ی هزری تاریك کردووه‌ به‌ ناڕه‌وایی و  قه‌ڵه‌م و ویژدان فرۆشیی، به‌ جه‌پڵه‌ لێدان بۆ دزو مرۆڤکوژو تاوانبارو له‌ به‌رانبه‌ریشدا سه‌رکوتکردنی ده‌نگی داهێنه‌رو بێ ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت چ ئازایه‌تیه‌کی تێدا بێت ئه‌م هه‌ڵوێسته‌؟! له‌قه‌لێدانی که‌سی ژێرکه‌وتوو چ جوانی و جیاوازیی و خزمه‌ت و داهێنانێکی تێدایه‌؟

 

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له واقیع و کرۆکدا هه‌موو شتێك کڕین وفرۆشتنی به‌سه‌ره‌وه‌ ده‌کرێت و ده‌کرێت ده‌مامکی جۆراوجۆر له‌ ده‌موچاو بکرێت، بۆ نموونه‌ سیاسه‌تمه‌دارێکی فاشیل به‌ حوکمی پاره‌و چه‌ك ببێته‌ هه‌ڵگری دروشمی رۆشنبیریی و هزرو پێشکه‌وتن و داهێنان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێی ناگات و نایبینێت پله‌و پایه‌و که‌سایه‌تی نووسه‌رو ئه‌دیبێکی داهێنه‌ری راستگۆیه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت بڕوای پێیه‌و له‌ ئازاره‌ راسته‌قینه‌کانی مرۆڤه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ جیاوازه‌ له‌و خیتابه‌ سیاسی و درۆینه‌ی رۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز له‌ لایه‌ن ئه‌و جۆره‌ که‌سایه‌تییه‌  به‌ ناو نووسه‌رو ئه‌دیب و رۆشنبیرانه‌وه‌ به‌ر گوێمان ده‌که‌ون.‌‌

Image result for intellektuell kunst

بازدید: 763