ما 7083 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ  

 

تەنانەت پێش ڕاگەیاندنى ڕێککەوتننامەى ئاداریش ئەو خەڵکەى لە پاڵ حکوومەتى عیراق بوون و لە شۆڕشى کوردستان (ئەیلوول) دابڕابوون ئەوانیش ئەم پرسەیان (پرسى بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە بەکوردى)یان لەلادا جێى بایەخ نەبووە.

 

میدیاى کوردى لە بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا

نەژاد عزیز سورمێ   

بەشى یەکەم

(1)

هەر لە سەروبەندى بڵاوکردنەوەى (کوردستان) کە تا ئێستا واى لەسەر ڕێککەوتووین یەکەمین ڕۆژنامەیە لەمێژووى ڕۆژنامەگەریی کوردیدا لە دەرەوەى نیشتیمان تا دەگاتە ئەمڕۆ، ئەوەى بە بزاڤى ڕۆژنامەنووسییەوە ناسراوە بە پلەى یەکەم لە سەر دەستى سیاسیەکان، یا ئەو ڕۆشنبیرانەى زیاتر کارى سیاسیان کردووە دامەزراوە و بەڕێوەچووە، ئەگەرچى دواى ڕاپەڕین – 1991 – کە پاشان دێینە سەرى ئەو بزاڤە ڕەهەند و مەودایەکى دیکەى وەرگرت،  لێ ئەمە ئەوە ناگەیێنێ ڕۆژنامەنووسیی پاش ڕاپەڕینیش سەبارەت بە هۆگەلێکەوە لە هەژموونى ئەو دوو توێژەى ئاماژەمان پێدا بە دوور بوو بێت.

سیما و ئادگارى ڕۆژنامەگەریی کوردى پێش ڕاپەڕین چونکە لەسەرێکەوە لەلایەن سیاسییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەى هەندێ هەوڵ بە ئاراستەى فەرهەنگییەوە هەبوو ، بەڵام تا مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى ئادارى (1970)یش بەو ڕەنگە نەبوو شیاوى ئەوە بێ لە قاوخى بزاڤێکى ڕۆژنامەگەریدا خۆى بنوێنێ(1).

دواى ئادارى (1970)یش، ئەوەى لە مەیدانى ئەوساى ئەو کرانەوەیە و تا ڕادەیەک ئازادییەکى بام ڕێژەیش بوو بێ کە چوار ساڵى خایاند (1970 – 1974) بێجگە لە ڕۆژنامەى (التآخی) کە وەک زمانحاڵى شۆڕشى کوردستان، باوەکو حزبێکى دیاریکراویش (پارتى دیموکراتى کوردستان) بڵاوى دەکردەوە، دەرکەوتبوو، ئەویش بە زمانى عەرەبى، کە لە دوایدا (برایی) وەکو گۆڤارێکى مانگانە کە پاشان بوو بە (برایەتى) و هەر بە مانگانە و ئینجا (برایەتى) وەکو ڕۆژنامەیەکى هەفتانە (حەفتانامە)، ئەمانەش هەموویان بە هەر ناوێک بووبن وەکو پاشکۆى (التآخی) عەرەبى بوون و بایەخێکى لەو ڕەنگەیان پێ نەدەدرا وەک ئەوەى بە (التآخی) عەرەبى دەدرا(2).

لە پاڵ دەرچوونى (برایەتى)یش کە تا ماوەیەکى زۆر بە هەفتانە مایەوە، حکوومەتى عیراق لە ڕێگاى وەزارەتى ڕاگەیاندن یان وەزارەتى ڕۆشنبیرى ڕۆژنامەى (هاوکارى) حەفتانە و گۆڤارى (بەیان)ى مانگانەى بڵاودەکردەوە، هەردوو بڵاوکراوەیش باوەکو بەرپرسەکانیان لە سەرەتادا عەرەب بووبن، بەڵام بە هۆى چەندان لاوى خوێن گەرم و ڕۆشنبیرى ئەوسا کە هەندێکیان لە پاڵەوەیش لە (برایەتى) حەفتانەشدا کاریان دەکرد وایان کردبوو، بە نموونە (هاوکارى) ببێ بە سەکۆیەکى دیار لە بڵاوکردنەوەى فەرهەنگ و ئەدەبیاتى کوردى، ئێستاشى لەگەڵدا بێ پێم وا نییە (هاوکارى)ى ئەو چوار ساڵە لەم ڕووەوە بەهەند نەگیرێ، دیارە گۆڤارى (بەیان)یش بە هەمان شێوە کە ئەو دەمە ڕەوانشاد شاعیرى بە توانا جەلالى میرزا کەریم کارى تێدا دەکرد، ئەگەرچى سەرنووسەرەکەى عەرەب بوو(3).

من لێرەدا لەچوارچێوەى ئەوەدا نیم بیبلۆگرافیاى ئەوان ڕۆژان بنووسمەوە، بەقەد ئەوەى سەرکردایەتى کورد بە کەمتەرخەم دەبینم کە جێى داخە تا بەر لە دەستپێکردنەوەى شەڕ بەچەند مانگێک تەواو لە (1/1/1974) کە دەکاتە لە دایکبوونى یەکەمین ڕۆژنامەى ڕۆژانەى کوردى و دەرچوونى ژمارەى (سفر)ى (برایەتى) ڕۆژانە بیریان لە بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە بە کوردى نەکردەوە(4).

تەنانەت پێش ڕاگەیاندنى ڕێککەوتننامەى ئاداریش ئەو خەڵکەى لە پاڵ حکوومەتى عیراق بوون و لە شۆڕشى کوردستان (ئەیلوول) دابڕابوون ئەوانیش ئەم پرسەیان (پرسى بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە بەکوردى)یان لەلادا جێى بایەخ نەبووە.

ڕاستى ئەمە بە ئیستیلاحى ئێستا مژارێکى سەیرە ، تۆ وەرە سیاسەتوان و ڕۆشنبیرى کورد، بە چاوى خۆت لە سەرێکەوە، ئەو هەموو قوربانى و چیانشینى و برسیەتى و کڵۆڵیە ببینى لە پێناوى کورد و کوردستان کەچى زمانەکەى خۆتت ئەوەندە لەلادا بێ بایەخ بێ، کە بە یەکێک لە کۆڵەکە هەرە بەهێزەکانى بوون و ناسنامە و گەشەسەندنى پەرەدانە بە خوێندن و بە بزاڤى ڕۆژنامەگەریی و میدیا بەگشتى، ئەگەر باسى پێگەیاندنى لاوان و بڵاوکردنەوەى بیرى نوێ و چەسپاندنى ئینتیما و خۆشەویستى خاک و نیشتیمانیش نەکەین (دەبڵێ وانییە....)(5).

کەواتە لە هەموو ئەو ماوەیەدا، بە تایبەتیش بۆ ئەوسا کە لە ڕادیۆى کوردى بەغدا (من باسى باشوور دەکەم) دەنا لە کرماشان و تاران و ئێریڤان و حەیفا و قاهیرە وشوێنى دیکەش ڕادیۆ بەکوردى هەبووە و پاشان چەند کاتێک لە کەناڵى تەلەفیزیۆنى کەرکووک زیاتر نەبوو کە دیارە ئەویش سەر بەدەوڵەت بوون ، ئەگەرچى جاروبار هەندێ بەرنامەى تایبەت بە ئەدەبیات و فەرهەنگى کوردیشى تێدا بڵاوکرابێتەوە.

ئا لێرەدا دەرچوونى (برایەتى) ڕۆژانە لە (1/1/1974) کە هەر مانگێکى خایاند ( تەنیا (27) ژمارەى لێ بڵاوکرایەوە و بە بڕیارێکى فەرمى دەوڵەتى عیڕاق ڕاگیرا، ئەمەش بەڵگەى سەلماندنى ئەو ڕاستییانەیە لە پێشدا باسمان کردن. ئەوە بوو پاشان زۆرى نەبرد شەڕ دەستى پێکردەوە ) درەنگ بوو، زۆریش درەنگ بوو.

ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ (ناڵێم ئاقڵیان پێ نەشکاوە) دەنا بۆچى ئاقڵیان بەوە شکا (التآخی)عەرەبى بە جۆرێک پەرە پێ بدەن، کە بە ڕاستى بوو بوو بە سەکۆییەکى ئەوەى پێى دەڵێن (دیموکراتى) بۆ هەموو ئازادیخوازانى نەک هەر تەواوى  عیراق بەڵکو دەرەوەى عیراقیش.

نەخێر من وەختى خۆیشى لەکۆڕێکدا کە یەکێتى نووسەرانى کورد لە شەقڵاوە (1991) گوتم، لاى سیاسییەکانى ئێمە زمانى عەرەبى بزانى و ئەگەر شڕە ئینگلیزیەکیشى لە پاڵ بێ، گرینگ نییە کوردى بزانى(6)!!

ئەو کەمتەرخەمى و بەهەند نەگرتنەیش (کە بەداخەوە ئێستاش لە شێوە و قاڵبى دیکەدا درێژەى هەیە) بە تایبەتى دەگەڕێنمەوە بۆ ئەو سیاسیانەى لە پشکى کورد کاربەدەست و بەرپرس بوون لە بەغدا . ئەمە مێژووە و دەبێ بنووسرێ .

وەکو ئاماژەشم پێ دا، ئەوانەى شۆڕشى کوردستانیان بە کۆنەپەرست و پیاوى ئیمپریالیزم و جوولەکە وەسف دەکرد و خۆیان بە پێشکەوتنخواز ناساندبوو، لە کاتێکدا لە پاڵ حکوومەت بوون کە بە هەموو تواناى زەمینى و ئاسمانى کەوتبووە ویزەى گیانى کورد، ئەوانیش ڕۆژنامەى (النور)یان بە عارەبى دەرکرد و گۆڤارێکى مانگانە کە ئەویش بە داخێکى زۆرەوە لە پاشان بوو بە یەکەمین بڵاوکراوەى کوردى کە بەشى زۆرى زیاتر لە (جنێونامە) بچێ تا گۆڤار کە ئەمەش دەڵێم تەنیا وەکو سەرەقەڵەمێک دەیڵێم لە گێڕانەوەى هەندێ وێستگەى پەیوەندى بەنووسینەکەمانەوە هەیە، مێژوویش نە بە من نە بە کەسى دى تا هەتایێ ناشێوێنرێ.

(2)

وتمان کورد مەینەتى زۆرى بینى و قوربانى زۆرى دا تا ئەوساى لە پێشدا ئاماژەمان پێ دا، کە بێگومان پێش هەموو پرسێک لە پێناوى پاراستنى ناسنامەى خۆى و خاکەکەى کە دیارە پاش پارچە پارچەکردنى بە چ دەردێک براوە، دیارە بێگومان یەکێک لە کۆڵەکەکانى بوونى هەر نەتەوەیەک زمانە (تکا دەکەم پێم نەڵێن کۆنەخواز و ناسیۆنالست و نازانم چی لیست ) ئەوەتا فەڕەنسییەکان دەمێکە بە قانوون پاراستن و گەشەى زمانەکەیان چەسپاندووە، تەنانەت بایەخ بە وانەیش دەدەن کە خزمەتى زمانى فەڕەنسییان کردووە و دەیکەن، نموونەى نووسەرى ناسراوى بە ڕەگەز عەرەب (ئەمین مەعلووف)، هەروەها نووسەرگەلێکى دیکەى تونس و مەغریب و جەزایر و شوێنى دیکەش کە دەچنەوە ژێر چەترى ئەوەى ناویان لێ ناوە وڵاتانى (فرانکفۆنى)یەکان لەکەنەداوە بگرە تا ئەفریقیا تا بە وڵاتانى عەرەبى باکوورى ئەفریقیا ڕادەگا.

ئەڵمانەکانیش ئێستا پاش ئەو هەژموونەى تەکنەلۆژیاى نوێ خەریکن بە جیددى بایەخ بە زمانەکەیان دەدەن، باسى جوولەکە ناکەم چونکە ئەوان سەرمەشق و نموونەى هەرە سوور و شێلگیرن لە چەسپاندن و گەشەپێدانى زمانەکەیان، لە کاتێکدا هەر کۆمەڵێکیان لەوڵاتێکەوە چوونەتە ئیسرائیل .

لەو ئاراستەیەڕا دەردەکەوێ کە بایەخ دان بە زمانى کوردى لاى کاربەدەستە پەیوەندارەکان و سیاسەتوانانى کورد کە هەمیشە ماکینەى وەگەڕخستنى ئەو پرسەیان لەدەستدابووە ، بەو ڕەنگە سەیر نەکراوە ، تەنانەت دواى ڕاپەڕینیش (کە لە پاشاندا دێینە سەرى) شایانى دیتنێک بێ تۆمار بکرێت ، بەدەر لەوەى بە هۆى ڕێککەوتننامەى ئادارى1970ى نێوان شۆڕشى کوردستان و حکوومەتى ئەوساى عیڕاق مۆرکرا ، کە لێرەدا نابێ نادیدە بگیرێ ، کاتێ خوێندن بە کوردى و دامەزراندنى ژمارەیەک دامەزراوەى پەیوەندار بە زمان و فەرهەنگى کوردى لێ کەوتەوە ، لە پێش هەموویانەوە (کۆڕى زانیارى کورد) کە تا هەڵوەشاندنەوەشى و کردنى بە بەشێکى بچووک لە (کۆڕى زانیارى عێراق) کارى نکۆڵیێنەکراویان بۆ زمان و ئەدەب و مێژووى کورد کرد ، لەوە بترازێ کورد واتەنى ، ئەوى دى هەمووى بە پێوانەى کارى جیددى (دوعا و سەلام) زیاتر نەبووە ، کە ئەویش خۆى لەیەک دوو ڕۆژنامەى حەفتانە و چەند گۆڤارێکى مانگانە تێنەپەڕیوە.

لە سەرێکى دییەوە، ئەو ڕۆژنامە و دامەزراوە کولتووریانەش دوور بوون لە کوردستان و لە بەغدادا بڵاودەکرانەوە و بەغدا وەک ئەوەى ناوەندێکى دیارى کوولتوورى عەرەبى بوو (بە جیاوازى ئاسمان و ڕێسمان) ببوو بەناوەندى کولتوورى کوردیش، تەنانەت لە هەموو کوردستان، ئەوە هیچ کە تا (دواى ڕاپەڕین) ڕێگا بە کەرتى تایبەت نەدەدرا چاپخانەیەکى پێشکەوتوو وەکو کارى وەبەرهێنان دابمەزرێنێ، حکوومەتیش لەچەند چاپخانەیەکى دیاریکراوەوە بترازێ داینەنابوو، وێنەى چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە کە ناوى ژمارە 2 یان لێ نابوو بەو حسابەى ژمارە (1) لەبەغدا بوو، ئەویش تایبەت بوو بە چاپکردنى کتێبى قوتابخانەکان و هەروەها چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین و چەند چاپخانەیەکى دى دواکەوتوو وەک چاپخانەى شارەوانى هەولێر یان چاپخانەى (ژین) لە سلێمانى کە لەدوایدا داخرا، لە پێش ئەویشدا چاپخانەى کوردستان کە بەسیستەمى پیتچنى کارى دەکرد و لەیەک تا دوو ئامێرى هایدلبێرگ زیاتر نەبوو(7).

لەکاتێکدا بەغدا پڕ بوو لە چاپخانەى هەمەچەشنى پێشکەوتووى حکوومەتى و کەرتى تایبەت. دیسان ئەم لایەنەش بە هەند نەگرتنێکى دیکەیە بەلاى لایەنى پەیوەندیدارەوە کە دەبووایە بیریان لێ کردبووایەوە ، بەوەى چاپخانە، مەڵبەندێکى هەمیشە تیشکاوێژ بووە بە تایبەتى لەوان سەردەمان کە برەو زیاتر لە سەر ڕۆژنامەگەریی نووسراو بوو، چاپکردنى کتێبیش لەو لاوە بوەستێ، بێگومان حکوومەتى بەغدا ئەمەى لا ڕوون بوو کە ڕێگەدان بە دامەزراندنى چاپخانە دەبێتە ئەگەرێک لە ڕێى پەرەسەندنى زمان و ئەدەبیاتى کوردى و پتەوبوونى ئینتما، ئێمەش بێدەنگ!!

بە بەڵگەى ئەوەى پاش نسکۆ و دەستکرانەوەى حکوومەتى بەغدا، دوو ساڵى پێنەچوو (کۆڕى زانیارى کورد)ى کرد بە بەشێکى نەخوێندراوە لە (کۆڕى زانیارى عیڕاق) و بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى کوردى و دەزگاى هاوکارى لە بەڕێوەبەرایەتیەکدا کۆکردەوە و ناوى لێ نا (دەزگاى ڕۆشنبیرى و بڵاوکردنەوەى کوردى) و تەنانەت ڕۆژنامەى (التآخی)یشى کە تا ئەوسا (ئینجا بەهەر ناوەرۆکێک بێ) پێ هەرس نەکراو کردى بە (العراق) و ڕێگاى دا مانگنامەیەک هەر بەو ناوە واتە (عیڕاق) لەشێوەى ڕۆژنامەدا بڵاوبکرێتەوە.

دواى پرۆسەى ڕاگواستن و ئەنفال و کیمیایش بە مەبەستى شێواندن و لێکدابڕاندنى زمانى کوردى دەزگا پەیوەندیدارەکانى حکوومەت دوو ڕۆژنامەیان بڵاوکردەوە هەر ڕۆژنامەى بەشێوەزارێک (ئاسۆ) بەکرمانجى خواروو (بزاڤ)یش بەکرمانجى سەروو کە خۆشبەختانە دواى ئەوەى پێشوازییەکى لەو ڕەنگەیان لە لایەن ڕۆشنبیر و نووسەرانى کوردەوە لێ نەکراو دەرکیان پێکرد کە بە مەبەستێکى چەپەڵەوە دامەزرێنراون ، ماوەیەکى زۆرى پێ نەچوو داخران(8)

دەرکەوتنى ڕۆژنامەنووسیی بیستراو و بینراوى کوردى

خودى ڕۆژنامەگەریی نووسراوى کوردى مێژوویێکى لەو ڕەنگەى نییە ، (کوردستان)یش کە کراوە بە دەسپێکى ئەو مێژووە، باوەکو لەڕووى سیاسی و وەک دەسپێشخەرییەکى جوامێرانەى ماڵباتى بەدرخانییان دەنگى دابێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوانەیشى بە درێژایی ئەو مێژووەى بە دوایدا هاتوون ؛ ئەگەر کاریگەریشیان هەبووبێ ، کاریگەرى سنووردار بووە ، لەلایەک بە هۆى ئاست و ڕێژەى خوێندەوارى میللەت و ئینجا ئەستەمى بڵاوبوونەوە و ئەو جوغرافیا سیاسیە نەگریسەى ناحەزانى کورد لە بەرژەوەندى خۆیاندا و بە پێى بەرژەوەندى ڕۆژگار پێکیان هێناوە و بەو مەحکەمییە دایانڕشتووە کە شەش دەریان لێ گرتووین.

دیارە دواکەوتوویی خۆشمان سەربار، جگە لەوەش ئەوەى بڵاویش کراوەتەوە زۆربەى هەرە زۆرى یا لە ژێر سانسۆرى بێ ئامانى ئەو دەوڵەتانەدا بووە کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە، یاخود حکوومەتى ئەو دەوڵەتانە خۆیان بۆ پڕوپاگەندەى خۆیان شتێکیان بە کوردى بڵاوکردووەتەوە و ناویشیان لێ ناوە بەوەى شتیان بۆ کردووین و لەو ڕاستەشدا منەتیشیان لەسەر کردووین!!

لێرەوە، حاڵى ڕۆژنامەگەریی نووسراو بەو چەشنە بووە، کە تاک وتەرا نەبێ (لێرەو لەوێ) بە تایبەتى لە ژێر سێبەرى بزاڤە یەک بە دواى یەکەکانى ئازادیخوازى کورد ، ڕۆژنامەیەک، گۆڤارێک یا بڵاوکراوەیەک دەرچوێندراوە ، ئەویش دیارە هەمیشە بەهۆى هەل و مەرجى بابەتییەوە پچڕ پچڕ بووە ، تەنانەت ئەم حاڵەتە (پچڕ پچڕى بڵاوکردنەوە) لە هەموو ئەو مێژووەى بەمێژووى ڕۆژنامەگەریی ناسێنراوە بە هەر هۆیەک بوو بێ سیما و ئادگارى دیارى ئەو ڕۆژنامەگەرییە بووە .

ئینجا ئەگەر حاڵى ڕۆژنامەگەریی نووسراومان وا بوو بێ ، بێگومان ڕۆژنامەگەریی بیستراو وبینراویشمان وێرانتر نەبوو بێ چاکتر نەبووە، لەلایەک دامەزراندن و وەگەڕخستنى ئێستگەیەکى ڕادیۆ یا تەلەفزیۆن هەر لە بنەڕەتدا قەدەغە بووە ، ئەوەیشى هەبووە (لە ڕادیۆى کۆمارى کوردستان) و ئەو ڕادیۆ سنووردارانەى شۆڕشى ئەیلوول (دەنگى کوردستان) و ئەوانى دیکەى حزبە کوردستانییەکان دواى نسکۆ و سەرهەڵدانەوەى شۆڕش کورد شتێکى ئەوتۆى نەبووە (بەخۆى) بەناوى ڕۆژنامەگەریی بیستراو ، لەوەى بەدەر کە لە هەر پارچەیەکى کوردستان، دەوڵەت بۆ بڵاوکردنەوەى پڕوپاگەندەکانى خۆى ئیستگەیەکى وەکارخستووە بە تایبەتى لە عیڕاق و ئێران و هەندێ شوێنى دیکە کە هەوڵ دەدەین بۆ ڕێ ڕوونى لەم چەند دێرەى دادێ و بە پشت بەستن (لەبەشێکیدا) بە جزمى یەکەمى بەرگى یەکەمى نووسراوە بە نرخەکەى مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد (بابى لالۆ)، کورتەیەکیان  لێ بخەینە ڕوو ، کە بەشێکى گرینگ لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی بیستراوى کوردى پێک دێنێ(9).

 ئەمەش کە دەڵێم، دەخوازێ ئەوەمان لە بیر نەچێتەوە ئەگەر بۆ ڕۆژنامەگەریی نووسراوى کوردى کۆمەڵێک ڕێگر هەبووە بە گوێرەى مێژووى خۆى گەشەى پێویست بکا، لە پێشەوەى ئەو بەربەستانەیش وەک لەپێشدا باسمان کرد؛ ئاستى خوێندەوارى کۆمەڵى کوردەوارى و ئاستەنگەکانى جوغرافیاى دروستکراو لەلایەن داگیرکەرانەوە ، ڕێی لە بڵاوبوونەوەى گرتبوو ، بۆ ڕۆژنامەگەریی بیستراویش، جگە لە دواکەوتوویی کۆمەڵى کوردەوارى، کە زۆر لە ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدە بیانیەکانیش لەوانەى بە تایبەتى لە سەر ڕۆژهەڵاتى ناوینیان نووسیوە ، ئاماژەیان بەو لایەنە داوە، کە (ڕادیۆ)یان ڕاستتر (ئامێرى ڕادیۆ) – وەک وەرگر- لە قاڵبى تابووە سەیرکراوە ، سەرەڕاى ئەوە بە درەنگەوەش هاتووە ، لەچاو مێژووى پەیدابوونیدا ، بە هۆى هەژارى و نەداریشەوە کەم کەس، لە چینى هەبوویی و دارا و ماڵە بەگ و ئاغایان بەدەر توانیویەتى ئامێرێکى ڕادیۆ بکڕێت ، ئیتر کە گوێگر نەبوو ئیستگەى پەخش چ سوودێکى دەبێ؟ کە ئەمە تاڕادەیەک بۆ ڕۆژنامەگەریی نووسراویش هەر ڕاستە.

ئێستا با سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین و بزانین یەکەمین ئێستگەى ڕادیۆ، یاخود ڕاستتر یەکەمین پەخشى کوردى ڕادیۆیی لەکوێ و کەى بووە؟

بەپێى جزمى یێکەهەمى بەرگى یەکەمى کتێبە ناوازەکەى مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد (بابی لالۆ) کە بەندە بەسەرچاوەیەکى باوەڕپێکراوى دەبینم، بە پێى ئەو کتێبە بێ یەکەمین پەخشى کوردى لەڕادیۆدا ساڵى 1925 زایینى دەست پێ دەکا.

زنجیرەى ئەو ڕادیۆیانەى پەخشیان بە کوردى هەبووە یاخود ئیستگەى کوردى بوون بەم شێوەیەى خوارەوەیە(10):

1- ڕادیۆى کۆمارى ئۆتۆنۆمی کوردستانى سوور لە کۆمارى ئازەربایجانى سۆڤیێتى (جاران) ساڵى 1925، کە لە دوایدا لە لایەن (ستالین)ـەوە داخرا . 

2- پەخشى کوردى ڕادیۆى بەغدا ، کە دوایی بوو بە بەشى کوردى ڕادیۆى بەغدا – لە19/11/1939وە تا ساڵى 2003 – پاش ڕووخانى ڕژێمى سەددام حسین – بەردەوام بوو بەمەش ئەم ڕادیۆیە ، یاخود پەخشى کوردى لەم ڕادیۆیەدا بە تەمەنترین پەخشە لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی بیستراوى کوردیدا .

3- پەخشى کوردى ڕادیۆى ڕۆژهەڵاتى نزیک (شەرقولئەدنا) لە (یافا) ساڵى1942 (جەنگەى شەڕى دووەمى جیهان) کە تا ئەیلوولى 1945 بەردەوام  بوو. ئەم ڕادیۆیە سەر بەئینگلیز بووە ، ڕۆژانە سەعاتێک بەکوردى پەخشى هەبووە(11).

4- پەخشى کوردى لە (ڕادیۆى ڕۆژهەڵات) – الشرق – لە لوبنان ساڵى 1943 تا ساڵى 1945. پەخش بەزمانى کوردى لەم ڕادیۆیەدا هەفتەى دووجاران بووە ، ڕۆژانى چوارشەممە و هەینى ، پاشان لە ساڵى 1945 و 1946دا بووە بە ڕۆژانە ڕەوانشاد کامەران عالى بەدرخان سەرپەرشتى کردووە .

5- ڕادیۆى کۆمارى کوردستان – مهاباد – کوردستان کە لە12/12/1945 تا 1/1/1946 بەردەوام بوو . وەک لە پێشیشدا ئاماژەمان پێداوە ، ئەم ڕادیۆیە بە یەکەمین ڕادیۆى ئازادى کورد لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی بیستراوى کوردی دادەنرێ  .

6- پەخشى کوردى ڕادیۆى – کۆمارى ئازەربایجان – لە ئێران مامۆستا کەمال رەئووف لە بارەى ئەم ڕادیۆیە دەڵێت: "سەرەتاى پەخشى ساڵى 1946 دەستى پێ کردووە(12).

7- پەخشى کوردى ڕادیۆى یێریڤان لە ئەرمەنستانى سۆڤییتى (جاران) . وا دیارە ئەم ڕادیۆیە بە دوو خوول بووە:

- خولى یەکەم: ساڵى 1930 تا 1937.

- خولى دووەم: لە1/1/1955 تا 1958.

8- ڕادیۆى کوردیی – ئێران – ساڵى 1946 تا 1958.

9- بەشى کوردى ڕادیۆی تاران 1946 تا 1958.

10- ڕادیۆى کوردى – لەسنە – ساڵى 1953.

11- ڕادیۆى کوردى – مهاباد.

12- ڕادیۆی کوردى – تەورێز.

13- پەخشى کوردى لە ڕادیۆى قاهیرە ، کە لە1/6/1957 تا 13/6/1963 دا بەردەوام بووە(13).

14- ڕادیۆى – دەنگى کوردستان – عێراق – ئەم ئیستگەیە وەک زمانحاڵى شۆڕشى کوردستان (شۆڕشى ئەیلوول) لە 20/8/1963دا دامەزرا . ڕادیۆى (دەنگى کوردستانى عێراق) لە سەرەتاى دامەزراندنیدا، کورتبڕ بوو، هێزى لە کیلۆواتێک کەمتر بوو ، بەمەش مەوداى بڵاوبوونەوەى بەرتەسک بوو، بە پێى هەندێ سەرچاوە بازانەى نیوەتیرەى لە 50کم تێنەدەپەڕى(14).

ئەم ڕادیۆیە تاڕادەیەکى زۆر جێى متمانەى خەڵک بوو و گوێگرێکى زۆرى هەبوو، هەربۆیە حکوومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بە حکوومەتى بەعسیشەوە ، هەر لە سەرەتاى دامەزرانى ئەم ڕادیۆیە، هەوڵى جیددیان دا بە هۆى گرتنەبەرى ڕێوشوێنى تەکنیکى پێشکەوتوو ڕێ لە دەنگى ئەم ڕادیۆیە بگرن بگاتە گوێڕادێرانى(15).

ئەم ڕادیۆیە تا پاش دەرچوونى ڕێککەوتننامەى 11ى ئادارى 1970 بە ماوەیەک بەردەوام بوو ، دوایی بۆ ماوەى نزیکەى چوارساڵ ، بە پێى ئەو ڕێککەوتننامەیە (کە یەکەمین داننانى ڕەسمى دەوڵەتى عێراقە بە کێشەى کورد) لەکار وەستێنرا ، تا ئەوەى لە نیسانى1974دا جارێکى تر کەوتەوە کار ، ئەمجارەش بۆ ماوەى ساڵێک بەردەوام بوو(16).

پاش نسکۆى شۆڕش ، ئادارى 1975 لە ئەنجامى مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى جەزایر ، ڕادیۆکە بۆ ماوەیەک وەستا ، پاشان دواى دەسپێکردنەوەى شۆڕش لە ژێر ناوى (شۆڕشى گوڵان) بە ماوەیەک – پایزى 1977 – دەنگى کوردستان – جارێکى تر وەکارخرایەوە.

ئەم ڕادیۆیە قۆناخ بە قۆناخ هاتووە تا ئەمڕۆیش بەردەوامە . شایەنى باسە لێرەدا ئەوە بگوترێ کە ئەم ڕادیۆیە بە یەکەمین ڕادیۆ دادەنرێ لەوەى لە زنجیربەندى ڕادیۆنەکان کە بە (ئیستگە نهێنیەکان) لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دادەنرێ و هەروەها دووەمین ڕادیۆى ئازادیشە دواى ڕادیۆى کۆمارى کوردستان لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی بیستراوى کوردیدا .

15- دەنگى شۆڕشى عێراق

ئەم ڕادیۆیە لەسەرەتاى دەسپێکردنى (شۆڕشى نوێ) لە لایەن یەکێتى نیشتمانى کوردستانەوە وەگەڕخرا ، پاشان ناوى گۆڕا و  بوو بە (دەنگى گەلى کوردستان) و ئێستاش بەردەوامە.

ئەم ئیستگەیەش بە هەمان پێوەرى لە پێشدا ئاماژەى پێ درا ، دەچێتەوە بازنەى ئەو ڕادیۆیانەى نهێنین – هەروەها ئەم ئیستگەیەش بە ڕادیۆیەکى دیکەى ئازاد دەژمێررێ کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا پەخشى کردووە .

16- (پارتى گەلى دیموکراتى کوردستان)یش ڕادیۆیەکى هەبوو لە ناوچە ئازادکراوەکانەوە پەخشى دەکرد. لەبارەى مێژووى پەخش و وەستانى ئەم ڕادیۆیە لە هیچ شوێنێک ئاماژەیەک نییە ، ئەوەندە هەیە کە لەگەڵ تێکەڵ بوونەوەى ئەم پارتە لەگەڵ – پارتى دیموکراتى کوردستان- عێراق- دا دواى پێکهێنانى بەرەیەک لە نێوان خۆیان و حزبی سۆسیالستى کوردستان و پارتى سۆسیالستى کورد (پاسۆک) – زۆربەى کادرەکانییان بە سکرتێرى گشتیەوە چوونە ناو ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان .

ئەوى ڕاستییە ئێمە لێرەشدا لە بەر ئەوەدا نین بیبلۆگرافیا بۆ ئەوەى دەچێتەوە ناو (ڕۆژنامەگەریی بیستراو)ى کوردى ڕێک بخەین بەقەد ئەوەى مەبەستمان بوو سەرەقەڵەمێک لە مێژووى سەرهەڵدان و دەسپێکى ئەم ڕۆژنامەگەرییە پێشان بدەین وەک دەروازەیەک بۆ باسەکە ، دیارە ئەوەى باسیش کرا لەمشتى خەروار ناچێتە دەرەوە ، دەنا ڕۆژنامەگەریی بیستراوى کوردى بە تایبەتى دواى ڕاپەڕین ، لە ڕووى چەندایەتییەوە لە چوارچێوەى پێویستى ئەو جوغرافیایەى ئەمڕۆ بە (هەرێمى کوردستان) ناسراوە زۆر زیاترە ، کە زۆربەشیان ئەگەر نەڵێین هەموویان بەرنامەکانیان بەشەپۆلى

 (  FM  ) پەخش دەکەن(17)

لەبارەى پەخشى تەلەفزیۆنیشەوە، ئەوەندەى من ئاگاداربم هیچ سەرچاوەیەکم نەدۆزییەوە باسى یەکەمین پەخشى کوردى لە تەلەفزیۆن یان ڕاستتر تەلەفزیۆنى کرد بێ ، ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان لە هەندێ ئیستگەى ئەو وڵاتانەى کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە گۆرانییەکى کوردییان پەخش کردبێ ، دەنا وەکو ئیستگە ، تەنیا باشوورى کوردستان (کوردستانى عێراق) پەخشى تەلەفزیۆنى کوردى تێدا هەبووە ئەویش بە درەنگەوە ، لەکاتێکدا عێراق ، یەکەمین وڵاتە لەناو ئەو وڵاتانەى (بە وڵاتانى عەرەبى)یەوە ناوزەد کراون ئیستگەى پەخشى تەلەفزیۆنی لێ دانراوە ، کاتێ ساڵى 1956 کۆمپانیایەکى ئەڵمانى لە پیشانگایەکى پیشەسازى بەغدادا بەشدار دەبێ ، نێردەیەکى تەلەفزیۆنى لەو پیشانگایەدا نمایش دەکا ، پاشان دواى کۆتایی هاتنى پیشانگاکە ، نێردەکە بە دیارى پێشکێشى حکوومەتى ئەوساى عێراقى دەکا ، ئەو نێردەیەش لە سنوورى شارى بەغدا ڕەتى نەکردووە و هێزى ناردنى تەنیا نیوکیلۆوات بووە و بە یەک کەناڵ کارى کردووە .

بە دامەزراندنى ئەو نێردەیە عێراق بوو بە یەکەمین وڵات لەناو ئەو وڵاتانەى بە (وڵاتانى عەرەبى) ناسراون کە پەخشى تەلەفزیۆنى هەبووە .

جێى باسە کە کارمەندانى ئەو نێردەیە لە سەرەتادا سەر بە وەزارەتى (هەواڵ و ئاراستەکردن)بوون – سەردەمى پاشایەتى - دواى تەموزى 1958یش کە بە (سەردەمى کۆمار) ناسراوە خرایە سەر (وەزارەتى ڕێنماییەوە) - دیارە لە دەسپێکیشدا پەخش بە (ڕەش و سپی)بووە ، پاشان لەساڵى 1975 بۆ  یەکەمجار پەخشى ڕەنگى دەست بەوەشان دەکا(18).

چیرۆکى پەخشى کوردى لە تەلەفزیۆنى عێراقیدا چیرۆکێکى درێژنییە ، کە من پێم وایە ئەگەر پەخشێکى تەلەفزیۆنى بەو ناوە هەبێ بۆ یەکەمین جار لەعیراق بووە ، لەگەڵ ئەوەى تەلەفزیۆنیش ، سایلى ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانى حکوومەتە یەک بە دواى یەکەکان زمانحاڵى خۆیان بووە بە کوردى ، ئەگەرچى هەندێ جار، بە نموونە لە ماوەى چوارساڵى دواى مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى ئادارى 1970 (1970 – 1974) بە هۆى (هەندێ) لەو کارمەندانەى کاریان تێدا دەکرد لەو ماوەیەدا ، نیشانە بەو کرانەوە ڕێژەییەى ڕێککەوتننامەکە فەراهەمى کردبوو ، چەند بەرنامەیەک هەبوون ، کە ئەویش لە بەرنامەى هونەرى و کولتوورى تێنەدەپەڕین، دیارە پاش نسکۆى شۆڕش ، ئەم بوارەیش وێنەى بوارەکانى دى وێک هێنرایەوە(19).

وەک لەپێشیشدا وتمان کە عیراق یەکەمین وڵات بوو نێردەى تەلەفزیۆنى گەیشتێ ، لەگەڵ ئەوەشدا پەخشى کوردى (پەخش نەک نێردەى سەربەخۆ) بە درەنگەوە بوو ، سوێندى ئەوە ناخۆم کە ڕەنگە جاروبار گۆرانییەکى کوردى پەخش کرابێ ، دەنا تا دوادواکانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو ئەمە هەروا مایەوە ، تا ئەوەى ڕێککەوتننامەى ئادارى 1970 لە نێوان حکوومەتى عیراق و شۆڕشى کوردستان مۆرکرا ، لەوساوە بۆ یەکەمین جار پەخشى کوردى (بۆ ماوەیەکى دیاریکراو) لە تەلەفزیۆن هەندێ بەرنامەى بڵاوکردەوە، بەرنامەکان سەرەتا لە ڕێگەى (نێردەیەکى بەهێزکردن) لە کەرکووک داندرا ، پاش ماوەیەک لە ڕێگەى نێردەیەکى بەهێزکردنى دیکەوە کە لە مووسڵ داندرابوو دەگەیشتە کوردستان ، تا ئەوەى هەمان نێردەى کەرکووک کرایە ئیستگەیەکى پەخشى تەلەفزیۆن بەکوردى کە لەسەعات 5 یا 6ى ئێوارە تا 12ى شەو بەردەوام دەبوو لە پەخش  هەر لەو ماوەیەشدا ، لە پاڵ بەرنامەى کوردى (کە ماوەکەى زیاتر بوو) ماوەیەک بۆ بەرنامەى (تورکمانى) و (سریانى) تەرخان کرابوو.. لەو ئیستگەیەدا وەک ئاماژەمان پێدا ، لەگەڵ وەبەریەکهێنانەوەى ئەو کرانەوەى پێش نسکۆى شۆڕش هەبوو، جاروبار ڕێگە دەدرا هەندێ شانۆگەریی و دراما و گۆرانى کوردى بڵاوبکاتەوە کە ئێستاش هەندێکیان لە ناوەندە هونەرى و کولتوورییەکانەوە جێى سەرنج و باسە .

ڕاستى ڕۆژنامەگەریی بینراوى کوردى تا (سەردەمى ڕاپەڕین)یش ئەوەى هەبوو لەوە بەدەر نەبوو حکوومەتى عیراقى لە ڕێى لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەرنامەکانى ئاراستە دەکرد و (بە پێى هەل و مەرج)و لە ژێر چاودێرییەکى تونددا .

                                                                                          ماویەتى     

 

    ئاماژە و پەراوێز

________________________________________

1- دیارە لێرەدا باس لە بزاڤێک دەکەین کە ڕۆژنامەگەریی تواناى ئەوەى هەبێت ڕاى گشتى دروست بکا ، دەنا لە پێش حەفتاکانی سەدەى ڕابردوودا لێرەو لەوێ ڕۆژنامە و گۆڤار دەرچوون .  لەهەمان کاتدا و بۆ بەرچاو ڕوونى خوێنەر باس لەسەر ئەو جوغرافیایەیە کە تا حاڵى حازر بە (هەرێمى کوردستان) دەناسێنرێتەوە .

2- بۆ ڕێ ڕوونى زیاتر لەم بارەیەوە بڕوانە:

نەژاد عزیز سورمێ – برایەتى – یەکەمین ڕۆژنامەى ڕۆژانە لە مێژووى ڕۆژنامەگەریى کوردی دا – چاپی یەکەم – چاپخانەى خەبات 1991.

3- هەر لەو ماوەیەدا، لە ڕێگاى بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى کوردییەوە بڵاوکراوەیەک لە شێوەى ڕۆژنامە، (کە لەدوایدا بوو بە گۆڤار) بەناوى (ڕۆشنبیرى نوێ) بڵاودەکرایەوە، کە ئەوسا ڕەوانشاد د.ئیحسان فوئاد سەرپەرشتى دەکرد، هەر لەوێ گۆڤارى (ئەستێرە)ى منداڵان کە تایبەت بوو بەمنداڵان و (جەمال خەزنەدار) سەرپەرشتى دەکرد بڵاودەکرایەوە بەڵام پاش (2) ژمارە داخرا و ژمارەى (3)یەمى لەژێر چاپدابوو کە داخرا.

دیارە ناشبێ ئێستگەى کوردى بەغدا لەبیر بکەین و هەروەها ئێستگەى تەلەفزیۆنى کەرکووک کە ماوەیەکى بۆ  پەخشى کوردى تەرخان کردبوو.

لەهەمان کاتدا و وەک دەسکەوتى ئەو کرانەوەى ڕێککەوتننامەى ئادارى 1970 زەمینەى بۆ خۆش کردن، لەپاڵ ئەوانەدا گۆڤارى (کۆڕى زانیارى کورد) لەلایەن کۆڕى زانیارى کوردییەوە و (نووسەرى کورد) لەلایەن (یەکێتى نووسەرانى کورد) و گۆڤارى (پەروەردە و زانست) لەبەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندنى کوردى و (دەفتەرى کوردەوارى) بە کۆششى د.مارف خەزنەدارەوە دەردەچوو ، هەروەها گۆڤارى (ڕۆژى کوردستان) لەلایەن کۆمەڵەى ڕۆشنبیرى کوردییەوە لە بەغدا و چەندانى دیکە لە هەولێر و سلێمانى کە وەک وتمان ڕێککەوتننامەى ئادارى 1970 زەمینەى دەرچوونى بۆ خۆش کردبوون.

4- هەمان سەرچاوەى (2) – برایەتى- یەکەمین ڕۆژنامە لە مێژووى ڕۆژنامەگەریی کوردی دا- تەماشاى پێشەکى و پەڕاوێزى ژمارە (4) بکە لاپەڕە 11 چاپی یەکەم.

5- بۆ بەرچاو ڕوونى زیاتر، بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ ڕۆژنامەگەریی کوردى و ڕۆژنامەنووسى کورد ، چاپی دووەم 1991 – هەروەها – برایەتى یەکەمین ڕۆژنامەى ڕۆژانە لەمێژووى ڕۆژنامەگەری کوردى- 1991ى هەمان نووسەر.

6- جارێکى تر تەماشاى پەڕاوێزى ژمارە (4) بکەوە لە برایەتى – یەکەمین ڕۆژنامەى ڕۆژانە لەمێژووى ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.

7- لەگەڵ دواکەوتوویی تەکنیکى (چاپخانەى کوردستان)یش کە بەکۆششى برایانى موکریانى (حوزنى و گیو) دامەزرابوو ، دەبێ ئەوە ببینرێ کە دەیان سیایى و دەستنووسى لە فەوتان پاراست و چاپکرد.

بێجگە لەوەى چەندان گۆڤارى ناوەخۆى شارەکانیشى لێ چاپ دەکرا، لەپاڵ دەیان کتێبی نووسەر و شاعیران، بەتایبەتیش نووسەرانى هەولێر و دەوروبەرى.

8- بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ – درەختى بنکۆڵ کراو – چاپی دووەم – 2006.

9- بڕوانە: کەمال رەئووف محەمەد – مێژووى ڕادیۆى کوردیی بەغدا – (1939 – 1958) بەرگى یێکەهەم جزمى یەکەم – کوردستان – هەولێر 2014 چاپخانەى ڕۆشنبیرى.

جێى باسە کە مامۆستا کەمال، هەر لەو کتێبە و لە هەمان بەرگ، چەردەیەک لە باسى پێش پەیدابوونى        ئێستگەى ڕادیۆى هێناوەتەوە – سەردەمى (فۆنۆگراف) یا وەک مامۆستا کەمال (لوولە قەوان)ى بۆ داناوە و کە لە ناو خەڵکى بە (قەوان) دەناسرێتەوە پێش ڕادیۆ لە کوردستاندا هەبووە. تەماشاى – لاپەڕە 52ى هەمان سەرچاوە بکە.

10- کەمال ڕەئووف محەمەد (بابى لالۆ)- مێژووى ڕادیۆى کوردى بەغدا – بەرگى یەکەم – جزمى یەکەم- هەولێر – 2014، تەماشاى لاپەڕە 68 بکە.

11- هەرچەندە مامۆستا کەمال رەئووف محەمەد لە کتێبی ئاماژە پێدراودا لەلاپەڕە 68دا دەڵێ لەئەیلوولى 1942 تا ئەیلوولى 1945 بەردەوام بووە.

کەچى لەلاپەڕە 69دا باس لەساڵى 1946یش دەکا کە بە شەپۆلى کورتى (SW) 42018 سەعات 11:45ى پێش نیوەڕۆ دەستى بە پەخش کردووە (بەکوردى) و سروودى (کوردستان ، کوردستان نیشتمانى جوان)یشى لێ پەخش کراوە.

کەوابێ، دیارە ئەم ڕادیۆیە تا ساڵى 1946 بەردەوام بووە – بڕوانە هەمان سەرچاوە    لاپەڕە69.

12- کەمال رەئووف محەمەد – هەر ئەو سەرچاوەیە، لاپەڕە 73.

13- کەمال رەئووف محەمەد – هەمان سەرچاوە.

14- بۆ زانیارى زیاتر بڕوانە: مسعود بارزانى – بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد- بەرگى سێیەم بەشى دووەم 1961 – 1975. چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە – هەولێر 2004.

15- یەکێک لەو ڕێوشوێنانەى گیرایەبەر بڵاوکردنەوەى گۆرانییەکى ئینگلیزى بوو بەهەمان شەپۆل، گۆرانییەکى بەژاوەژاو بوو وشەى (هانى)تێدا دووبارە دەکرایەوە.

ئێستا لە قامووسى کوردیدا ئەم وشەیە لەبەرامبەر (تشویش)ى عەرەبى بەکاردەهێنرێ و جێى خۆى گرتووە. بەڕادەى ئەوەى گوێم لێ بووە، کەسێک کە داوا لە کەسێک بکا تەشویش نەخاتەسەر قسەکانى، پێى دەڵێ: توخوا (هانى هانى) مەخەرە سەر قسەکانم.

16- بەندە لەو ساڵەدا یەکێک بوو لە کارمەندانى ئەو ڕادیۆیە وەک نووسەر و وەکو (پەیامنێرى جەنگ)یش. یەکەمین پەیامنێرى جەنگ ، بەتایبەتى لەبەرەکانى هێزى باڵەک کە ئەوسا هەڵایساوترین بەرە بوو، هەروەها ناوچەکانى دیکەى ئازادکراوى کوردستان کە هاوڕێ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس عەبدوڵڵا عەباس سەردانمان دەکرد، وەکو بەرەکانى هێزى (خەبات و ئەزمر و زمناکۆ).

17- بەپێى ئامارى (بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە – بەشى بانکى زانیارى میدیایەکانى کوردستان ، سەر بەوەزارەتى ڕۆشنبیرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان – تا ئێستا ئەوەى لەوێ تۆمارکراوە – لەسێ پارێزگا (هەولێر ، سلێمانى، دهۆک) 187 ڕادیۆیە و بەم شێوەیە- هەولێر 84 ڕادیۆ، سلێمانى67 ڕادیۆ و دهۆک 36.

18- بڕوانە: ئینعام کەچەچی – تەلەفزیۆن لەبەغداوە دێتە جیهانى عەرەبى = ڕۆژنامەى (الشرق الاوسگ) ژمارە (7695) لە 23/12/1999.

19- بۆ زانیارى پتر لەم بارەیەوە بڕوانە: نەژاد عزیز سورمێ – درەختى بنکۆڵ کراو – پەنجەنمایەکى ڕۆژنامەنووسیانە بۆ بارى ڕووناکبیرى وکولتوورى کوردى – 1975 – 1994 – چاپی دووەم – 2006 چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە – هەولێر.

 

 Image result for media

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت