ما 3791 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

نەژاد عزیز سورمێ  

پاش هەڵبژاردن و دامەزرانى پەرلەمان و حکوومەت، بارەکە کەوتە بازنەیەکى دى. تاقیکردنەوەى هەڵبژاردن و (شەڕە پەڕۆ) و پاشان (شەڕى بەڕاستى) کە بە شەڕى ناوخۆ دەناسرێتەوە، لە پێشەوەى ئەوهۆیانە بوون کە ئیتر ڕەنگى حزبایەتى جێى بەڕەنگى یەکڕیزى لەق کرد. 

 

میدیاى کوردى لە بازنەى گەمەکانى سیاسەتدا (٢)

نەژاد عزیز سورمێ   

میدیاى کوردى دواى ڕاپەڕین

 

ڕاپەڕین لە خۆیدا وێستگەیەکى سەرنجڕاکێش لەلایەک و لەلایەکى دى چاوەڕوانکراو بوو ، کۆتک لەسەرى ڕژا بوو، زوڵم و زۆردارى ئەگەر بشێ بگوترێ ببوو بە دوومەڵێکى گەیوو تەنیا  نووکە دەرزیەکى بچووکى دەویست ، کە ئەویش هەل و مەرجى بابەتى بە هەر هۆیەکەوە بوو بێت ڕەخساندنى و هەرچى لە ماوەى ئەو دەیەیە و ئەوەندەى کۆ ببووە هاتە دەرەوە.

لەو سەروبەندەدا، پاش هەموو دەرهاوێشتەکانى، ڕاپەڕین وەک ئەوەى کۆمەڵگەى کوردى بە گشتى و کولتوورى کوردى بە تایبەتى ڕووبەڕووى چەمکێکى نوێ کردەوە ڕووبەڕووى چەمکى (شۆکى ئازادى)، هەر ئەو شۆکەیش لە دوایدا ئەو بێسەروبەریەى لە بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامە و دامەزراندنى ئێستگەى ڕادیۆ و وردە وردە تەلەفزیۆن و ئیستگەى سەتلایت بەدواى خۆیدا هێنا ، هەموو ئەمانەش  ئێستاشى لەگەڵدا بێ، بێ پلانى و شاشی لە ڕووى هاتنەوە لەگەڵ پێشهاتە تیژڕۆکانى ناوچەکە و دەرهاوێشتە پێشڤەبڕ و پاشڤەبڕەکانیدا، بە ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە دەبینرێ و ڕۆژ دواى ڕۆژیش بارى لاسەنگ و هەل و مەرج لاسەنگتر  دەکا ، پاش ئەوەى ، ئەوەى بە ناوى ڕۆژنامەگەریى (ئەهلى ) و (سەربەخۆ)یش هاتنە مەیدان.. واى دەبینم لە باتى هاوسەنگ کردنەوەى بارى ڕۆژنامەگەریی کوردى و هەوڵدان بۆ پێکهێنانى ڕاى گشتى بە ئاراستەى متمانە بەخۆبوون ڕوو لە ئایندە و لە بەرچاوگرتنى ئاستى هۆشیارى کۆمەڵایەتى و سایکۆلۆژیەتى کۆمەڵ و بنەماکانى ئەمنیەتى نیشتیمانى،  بوو بەمەیدانى موزایەدە و لێدان و  سپیکردنەوەى ڕەش و ڕەشکردنەوەى سپی.

دیارە لە پاڵ ئەو ڕۆژنامەگەرییەش ڕۆژنامەگەریی حزبی هەبووە ، ڕۆژنامەگەریی حزبى هەر لەبنەڕەتدا ڕۆژنامەگەرییەکى بێ لایەن نییە ، بەڵام سەرچاوەى دارایی دیارە و لە هەمان کاتدا هۆیەکانى ڕاگەیاندنى – نووسراو – بیستراو – بینراو – ئەلکترۆنى – بە ئاراستەیەکى دیاریکراوەوە کار دەکەن.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێ ڕۆژنامەگەریی حزبی کە مێژوویەکى لە کۆى مێژووى ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەیە، هەمیشە لایەندارى حزب بووە ، زۆر لەو ڕۆژنامە و ڕادیۆیانە ڕۆژگارێکى زۆر سەکۆى بەرگرى بوون لە خەڵک و جەماوەر و دەورى کاراشیان لەو بوارەدا دیوە.

سەرەباسى ئێمە لەم پاژەدا ڕۆژنامەگەریی پاش ڕاپەڕینە. لێرەوە بە پێویستى دەزانم هەڵوەستە لەسەر چەند خاڵێک بکەم کە ئەو ڕۆژنامەگەرییەى پێ دەناسرێتەوە.

 

چى لە هەڵسوکەوتى ڕۆژنامەنووسان و ئاراستەى هۆیەکانى ڕاگەیاندندا گۆڕا؟

(1)

سەرەتاى ڕاپەڕین، چەشنێک لە شۆک (شۆکى دەربازبوون لەسەرکوتکردن و سانسۆر) ڕووبەڕووى ڕۆژنامەنووسان بووەوە ، بەمەش هەر کەسێ لەلاى خۆیەوە دەیویست کارێک بکا، هەڵسوکەوت و هەڵوێستێک بنوێنێ، وەک ئاماژەشمان پێدا سەرەتا ئەو شۆکە بوو سیستەمى مرۆڤى کوردى لە بارێکەوە هێنایە بارێکى دی.

بەڵام لە سەرێکى دییەوە ڕاپەڕین ، کەش و هەوایەکى ترى بڵاوکردەوە تاڕادەیەک تەنانەت حزبەکانى کە لە چوارچێوەى بەرەى کوردستانیدا بوون (بێگومان هەموویان نا) وەک هۆى کاراى ڕاگەیاندن لە ڕادیۆیان زیاتر نەبوو ، بە ئاراستەى کولتووریش بزاڤێکى لەو چەشنەیان نەبوو ، ئەوەى هەبوو یەکێتى نووسەران ، پاش کاراکردنەوەى هەندێ چالاکى کولتوورییان لە شێوەى کۆڕ و سیمنار و بەرنامەى ئیستگەیدا هەبوو(20)، تەنانەت وەکو جوولانەوەى ڕۆژنامەنووسیش یەکەمین جار یەکێتى نووسەران ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانەیان لە ڕۆژانى (کۆنگرەى ڕاپەڕین)ى خۆیاندا بە ناوى (کۆنگرە) دەرچوواند ، وەکى دى بڵاوکراوەیەکى لەو جۆرە نەبوو بشێت بگوترێ بەقەد ئەو گۆڕانە بێت ڕاپەڕین بەرپاى کرد . تا ئەوەى ساڵ وەرسووڕایەوە و دواى هەموو دەرهاوێشتەکانى کۆڕەوى ملیۆنیى کورد ،  لە12/1/1992دا ژمارەى سفرى ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانە بە ناوى (کوردستانى نوێ) لە شارى هەولێر لە لایەن یەکێتى نیشتمانیى کوردستانەوە بڵاوکرایەوە، لەگەڵ دەرچوونى (کوردستانى نوێ)یشەوە حزبەکانى دیکەش کەوتنەخۆ ، لەوانە پارتى دیموکراتى کوردستان بەحەفتەنامەى (خەبات) لە پێشدا پاشان ڕۆژنامەى (برایەتى) ڕۆژانە و پارتى گەل – بە ڕۆژنامەى ناوەناوەى (گەل) و حزبى سوسیالستى کوردستان بە (ڕێگاى ئازادى)و پاشان حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان بە ڕۆژنامەى (ئاڵاى ئازادى)… تاد.

دیارە لە ڕووى هەڵسوکەوتى ڕۆژنامەنووسان مۆدێکى دى هاتە کایێ ، جیاواز لەوەى پێش ڕاپەڕین ، بەوەى ڕۆژنامەنووسان لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ڕۆژنامەرگەریى ڕاپەڕیندا کەوتنە کەش و هەوایەکى ئازاد و ئازادانە بیریان دەکردەوە و دەیاننووسى کە هەندێ جار پیشەییایەتیشیان ڕەچاو نەدەکرد ، بەڵام دیسان تا هەڵبژاردنیش (ساڵى 1992) هەستیان بە بەرپرسیاریەتى دەکرد کە ئەزموونێک بەڕێوەیە پێویستە بپارێزێ.

بە کوردى بە بێ ئەوەى کۆبوونەوە و ڕێککەوتنى لەسەر بکرێ، ڕۆژنامەنووسان کە زیاتریش لەناو توێژى نووسەراندا هاتبوون تاڕادەیەکى بەرچاو لە مەسەلە چارەنوسسازەکاندا یەک دەنگ بوون  نەک هەر ئەوەندە بگرە ئەگەر کەسێ ویستباى یا زاتى ئەوەى کردبووایە بە هەر بیانوویەک بێ درز بخاتە ئەو یەکدەنگیە ، لە لایەن خودى ڕۆژنامەنووسانەوە لە قەڵەمى دەدرایەوە و لێى قبوڵ نەدەکرا.

بە مانایەکى دى ئاراستەى میدیاى کوردى لەو سەردەمەدا، ئاراستەیەکى ستراتیژى دووربینتر بوو میدیایەکى تاڕادەیەکیش بەرژەوەندى گشتى لەبەرچاو دەگرت، باوەکو ئەوسا ئەوەى هەبوو نەبوو ڕۆژنامەگەریى حزبی بوو بێ. بەڵام لە ڕووى پیشەییایەتى و بارى ئەو میدیایە، سەیر دەکەین ڕۆژنامەگەریی بیروڕاو ڕۆژنامەگەریی هەواڵ تێکەڵ کرابوون کە ئێستاش ئەو سیمایە لە میدیاى کوردى و کوردستانیدا ون نییە... هەر بەم ئەگەریشەوەیە زۆرجار بابەتایەتى تێدا کاڵ دەبێتەوە.

(2)

میدیاى کوردى لە دەسپێکى پاش ڕاپەڕین تا ڕادەیەک ، تەنانەت لەچاو ئێستاش دوانەکەوتبوو  بە ڕۆژنامەگەریی بیستراویشەوە کە چەندان بەرنامەى ڕۆشنبیرى و کولتوورییان بڵاودەکردەوە و بە پێى هەڵ و مەرج و ئیمکانیاتى ئەو دەمە دەکەوێتە ناو حسابانەوە .

بەڵام پاش هەڵبژاردن و دامەزرانى پەرلەمان و حکوومەت ، دیارە بارەکە کەوتە بازنەیەکى دى ، بە بڕواى من تاقیکردنەوەى هەڵبژاردن و (شەڕە پەڕۆ) و پاشان (شەڕى بەڕاستى) کە بە شەڕى ناوخۆ دەناسرێتەوە و دەرهاوێشتەکانى ، لە پێشەوەى ئەو هۆیانە بوون کە ئیتر ڕەنگى حزبایەتى جێى بەڕەنگى یەکڕیزى لەق کرد... بەم جۆرە وەک پێویست بوو و دەیخواست میدیاى کوردى هەواڵى ڕاست و زانیارى دروست و پێویست بدا بە خەڵک ، کەوتە ئەو بارەى هەر کەسێ بە لەیلاى خۆیدا هەڵبڵێ.

تا ئەوەى میدیاى بینراویش هاتە دامەزراندن و پەخش و وەشانى دەست پێکرد ، سەرەتا بە دەیان و دواى بوو بە سەتان ڕۆژنامە و ڕادیۆ و زنجیرەیەک کەناڵى لۆکاڵى تەلەفزیۆن... تاکو گەیشتە ئەوەى کەناڵى ئاسمانى دامەزران ، کە یەکەمینیان کەناڵى (مێد تیڤى) بوو لە دەرەوەى کوردستان ، لە  هەندەران و پاشان کەناڵى (کوردستان TV) وەک یەکەمین کەناڵى ئاسمانیى لە ناوەوەى کوردستان لە نیشتیمان ساڵى 1999 دەستى بە پەخش کرد و لە دوایشدا وەک دەبینین چەندان کەناڵى دیکەى بەدوادا هات ، لەوانە (کوردسات، زاگرۆس، گەلى کوردستان) و تاد.

بەو ڕەنگە میدیاى کوردى چووە قۆناخێکى دیکەوە، ڕۆژنامەنووسانیش کە تا ماوەیەکى زۆر لە  ناو توێژى نووسەرانەوە دەهاتن ، واى لێهات هەرچى خەت و قەڵەمێکى هەبوو، بە هۆى بوونى ئەو هەموو بڵاوکراوە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنانەوە بوو بەڕۆژنامەنووس!! ، بە تایبەتى لەکات و دواى شەڕى ناوخۆ (بچى نەیەتەوە) وەک یەکێک لە دەرهاوێشتەکانى پەیوەندیدار بە میدیا ، میدیایەک خۆى بە (میدیاى ئەهلى) خستەڕوو ، هەروەها میدیایەکى دى کە بە (میدیاى سێبەر) ناسێندرا پەیدابوو.

ئەوەى بە (میدیاى ئەهلى) خۆى پێشکەش کرد، لە ڕاستیدا لە هەندێ وێستگەوە نەبێ جیاوازیەکى جەوهەرى ئەوتۆى لەگەڵ (میدیاى سێبەر) لێ نەخوێندراوەتەوە ، ئەمەش لە خوێندەوارى وردبین پێم وانییە شاراوە بێ کە هەمیشە بە سەکۆیەکى حازر و ئامادە دیتراون ، بەرداوا ، بۆ ئەو لایەن یان ئەو کەسایەتى لەدژى ئەوى دیکەیان، هەر شتێکیش بە نرخى خۆى ، دەنا (ئەهلى) یانى چی؟

ئەگەر لە ڕووى زمانەوە لێى بڕوانین ، (ئەهلى یان ئەهالى) واتە هاونیشتیمان، باشە خۆ ئەو هاونیشتیمانییانەى هەر لە هەڵبژاردنى یەکەمەوە ساڵى 1992 دەنگیان بەلایەنەکانى کوردستان دا، ئەوانیش دەتوانن بە میدیاکانى خۆیان بڵێن (ئەهلى)، ئەگەر مەبەستیش لە (ئەهلى) سەربەخۆیی بێ، داخۆ ئەو (خۆ)یە کێیە؟

لەلایەنى ڕوانینى بابەتایەتى و پیشەییایەتیەوە دەبێ ئەو (خۆ)یە (خاک – نیشتیمان)بێ، بە هەموو ئەو مانایانەى وشەکە هەڵیدەگرێ لە مەغزا و ئینتیماوە، ئەوەش واى نابینم بە هۆى لەترکزەیی خودى ماناکە ، بەو مانایە ڕەنگى دابێتەوە. وەکو ڕاى خاکى خۆم، هەرگیز لەو باوەڕە دانیم نەک تەنێ لە کوردستان ، لە هەموو جیهاندا میدیایەک هەبێ سەربەخۆ.

کەناڵەکانى میدیا یان سەربە حزبێکن ، یا کۆمپانیایەک یا گروپێکى بازرگانى دیاریکراو یان سەرمایەدارێک کە لە ڕووى داراییەوە پشتى دەگرێ و باروبووى دەکا ، یان زۆرجار ڕەنگە سەر بەلایەنێکى هەواڵگریی یا سەربازى یا دەوڵەتى یان ڕێی تێ دەچێ هەندێ جار سەر بەدەوڵەتێکى ئیقلیمی یا هەر دەوڵەتێکى دى بۆ بەرژەوەندیەکى تایبەتى، یاخود لایەنێک یا دەزگایەک لەو دەوڵەتە... تەواوى کەناڵەکانى میدیاى دونیایێ لەو بازنەیە ناچنە دەرەوە ، ئەگەر نموونەیشت ویست ، سەیرى کەناڵى (الجزیرە) لەقەتەر و (العربیە) و (الحدپ) و ڕۆژنامەکانى (الحیاە) و (الشرق الاوسگ)ى عەرەبستانى سعوودى و (العالم)ى سەر بە ئێران و کەناڵە ئیتاڵیەکانى سەر بە سەروەزیرانى پێشوو بەرلسکۆنى و میدیاکانى (مەردۆخ) لە بەریتانیا و شوێنى دى.

تەنانەت (BBC) عەرەبى و فارسى و زمانەکانى دى کە زۆرجار وەکو نموونەى سەربەخۆ و بێلایەن باسیان دەکرێ ، هەرچەندە باروبوو لە حکوومەتى بەریتانیا وەرناگرێ ، لەکاتێکدا سەرەتا لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە دامەزراوە ، ئێستا لە ڕێى ئەو باج و دەرامەتەى لە هاووڵاتیانى وەردەگرێت بەڕێوە دەبرێ ، کە ئەویش بێگومان دەوڵەت بە پێى یاسا و ڕێسایەک ڕێکى خستووە.

ڕاستە BBC تا ڕادەیەکى نکۆڵیلێنەکراو بابەتایەتى و پیشەییایەتى لە هەواڵ و پڕۆگرامەکانیدا پاراستووە ، بەڵام ئەویش کە (بە دڵى خۆ) سەر مەشق و نموونەیە زۆرجار بە بێلایەنى هەڵسوکەوتى لەگەڵ هەندێ هەواڵدا نەکردووە و بە پێى بەرژەوەندى دەوڵەت (بەریتانیا) بە هەر بیانوویەک بێ ڕەفتارى کردووە بە تایبەتى لە بڵاوکردنەوەى هەواڵدا، تەنانەت گەیشتووەتە ئاستێک ، هەر بۆ نموونە BBC لەبەشى فارسیدا بە کەنداو دەڵێ (خلیج فارس) کە چى لەبەشى عەرەبیدا دەڵێ (الخلیج العربی)!

بێجگە لەوەى زۆر هەواڵى مەترسیدار هەبووە لە زوڵم و زۆرى دونیایێ و پێشێل کردنى (مافى مرۆڤ) لەلایەن هەندێ ڕژێمى حوکمەوە، کەچى چونکە بەرژەوەندى دەوڵەتى ئینگلیز لەگەڵ ئەو ڕژێم یان ئەو دەوڵەتدا بووە ڕێگاى نەداوە، تەماشا دەکەین BBC ، یان خۆى لێ بواردووە ، یاخود ئەگەر باسیشى کردبێ وەک دەڵێن لە ڕووى (إسقاگ فرچ)بووە ، واتە لە کۆڵ خۆکردنەوە.

ئێمە کە BBC دەهێنینەوە لەو ڕوانگەوەیە کە باشترینیانە لە نزیک بوون لە پاراستنى بێلایەنى و پەیڕەو کردنى پیشەییایەتیدا(21).

CNN  یش کە بەسەربەخۆ ناسراوە و موڵکایەتى یە، ڕاستە لە ڕووى خێرایی گەیاندن و پیشەییایەتى و کادیرى پڕۆفیشناڵەوە ، ناوبانگى دەرکردووە ، بەڵام لاى شارەزا و چاودێرانى میدیا وە کارکردنى ئەو کەناڵە بە تایبەتیش لە ڕووى ئاراستەى ستراتیژییەوە (ستراتیژیەتى ئەمریکا) شاراوە نییە(22). (CNN)یش دەچێتەوە ڕیزى ئەو کەناڵانەى ئیعتوباریان وەرگرتووە.

بەڵام کە بەوردى لێى بڕوانین زۆرجار ئەو جۆرە کەناڵانەیش بەهێزى خێرایی گەیاندن و کادیرى پڕۆفیشناڵ و پیشەییایەتى لە کارکردن و تەکنیکى نوێ و بایەخ دان بە هەواڵ و ڕیپۆرتاژى سەرنجڕاکێشەوە لایەندارییان دادەپۆشن...

کەواتە ئەو میدیایەى بە (ئەهلى) خۆیان ناساندوە لەو کەناڵانەى بە کوردى پەخش دەکەن یان بڵاو دەکەنەوە  نەیانتوانیوە بێلایەنى خۆیان بپارێزن ، هەرچەندە کەناڵ هەبن ڕەنگە زۆرجار توانیبێتیان (تاڕادەیەک) لایەنە ناکۆکەکان لەسەر پەڕەى ڕۆژنامە و بەردەم مایک و شاشەکانیان کۆبکەنەوە، بەڵام بێلایەنى یا سەربەخۆی بە تەنیا هەر لە کۆکردنەوە و بەرابەر ڕاگرتنى ڕایە جیاوازەکان نییە.

میدیاى کوردى هەرچى بکا، نەیتوانیوە لە ئاراستەى باروبووکەر بێتە دەرەوە ، بێگومان کەسیش ئامادە نییە لەبەر ئاوێنە بوەستێ وجنێو بدا و بە پارەى خۆى تەشهیر بە خۆى بکا ، یان هەرچى نەبێ بەلاى بەرژەوەندى خۆیدا نەشکێنێتەوە.

پاشان لێرەدا مەسەلەکە بە تەنیا هەر پاڵپشتى دارایی نییە ، بەڵکو پاڵپشتى گەلێک جار لە زانیارى پێدان و دەرفەتى دەستخستنى ڕیکلام و پەیداکردنى سپۆنسەریشدا دەبێ... چەندى میدیاى سێبەرە ، میدیاى سێبەر ئەگەرچى لە کوردستان ئەزموونێکى تاڕادەیەک تازەیە ، بەڵام زۆر لە دەوڵەتان بە تایبەتى دەوڵەتە پارەدارەکان ئەوەیان تاقى کردووەتەوە و بەردەوامیشن بە نموونە کڕینى چەند کەناڵێکى میدیایی ، ئینجا ڕۆژنامە یا گۆڤار یا کەناڵى تەلەفزیۆنى بێ کە پێیاندا هەڵبڵێ و پەسنى کارەکانیان بکا و... تاد.

ڕژێمى سەدام حسین بەرچاوترین نموونەیە ، لە کڕینى ئەو جۆرە میدیایە ، بە تایبەتى ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەى بە خاوەنداریەتى دەزگایەک یا کەسێک لە پایتەختەکانى دونیادا دەردەچوون. چەندی میدیاى سێبەرە لەکوردستاندا دواى شەڕى ناوخۆ سەرى هەڵدا لەم ڕاستەشدا پیشەى ڕۆژنامەنووسیى لە پیشەیەکى ئامانجدارى بەرپرسیار کرد بە پیشەیەک بۆ بژێوى و دەرکەوتنى خەڵکانێک کە هەندێ جار ڕۆژنامەنووسیش نەبوون ! تەنانەت زۆر جار لێرەو لەوێ هەوڵ هەبووە لە سپیکردنەوەى ڕەش و ڕەشکردنەوەى سپى.

سەرەڕاى ئەوەش میدیاى پاش ڕاپەڕین کە ئێمە باسى ئەو میدیایە دەکەین دواى شەڕى ناوخۆ و ململانێى لایەنەکان سەرى هەڵدا بە میدیاى ئەهلى و سێبەریشەوە کە زۆرجار میدیاى لایەنەکانیشى بەو ئاراستەیە ڕاکێشاوە، درێغیان نەکردووە لە بڵاوکردنەوەى کولتوورى بەکاربردن (استهلاکى) و بەلاڕێدابردن و خوردبوونەوەى شاش و درشت، بە هۆى بەرنامە و دراماى لاسایکارى خۆماڵى و دۆبڵاژکراوى نامۆ بە کۆمەڵى کوردەوارى کە ئەگەرێک بووە لە کاڵ کردنەوەى ئینتیماى نیشتیمانى ، سەرەڕاى ئەوەش کەناڵگەلێک (لۆکاڵى و سەتەلایت) دەرکەوتوون بەوەى هەر بە نموونە خۆیان بە داکۆکیکاری ئافرەت و ژنان ناساندوە، کەچى هەمیشە دەبینین زوومى کامیراکانییان ڕوو لە جەستەى ئافرەت و ژیانى زۆر تایبەتیەتى ، بە ماڵپەڕەکانیشیانەوە ، ئەگەر باسى ئەو ڕیکلامانەیش نەکەین کە بەهەمان ئاراستە بڵاودەکرێنەوە.

لەلایەنى هەڵبژاردن و دانانى بەرنامەى ڕۆژانەشدا شتێک لە میدیاى کوردیدا نابیندرێ بیر لەوە کرابێتەوە چ فلیمێک یا درامایەک دەبێتە هۆى بڵاوبوونەوەى توندوتیژى یا لاوازکردنى ئینتیما بە تایبەتى لاى نەوەى نوێ ، کەچى کۆڕ و سیمینار لەبارەى ئەو مەسەلانە لەڕووپەڕى لاپەڕە و بەردەم مایک و شاشەکانییان ناپسێنەوە!

ماویەتى

  ئاماژە و پەراوێز

20 - نەژاد عزیز سورمێ- درەختى بنکۆڵ کراو –  پەنجەنمایەکى ڕۆژنامەنووسیانە بۆ بارى ڕووناکبیریى و کولتوورى کوردى – 1975 – 1994 – چاپی دووەم – 2006. بڕوانە لاپەڕە (36)، هەروەها لاپەڕە (46).

21- بۆ ڕێ ڕوونى و زانیارى زیاتریش لەبارەى BBC لەم ڕووەوە بڕوانە- محمد الرمیحی – (دکتۆر)- بئس قسم الـBBC العربی- ڕۆژنامەى (الشرق الاوسگ) ژمارە 13024 لە 26/7/2014، لاپەڕە 13.

22- لەڕووداوەکانى 11ى سێپتێمبەردا ، حکوومەتى ئەمریکا CNNى ئاگادارکردەوە لە قەدەغەکردنى بڵاوکردنەوەى لاشەى قوربانییان ، وەک بەشێک لە ئیجرائاتى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پاراستنى ئەوەى پێى دەگوترێ (ئەمنى قەومى).

 

 

 Image result for media kunst

گەڕان بۆ بابەت