ما 8904 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ساڵی نوێ، ئاوڕێک لە کات
ساڵ، یان زەمان و کات شتێک نییە جگە لە رێکەوتنێک کە ئینسان بۆ ئاسانکردنەوەی بیرەوەرییەکان و دابەشکردنی مێژوو و وەبیرهێنانەوەی رووداوە شیرین و تاڵەکانی ژیان بۆ خۆی داناوە و ژیانی بە چەندین بەشی ورد و درشت دابەشکردووە.
 
مرۆڤ سەرەتا تەنیا شەو و رۆژی دەناسی، پاشان وەرزەکان، بەڵام چرکە و کاژێر و مانگ و ساڵ لە دابەشکاری ئەو شەو و رۆژانە پێک هاتوون کە بە بێ گوێدان بە ئامانج و مەبەستی ئەوان لەو دابەشکارییە، وەک خەتێکی راست یان قەتارێک بە بێ وچان لە رۆیشتندایە.
 
ئەم شەمەندەفەرە هەموومانی سوار کردووە و دایم لە گەڕدایە. تەنانەت یەک چرکەیش راناوەستێ. بە بێ ئیزنی ئێمە دەڕوات. تەنانەت بە بێ ئیزنی خۆمانیش سواری کردووین و لەگەڵ خۆی دەمانبات. دەڕوات و بەردەوام کۆمەڵێک زیندەوەر سوار دەکات و دەیان خاتە ناو سوڕی ژیانەوە. دەبینە موسافیری قەتاری زەمان. تەنیا سەفەرێکە کە کەس حەز بە کۆتایی و دابەزینی ناکات. دەڕوات و چرکە بەچرکە دادەبەزێنێت. دەڕوات و بە بێ گوێدان بە شەڕی مسافرەکانی، بە بێ بایەخدان بە وردی و درشتی، گەورەیی و بچوکی، یان گەنجی و پیری لە هەر کوێ و لە هەر کاتێکدا  کە  پی خۆش بێت دایاندەبەزێنێت.  واتە هەرچی زەمان دەڕوات ئێمە هەنگاوێک بە دابەزینی نادڵخواز نزیک دەبینەوە.
 
 
ئەمە شەرحی راستەقینەی زەمان و ژیان و ساڵەکانە، بەڵام ئێمەی مرۆڤ بۆ باشترکردنی ئەم ماوە نادیارەی موسافرەتمان وامان بە باش زانیوە کە باری ئەرێنی و پۆزێتیڤی بگرین و لەگەڵ پیربوون و بەرەو کاتی دابەزین رۆیشتن، بیر لە گەورە بوون و باشتر بوون و هیوا نوێ بکەینەوە. جا هەر لەبەر ئەوە، بە خۆشی و شادییەوە بەرەو پیری رۆژەکان و مانگەکان و ساڵە نوێکان دەڕۆین و لەگەڵ نوێبوونەوەیاندا جەژنیان بۆ دەگرین و شادی دەنوێنین و، پیرۆزبایی بەیەک دەڵێین و ئاواتی ساڵ و ژیانی باشتر بۆ یەک دەخوازین. بۆیە ئێمەیش وەک سایتی قەڵەم ساڵی نوێی ٢٠١٧ی زاینی لە هەموو خوێنەران پیرۆز دەکەین و ئاواتی ساڵێکی پڕ لە هیوا و خۆشیان بۆ دەخوازین.
 
سایتی قەڵەم
٣٠ دێسامبری ٢٠١٦

 

Bilderesultat for happy new year 2017

گەڕان بۆ بابەت