ما 4139 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پێشەوا کاکەیی

 

ئەستێرە، هەموو شەوێك:
بریسکە، بە ڕووی کەوندا دەداتەوە.
شەویش، دەڵێت: گەر من نەبم،
کێ تۆ دەناسێت!

 

دونیای گەردوون

پێشەوا کاکەیی

 

شەو، لەوەتی چۆتە دونیای مۆدێرنەوە:
مانگ، تووشی نەخۆشی لە بیرچوونەوە بووە.
لە نەخۆشخانەی گەردوون پاڵکەوتووە و،
یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە!

*

شەو، یەک دۆستی هەیە: چەکچەکی، نەک ئەستێرە و مانگ

حەقیقەتێک دەبینێت: بێدەنگی، نەک ململانێی خۆر و مانگ

گەردوون چ جوانییەکە، شەو وەها دەیخاتە نێو قووڵایی چاو

چاو، چۆن خۆی دەرباز بکات، لە وێناکردنی دیوێکی مانگ

*

شەو: ترسی لە زەمین نییە، وەکوو هەسارەی مەریخ نییە

دوو مانگ ئۆقرەی لێ هەڵبگرن و، بڵێت: شەو خەوم نییە

شەو، لەسەر مانگ ڕەشماڵی هەڵداوە و، تا سپێدە یاخییە

ئەستێرە لەبەر مە نەبێت، کوا تاقەتی ئەو ڕۆشناییەی هەیە

*

شەو، لە باڵکۆنی زەوی، سیگار دەکێشێت:
مانگ، بە تەنوورەیەکەوە دەردەکەوێت.
هەرچی ئەستێرەیە، لەو دەشتەی سەرەوە:
ڕاکەڕاکێتیی، دەگەڵ ترێفەی ئەودا جووت بێت!

*
شەو، کەوتۆتە تەمەنێکی بە ساڵاچووەوە:
مانگی کردۆتەوە کەلاوەیەک بۆ خۆیی و،
هیچ ناخوات و، کەسێکیش نییە بچێت بە پیلییەوە.
تاکوو بەیانییەکەی زوو، لە برسان... سەرنەنێتەوە!
*

شەو، قۆڕەقۆڕێتی لە برسان... نازانێت چۆن کات بخوات.
وەها چاو و سەری لە گێژەوە دێت... کە هێڵنجی هات:
هەر ئەستێرەیەکی خواردبێت، دەیهێنێتەوە و،
ئیدی قەت ناتوانێت جارێکی دی، مەگیرانی لە مانگ بکات!

*

ئەستێرە، هەموو شەوێك:

بریسکە، بە ڕووی کەوندا دەداتەوە.

شەویش، دەڵێت: گەر من نەبم،

کێ تۆ دەناسێت!

*

شەو، لە تابوونی کەوندا:

بەرەو گۆڕستانی کات دەبردرێت.

ئاسمانیش، بە دەفێکەوە:

سەڵاوات بە ئەستێرەکانی لێ دەدات!

 

ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠١٦

Image result for kosmo kunst

 

 

گەڕان بۆ بابەت