رەسول سەفەریانی
من بەرەو مەکتەب دەچووم و ئەویش بەرەو ئیش، بەڵام رێگاکەمان لە یەک هێڵدا بوو. تەنیا دوو دەققەی مابوو بۆ هاتنی قەتارەکە. من بە پیی عادەت نازانم لە شوێنێک راوەستم و چاوەڕێ بم، بۆیە ئەمسەرو ئەوسەرێکم لەبەر ویستگەکەدا کرد. قەتار هات و سوار بووین. وەک هەمیشە چووم رۆژنامەیەکی"مێترۆ"م هەڵگرت و پێکەوە چووین لە سەر یەكێک لەوشووێنە دوو کەسیانە دانیشتین. قەتار وەک هەمیشە بێدەنگی بەسەریدا زال بوو. زۆربەی خەڵک یان رۆژنامەیان دەخوێندەوە یان کتێب یان چووبوونە نێو موبایلەکەیان و خەریکی خوێندن یان بە شتێک سەری خۆیان قاڵ کردبوو. لەم وڵاتە، بەتایبەت بەیانیان، نێو پاس و قەتار رەنگ و بۆنی کتێبخانەیان هەیە. خوێندنەوە و بێدەنگی. کەس سەیری کەس ناکات، زۆر جار ئاگات لینییە کێ لە پەناتەوە دانیشتووە.