فەڕۆخ نێعمەتپوور
هەرچیم کرد و کۆشا، سوودی نەبوو. دایکم لێم مۆڕدەبووەوە و، دەیگوت رۆڵە تۆ چووزانی، تۆ هێشتا منداڵی و ئاگات لە دونیا نیە، دەیگوت تۆ نازانی کە ئەم حەیوانە بەستەزمانانە بەجۆرێک بە شتە نهێنییەکانی ژیان و خڵقەتەوە گرێدراون و بۆیە پێش لەئێمە ئاگاداری دەبنەوە. تەنانەت نموونەیەکیشی هێنایەوە و، گوتی کە ‘خا نەهیە’ی دراوسێیان گێڕاویەتییەوە پێش ئەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق هەڵگیرسێ، هەر بەو شێوەیە کەڵەشێری خزمێکیان بەنیوەشەو خوێندوویەتی و کەچی سەریان نەبڕیوە و هەفتەیەکی پێنەچووە شەڕ هەڵگیرساوە. گوتی ئەگەر سەریان ببڕیایە، ئەوا بۆ ماوەی هەشت ساڵ ئەو شەڕە دانەدەگیرسا و ئەو هەموو خەڵکە بێتاوان و بێگوناحە تیانەدەچوون!