فەڕۆخ نێعمەتپوور
حەمامەکە هەر هەمان بوو. لە حەوت رۆژی حەفتەدا شەشی هی پیاوان بوو و، رۆژێکیش بۆ ژنان. چەند خەڵوەت دەهاتە بەرچاو. نە دەنگی قاو و قیژ و، نە تەقە و رەقەی جامۆڵکە و، نە شڵپ و هووڕی بێ پسانەوەی ئاو. تەنیا مشت و ماڵی کیسەکێشەکە جاروبارە کە دەیکێشا بە شانی مشتەرییەکەیدا دەنگی دەدایەوە. منداڵیش نەدەبینرا. کیسەکێشەکە، کە زۆر میهرەبانانە لەگەڵ باوکم دەدوا، هەر دووکمانی شۆرد. پاشان لە نمرەیەکدا ئاومان بە خۆماندا کرد. لە کۆتاییدا حەمامچییەکە دوو فۆتەی بۆ باوکم هێناو، خاولییەکیش بۆ من. فۆتەیەک بە شانیدا و ئەوی تریش بە ناو قەدیدا. من کە یەکەم جار بوو ئەو هەموو جەستە رووتەی پیاوانم دەبینی، لە تەواوی ماوەی حەمامەکەدا تەنیا لەوانم دەڕوانی و زۆر ئاگام لە شتی تر نەبوو. حەمامی پیاوان چەند بێدەنگ و جەستەیشیان چەند تووکناوی و ناشیرین دەینواند!