فەڕۆخ نێعمەتپوور
پێزان کە کوڕی دووهەمی باوکی فەرەیدوون بوو و خاوەن ژنێکی سنەیی، هەر بەمەی زانی خێرا سەگێکی کڕی! راستییەکەی ئەوە بوو ژنە سنەییەکەی حەزی بە هاتوچووی ماڵە خەزووری نەبوو و، ئەمە ببووە هۆی کێشە و بێنە و بەرەیەکی زۆر. پێزانیش بۆ ئەوەی لەم بەزمە کە قەت بۆی چارەسەر نەدەکرا، رزگاری بێت، چوو گۆڵێکی رەشی سەرزلی کڕی کە بە پێچەوانەی پشیلەی براکەی چاوەکانی قاوەیی بوون. باوکی کە بەمەی زانی، بەپێچەوانەی جاران کە لە رقی بووکەکەی هەر هاتوچووی دەکرد، یەکسەر تەرکە ماڵی پێزانی کرد و لە ژوورەکەی خۆی پاڵی لێدایەوە. پێزان خۆشحاڵ لەم بەزمە، جاربەجار بۆخۆی سەردانی ماڵە باوکی دەکرد و، بەم شێوەیە لە بەزمێکی چەندان ساڵە قوتاری هات.