فەڕۆخ نێعمەتپوور
بەڵام رۆژان و ساڵان تێدەپەڕن و، غەفور بەردەوام دەست بە ردێنی سپیدا دێنێ و پرسیارێکی تری لە مامۆستا هەیە سەبارەت بەوەی چۆن چۆنی دەتوانێ رەزایەتی ژنەکەی بۆ ئەم کارە خێرە مسۆگەربکات، بەتایبەت کە ئیستاکە تەواو دڵنیایە لەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەشقی ئەو لەیەکەم رۆژەوە بۆ پەروانە مەرگی کتوپڕیی لەتیفی برای بووە کە هەر لە ئەزەلەوە لە بەرنامەی خودادا بووە،... ئەو چارەنووسەی هەر لە کاتی لەدایکبوونییەوە نووسرابوو؛ بەڵام چی بکا کە ناوێرێ باسی بکا. غەفور دڵنیایە بەهۆی دڵ و دەروونی پاک و خواپەرستیی لەڕادەبەدەرییەوە، خوا ئەوەی وەک رزگاردەرێک هەر لەو کاتەوە دەستنیشان کردبوو،... ئا، هەڵیبژاردبوو،... بەڵام چ بکا حەلاوی ژنی قەت قەت لەمە تێناگا... یەعنی نایەوێ تێبگات... قەت قەت!