گۆڕان لە نێوان رق و حەزی مرۆڤدا
راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە جیهان و شوێنی ژیان هەمیشە لە گۆڕاندایە. گۆڕان، یەکێک لە بنەڕەتیترین پێناسەکانی 'بوون'ە. لە رێگای گۆڕانەوەیە ژیان و مەرگ دێنە ئاراوە و گەشە و شکستیش خۆیان دەنوێنن.
 
 
بەم پێیە دەتوانین بڵێین کە گۆڕان منداڵدانی سەرەکیی دەرکەوتن و ونبوونی دیاردە بەرهەست و نابەرهەستەکانە.
 
بەڵام ئەشقی مرۆڤ بۆ ژیان زۆر جار مرۆڤ لە ئاست گۆڕاندا کۆنسێرڤاتیڤ باردێنێ. هەڵبەت سەیر ئەوەیە کە مرۆڤ تا لە ژیاندا هەیە بەردەوام هەوڵ دەدا گۆڕان لە ژیانی خۆیدا پێک بێنێ و بەردەوام بەرەو باشتربوونی ببات، بەڵام هەر لەو کاتەدا جۆرێک لە حەسرەت لە گەڵ تێپەڕینی ساڵەکان لە دەروونیدا دروست دەبێ! ئەو ساڵانەی کە کاتی خۆی پێمان خۆش بوو زوو لێیان دەربازبین، کتوپڕ دەبن بە باشترین ساڵەکانی ژیان!
 
حەزی مرۆڤ بۆ ژیان کە وەک هەر دیاردەیەکی تری 'بوون' لە گۆڕاندایە بەرەو نەمان، مرۆڤ لە حاڵەتی هەمیشەیی گۆڕانخوازییەکەی دەردەهاوێ و دەیکاتە بوونەوەرێکی کۆنسێرڤاتیڤ. بەڵام ئەمە تەنیا وەک حەز و مەیلێک دەمێنێتەوە و ئەوەی کە دیسان وەک راستییەکی رەقتر خۆی دەنوێنێ، خودی گۆڕانە.
 
هەڵبەت ئەم حاڵەتە پارادۆکساڵە رۆحییە دەتوانێ سەرچاوەی گەلێک خوڵقانی ئەدەبی و فەلسەفیش بیت. وەک چۆن هیگل مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی مێژووی دەبینێ کە هەم خوڵقاوی دەستی مێژووە و هەم بە نۆرەی خۆی دەتوانێ خوڵقێنەری مێژوو بێت.
 
گۆڕان، دەتوانێ سەرچاوەی حاڵەتێکی رۆحیی تایبەت لە مرۆڤدا بێت، وەک بیانوویەک بۆ بیرکردنەوەی ئیگزیستیانسیالیستی. یەکێک لەو فاکتۆرانەی کە پرسیاری گەورەی هەمیشەیی لە سەر 'بوون' دەتوانێ نوێ بکاتەوە.
 
سایتی قەڵەم
٦ یانواری ٢٠١٧
Bilderesultat for forandring kunst
بازدید: 1086