ما 2019 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سروشت بانگمان دەکاتەوە!
رەنگە بەردەوام یەکێک لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکانی ناو دونیای رۆمان وەسفی سروشت بێت. ئەم وەسفە دەکرێ بەشێوەی ریالیستی بێت و بەشێوەی مودێڕن. کە لە هەردووکیاندا سروشت دەتوانێ وەک ئاوی زوڵالی جۆبارێک بڕژێتە ناو گیانمانەوە و سەرلەنوێ سەرساممان بکاتەوە،... وەک هەمیشە.
 
گەر لە تەنیایی و بێدەنگیی ژوورەکەماندا دابنیشین و بەقووڵی بچینە ناو ئەو وشە و رستە و دیمەنانەی وا بەشێکی سروشتمان دەهێنێتەوە بەرچاو و تیاماندا زیندووی دەکاتەوە، رەنگە بەو ئاکامە بگەین کە لە دونیایەکدا ئێمەی تیادەژین و تێیدا سروشت تا ئەوپەڕی ژوورەکانی پشتەوەی خانووی بیرەوەری و بینینمان پاشەکشەی کردووە و تەبیعەت رۆڵی سەرەکی خۆی لە ژیانی رۆژانەی ئێمەدا لەدەست داوە، هەستکردن بە هەبوونی چەند گرینگە!
 
بیر لە گەڵایەک بکەوە، لە خوڕەی ئاوی کانیاوەک، لە هاژەی چەم، لە باڵندەیەک لە هێلانەکەی هەڵنیشتووە و بای ئێوارە پەڕە رەنگاوڕەنگەکانی بە ئاستەم شانەدەکا و دەیلەرێنێتەوە،... لە بێدەنگیی دارستان لە زەردەپەڕی ئێوارەدا کاتێک تۆ تێدەپەڕی!
 
ئەوسا کتێبەکە دابنێ و بە ناو ژوورەکەدا کەمێک بگەڕێ، لە پەنجەرەکەتەوە سەیری دەرەوە بکە،... چ هەستێکت هەیە؟ ئیستا چۆن دەڕوانیتە دونیای جەنجاڵ و پڕ لە دڵەڕاوکێی سەردەم؟ داخۆ سروشت پێت ناڵێ دەبێ لە ژوورەکانی پشتەوە سەرلەنوێ سروشت بکێشیتەوە دەرەوە و بیهێنیتەوە بەر هەیوان و ئەوسا لەناویا دابنیشیتەوە و بۆ ساتێکیش بێت لێیەوە سەیری دونیا بکەیتەوە؟
 
سروشت بانگمان دەکاتەوە،... سروشت هەمیشە لەوێیە و هەمیشە لە هەبوونی خۆیدا هاوار و بانگێکە لە گوێی ئێمەدا.
با بیبیستین!
 

سایتی قەڵەم

٢٨ یانواری ٢٠١٧

 Image result for natur

 

 

گەڕان بۆ بابەت