ما 11394 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەجددی وەرگرتنی دەق
نووسەر، دەق دەنووسێ. دەقیش دەگاتە خوێنەر و دەیخوێنێتەوە. خوێنەر کاتێک دەخوێنێتەوە، بەشێوەی ئاسایی دەگەڕێتەوە سەر سێ شت: دەق، نووسەری دەق و خوێندەوەو سەرنجەکانی خۆی بۆ دەق.
 
بەڵام جاری وایە خوێنەر زیاتر تەنیا لەسەر یەکێک لەمانە رادەمێنێ. کە بەگوێرەی رامانەکانیش دەکرێ ئاکامی جیاواز لە رەوتی خوێندنەوەدا رووبدات.
 
خوێنەری ناچالاک زیاتر لە سەر دەق چەق دەبەستێ و هەوڵدەدا دەق وەک خۆی ببینێ. خوێنەری چالاکیش لەسەر خوێندنەوەکانی خۆی بۆ دەق فوکوس دەکا. خوێنەری چالاک هەوڵدەدا دەق تەنیا لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا نەخوێنێەوە، بەڵکو پەلکێشی دەکا بۆ ئیستا و بەتەمای ئەوەیە کە بە تێکەڵکردنی دەق لەگەڵ فەنتازیا (ئەو خەیاڵانەی دەقەکە تیایدا بزواندوویەتی)و، خوێندنەوەکانی خۆی، ئاسۆی بابەتەکانی ناو دەقەکە فراوانتر بکاتەوە. لێرەدا ئیتر ئێمە تەنیا لە گەڵ دەق رووبەڕوو نین، بەڵکو لەگەڵ ئەو خوێندنەوانە و فەنتازیانەیش رووبەڕووین وا دەقەکە لە خوێنەردا بەرهەمی دێنێ. کەواتە دەق دەکرێ سنوورەکانی خۆیشی ببەزێنێ.
 
بەڵام دەق بۆ ئەوەی ئەمە بکا، دەبێ دەق بێت! واتە دەبێ لە فۆڕمی ئەدەبی هونەریدا بتوانێ شتێک بڵێ کە نەوتراوە، یان وتراوە و ئەم دەتوانێ بە فۆڕمی تر جارێکی تر تیشکی بخاتەوە سەر. دەقێک نەتوانێ لەم تایبەتمەندییە بەهرەمەند بێت، ناتوانێ خولیا و خوێندنەوە و فەنتازیای خوێنەر بجوڵێنێ.
 
بەڵام زۆر جاریش خوێنەر، ئەگەرچی چالاکە، بەڵام دەقی باشی لێ ون دەبێ! ئەمەیش بە جۆرێک ئاساییە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە زەینی مرۆڤ زۆر ئاسان دەتوانێ خووبگرێ و چەق ببەستێ. جاری وایە قۆناغەکان لە مێشکی مرۆڤ چالاکترن!
 
رەنگە یەکەمین هەنگاو ئەوەبێ کە هەمیشە لە یەکەم هەنگاودا هەموو دەقێک بە جددی وەربگرین.
 
سایتی قەڵەم
١٦ فێبرواری ٢٠١٧
Image result for tekst kunst

گەڕان بۆ بابەت