لە فارسییەوە: حەمە عەباس

ئەوکاتەى کە لەغافڵەتى لە وڵاتەکەى خۆم رۆیشتم جگە لە هێزى بیرکردنەوە هەموو شتێکم لە شوێنى خۆى جێهێشت، خەمبار نەبووم، هیواى دۆزینەوەى فەزایەکى نوێ پەردەیەک بوو بەسەر ئەو دژوارییانەى کە لە پێشم بوون دیالۆگى بنەڕەتیى وەچەى ئێمە ، ئێمەى خستبووە بەردەم بناغە سەرسەختەکانى کەلتوورى باو.

 

 

 

دەرکراو لە زماندا، زیندانیى رۆژگار

نووسینى: سامۆئێل بیکێت

وەرگێڕانى لە فارسییەوە: حەمە عەباس

زۆر کەس لێمدەپرسن بۆچى فەرەنسات هەڵبژارد؟ دەڵێم چونکە پاریس لە فەرەنسایەو حیکمەتى ئەم شارە بۆ من وەک ئەو حیکمەتە وایە کە ئەسینا لە جیهانى کۆندا هەیبوو. لەسەردەمى تازە لاویمەوە پاریسم خۆشدەوێ، رەنگە لەبەر ئەوەبێ کە پاریسم لە رێگاى وێنە جوانەکانەوە ناسیوە، رووداوەکانى وەک شۆڕشى فەرەنسا، کۆمۆنەى پاریس، بزووتنەوەى بەرگرى ، ئایارى 1968 ، وجوودیەت، شانۆى بێهوودە ، شەپۆلى نوێ و جگە لەو پێودانگانەى بۆ کەلتوورى تازەى ئێمە حسێب دەکران. زۆرترین ئەو نووسەرانەى کە ئێمە خۆشمان دەویستن لە پاریس دەژیان .

کاتێ بڕیارمدا نیشتمانەکەم جێبێڵم، جگە لەپاریس بیرم لە هیچ جێگایەک نەکردەوە، بۆ یەکەمجار پاریسم بۆ ژیان هەڵبژارد، من نووسەر بووم، بۆ نووسەرێکیش کە نەتوانێ لە نیشتمانى خۆیدا بژى، جگە لە پاریس هیچ کوێیەک نەبوو، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەکردەوە  کە بۆ کەسێکى وەک من نووسین لێرەدا لە کارە هەرە سەختەکان بێت ، ئەگەرچى لەم شارەدا هیچ کاتێ هەستم بە نامۆیى نەکردووە، تەنانەت ئەو کاتەش کە کەمترین ئاشنایەتیم لەگەڵ زمانى فەرەنسیدا نەبوو. من نەخوازیارى دەسەڵاتى سیاسى بووم و نە پەیوەندیم بەهیچ جولانەوەیەکى بەرگریکارانەوە هەبوو، بەڵام هەمیشە داکۆکیم لە ئازادى کردبوو و عاشقى مروڤسالارى بووم، تەنها لەبەر ئەوەى کە نووسەر بووم ناچاربووم نیشتمانەکەم جێبێڵم، خۆم نووسەریم هەڵنەبژاردبوو ، ناتوانم بڵێم کە نووسەرایەتى لەگەڵ مندا لەدایکبووەو لە سروشتى مندا هەبوو، بەڵام باوەڕم وەهایە کە ئەم توانایە لە مندا دەرهاوێشتەى خەسلەتە زاتییەکانە، بوون بە نووسەر لە نیشتمانى مندا کارێکى ئاسان نیە، رووکردنە کارى نووسەرى جۆرێکە لە شێتایەتى و عەشق، بەڵام دەبێ دانى پێدا بنێم کە لە کاتى نووسەریدا فەلسەفەى وجوودیى خۆم دۆزیەوەو هەزممکرد ، نەمدەزانى لە چ دۆڵێکى بەردەڵاندا هەنگاو دەنێم .

 ئەوکاتەى کە لەغافڵەتى لە وڵاتەکەى خۆم رۆیشتم جگە لە هێزى بیرکردنەوە هەموو شتێکم لە شوێنى خۆى جێهێشت، خەمبار نەبووم، هیواى دۆزینەوەى فەزایەکى نوێ پەردەیەک بوو بەسەر ئەو دژوارییانەى کە لە پێشم بوون دیالۆگى بنەڕەتیى وەچەى ئێمە ، ئێمەى خستبووە بەردەم بناغە سەرسەختەکانى کەلتوورى باو، بەڵام من لە پێگەى نووسەرى و لە ژیانى تایبەتیمدا بەو تێڕوانینە عیرفانیە گەیشتبووم کە جیهان تاراوگەیەکەو ئادەمیزاد تیایدا میوانێکى دوو رۆژەیە، لەمەوە واى بۆ دەچم کە نووسەرایەتى کارێکى جیهانگیرییە، کە پەیوەندییە مرۆییەکان لەهەر جۆرە کۆت و بەندێکى داسەپێنراو ئازاد دەکات، ئێمە هەرهەموومان بە خوێندنەوەى شاکارێکى جوان، لانى کەم چەند کاتژمێرێک لە نیشتمانى نووسەر، کە هیچ سنوورێک ناناسێت ژیاوین، بۆ من کە بەشى زۆرى 33 ساڵى تەمەنى خۆم بە خوێندنەوەو نووسین بەسەر بردبوو، جێهێشتنى نیشتمان نەک هەر مەترسییەکى بەرچاو نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە سەفەرێک بوو بەرەو سنوورەکان و بۆ شارێکى جیهانى بە چەندین موژدەى رەهابوونەوە، دەبێ بڵێم کە ئەم رەهاییە نەیدەتوانى دەقاودەق ماناى زیندوو مانەوە بگەیەنێت ، ژیانى هەر کەسێک بە تانوپۆى حەزو ئارەزووە کانى تەنراوە، بەڵام حەزى بنەڕەتیى من کە لە  پووچى و بێمانایى ژیان دەربازى کردم نووسین بوو ،تەنها نیوەى ئەو موژدەى رەهابوونە هاتەجێ، ئەگەرچى دەستە خوێناوییەکانى زەبروزەنگ توانییان هەندێک لە برادەرەکانم لە پاریس و جێگاکانى دیکەدا خەڵتانى خوێنى خۆیان بکەن، من لە ژیانى رۆژانەى خۆمدا دوور لە دیوارەکانى توندوتیژى و درۆو زەلیلى بە هەماهەنگى لەگەڵ ریتمى کۆمەڵگایەک کە پارێزگارى لە مافە بنچینەییەکانى مرۆڤ دەکرد درێژەم پێدەدا، بەڵام ئەو ریتمە ئیتر هەمان ئەو ریتمە نەبوو کە ئاوارە کانى کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان لەوەوپێش تێیدا ژیابوون و کردبوویانە بابەتى نووسینەکانیان، ژیانى رۆژانە ریتمێکى دیکەو شێوازێکى دیکەى بەخۆوەگرتبوو، جەنگ لەگەڵ ئەو رۆژگارەدا دەستى پێکردبوو.

 ئەو رۆژگارەى کە منى گرتەخۆى نە رۆژگار بوو نە زەمینەى نووسین، رۆژگاریک کە من تێیدا گەورە بووبووم زۆر نالەبارتربوو، هەماهەنگییەکى زیاترى لەگەڵ دڵەکوتێ و بێنەو بەرەى زات و بیرکردنەوەدا هەبوو . لێرەدا رۆژگار رۆژگارى هاتن و چوون بوو بەناو رارەوەکانى میترۆو دەزگاکاندا، من لە رابردووەوە بۆ ئێستا قەڵەمبازم دابوو، کە لە رۆژگارى ئەوسادا ساتێک لە جوولە نەدەکەوتەوە، هیچ رێگاچارەیەکم بۆ ئەم رەشەبایە لەبەردەم خۆم نەدەبینى، بەم ریتمەوە تەمەنم بەخێرایى بەسەردەچوو، بەردەوام دڵەترسەى پیرى و نزیکبوونەوە لە مردن روولە زیادبوون بوو، پاریسى جاران، پایتەختى کەلتورى جیهانى ، وەک زەخیرەیەک لە یادەوەرى داهێنانەکان خۆى نیشان دەدا، بەڵام بۆ کڕینى ئەوانە دەبوایە پارەم هەبێ، ژیانى رۆژانە کە هەمیشە دواترین دڵەڕاوکەکانى من بوو، بوو بە یەکەمین سەرگەرمى من، بۆ مانەوەى خۆم ناچار بووم ئەو ئازادیەى کە بۆ نووسین پێویستم پێى بوو هەرزانفرۆش بکەم، ئازادیەکەم نیوەچل مایەوەو ئاوێتەى دەردیسەرى بوو، وردە وردە نامۆییەکى دیکە لەنێو نامۆییدا سەریهەڵدا، هەرگیز دەرفەتى پێویستم بۆ فێربوونى زمان و پراوەکردنى بۆ هەڵنەکەوت، ئەو نووسەرەى کە بە زمانێکى بێگانە دەنووسێت، لەگەڵ کۆمەڵگایەک کە شوێنى نیشتەجێ بوونى لەوێدایە، لەنامۆییەکى دووچەندانەدا دەژى، هەر کە پێم لە بازنەى ژیانى رۆژانە دەخستە دەرەوە هەستم بە سەراسیمەیى ئەم ئاوارەییە دەکرد، کاتێ بە فەرەنسى دەنووسم جگە لەچەند نووسینێک کە زمانێکى سەقەت و پەلوپۆ شکاویان هەیە شتێکىتر بەرهەم ناهێنم، خوێنەرەکەم روخسارى من لە ئاوێنەیەکى شکاودا دەبینێ، لە زمانى فەرەنسیدا من هەمان ئەو پیاوە تێکشکاوەم کە ئاوێنە پێى نیشاندەدات، ئەو راستیەى کە وەک نووسەرێک بەم زمانە نامۆم، نەبوونى دەرفەت بۆ نووسین بە زمانى خۆم  رەنجبردنم لەم نامۆیىو دەربەدەرییەدا دووچەندانە دەکاتەوە . نووسەرێک کە سەروبەندى مردن بوارى نووسینى بۆ ناهێڵێتەوە وردە وردە لە مەیدانى نووسەرى دا تەرەدەبێت، بیست ساڵ ململانێم کرد تا لە نیشتمانى نووسەر تەرە نەبم، بەمجۆرە دوور لەزمان و دیلێتى زماندا ئازادیم لەدەست دەدەم و بە شلەژانێکى تازەکارانە بە ژیانى رابردووى خۆمدا دەچمەوە، بە رووقایمى و سەرسەختانە هەوڵدەدەم تا لەپاڵ یانزە سەعات ماندووبوون بۆ ژیانى رۆژانە بنووسم، بەرنامەگەلێکم بۆ دابینکردنى ژیانى دوو نەفەر هەیە، هێشتانیش چەندین نائومێدى و ئارەزوو هەن، کاتێ کە دەبینم و دەبیستم و تێدەگەم ، حەسرەتى رابردوو یەکێ لە ئازارەکانى جێهێشتنى نیشتمانە، ونبوونى تەواوى ئەم ئیحساسە لە بوونى مندا حاڵیم دەکات لەوەى کە تینوێتى زمان بۆ نووسین لە ناخى مندا تا چەندە بە هێزو گوڕە، بەهەرحاڵ ئەمە باشترە لەهیچ .

سەرچاوە: رۆژنامەى  (شرق) ژمارە 125- 26 1  2004

خوشکى شکسپیرو ڤێرجینیا وۆلف

 کارەکانى (ڤێرجینیا وۆلف) ى ئینگلیزى لە ریزى کارەکانى کافکاو جیمس جۆیس و مارسێل پرۆست دانراوە. وۆلف لە ساڵى 1882 لە لەندەن هاتۆتە دنیاوە، لە22 ساڵیدا گروپێکى روناکبیریى دامەزراندووە، لە 1917 لە گەڵ هاوسەرەکەیدا (لیۆنارد وۆلف) ى رەخنەگرى ئەدەب، دەزگاى بڵاوکردنەوەى (هۆگارت) یان بەڕێوە دەبرد، لە 21ى مارسى 1941 دواى نووسینى کورتە یاداشتێک بۆ پیاسەکردن لە ماڵ چووە دەرەوەو لە رێگادا گیرفانى چاکێتەکەى پڕ لە بەردى گەورە کردو دواتر خۆى دایە دەست شەپۆلەکانى رووبارەوە. دواى دوو هەفتە کاتێ کە منداڵان لە ناوچەیەکى دیکەدا بە کەنارى رووبارەکەدا تێدەپەڕین، جەستەى بێ گیان و سەرئاوکەوتووى وۆلفیان دۆزییەوە.

دەرەنجامێکى وا بۆ نووسەرى رۆمانى (شەپۆلەکان) یا (گێژەنەکان) کەتیایدا باس لە چەمکى بوون و دووبارە بوونەوەى نەهامەتییەکان دەکات، ئەوەندە چاوەڕوان نەکراو نییە، تەنانەت ئەگەر لە 60 ساڵیشدا بێت.

 رەخنەگرانى ئەدەبى، رۆمانى (شەپۆلەکان) کەلە ساڵى 1931 بڵاوبۆوەو شێوازى نووسینەکەى کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە رۆمانى باو، بە باشترین کارى ڤێرجینیا وۆلف دادەنێن. ئەم رۆمانە کە ئەندێشەکانى شەش برادەر دەخاتەروو، پڕە لە وەسف و وێنەو رامان لە ژیان و تەمەن و چالاکییە مرۆییەکان، کە لەلایەن تاکەوە، وێڕاى هەندێ جیاوازیى رووکەش، هەموو کەس تا مردن بە یەک ژیاننامەى دووپات بۆوە بەڕێى دەکەن.

 

بەڵام بەناوبانگترین کارى ڤێرجینیا وۆلف ئەم رۆمانە نییە، بەڵکو دوو وتارن کە تایبەتن بە رۆڵى ژنان لە ئەدەبیاتدا، کە لە ئۆکتۆبەرى 1928 لە کامبریج پێشکەشکراو دواتر بەشێوەى کتێبێک بەناوى (ژوورێکى تایبەت بە خود) بڵاوکرایەوە.

Image result for samuel beckett

بازدید: 660