نەژاد عزیز سورمێ
خاتوون خەریک بوو گەردەلوولی بە دەمی لاڵەوە هەڵدەواسی ئەویش سەرەتای ئاسۆی بە خۆوە گرتبوو ئەمە قەدەری مێژووە
گەمە شاراوەکانى با (1)
نەژاد عزیز سورمێ
" ئەم دەقانە لە ئەسڵدا بە عەرەبى نووسراون .
نووسەر و ڕەخنەگر( نەجات حەمید ئەحمەد )
بە پێداچوونەوەى نووسەر کردوونى بە کوردى ."
بەشى یەکەم
(1)
خاتوون خەریک بوو گەردەلوولی
بە دەمی لاڵەوە هەڵدەواسی
ئەویش سەرەتای ئاسۆی بە خۆوە گرتبوو
ئەمە قەدەری مێژووە
لە جوگرافیا تارماییەکەیدا
کەواتە ڕەگەکان بۆ کێن؟
مەرگ...
دەنگ...
شکستی قەقنەس ،
بەسەر باڵى ئاسۆوە..
دەماری بە ئاگای فرمێسکاوی ،
لەو چاوانەدا دەبریسکێنەوە
کە بە دوایاندا گەڕایی و نەتدۆزیەوە
بۆ برای من؟
باڵی شکاو بەم چەشنە هەڵنابەسترێتەوە
خەونیش وەها نییە
خەون بەو جۆرەنییە..برالە!
29/6/1995
(2)
ژێیەک دەژەندرێ ،
ژێیەکیش دەژەنێ ...
دوو شتی جیاوازن
بۆچی دونیای بینینمان
بوو بە باڵۆنی ڕەنگاو ڕەنگ
بێهوودە دەفڕن؟
بۆچی سرووتەکانمان بوون بە هاواری بیابانان؟!
با ئەم وێستگەیە ببێتە
دوا شەو و
دوا هەناسە
لە هەناسەبڕکێماندا بە دوای سەراب
با پێکەوە هەناسەیەک بدەین هاوڕێم
سەراب تەواو شەکەتی کردووین.
251995
(3)
لەوانەیە بە یەک بگەین
ئینجا تۆ بڵێی ژوان سەرمەستیی تیا بێ ؟
بێ ئەوەی زەمەن ببینین کە بەسەر دەچێ ؟!
جەستەی تۆ تا دێ دەبنیسێ ..
ئەوەتا هی منیش لە ژێر قورسایی وێکهاتنەوەدا دەناڵێنێ
لە کاتێکدا دەریایەک تاریکستان بەشت ناکا
لە گومان نزیک بیتەوە
من تاڵێ ڕووناکیم بەسە
دڵنیایی بگرم
تۆ منت بەدەر لە خودی خۆم دەوێ ..
تۆ زەمەن نابینی
کەواتە بادانەوە بۆچی؟
بەرەو ئەو ئاسۆیە لێچووەوەدا؟
بەرەو ئارەزوویەک بە ڕەنگی سەراب....
لەوێدا کە بە یەک گەیشتنی تێدا
جۆرێکە لە مەحاڵ ؟!
181995
(4)
ئێشی ڕۆژگار!
وریا بەوە!
وریا بەوە! ڕۆح پیر نابێ ..
ئێستا چۆلەکە وای لێ هاتووە تێم دەگا و تێم ناگا!
نیشتیمان بە شێوازی سڕبەکانەوە کوژراوەتەوە
چ هوودەیەک لەوەدا هەیە ڕەشەبا بەرە و بەهەشتمان ببا
وریا بەوە!
هاتووە داڵانەکانی ناخی ڕۆحم ببڕێ
هاتووە برینەکانم بکولێنێتەوە
کە لە خۆیدا بە چەقۆی ڕۆژگاری نامەرد کولاونەتەوە ...
ڕۆژگاری سڕب و
بازرگانانی تلیاک و
ئومێددزان ..
وریابەوە !
تا خەونەکانم بگرمە دەست
بۆمان نووسراوە بە بێدەنگی هاوار کەین
ئەی ئەو دوورگەیەی
بە ماتەمینی زەماوەندان گەرم بووە
بێدەنگی ... تەنیا بێدەنگی
با هاوار کەین
تا پڕ دەبین لە بێدەنگی
هاوار کەین
ئەی ئازاری ڕۆژگار!
ئێستا چۆلەکە وای لێهاتووە
تێم تێدەگا و تێم ناگا...
12102005
(5)
ساڵی ڕۆژێک باس لە مافی مرۆڤ دەکەن
تا ڕۆژەکانی دى پێشێلی بکەن ..
بەم شێوەیە و بەو چەشنە
مافی مرۆڤ ،
بوونەوەری ئەفسانەیی و
درۆی گەورەی..دونیا
هاتە ناو سەردەمی سێرک ..
کە خەمی تێدا دەبێتە
بزەی سارد و مردوو ..
ئەوە بە خودای چپەى بە ڕۆژی نیوەڕۆیە
لەبارەی – حەفت و هەشتی هێلکەو مریشک ،
کامیان لە کامیانن
خودایە !
ئەم هەموو دەمامکە لە کوێوە دێنن؟
9121995
(6)
تەنیا هێڵێەکە ..
با لە کوژانەوەی بپارێزین !
کەنار بەردبارانمان دەکات ..
دەستلێکبەردانی سپێدەیش لەوانەیە مەحاڵ نەبێ ..
من ئەو زانیاریانەم
لە گەڵای پایز و ..
هەنگاوەکانی (با) و
کلیلەکانی وەهم .. خوێندنەوە
ئەوەتانێ بەناو پێچەکانی ڕووخاندا ،
بە بێدەنگی هاوار دەکەم ..
هەموو بۆ لەیلای خۆیان دەگرین ..
کەچی هەمووشیان خۆیان ئامادە دەکەن بە شەقامە خەمبارەکاندا ڕایبکێشن ..!
خودایە چ دەبینم ؟
ئەو هەموو کەڵبە تیژانە ؟
بۆ تەنیا هێڵێک و
چیتر نا ..!
1521996
(7)
ئەوە کارەساتی هەردووکمانە
ئیتر ئەوە دونیایە
هەندێ جار سپێدە ڕادەخەین
جاریش هەیە تاریکی بە خۆماندا دەدەین ..
لەگەڵ ئەوەشدا ،
هەست بە مانگ و ئەستێران دەکەین
بە دەمارانماندا دێن و دەچن ..
هەر ئەمەش تاقە دڵنەواییمانە بۆ بەردەوام بوون
بە دوای ئەو بوونەوەرەی ،
بووە بە گاڵتەجاریی هەمووان !!
کە ئەویش جددیەتە ..
بەڵێ هاوڕێم ..
ڕاستیی لاوانەوە بەس نییە ...
ئەمە کارەساتی من و تۆیە.. هاوڕێ..!
با بە هەندی وەرگرین و شانی بدەینە بەر
شەوگار بێ شک لێ دەچێتەوە ..
با شانی بدەینە بەر .. هاوڕێ ...
1831996
(8)
ئا لێرەدا
لەو کەنارە ڕووتەڵانەدا دەمێنمەوە ...
ئیتر وای لێهات
ڕۆحی بە خەم چەکدارمان
پەردە بۆ هەموو شتێک دەدروێ
بۆ لانەوازیمان نەبێ ..
کە لە دەرەوەی مێژووی جوگرافیادا ماوەتەوە !!
ببورە !
مەوداکانیش لەگەڵ ئێمە پیربوون ..
ئیتر سوودی چییە؟
بە یەک بگەین و گۆرانی بڵێین و یەکدی ماچ بکەین ؟
هەموو ئەمانە کەڵکیان چییە ؟
لە کاتێکدا خانمی ئاسۆ
مانگێکی ماندووە بە ساڵانی زڵکاو و
خوانە گەنیوەکان ..
ببورە...!
من لێرە دەمێنمەوە
لەسەر ئەو کەنارانەدا ڕادەکشێم
ئەوان ئەوەتا دەقیقە و
سەعات و
ڕۆژانیش دەنێژن...
خانمی ئاسۆیش مانگێکی ماندووە بە ساڵانی زڵکاو و
بەو مەودایانەی لەبەریاندا نەماوە و پیر بوون ...
351996
(9)
هیچ وێستگە و بەندەرێک نەماوە
ماڵئاوایی تێدا بکەین
نۆش !
ڕووبارەکانتان خواردەوە ..
جۆگەکان ،
کانیاوەکان .. هەمووی ...
نۆش !
ڕێگای دۆزەختان کورت کردەوە ..
لە سرووشتی دەست بۆ نەبراوەوە
تا باخچە پلاستیکیەکان
کە بە وشکایی دەدێردرێن ..
بە ڕاستی ئەمە دەرهاوێشتەی
ڕۆچوونتانە لە هیچ و
لە (جاران وا بووین)دا
کە لە ناخماندا ،
هێللانەی چێ کردوە ..
بەڵام تاکەی ( جاران وا بووین)
لە بن باڵمان بنێین ؟
بوونەوەری بە پیریی ڕۆژگاران داپۆشراو ..
هاتن ڕوانین و چرپەکانیشمانیشیان برد ..
مەوداکان وەک خۆیانن ..
بەڕاستی ئامێزی مردوو
ماچی مردوو پێیوەداین
ئیتر یا ژیان یاخود ژیان ..
بەسە هاوڕێ !
ئەمە چ بانیژەیەکە لێیەوە دەڕوانین !؟
1861996
(10)
لێم گەڕێ وەکو خۆم بمێنمەوە کە خەون دەبینم .
لێم گەڕێ خەیاڵی ڕوناهی و خۆشەویستی و بەرائەت بکەم ،
کە ئەوە چەندین جارە لە تیرۆر ڕزگاری دەبێ ..
وێرای هیچی هیچکاران و
دەمامکی ساختەچییان.
لێم گەڕێ وەکو هەم
بە بێدەنگی ... هاوار بکەم
تەنیا بە بێدەنگی ..
ڕوناهی و خۆشەویستیت پێ زۆر نەبێ بۆم
من خەریکە زمانی ئاو و
قەڵبەزەی شەپۆل و
سروودەکانی دڵڕەقی لە بیر دەکەم.
کە ڕۆژگارێک بە خەونی ئەوانەوە
دەژیاین و دەمردین ..
بۆمن بە زۆری مەزانە ئەی ئەو ڕۆحەی
لە باڵی ئەو پەپوولانەوە هەڵدەچێ
ڕەنگی ڕەشەبا و
ڕەنگی یەقینیان گرتووە.