ما 2701 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تەنیایی و خۆبەدەستەوەدان 
لە وڵاتی نۆروێژ لە سەدا دووی حەشیمەتی ئەم وڵاتە لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهاندا و لە کاتی داگیرکردنی وڵاتەکەیان لە لایەن فاشییەکانی ئاڵمانەوە، لە گەڵ داگیرکەران هاوکاریان کرد. ئەمە دیاردەیەکی بەرچاو بوو و دوواتر لە پاش کۆتایی هاتنی شەڕ، کۆمەڵگای نوخبەی نۆروێژی هەوڵیدا هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بخوێنێتەوە.
 
یەک لەو کەسانەی بەم کارە هەستا، رۆماننووسی ریالیست 'سیگورد مول' بوو کە لە رۆمانێکی خۆیدا بە ناوی Møte ved Milepelen هەوڵیداوە ئەم دیاردەیە بداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، هەڵبەت بە شێوازی هونەری ـ ئەدەبی و لەبەرگی رۆماندا.
 
رۆمانەکە بەشێوەی سەرەکی بەسەرهاتی ئەو خوێندکارانەیە وا بوون بەداوی فاشیزمەوە. واتە ئەو کەسانەی کە بۆ خوێندن روویان لە شارەکان کرد.
 
سیگورد لە لاپەڕەی ٨٢ی کتێبەکەیدا لە زمانی یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکەوە دەنووسێ:
"تەقریبەن تەواوی ئەو خوێندکارانەی من پێوەندیم لەگەڵیان هەبوو، خەڵکی شار نەبوون. ئەوان لە هەموو بەشەکانی تری وڵاتەوە هاتبوون. ئەوان هەموویان هەژار بوون. زۆربەیان تەنیا. هەندێکیان بە تەواوی مانا تەنیا بوون. ئەوان دونیای منداڵییان لەدەست دابوو بە بێ ئەوەی جێگرێکیان بۆ پەیدا کردبێ."
 
وەک دەبینین سیگورد زیاتر هەوڵدەدا لەباری دەروونناسییەوە بۆ سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە لە ناو کۆمەڵگای نۆروێژیدا بچێ. بەتایبەت لەو شوێنەیدا وا باسی تەنیایی دەکا.
 
'هانا ئارنت' بیرمەندیش هەوڵیدا لەم روانگەیەوە باس لە هۆکارە گەلییەکانی سەرهەڵدانی تۆتالیتاریزم لە ئاڵمان دا بکا. لای ئەویش تەنیایی دەستەواژەیەکی گرینگە.
 
تەنیایی و هەست بە بێ ریشەکردن، خاکێکە مرۆڤی خائینی تیادەڕوێ.

 

سایتی قەڵەم

 

١ مارسی ٢٠١٧

Image result for fascism kunst

گەڕان بۆ بابەت