ما 7621 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەدیب نادر

هەموو شاعیرێکى داهێنەر شتێک دەگرێتە ئەستۆ، با ئەو شتە ناو بنێین گۆڕین، گۆڕینى دنیا ناڵێم، بەڵکو گۆڕینێکم مەبەستە هەر چەندێ ناچیزیش بێت هەر گرینگ و پڕ بایەخە، بەڵام ئەگەر گۆڕینى دنیابینیى مرۆڤ بێت ئەوا بێچەند و چوون شاعیر بە زیادەوە پەیامى ترانسێندێنتاڵى خۆى گەیاندووە و مەبەستى خۆیشى پێکاوە. 

 

کە خەون دەبێتە وێنە، کە خەون دەبێتەشیعر

هەڵوێستەیەک لەسەر وێستگەیەکى ترى ئەزموونە شیعرییەکەى (سەباح ڕەنجدەر)

ئەدیب نادر

*شیعروخەون                                                                                         

ئەزموونى هەموو شاعیرێک بێچەند و چوون خەون گەمارۆى دەدات، وێڕاى ئەوەیش هەموو شیعرێک تا ئەو ڕادەیە لە خەوندا ڕۆنەچووە تاکو خوێنەر وا هەست بکات خەوتوویەکە و لەبریى خوێندنەوە خەون دەبینێ، خەونى بە پیت و فەڕ دەبینێ، کە ڕەنگدانەوەى ژیانێکى پڕ چالاکى و کامڵە، ژیانێک کە تژییە لە هەموو ڕەگەزەکانى هەڵکردن، ژیانێک (بێدەنگیى دەهێنێتە دەنگ) و هێندە ڕاستەقینە و بەرهەستە (حەکایەتى مردن) لە تانوپۆیدا کەمێک لە حەکایەتى"ژیان درێژ ترە". جا لەبەر ئەوە شیعر بە سروشت وەکو خەون لە دوو ناواخن پێکهاتووە، یەکێکیان دیارە، ئەوى دیشیان نادیار، ناواخنە دیارەکە ساختومان و پەیکەرەى شیعرەکەیە کە وشە هەڵى دەچنێت، یانى واقیعە دەرەکییەکەیەتى، بەڵام ناواخنە نادیارەکە بەرجەستە نییە، بەڵکو وێنە و ئیماژ و سیمبولڕ دەیڕسکێنن، لە ڕێگاى ئەمانەوەیە پەی پێ دەبرێت کە وشەکان لە واقیعى دەرەکییەوە دەیقۆزنەوە و دنیایەکى نابەرجەستە، وەلێ درکێنراوى پێ ئافەریدە دەکەن. کەواتە شیعر، هەروەکو کۆڵیریج دەڵێت پێویستە بابەتێکى یەکگرتووى هەبێت و پێک هاتبێت لە دیار و نادیار، کە بە شێوەیەکى سۆزدارانە درک پێبکرێت و بە شێوەیەکى سێنتیمێنتاڵانەیش پێش بکەوێت و یەکێک لە کارفرماکانى ئەوە بێت کە واقیعى دەرەکیمان لەبەرچاودا دەوڵەمەندتر بکات. بێگومان، مادامەکى شیعرى جیددى بە دوو ڕەهەند مەحکوومە، با بزانین داخۆ ماناى خۆى لە کوێ هەڵدەگوێزێتەوە و چۆن تەماشاى گێتى دەکات و هاوکات چۆن دەبێتە بەشێکى دانەبڕاو لێى؟ لەو جوانییانەى کە دایان دەهێنێت و بە پێى ولیەم ڕاى بە بەهاگەلێکى گرینگ بارگاوییە و لەو سەرسووڕمانە دانسقانەى کە دەیانبەخشێت و لەو وێنانەى کە دەستکارى سروشت دەکەن و بە شانازى و فیزەوە تێیدەپەڕێنن و لەو گوزارشتانەیشەوە کە پەردە لە ڕووى خەم و پەژارەو کۆڤانە مرۆییەکان هەڵدەماڵن ونەمرییان پێدەبەخشن،یان لەو وردەخۆشیى و ئۆخژنانەى کە قووڵاییەکانى بنیادەمیان لێ پڕاوپڕ دەبێت؟ چى لەو شتانە دێت کە شیعر دەبێتە جیهانیان، بێگومان بابەتەکان و ئەزموونەکان هەر بە تەنیا نابنە تۆپۆگرافیایەک لە کاغەز، تۆپۆگرافیایەک لە زمان و خەیالڕ و هەست و سۆزەکان، بەڵکو دەبنە هزر، دەبنە شتى بەرهەست وبۆن دەکرێن، دەستیان لێ دەدرێت و هەستیان پێدەکرێت، دەبینرێن و چێژ و لەزەتیان لێدەکرێت.جا ئا لێرەوەیە کە شیعر مانا بە جیهان دەبەخشێت، ئەویش بە دەرخستنى ئەو پێوەندییانەى کە هەن و پێشتر درکمان پێنەکردوون. بەڵگەنەویستیشە کە بەبێ پەیوەندى نێوان شتەکان ئەو جیهانە وندەبێت، جیهانێکى ونیش خودانى مانا نییە. شیعر پێویستە وەکو بنیاتنانى ئەو دنیایە وابێت کە مرۆڤ – خوێنەر لە ناکاو دەکەوێتە ناوى و هەموو شتێک بۆى ڕمۆکە، پێشتر نەدیتراوە، حەپەسێنەر و داکاسێنەرە، وەلێ داخۆ هەموو شاعیرێک دەکارێت ئەو دنیایە بنیاد بنێت؟ یان لە باشترین حاڵەت و باردا ڕەنگە شیعر بکەوێتە میانى دوو دنیاوە، کە نە ئەمەیە و نە ئەوەیشە، بەڵام"ئەو"ى خوێنەر دووچارى پشێویى و شپرزەیى دەبێت و نایەوێت لە شوێنێکدا ئەوق و قەتیس بمێنێ، واتا گیرۆدەى دۆخێکى سایکۆڵۆجى ئەوتۆ دەبێت کە ئاتاجى بەوە بێت بەسەریدا بازبدات و خۆى لێ قوتار بکات.

شیعر لەبەر ئەوەى مرۆڤ، بە پێى نیما یۆشیج، لەسەرزەویدا مەحکوومە بە هەموو شتێک و پێویستە بە ئەزموونىبکات، کەواتە ئەزموونە، یاندووبارە کردنەوەى ئەزموونەکانە، بە بێئەوەى ئەزموونگەرایى بێت و هەمیشەیش بە پرسە کۆمەڵایەتى و ژیانییەکانەوە پێوەندیدارە، لە ژیان خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت و بە هۆى ئەویشەوە مانا و وێنە جۆراوجۆرەکانى خۆى دەئافرێنێ و دەسەڵات پەیدا دەکات،"ڕۆحێکە فۆرمێک دادەڕێژێت"پتر لەوەى کە فێنۆمێنۆلۆژیاى ئاوەز بێت، فێنۆمێنۆلۆژیاى ڕۆحە ئەگەر بشێ ئەم دەستەواژەیەى گاستۆن باشلار وەربگرین، هەڵگرى درەوشانەوەیەکى ناوەکییە، ئەو درەوشانەوەیەى کە دیدێکى"ڤیژن" ناوەکییانە لێى بە ئاگایە و دەرى دەبڕێت. دیارە ئەزموون هەوڵێکى سەرومڕە بۆ سەپاندنى خود بەسەر بابەتدا، دەنگى دیار و بەرجەستەى ئیندیڤیدواڵە،پێوەندییە بە دەروونەوە، بە کۆمەڵگاوە، بە مێژووەوە، کەواتە بەم پێیە شتێکى خودییە، بەڵام یەکێکە لە ڕەهەندەکانى پێوەندی، یان پەیوەندى کردنە بە دەرەوەى خۆیەوە، یانى لەو ئەزموونە خودییە ڕادەپسکێت و دەچێتە چوارچێوەى ئەزموونێکى مرۆییەوە. بێگومان نوێبوونەوەى ئەزموون، نوێبوونەوەى شێوازى دەربڕین، نوێبوونەوەى هەڵوێستى شاعیر بەرانبەر بە ژیان، چێژى زیاتر و تواناى زیاتر و وزە و ترپەى شیعریى دەوڵەمەند تر بە بەرهەمەکانى دەبەخشن. نیما یۆشیج لە شوێنێکدا دەڵێت: نوێبوونەوەى ئێمە، پەیوەستە بە نوێبوونەوەى پێوەندییەکانمان لەگەلڕ ئەو شتانەى کە پنتە تاریکەکان لەبەرچاوماندا ڕۆشن دەکەنەوە. بەمئاوایە شاعیرى داهێنەر پەیوەندى نوێ لە نێوان شتەکان و مرۆڤ لە لایەک و لە نێوان شتەکان و مرۆڤ و جیهان لە لایەکى ترەوە بەرقەرار دەکات، چونکە هەمیشە مەبەستێتى خۆى لە نوێبوونەوەدا بەدیبکات و بە پێى پۆلڕ ڤالیریش شیعر بەر لە هەموو شتێک بانگێشتێکە بۆ بوونگۆڕین. بە گشتى شیعر بە تەنگەوە هاتن و پەرە پێدانە بە ژیان، جۆرە کێبەرکێیەکى ئەو سەرسووڕمانانەیە کە خودئاگامان دەورووژێنێ و لەوە دوورى دەخاتەوە کە بە خەواڵوویى بمێنێتەوە. بە گوێرەى تێفکرینى گاستۆن باشلاریش، ئەو جیهانەى کە تێیدا دەژین هەمان ئەو جیهانە نییە کە بیرى لێدەکەینەوە، لەبەر ئەوە ئاتاجمان بە هەڵاتنە لێى، زۆربەى جارەکان جێگا بۆ هەڵاتنەکانى شاعیر وێڵگەکانى نووسینە، لە ڕاستیشدا لەو دنیایە هەڵدێت کە"برتۆڵد برێخت"لەو باوەڕەدا بوو کە فرە دڕندە و وەحشەتناک و خەمۆکە، ئەو شوێنە نییە کە ئەو تێیدەهزرێت، بێبەزەییە، لە بۆتەیدا هەست بە ناکامڵێتى و گومگەشتەیى "Alienation" دەکات، دەنووسێت، نووسین ئەرکى ئەوە دەبینێت کە کۆمەک و هاریکارى بکات هەتا بەرگەى ئەو وەحشەتناکى و دڕندەیى و توندوتیژییە بگرێت، ئیتر دنیایەک بە وشە دەئافرێنێت کە تێیدا هەست بە کامڵێتى و هەبوون و بایەخى خۆى دەکات و هەستى غەوارەیى و ئەیلیەنەیشن تێیدا دەڕەوێتەوە،دنیایەک بەرەنجامى تێهزرینى خۆیەتى و پەی بەوە دەبات کە یۆتۆپیاکەى خۆى دۆزیووەتەوە و ئیدى هەرگیز پێویست بەوە ناکات لێى هەڵبێت.

بێگومان شیعر هەمیشە لە هەڕەتى خۆیدایە، هەمیشە لە گوڕ و تینە بەراییەکانى خۆیدایە، هەمیشە خاوەنى وزە و تین و گوژمە سەرەتاییەکانى خۆیەتى، لە لایەنى هەڵچوونەکانیشییەوە، دەستاوێژێکە بۆ مەعریفە پەیداکردن وکەشفکردن هەروەکو ڕۆجێ گاروودى جەختى لێدەکاتەوە، لەوانەیەشایەتحاڵى خەونێک بێت، یان خۆى خەونێکى خۆش و ناوازە بێت و چەند ساتەوەختێک وەرگرەکەى لە کۆژان و خەم و پەژارە ومەینەتییەکانى ڕۆتینێتى ژیان دوور بخاتەوە و لەو دۆزەخەیش دوورى بخاتەوە کە لە دەوراندەوریدا بەرجەستە کراوە، ڕێگاش نەدات خوێنەر شتە جیددییەکانى خۆى لە یاد بکات، پێویستیشە هەمیشە ئەرکى ئەوە بێت دڵى بە ئاگا بهێنێتەوە، شتە لەبیرکراوەکانى بهێنێتەوە بەر دیدى زەینى و زیندووێتى بکات بە خەسڵەتى و قووڵاییەکى تازە لە ناخیدا بە ڕووناکیى بگەیەنێت، بۆ ئەوەى شادییە ڕاستەقینەکانى ئەو چرکەساتانە ببینێتەوە کە تێیدا سەرقاڵى خوێندنەوەیە، چونکە بۆ ئەو دەق ئاوێنەیەکە تەفاسیلەکانى بوون"بوونى ئەو" ڕۆشندەکاتەوە، یان دەبێتە ئەو شوێنەى کە لە هەموو شوێنێک زیاتر بۆ خۆى دەگەڕێت تێیدا، ئینجا بۆ دنیایەک عەودالڕ دەبێت کە لە دەوروبەریدایە. ئەو دنیایەى مرۆڤ شەیدایەتى خودى ئەو مانایەیە کە پەیجۆرى گەڕان و دۆزینەوەى دەکات، نەک هەر تەنیا لە ژیاندا، بەڵکو لە سروشت و ئەدەب و خەیالڕ و خەونەکانیشدا..دەشێت بۆ ئەوە بەدواى مانادا بگەڕێت هەتا لەوەوە مانایەکى پڕ بە پێست بە بوونى خۆى سەرچاوە بگرێت، چونکە نزیکبوونەوە، یان دەستەبەر کردنى مانا وەکو ئەوە وایە لە بوون نزیک بێتەوە، یان بوونى خۆى دەستەبەر بکات.

 ئەم دەستپێکە ژوورچەیەکى کورتە تا بە هۆیەوە بتوانین ئاماژە بەوە بدەین بەشێک لە شاعیرانى هەشتاکان و نەوەدەکانیش هەوڵى ئەوەیان دا لە ڕێگاى ئەزموونگەراییەوە شێوازێک بدۆزنەوە لە کاریگەرییەکانى شیعرى ترادیسیۆنیى و شێوازى باڵادەستى پێش خۆیان بیان ڕەخسێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەى ئەم ئەزموونگەراییە دواجار بوو بە کەڵکەڵە و ئامانج ئیدى نیشانەى خۆى نەپێکا، بێگومان هەموو شتێکى هێنایەدى تەنیا شیعرى جیاواز نەبێ، دەنگى زۆربەیش نەبووە خودانى تایبەتمەندییەکى ناوازە و هەر لەناو جاڕوجەنجاڵیى دەنگە تەقلیدییەکاندا قەتیس مان و بەدواى خۆیاندا سەدایان بەجێ نەهێشت. یەکێک لەو ناوانەى کە تابەحالڕ دوور و نزیک لەو تەقەللا و کۆششە سەرومڕە و ئەزموونێکى سەرنجڕاکێشى نێوەندە شیعرییەکەیە و هەڵوەستەى خوێندنەوە بۆ خۆى دەستەبەر دەکات، ئەزموونى (سەباح ڕەنجدەر: 18/11/1965_ هەولێر)ە، چونکە لەسەر ڕەوتێکى تایبەت بە خۆى دەڕوات و دەنگێکى زالڕ لە ئەزموونە شیعرییەکەی ڕسکاوە و توانیوێتى پشت لەو ئەزموونگەراییە بکات، کە سەرقاڵییەکى زۆرى ناوەتەوە و بەردەوام -یشە. دیارە بۆ ئەو ئەزموونگەرایى نەبووە بە ئامانج، بەڵکو بووە بە دەستاوێژ بۆ خۆدۆزینەوە، بۆ هەڵگرتنى دەنگ و ئەزموونى تایبەتمەندى خۆى. ئەم شاعیرە هەر لە قۆناغە بەراییەکانى ئەزموونەکەیەوە دوالیزمێک بە فەزاى شیعرەکانییەوە بەرچاو دەکەون، یان دوو ئاقاریی و دووڕووبەرییەک دەخەنە ڕوو، یەکێکیان تابڵێى ڕوون و خۆ بەدەستەوە داو و ئەوەى دیشیان تابڵێى لێلڕ، سەخت و خۆبەدەستەوە نەداوە، کە ئەمیش لەوەوە سەرچاوەى گرتووە کە بە مەعریفەیەکى کەمى تیۆرییانەى زمانەوانییەوە هەوڵى داوە خۆى لەو واژەنامە سنووربەند و دیارى کراوەى نێوەندەکە بدزێتەوە و هەوڵى بەزاندنى سنوورى زمانیشى داوە، بێگومان هەمیشەیش هەوڵەکانى ئامانجىخۆیان نەپێکاوە و تەمومژ یەخەیان پێگرتووە، جگە لەوە فەرهەنگێکى بێسنوور و پۆلێننەکراوى کردووە بە دەستاوێژ و کەرەستەى مامەڵە کردن بۆ نووسینى شیعر و بەردەوامیدان بە ئەزموونەکەى کە تاڕادەیەک کۆمەکى ئەوەى کردووە ڕەنگێکى تر بە پالێتە شیعرییە لۆکاڵییەکان ببەخشێت و ئاسۆیەکى دى بەو هاماجە بدات کە ئەزموونە جیاوازەکانى تێدایە. ئەزموونى ئەو شتێکى خوازراو نییە، بەڵکو داهێنانى ژیانەکەیەتى، تێکەلڕ نابێت بە ئەزموونى هاوسەردەمەکانى، چونکە خاوەنى سنوورەکانى خۆیەتى و لە نێوانى تایبەتمەندییەکانى خۆى و دەرەوەى خۆیدا جێگیرى کردوون. دنیاکەى ئەو تایبەتە و جیاوازییەکەیشى بەرجەستەیە، تەنانەت ئەو بابەتانەیش کە سەودایان لەگەڵدا دەکات لە جوغزى بابەتە باو و سووننەتییەکاندا جێگا بۆ خۆیان دەستەبەر ناکەن، ئەگەرچی سەربارى هەوڵە بێلێبڕەکانى هێشتایش تەواو خۆى لە بونیادى کلاسیکییانە و ڕۆمانسییانەى زوبان ڕانەپسکاندووە، بەڵام تاڕادەیەک توانیوێتى خۆى لە دنیابینییە سوواوەکان دابڕێت و بە شێوەیەکى گشتگیرانەتر بە ژیان و مرۆڤ و بوونەوە پەیوەست بێت.بێگومان ئەو بە دید و تێڕوانینى کەسى دى شتەکان نابینێت، بەڵکو بە دیدى ڕۆشن و وردبینانەى خۆى پەیان پێدەبات و کەشفى دیکەیان بۆ دەکات و لە زەمینەیەکى کۆمەڵایەتییەوە چاودێرى شتەکان دەکات و لەناو تێکستەکانیدا بەرجەستەیان دەکات، سەفەر لە تانوپۆى وشەکاندا دەکات، وشەکان جوگرافیاى تایبەتمەندى دنیایەکن،لە ماناى فەرهەنگیى خۆیان داماڵراون،نائاسایین، بەڵام شیعر پیتێنەرە، بە ماناى نادژەباو دەیانپیتێنێت و بەمەدلوولى دیکە دەیەوێ فرچکیان ببڕێت، بۆیە ئەو مانا شیعرییە تازانە واى لێدەکەن بە تاسەو مەراقەوە سەفەرەکانى ئەنجام بدات و هەر گەشتێکیشى لە گەشتەکەى پێشووى جیاواز بێت و تامو بۆیەکى ترى هەبێت. لێرەوە دەتوانین بڵێین نووسین سەفەرێکى هەمیشەیى ئەوە، وێستگاگەلێکى زۆر و زەبەندى تێدایە، بەڵام لەبەر ئەوەى خود لە بوونگۆڕکێیەکى بێچەند و چووندایە بۆیە بەردەوام پێویستە لەسەرى وێستگاکان بەجێبهێڵێت و دووبارە تاسەى بینینى خود بە شێوە جیاوازەکەى کەڵکەڵەى گەمارۆ بدەن. کەواتە کۆچکردن بۆ دۆزینەوە و ئاشنابوون بە خود و شتەکان خودى نووسین خۆیەتى، هەر بۆیە لە ژیانى ئەودا نووسین ئەو نیشتیمانەیە کە ناسنامەى دەداتێ، مادامەکى ئەو بەردەوامە لەوەى مامەڵە بە وشەوە بکات، ئینتیماى هەیە و خاوەنى نیشتیمانە، چونکە نووسین بۆ ئەو هاوتا و هاوماناى هەموو شتێکە. بەم پێیە هەموو نووسینێک بۆ ئەو شوێنێکى تازەیە، کە دەقێک دەنووسێت دەگاتە شوێنێکى تر یان وێستگەیەکى تر، بەڵام بێهەدادان بەجێیدەهێڵێت، چونکە قوولڕ لەناخى خۆیدا دەزانێت ئەوێ ئەو جێگایە نییە کە ئەو نیازێتى و ئیدى گیرۆدەى شوێنێکى تر دەبێت کە لە خەیاڵگەیدا هێڵ و ڕایەڵەکانى شەقلڕ دەگرن، ئامانجیش هەر یەک شتە دەبێ هەوڵەکانى سەرلەنوێ بخاتەوەگەڕ هەتا پێیبگات، بێ شک بۆ ئەوەى دووبارە بەجێیبهێڵێتەوە، دووبارە بەدواى شوێنێکى تردا بگەڕێتەوە، وەکو بڵێیت پێشوەخت بزانێت گەیشتن بە جێمەبەست کوشتنى خودى مەبەستە، بۆیە ڕاوەستان و ستاتیک بوون لەسەر ڕووبەرى یەک دەق و گەیشتن و جێگیر بوون لە وێستگایەک ڕەتدەکاتەوە، بەڵام ئایا تێیدەپەڕێنێ؟ بێگومان هەموو هەوڵێکى بۆ تێگەیشتن و درکێکى زیاتر و باشترە لە خود و مرۆڤ و دەوروبەر، کە دواجار دەبێتە هۆى ئەوەى کە خودى خۆى بەرهەڵدا بکات، یان ئەو خودئاگایى و ویژدانە بەرهەڵدا بکات کە لە تووناوتوونەکانى ناخیدا ئەوق و مەڵاسە، کە ئەمەیش کۆمەکى خوێنەر دەکات پتر لە خودى خۆی حاڵى بێت و بە ناواخنێکى دینامیکىزیندوو بێت، تیشکێک لەناخیدا هەبێت هەتا ژینگەکەى خۆی پێ بەدیبکات، ژینگە وەکو خۆى کە هەیە، هەقیقەتەکەى ئەگەرچیش تالڕ و ئازاربەخشە، ئەگەرچیش بێزارکەر و بێزەوەر و قێزەوونە، نەوەک ئەو دەمامکانەى تێهەڵبکێشێت بۆ ئەوەى هەست بەوە بکات کە شتێک لە ژیانی ونە و لە سایەیدا هەست بە ونیى و ناتەواوییەکەى بکات. لە سۆنگەى ئەمانە و گەلێک شتى دیش کە باس لە دیمەنى شیعرییمان دەکرێت، ڕەوا نییە و نایشکرێ سەباح ڕەنجدەر جەمسەرێکى ئەم دیمەنە پێک نەهێنێت، چونکە ئەو لە گۆشە و ئەزموونێکى جیاوازەوە هاتووەتە ناو دیمەنەکەوە و پشتگوێ خستنیشى سڕینەوەى یەکێکە لە ڕەنگەکانى کۆلکەزێڕینە و کارى کردە نییە و دیمەنى شیعرییش هەرگیز کاملڕ نابێت ئەگەر دەنگەکان و ئەزموونەکان کۆپى و هاوچەشنى یەکدى بن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا ئامادەیى نەبێت، لە کاتێکدا جیاوازبوون شەرتبەندیى سەرەکییە و تا ئەوپەڕى لە دامەزراندنى دیمەنێکى شیعریى کاملڕ و تەندروستدا بایەخدارە.

 

*وێستگەیەکى ترى ئەزموون

لەدوا کۆشیعریدا کە"سروودى زەوى، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى بەدرخان، چاپخانەى هێڤى، هەولێر 2012 "یە سەباح ڕەنجدەر جارێکى تر ئەو کۆنسێپتە تۆخدەکاتەوە و ژاوەژاو و هەراوهوریا بێکۆتاییەکانى ئەم جیهانە بێسەروبەروجەنجاڵە ڕووبەڕووى ئاستەنگى جیاوازبوون دەبێتەوە، جیاواز بوون لەسەر ڕێگاکەیدا ئاستەنگێکى تابڵێى زەبەللاحە، چونکە بەرزبوونەوەیەکى ناچیزى هۆشیاریی خودیى بەرگرییەکى توندى دژى شیعر هێناوەتە ئارا، مەیلێکى ئەوتۆیش لەناوەندەکەدا پەیدا بووە کە دەیەوێت هەموو شتێک ڕوو لە لۆژیکگەرایى بکات و هیچ حیسابێکیش بۆ ئەوە ناکرێت کە شیعر لۆژیکى تایبەتى خۆى هەیە و خۆڕسکێتى و عەفەوییەتى خەون بەسەریدا زاڵە و ناتوانێت بە لۆژیکێکى جیا لەوە بارگاوى بکرێت و لە هەمانکاتیشدا ناسنامەى خۆى بپارێزێت و نەبێت بە شتێکى دى. دیارە کە ئەم کۆشیعرە دەخوێنینەوە بەر لە هەر شتێک پەى بەوە دەبەین کە ئەو لە پڕۆژە شیعرییەکەى خۆى بەولاوە ئەفیلییەتى"ئینتیما"بۆ هیچى تر نییە، کاتێکیش بمانەوێ باس لەم وێستگە، یان ئەزموونە بکەین، ئیدى پێ دەنێینە ئاقارەکانى ئەزموونێکى تاکمەندانەى دانسقەى پڕاوپڕ لە خەونى گچکە گچکەى مرۆڤە ڕاستەقینە تاڕادەیەک نادیارەکان، کە چەشنى پڕۆژەیەکى خولیادار لە تۆپۆگرافیاى شیعریى نەدۆزراوە دەگەڕێت و دەبێ ئێمەیش کەشفى ئەوە بکەین بۆ ئەوەى بزانین لە کوێدا دێنەدى. لەم کتێبەدا تێکستە شیعرییەکانى هەوڵى ئەوە دەدەن بەرەو مەودا دوورەکان بمانبەن، بۆ شوێنێک دەمانبەن کە لە ئەزموونە تایبەتمەند و کەسییانەکەى شاعیرەوە بەرجەستە دەبێت، یادەوەرى خۆى و دینامیکییەتى ئێستاى ئەو واقیعەى کە گەمارۆى دەدات ئیحاى شیعرەکانە و خودى خەیاڵێکى سوریالییانەیش کە مەحاڵە لە دەق بکرێتە دەرەوە، چونکە بە ڕامکەرى یادەوەرى و کۆى شتەکانى تر دادەنرێت و بە ڕۆحى سەرجەم شتەکانى جیهانیش جەستەى تێکست لێوانلێو دەکات و ژیانیان پێدەبەخشێت، ژیانێک کە ئامانجى تەنیا نامۆکردن و سەرسامکردنە.

بێگومان ئەوەى بەدیقەتەوە لە ئەزموونى ئەم شاعیرە ڕابمێنێت ئاسانە وێستگا سەرەکییەکانى جیاکار بکاتەوە، ئەگەر چى (زێوان - 1988) دایکى ئەزموونەکانێتى و تا ئێستایش لەوەوە دەقەکانى دانگەڕێزە دەکەن و ئەوە سێبەرى ئەوە، کە درێژە بە نووسینى دەدات و ڕەنگى خۆى بە سەرپاکى وێستگەکانى تر دەدات و ئەم ئەتمۆسفیرەیش دووبارە دەبێتەوە، کۆتوبەندى ئەو سەروبەندەى ژیانى هەڵدەگرێت و لەژێر کاریگەرییەکەیدا پڕۆسەى نووسین بە ئەنجام دەگات و کاردەکاتە سەر شێوازى نووسین و زمان و بابەتەکانى، بەڵام پاش ئەم دەستپێکە بەرجەستەیە پەنادەباتە بەر ئەزموونێکى دیکە، ئەویش ئیشکردنە لە زمان، زمان وەکو جەستەیەکى خاڵى، بۆیە شەکڵییەتێک بەرهەم دەهێنێت و هەر دەشبێت وەکو شەکڵێک مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت و پەیجۆرى هیچى لێنەکرێت، بێجگە لە نامۆکردن و سەرسامکردنى خوێنەر بەو شەکڵەى دووبارە دەبێتەوە و دەلالەتى ئەوەیە کە سەباح لەناو قەیرانى بێ ناوەڕۆکی و بێ بابەتی دا نوقم بووە و شیعر لەلایدا بەدواى زماندا دەگەڕێت و خۆى لەودا دەبینێتەوە.جاروباریش ئەم ئەزموونگەراییە زمانییە یەخەگیرە و بنبەستیى بە بەرهەمەکانى دەدات، چونکە زمان لەگەلڕ بوونە ئاساییەکەى خۆیدا مەودا وەرناگرێت و ڕەنگە خۆى تەنیا لەوەدا ببینێتەوە کە جێگۆڕکێ بە کۆنتێکستى دەستەواژە و دێڕە شیعرییەکان بکات و ئامانجیش هەر وەکو پێشتر ئاماژەم پێدا نامۆ کردن و سەرسامکردنە و هیچى تر. بێگومان ئەم مامەڵە کردنەى ئەو لەگەلڕ زمان، ئەودیو، یان ناوەوەى زمان بەرهەم ناهێنێت،تەنیا تەعبیر لە خودى خۆى دەکات و بەس، واتە هەر تەنیا نمایندەى خۆیەتى و هیچى پێ نییە..ئەمەیش لە سۆنگەى ئەوەوە ڕەنگە سەرچاوە بگرێت کە هەوڵى خوڵقاندن و دامەزراندنى ڕەمزەکانى خۆى نادات و هەست دەکرێت ئاوێتە کردنێک لە میان ڕەمز و تەمومژدا بوونى هەیە و جێگۆڕکێ دەکەن. سەرەنجام جیاکردنەوەى ڕەمز و تەمومژیش مەحالڕ نییە، چونکە لە کۆنتێکستى دەقدا هەردوو بە شێنەیى بەدیار دەکەون و کە ئەوەى دووەمیان کاریگەرییەکى نەگەتیڤ بەسەر هەموو ئەزموونێکدا بەجێدەهێڵێت و خوێنەر تواناى ئەوەى نابێت تەماس و پێوەندییەکى دیالەکتیکییانە لەگەلڕ ناوەوەى زماندا ببەستێ، سەربارى ئەوە بە دەرەوەى زمانیش نامۆ دەبێت، یانى ئەزموونێکى لە ماناى ناوەکیى بێبەریى و لە ماناى دەرەکیى، یان شەکڵیش بێبەریی، ئەمەیش لە بۆچوونیدا نموودێک بۆ ئەو ئەزموونە گەڵاڵە ناکات. ئەمە تا ئەزموونى (سەدویەکشەوە) درێژەى هەیە و لەوێدا تێپەڕاندنێک بۆ ئەم بار و ڕەوشەى نووسین بەرجەستەیە و پاش ئەوە گەڕانەوەیەکى تر هەیە بۆ خاڵى سەرەتا. بێگومان(نیما یۆشیج) وتەنى: هەموو بەرهەمێکى هونەرى بە هۆى بەرهەمە پێشینەکانەوە پاراو کراوە. ئەم ئەزموونە ئاڵۆزەیش بێشک کاریگەری ئەزموونى تر بە شێوەیەکى جیا تێیدا ڕەنگى داوەتەوە و ڕەگوڕیشەى دەچێتەوە سەر شیعرى کلاسیکى کوردى و (گۆران) و (فۆلکلۆرى کوردى) و (کەلەپوورى گۆرانى) و (ئەفسانە) و دواجار دەچێتە سەر (شیعرى جیهانى)، لە لایەکەوە نەفەسى نەفرەتئامێزى بۆدلێر و زمانى پەردەپۆشکراوى سان ژۆن پێرس و لە لایەکى ترەوە ئیلیەتى ئیماژگەرا و هەندێک ڕەگەزیان لێ وەردەگرێت، وەکو ڕەگەزى زەقکردنەوەى نەست و بازدان، یان گواستنەوە و قاوغ کردنە بەر زوبان و وەرگرتنى مەودایەک لەگەلڕ زمانى باو و هەوڵدان بۆ خوڵقاندنى هاوتاییەکى بابەتییانە و دواجاریش تەکنیکى گێڕانەوە، ئەمانەیش لەو مامەڵەیەدا بەرجەستە دەبێت کە ئەو لەگەلڕ زمان و بەکارهێنانەکانیدا دەیکات ، لەگەلڕ تەکنیک و بەکارهێنانى وێنە و بیرۆکە و کۆنتێکستەکانى نووسیندا دەیکات و بەشێوەیەکى دیکە کاریگەرییەکە لەو چڕوپڕییەدا دەردەکەوێت کە دەقەکانى دەستەبەر دەکەن و بە چەند قۆناغێک و چەند تێکەڵکێش کردن وگرێدانێکى پاش و پێش کە لێکدانێکى لۆژیکى پێکەوە دەنێن و ڕۆشناییەک بە دەستەوە دەدەن، کە ڕۆشنایى مانایە، یان گەمەى پاش و پێش خستنى وشەکان و دێڕەکان کە زۆرجار ڕمۆک و سەیر دێنە بەرچاو و ئەرکى خوێنەرە کە دایبڕێژێتەوە و سەرەدەرەى تیمەى شیعرەکان بکات و مانا هەڵێنجێ و چێژ و لەزەت دەستەبەر بکات. دیارە دنیاى واقیع هەمیشە لە دنیاى شیعر بچووکترە بۆیە هەمیشە تێبینیى ئەوە دەکەین کە شیعر بوونەوەرێکە سەرلەبەرى دنیا بچووکەکان لە هەناویدا جێدەدات و وێنەى جیهانێکى بێ مانا ناکێشێت، بەڵکو کەشفى بێمانایى دەکات و ڕاوى ماناى نادیار دەکات، بێگومان لە پێناوى گەیشتن بە خود ئەویش لە ڕێگاى خەیاڵەوە، بە نێو خوددا ڕۆدەچێت، پەى بە نادیار و شاراوەکانى دەبات، لەو ڕێگایانەیشەوە تەقەللا دەدات ڕۆح بخاتە بەر تیشکى ئەو جیهانە درەوشاوەیەى کە بیرى لێدەکەینەوە، چونکە ئەو لەبارەى ڕۆحەوە نانووسێت، بەڵکو لەبارەى ئەو گڕوکڵپە و بڵێسەیەوە دەنووسێت کە لەناو ڕۆحدا پەنامەکە، هەروەکو کازانتزاکیس دەڵێت: خودى ئەو گڕوکڵپەیە داینەمۆى نووسینە، داینەمۆى ژیانە، داینەمۆى هەموو هەولڕ و کۆششەکانى مرۆڤە. بێگومان"سروودى زەوى"دەمانکات بە خودانى چرکەساتێکى دانسقەى ئەزموونێکى مرۆیى و ئەو نهێنییانەى کە لەناو ترپە عاشقانەکانى دڵێکدا خۆیانمان ڕادەست دەکەن. لە فەزاى شیعرەکاندا پەى بە بوونى ئاسۆیەکى جیاواز دەبرێت، چ لە ڕووى وێنە و چ لە ڕووى فەزاى شیعرییەوە چ لە ڕووى ئامراز وتاکپەیڤەکانەوە کە تادێت مەوداى بەرفراوانتر دەگرنەخۆ، چ لە ڕووى مامەڵە کردن لەگەلڕ بابەت، یانفۆرم، یان ڕیتم، چ لە ڕووى دنیابینییەوە، کە گۆشەنیگا جیاوازەکانى بەرهەم هێناوە. لە ڕاستیدا ئەوەى دەکرێت لە دەقەکانى شاعیرێکدا دیارى بکرێت بە شێوەیەکى گشتیى لە دوو جەمسەر، یان تەوەردا خۆى سێنتەریزە دەکات، هەروەکو میشێل ئۆتان لە"سیمیۆلۆژیاى خوێندنەوە"دا بۆى چووە و دەستنیشانى کردووە، ئەوانیش:

*شوێنەکانى یەقین.

*شوێنەکانى گومان.

*شوێنەکانى یەقین و شوێنەکانى گومان

بێگومان لە جەستەى دەقدا هەمیشە شوێنەکانى یەقین ئەو شوێنانەن کە زۆرترین ڕوونى و ئاشکرایى و زۆرترین دەرکەوتن بە خۆوە دەبینن و دەکرێ یاریدەدەربن بۆ چوونە ناو فەزاى دەقەوە. بەڵام شوێنەکانى گومان پنتە تاریکەکانە، تەمومژەکانە، سیمبوڵە نادیارەکانە، ئەفسانە لێکنەدراوەکانە، ئاڵۆزییەکانە، لوغزە هەڵنەهێنراوەکانە و ئەو جێگایانەشە کە ناتوانین لەناو تێکستدا پێکیانەوە ببەستین و پێوەندییان لە نێواندا دروست بکەین، ئیدى ئەمەندە ئەستەم و داخراو دەردەکەوێت وا لە خوێنەر دەکات ناچارى ئەوە بێت کە پێشنیارى هەندێ گریمانە بکات بۆ لێکدانەوەى ناواخنى جۆراوجۆرى دەقەکە و هەندێ جارى دیش دەرخستنى چەند تەئویل و ڕاڤەیەکى جیاواز بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکى گونجاو و بەجێ. با بە زاراوەکەى"یاوس"، واتە"ئاسۆى چاوەڕوانى" لێکیبدەینەوە،دەکرێ بوترێ لە هەندێ شوێندا"ئاسۆى چاوەڕوانى" خوێنەر و دەق کارلێک دەکەن و یەکدەگرنەوە، یانى تێگەیشتن و هاوگونجان دروست دەبن، (شوێنەکانى یەقین)..لە هەندێ شوێنى دیشدا"ئاسۆى چاوەڕوانى"خوێنەر و دەق کارلێک ناکەن و پێکەوە ناگونجێن، ئیدى لە دەرەنجامدا تێنەگەیشتن و نامۆبوون و نەگونجان بەرانبەر بە تێکستەکە دێتە کایەوە، ئەمیش واتە (شوێنەکانى گومان).لێرەیشدا هەولڕ دەدەین لە هەندێ جێگادا تاڕادەیەک پەیڕەوى لە"شوێنەکانى یەقین"بکەین و تەنیا دیارییان بکەین بە بێئەوەى خۆمان لە ڕاڤەکردنەوە و چوارچێوەڕێژ کردنى دەقەکان بدەین. لە زۆرینەى شیعرە بەرهەم هاتووەکانى ئەم سەروبەندەدا زمان و بنیادەکەى بوونەتە خودى دەق، زۆر شاعیریش بە بەردەوامیدان بە نووسین ئامادەیییەکى چوست و چالاکیان لەناو دیمەنە شیعرییەکەدا هەیە، بەڵام سەرەنجام هەموو شیعرێکى تازەیان هەر تەنیا شیعرێکى ترە و ژمارەیەکى تر لە کەلەپوورى شیعریان دەچێتە سەرەوە نەک جۆرێکى جیاواز و نوێى گوزارشتکەر بێت لە ئەزموونەکانى شاعیر خۆى، بەڵکو پەى بەوە دەبرێت کە دووپاتکردنەوە و کۆپیکردنى ئەزموونى یەکدییە، یان ئەزموونى شاعیرێکى جیهانییە و جوینەوەى ئەو شتانەیە کە دیتران خواردوویانە. دیارە بەشێکى زۆر و بەرچاوى شیعرى هەنووکە خۆى لە قووڵاییەکان بەتاڵدەکاتەوە، لەبەر ئەوەى لە قووڵاییەوە سەرچاوە ناگرێت،تەنیا و تەنیا ڕووکارێکى دەرەکییانە پێشکێش دەکات، بۆیە ئاکام هزرێکى شیعرییانە و شیعرییەتێکى جیاواز دانامەزرێنێت، ئەمەش لە هەقیقەتدا قەیرانى شیعرى ئێستایە، سەرنج دەدەین زمان هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک بە خۆیەوە نابینێت و هەموو دەقەکانى تاقە شاعیرێک سەروبن بکەین زمان هەر خۆیەتى و هەمان ڕۆڵى خاو و سادەى خۆى دووبارە دەکاتەوە و هەستى ئەوەمان پێنابەخشێت کەوا شتێکى نوێى پێیە و ڕۆڵێکى تازە دەبینێت و بە ڕووى مانادا کراوەیە و دنیایەکى جوداواز دادەمەزرێنێت. بەڵگەنەویستیشە کە خاوەنى دەقێکى زۆر و زەبەندین، بەڵام دنیابینیى و ئەزموونى تایبەتمەند و ئەتمۆسفیرى کەسیى لەو دەقانەدا ئامادەییەکى زۆر کەمیان هەیە، دیارە کە شیعریش، ئەگەر لەمانەوە نەڕسکێت ئەوا بۆشاییەکى بێتانوپۆ بەرهەم دەهێنێ و بە هیچەوە پەیوەستمان ناکات. بە کورتی لەبەر ئەوەى لە هیچێکەوە سەرچاوەى نەگرتووە و هیچ پێوەندییەکى بە ئەزموونى کەسییەوە نییە، ناتوانێت هاوشێوەى خەونێک خوێنەر دزە پێبکاتە ناو بۆتەى خۆیەوە، ئیدى کردەى شیعریى کردەى سەرەکییە لە دەقى شیعرییدا و هیچ شتێکى دى پاساوى بوون و نووسینى ناداتەوە، بەڵام چۆن چۆنى شیعر بە بێ ئەزموونێکى خودیى خۆى دێنێتە دى و زیندوویش دەبێت؟

 

*دیارترین شوێنەوارەکانى ئەزموون

بێگومان دەتوانین بڵێین دیارترین شوێنەوارەکانى ئەزموونى سەباح، خۆى لە دیمەنە شیعرییەکەیدا بەرچاو دەخات،کە خۆى لە خەون وخەیالڕ و گۆرانى و دۆست و دوژمن و دەوروبەر و باڵندە و سروشت و منداڵەکانى خۆى و ڕەمز و ئامرازە ئایینییەکان و منداڵیى دا دەبینێتەوە و لە میانەى وێنەوە دەجووڵێتەوە و سەرەنجام بۆ ئەوەى لە پڕۆسێسى خوێندنەوەدا، کە گەڕانێکى پڕ چێژ و سوودمەندە بۆ مانا خۆى بگۆڕێ و ببێتە بیرۆکەیەکى بەرجەستە پێویستە ئاوەز بۆ وێنەیەکى زەینیى وەریبگێڕێت، چونکە:

لە ئاوێنەى نووسیندا دەستێک دەبینین

جێگۆڕکێ بە دەنگ و بێدەنگى دەکات                        سروودى زەوى: ل6

لەم ئەزموونەدا، ئەگەرچیش لە خۆى و ئەوانى پێشووترى فرە دوور نەکەوتووەتەوە، کەچى سەربار بە ئاسۆیەکى تازەى دنیاکەى خۆى دەمانناسێنێت، لە شەقامى دژوار و ناسکى شیعر هەنگاو دەنێت و دەیەوێت بەرەو پێشەوە تەکان بدات و هەر لەو ڕێگایەشدا زیندەگى خۆى بەدى بهێنێت، هەناسە گەرمەکانى، تاسە و حەسرەتە بێدواییەکانى ئامادەییان لە فەزاى تێکستەکاندا هەیە و خاوەنى زیندەگییەکى لێوانلێوە لە هەستیارییە مەعنەوییەکان و جیایە لەو ژیانەى کەخەڵکى ئاسایى دەیگوزەرێنن. لە کوێ ئەو هەستیارى ویادەوەرى و وردەکارى و تەفاسیلانەیش کە لە ئاوەزیدا گەنجینە کراون دەقەکانى شەقلڕ دەگرن و دێنە ئاراوە:

پووشى قەراغى ڕێگا خەواڵوون

ئەسپ بە ماتى بە تەکیاندا دەڕوات

...................

...................

تەمەنى جوانوویى لەناو دڕکى دەم تیژ و نزیک گورگ گوزەراندووە

سەر ڕادەوەشێنێ و چاو هەڵدەبڕێ                           سروودى زەوى: ل9

ئەرێ خۆر بە پۆستالڕ یان بە پێڵاوى ئاوریشم بۆ لامان دێت

سروودى زەوى: ل5

*وێنە شیعرییەکانى ئەم ئەزموونە

لە ئەزموونى ئەم شاعیرەدا لە شیعرێکدا چەندین جار سەرنج دەدرێت کە گواستنەوە لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکى تر زۆرجار ڕوو دەدات، هەندێک جار پەیوەندى لاوازوکزى ئەم وێنانە پێکەوە و دەرچوونیان لە کۆنتێکستى ئەسڵیى دەق، هەناسەسوارى نەک هەر بە دەقەکە، بەڵکو بە خوێنەریش دەبەخشن، چونکە ئالوودەبوون و پابەندبوونى فیکرى خوێنەر کتوپڕ شەقار دەکەن و دواى چەند وێنەیەکى هەندێکجار دژ بەیەک دێنەوە سەر بابەتە ئەسڵییەکە و ئەمەیش بۆ ئەزموونى دەقێکى جیاواز زیانمەندە. ماکلیش لە کتێبى"شیعر و ئەزموون"دا دەڵێت: لە هونەرى شیعردا ئەوەى کە مانا بەدى دەهێنێت پێوەندییەکى تایبەتییە لە نێوان وێنەکاندا، یان وەکو ئەو ناوى دەنێت هاوسەرگیریی وێنەکانە، سەرەنجام ئەوەى دەردەکەوێت لە کۆى گشتیى شیعرەکە، یان یەکێتیى بابەتیى وێنەکان یەک ماناى هاوبەشە کە لە ئەنجامى یەکگرتنى چەند مانایەک پێوەندییان پێکەوە پەیدا کردووە، پەیوەندى ئەو شتانەى کە هیچ پێوەندییەکیان پێکەوە نییە، ئەوەیە کتومت مانا لە شیعردا، ماناى جەوهەرییانەى هونەریش کتومت ئەو پێوەندییەیە، چونکە دەبێ پەى بە دەقێکى دیکە بەریت، دەرک بەوە بکەیت کە هەوڵەکانى شاعیر بۆ بەرکەمالڕ دانە بەو دەقە پەنهانە، مەبەست ئەو دەقەیە کە بەلەسەیە و دەبێ لەکاتى خوێندنەوەدا بگیرێت و واژە لە مانا پانوپۆڕتر نەبێت و هەر وشەیەکى جەخت لێکراو وشەیەکى دى دابنێت تا ئەو دەقە پەنهانەى بۆ دروست بێت. لەم وێستگەیەدا، (سەباح ڕەنجدەر) ڕەسەنێتى بە ئەفسانە تایبەتییەکەى خۆى دەدات، کە بە درێژایى ئەزموونى نووسینى خۆى هەوڵى داوە بنیادى بنێت. لەڕاستیدا ئەمە هەوڵێکى گەورەترە بۆ چەسپاندنى سیمبوڵەکانى، ئەو سیمبوڵانەى کە بە هۆیانەوە پێوەندییەکى تۆکمە و پتەوتر بە ئێستا و سەروبەندەکەیەوە دەکات، ماڵى شیعر ودنیابینییەکەى خۆیشى دەوڵەمەندتر دەبێت.دنیابینیى شیعرییش، هەر وەکو دکتۆر عەلى جەعفەر ئەلعەللاق دەڵێت: هاوکووفى خەونە، هاوکووفى دیدى سۆفیانەیە، ئاوێتە بوونە لەگەلڕ بوونەوەردا، یەکانگیر بوونە بە شتەکانى یونیڤێرسەوە. ئیدى ئەو لە هەوڵەکانیدا بۆ هێنانەدى شیعرییەتێک دەگەڕێت کە ئەوەى پێشووترى تێپەڕێنێ و بیگەیەنێت بە ئاسۆگەلێکى تازە و مەوداگەلێکى بەرفراوانتر، چونکە بۆ ئەو ئێستا ئەو شیعرییەتەى قۆناغەکانى پێشوو بووەتە شتێکى نادژەباو و ترادیسیۆنیى و ئەگەر تێى نەپەڕاندبێت واتا بەر لە هەموو شتێکى ئاسۆى شیعریى خۆى بە سنووربەندیى بەخشیووە و مەوداکانى کورت و ڕەهەندەکانى کەم کردووەتەوە:

جوانى لە بارێکى شڵەژاودا خۆى پیشاندام

دەموچاوى سروشت بە ئاسانى ئەشکەنجە دەدرێسروودى زەوى: ل32

 

*ئیگۆى هەڵئاوساوى دووپاتبووەوە

پێموایە (سەباح ڕەنجدەر) لە تانوپۆى دەقەکانیدا خودى خۆى بەرجەستەتر، تۆختر، هەڵئاوساوتر بەدیار دەخات لەوەى کە هەیە، ئەو خودەى کە لەودیو فۆرمەکاندا کاڵدەبێتەوە، زۆرجار لە کات و شوێن ڕادەپسکێت، یانى کات و شوێن لەناو دەقەکاندا ئامادەییەکى پەیگیریان نابێت، ئیدى ناسنامەى ئەو خودە لەو بارودۆخەدا بەرجەستە دەبێت کە تێیدا شەقلڕ دەگرێت هەروەکو کیتسى شاعیر بۆى چووە. وێشدەچێت وێنە شیعرییەکانى، لایەنى کەم بەشێکیان سەلیقەى خەون، نەوەک هۆشێکى فرەئاست و فرەڕەهەند دایان بتاشێت. بێگومان بۆ وێنە سادە و ساکارەکان هیچ پڕۆژەیەک لە ئارادا نییە، گاستۆن باشلار وتەنى هەر تەنیا باڵەفڕەیەکى ڕۆح پێویستە و هیچى دى، ئەو پێوەندییانەیش کە لە نێوانى وێنەکاندا دەڕسکێن پێویستە لە سەرێکەوە خەون و خەیالڕ، لە سەرێکى تریشەوە هۆشێکى هەتا بڵێیت درەوشاوە بیانچنێت. پێویستیشە وێنە هەستەکى و وێنە هزرەکیى و وێنە سادە و وێنە هاوجومگەییەکان لە کۆمەڵێک شوێندا پێک بگەن، بچنە ناو پێوەندییەوە، یانى لۆژیکێکى شیعریى تێکیان بئاڵێنێ و جەستەى دەقە شیعرییەکە ئامادە بکات، وێنەیەک وێنەیەکى دیکەى لێ بێتە بەرهەم هەتا هەست بەوە بکرێت، کە شیعرەکە بۆشایى نەیهێناوەتە بەرهەم، بەڵکو ئەزموون نووسیووێتییەوە ئەگینا ئەو پێوەندییە بوونى نابێت و بەشە کان گشتێک پێکناهێنن، جا ئەوسا سەرلەبەرى وێنەکان لە هاماجێکى ناشیعرییانەى خاڵیدا دەخولێنەوە و نە جوانییەک، نە مانا و پەیامێکیش بەدەستەوە دەدەن:

لە خەو هەڵدەستم بلووزى تۆڕ لەبەر دەکەم

تا گوێ لە کوڵانى هێلکە و چاى ناو کورەى دیوار بگرم

دوو چاوى گەرم کە شکۆى دایە حەواى تێدا پارێزراوە

نان و ئاوم لە پێش دادەنێ                                        سروودى زەوى: ل34

لەڕاستیدا، ناوەرۆکى چامە هەرتەنیا هەڵچوونێکى بێسەروبەر بەشدارى لەپێکهێنانى ناکات،بەڵکوئەو هەڵچوونەى کە ڕۆڵى تێدا دەگێڕێت هەڵچوونێکى سیستەماتیکى کۆنتڕۆڵکراوە، هەڵوێستێکى هەڵچوونئامێزى سیستەماتیکە بەرانبەر بە بەشێک لە واقیعى دەرەکیى. لە هەندێ شوێندا زمانى ئاگایى شیعر زۆر زاڵە، بەڵام لە شوێنى دیدا زمانێک ئامادەیى هەیە کە پتر بە زمانى خەون، یان بە زمانى ئەفسانە هاوشێوەیە، بێگومانیش خەونێک، یان ئەفسانەیەک، کە شیعر بە شێوەیەکى سوریالییانە و سروشتبەزێنانە دەتوانێت تابیریان لێبداتەوە:

باڵندە لەسەر خوانى من دەفڕن و دوعاى سپین بەرزدەبنەوە

تاسەى ساتى نەمرى دەکەن                                     سروودى زەوى: ل34

....................

دواى مردن بەخەبەر دێم

لە ڕێگاى ڕۆیشتندا بەهار بەسەر ناچێ          سروودى زەوى: ل37

*زمان و ئەزموونى شیعریى

لە زماندا، ئاگایى هەمیشە بە وێنە وئیماژ وسیمبوڵەوە پەیوەست دەبێت کە ئەوانیش لە واقیعەوە سەرچاوە دەگرن ، بە هۆى بنیادى زمانیشەوە هەست و سۆز و هەڵچوون لە شیعردا ڕێکدەخرێن. لە ڕاستیشدا زمان هەر بە تەنیا فەرهەنگێکی بێگیان و وشک و برینگ پێکناهێنێت و هەر تەنیا نمایندەى خۆشى نییە، بەڵکو کراسێکە، یان دەکرێ بڵێین قاڵبێکە مانا پەیجۆرى دەکات، یان لەجیاتى مانا دەکرێ بڵێین فیکر پەیجۆرى دەکات. بەڵام ئایا لەم ئەزموونەدا گۆڕانکارى بەسەر ستراکتۆرى زمانى شیعردا هاتووە، یان هەر تەنیا دووبارە هەڵشێلراوەتەوە و کۆنتێکستەکەى گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە، واتە پێش و پاش خستنى پەیڤەکان لە ڕیزبەندییەکى نوێدا کە ماناى وانییە زمانى شیعریى گۆڕانکارى بەسەردا هاتبێت، نەخێر، بەو شێوەیە درکى پێناکرێت، لەو ڕیزبەندییەدا پەى پێنابرێت کە بمانخاتە بەردەم فۆرمێکى دیکە، یان فۆرمیوولا کردنێکى دیکەى زمان کە ستراکتۆرێکى جودا و تایبەتمەند و ناوازە سەرچاوەى بێت. بێگومان سەرەتا خوێندنەوە هاوجمکە لەگەلڕ ململانێیەک، ئەویش ئەو گومانە دروستى دەکات کە پێداگرە لەسەر یەک شت، ئەویش جەوهەرى مەعریفەى شیعریى ئەم شاعیرەیە، ئایا ئەم تێکەڵکردنە، ئەم دژوازییە لە ڕاستیدا لە ئاگاییەکى مەعریفییانە و هونەرییانەوە دێت، یان خۆڕسک و خۆکردە؟ ئایا ئەم ڕیزبەندییە شیعرییە بە ئەزموونێکى جوداوازەوە تایبەتمەندە، یان بووەتە بۆتەیەک بۆ ئەزموونە ناخودییەکان و لاسایى کردنەوە، بەڵام بە شێوەیەکى ناکارامانە؟ ئیدى ئەم گومانە کاتێک دەڕەوێتەوە کە بە ئەزموونى نووسینى شاعیردا شۆڕبینەوە، بەدواى وێستگەکانى وەرچەرخانیدا بگەڕێین، ئەو مامەڵە کردن و شێوازە لە لاماندا وەکو دەنگێکى دى بەرجەستە بێت نەک وەکو وردە شەپۆلێک لە کۆى شەپۆلە بچکۆلەکانى ترى دەریاى شیعرى ئێستاماندا کەروێشکە بکات:

هێندەى زەردێنەى هێلکەیەک

ئاهەکانمى لەناو دەترووکێ

زەوى بۆ ماوەیەکى زۆر

لە سۆراخى هەوێنى هیوادا

دەستى لەناو نیازى بێگەرد گەرم دەبێتەوە                   سروودى زەوى: ل44

هەڵبەتە شیعر لەم ئەزموونەدا، هێشتا هەر پارێزگارى بە خۆڕسکبوونى خۆیەوە کردووە، هێشتا خۆى نەکردووەتە ڕووبەرێک بۆ دەرخستنى مەعریفە و فەلسەفە کردن کە لە لاى زۆرێک بووەتە شتێکى گرینگتر لەو عەفەوییەتەى کە منداڵیى بۆ شیعر دەگێڕێتەوە. ئیشکردن لەناو زماندا بە مەراقەوە سیحرێک بە زمان دەبەخشێت، لەگەلڕ زمانى ئاساییدا مەودایەکى بەربەرین دەکەوێتە نێوانیانەوە، ئیتر شیعر کە پەیدا بوو تخووبەکانى زمان دەبەزێنێت، مانا و دەلالەتە فەرهەنگیى و سووننەتییەکان بەدواى خۆیدا بەجێ دەهێڵێت، چونکە زمان خۆى دەستاوێژ نییە، بەڵکو بووەتە مەخلووقێک، بووەتە بەشێک لە خودى شتەکان:

لە تەنیشتیدا ئاگرێکى کردەوە

لە یەک دوو هەنگاو بەولاوە تر

دووپشکێک لەناو کۆمەڵێک ئێسکدا مردار بووەتەوە

خەڵکانێک بەترسەوە دێنە بەر هەتاوى بەهارسروودى زەوى: ل45-46

ڕاستە لە هەندێ شوێندا شیعر بۆ ئەو ئەو ژیانەیەکە هێشتا نەیتوانیووە بیجەڕبێنێت، ئەو ژیانەیە کە هێشتاتێیدا نەژیاوە، وەلێ ئامادەیى پێدەبەخشێت:

چاوى ئاگر لە دۆزەخدا چى دەڵێ

تابووت تەنیا جێگاى یەک کەسى تێدا دەبێتەوەسروودى زەوى: ل109-110

ئەو ناکۆشێت لەو خاڵەوە ساتوسەودا لەگەلڕ زماندا بکات کە بە هەولڕ و کۆششى ئەدەب پێی گەیشتووە و بەرەو هەرێمێکى جادووئامێزترى بەرێت، بەڵکو ئەو ئاوڕ بە زوبان دەداتەوە و دەیباتە نێو هەرێمە بەراییەکان، پاشان دەیەوێت لەوێوە هەوڵێکى ئەوتۆى لەگەڵدا بدات تا بیگەیەنێتە ئەو هەرێم و جێگا سیحرئامێزەى کە ئامانجێتى، بەڵام مەوداکە ئەوەندە گوشادە هەموو سیحرەکان تێیدا بەتاڵدەبنەوە. ئیدى یاخیبوونێک لێرەو لەوێ درک پێدەکرێت بەرانبەر بە فۆرمى باوى زمان لە تێکستەکاندا، بەڵام هەر لەوێ قەتیس دەمێنێ و بۆ قووڵاییەکانى زمان تەشەنە ناکات هەتاکو لە ستراکتۆر نزیک بێتەوە، بەڵکو هەر لە فەزاى دەرەوەى زماندا دەمێنێتەوە و دەستکاریى کۆنتێکستى زمان ناکات و لە زۆر شوێنیش، لە زۆر دەقیشدا وا هەست دەکرێت شتێکى هەڕەمەکى ئەنجام دەدات و ئامانجێک ناپێکێت، بەو مانایەى کە لە جەوهەردا گۆڕانێکى مەبەست بێت:

دوورییەکى ئاڵۆز

ئاوى خەواڵووى ناو گۆزە بخۆرەوە              سروودى زەوى: ل49-50

سروود خوێنى زەوى بە کاغەزى پەیام کفن کراوە

 

بەرەو گیانى خۆى هەنگاو هەڵدەگرێ

بەردەوامیش ئاوڕ لە قەڵا دەداتەوە                 سروودى زەوى: ل50

*خەیالڕ و ئەزموون

دیارە خەیالڕ لە هەندێ شوێندا هەر تەنیا ئاوێنەیەکە و چالاکییەکى ترى نییە جگە لە پەرچکردنەوە و دەستاوێژێکیش نییە هەتا بەشدارى لە کەشفکردنى هەقیقەتدا بکات، بۆیە شتەکان هەر وەکو خۆیان کۆپى دەکاتەوە. لە هەندێ شوێنیشدا وشە،یان دەستەواژەى ئەوتۆ قوتدەبێتەوە کە ئامانج تێیدا بەرهەمهێنانى ئاژاوەیەکى ناوەکییە ڕەنگبێت بۆ تێکدانى ئاوەزى شیعریى، کە جگە لە هێنانەدى ڕیتمێک هیچى دیکە بەرجەستە ناکات، ئەمەیش لەڕاستیدا هەندێجار پێداویستییە و چامە پێداگرى لێدەکات:

پیتى زى نێوان

کازێوە و زەردەپەڕ

ئاخاوتن و نەواى خۆم

دیدار و ناوهێنانى خۆم                               سروودى زەوى: ل53

هەڵبەتا نابێت شاعیر هەر لە پێناوى نووسیندا کردەى نووسین ئەنجام بدات، بەڵکو پێویستە ئەوەى کە دەینووسێت پێبەپێى ڕەهەندە هزریى و دەروونییەکان تێیدا ژیابێت ئینجا لەلایدا ببێتە دەق، جگە لەوەیش پێویستە شاعیر بەر لە هەر شتێک بۆ خۆى دەق بەرهەم بهێنێت، ئینجا توانا و زەوق و سەلیقەى خۆى بۆ خۆشەویستترین کەس و شت و بابەت بخاتەکار، ئەو، ئەو کەسەیە کە سەرجەم ڕۆحى مرۆڤەکان بەڕووى چالاکییەکى دینامیکى بەرهەڵدا دەکات، هەروەکو کۆڵیڕیج ئاماژەى پێداوە. بێگومان کارى شاعیر سەرکێشى کردنە لەگەلڕ بێدەنگیى (یان خامۆشیى دنیا)و لەگەلڕ شتێکیشدا کە خاڵییە لە مانا و واى لێدەکات کە ببێتە خاوەنى دەنگ و مانا، هەتا ئەو کاتەى پێى دەکرێت بێدەنگیى والێبکات بێتە دەنگ و نەبوونیش والێبکات بوونى لێبکەوێتەوە، چونکە وشە لەوە گەورەترە کە هزرێکى ڕووکەش و بوودەڵە لێى دەڕوانێ، ئەوەندە گەورەیە، کە دەتوانێ خودى جیهان و بوونەوەر و ئێگزیستانسیش لە خۆیدا جێبکاتەوە و نهێنییەکانیان پەردەپۆش بکات، یان ئاشکرا بکات. ئیزرا پاوەند باشى بۆچووە کە دەڵێت: هەموو وشەیەک بە مانا بارگاوییە، دەتوانێ ئامادەیى بە هەموو شتەکان بدات، چڕوپڕبێتەوە، بەرتەسکبێتەوە، هەروەها هەتا ئەوپەڕى مەودایش گوشادبێتەوە، کەوابێ ڕەوایە بوترێت خودى وشە جیهانە، چونکە هەموو شتێک لەناو خۆیدا بەرجەستە دەکات، شتەکان لە چوارچێوەى دروستى خۆیاندا جێدەکاتەوە، یان دەکرێ بڵێین ئەوە وشەیە کە مەودایەکى بەرینترى بابەتى شیعریى پیشاندەدات، لەوێدایە هەموو شتێک پێگەى خۆى دەدۆزێتەوە و خۆى دووبارە کەشفدەکاتەوە و ڕۆڵى خۆى بە شێوەیەکى کارتێکەر دەگێڕێت. ئەوەى کە گرینگیشە ئەو کاریگەرییە هەستیى و ئێستێتیکییەیە کە دەق لەلاى وەرگر بەجێى دەهێڵێت و ئیتر وەرگریش وەکو پەرچەکردار"ڕیئاکشن"ى ئەو کاریگەرییە، دووبارە مانا بەرجەستە دەکاتەوە:

کەروێشکێک لەناو قۆپەنە گیادا بەچکەکانى فێرە چاوبزى دەکات

کێشکەیەکیش بەسەر هەڵۆیەکى مۆمیاکراودا نیشتەوە

سروودى زەوى: ل54

ئەرێ باڵندە هێلکەى هەبێ یان بێچوو

شاد دەفڕێت                                                        سروودى زەوى: ل112

تووتى بێ چاووڕوو دەم دەکاتەوە

لە نزیک

ڕەگ و

گۆپکە و

خونچە

دەوەستێ و پێى لە زەوى دەخشێنێ

نەخشى ناوچەوانى بەردى بۆ دروست نابێ                 سروودى زەوى: ل4

*شیعر و پێداویستیى

لێرەدا شیعر تەقەللا دەدات بەرەو ئاقارە نوێیەکان بچێت، یان هیچ نەبێت کەشفیان بکات بۆ ئەوەى ڕۆحێکى بە جۆش وخرۆش بەدیبهێنێ. بێ شک ئەگەر هەر شاعیرێک ئەمەى ئەنجامدا ئەوا ترادیسیۆنە شیعرییە باوەکانى تێپەڕاندووە و ژیان لەناو سۆز و ئاگاییە پەژمووردەکەى مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە و دەردەکەوێت کە چەندێ بۆ ڕۆحمان پێداویستە، چونکە ئێمە بەدواى شتە مرۆییە هاوبەشەکاندا دەگەڕێین، یان دەمانەوێ خۆمان لەناو دەقێکدا بدۆزینەوە تا بە خودێکى دیکەوە پەیوەست بین، ئەو خودە دەتوانێت تێگەیشتن فەراهەم بکات و ماناگەلێکى جیاواز لەناو دەقدا بەدى بهێنێت، هەڵبەتە ئەم هاوبەشییەى کە لە لاماندا مانا بە تێکست دەدات، یان بە شێوەیەکى تر بڵێم لە دەقێکدا ئێمە بەدواى هەڵوێست و پرەنسیپە مرۆییە هاوبەشەکاندا دەگەڕێین و هەر بەوەیش هەڵیدەسەنگێنین، یانى ئەگەر دەقێک خاوەنى ئەم شتە نەبێت و لێى ونبێت ئەوا بۆ لاى خۆى سەرنجمان بەکێش ناکات و بە داهێنانى لە قەڵەم نادەین. بەڵام وەکى تر شیعر لەبریى ئێمە تێدەهزرێت، زمان بە قسە دەهێنێت، بە تەوزیفکردنى کردە مرۆییەکانیش پەنجەکانى شاعیر لەگەلڕ درەوشانەوەدا نەرم دەبێت:

شیعر دەستى لەسەر شانم دانا

گوتى لە دوورەوە هاتووم و نەزرم لە خۆم گرتووە

نیشانەى زیندوو کردنەوە بناسم                                سروودى زەوى: ل57

 

دیارە لە پراکتیکدا شیعر ئامانجى ئەوەیە لە پەخشان فشەردەتر و چڕوپڕتر و دەوڵەمەندتر و خەیاڵییانەتر بێت، چونکە بە گوێرەى"ئى. ئێس. داڵاس"خەیالڕ چیدى مەلەکەیەکى لە فیکر دابڕاو نییە کە بێگومان سەرچاوەى سەرتاپاى داهێنانەکانى مرۆیە. شاعیریش هەردەم ئامانجى ئەوەیە کە لە فەزایەکى کەمتردا مانا و مەبەستەکانى بەدەستەوە بدات و زۆربەى جارەکانیش مامەڵە لەگەلڕ حاڵەتە زۆر ئاڵۆزەکانى هزردا دەکات، دەیەوێ گۆڕانکارییەک لە دەقدا بهێنێتەدى، لەناویدا، بوون بە ئامادەیییەکى مرۆیى بدات، تا لە ئەنجامدا دنیابینیى، یان تایبەتمەندێتییەکى شیعریى دەستەبەر بکات:

پەیامبەخش دڵم لەسەر دەستەکانى ڕادەخات و لە چاوى نزیک دەکاتەوە

قەت دڵى وا پڕ کازێوە و زەردەپەڕى نەدیوە                سروودى زەوى: ل54

*ڕەهەندەکانى وشەى شیعریى

هەمیشە وشە دوو لایەنى هەیە، لایەنى خودیى و لایەنى بابەتیى. هەمیشە دنیایەکى تر لەودیو وشەوە خۆى مات داوە، ئەویش جیهانى ئاگاییە، وشە- زمان ئامرازێکى بێوێنەیە بۆ گوزارشت کردن لەبارەى جەوهەرى واقیعەوە لە پەیوەندى بە مرۆڤەوە. زمان وامان لێدەکات بە شێوەیەکى هۆشیارانە شتەکانى دەوروبەرمان ببینین. کەواتە لە پڕۆسەى هۆشیارییدا ئامرازێکى بێهاوتایە. بۆیە ئەگەر بەو هۆشیارییە مامەڵەى لەگەڵدا نەکرێت ناتوانێتکارفەرماى خۆى بە شێوەیەکىشیاو و بەجێ ئەنجام بدات و لە ئاکامدا کارێکى ئەوتۆ ناکات شتەکان بە ڕوونى و بێگەردیى لە دەوروبەرمان بەدى بکەین و گرفتمان بۆ دروست نەبێت لە بەرجەستە کردن و پەرچڤەکردنى ئەو بابەتەى زمان گۆشت و خوێنەکەى پێک دەهێنێت، لە گرتنى ئەو ڕۆحەى ئەگەر وانەبێت ئەوا بە خاوخلیچکى و شێواویى بەدیار دەکەوێت:

 

لە سێبەرى گەرمى درەختەکەدا بزەیەک بۆ کامێرا بکە

حەکایەتى مردن کەمێک لە ژیان درێژترە                   سروودى زەوى: ل55

 

باران بۆ ئەوە دەبارێ خۆى ون بکات

بۆ ئەوەى نییە خۆى بدۆزێتەوە                     سروودى زەوى: ل115

 

*شیعر و یەکێتى بابەت

ئایا لێرەدا دەکرێ بە وردى قسە لەسەر چوارچێوەى شیعریى بکرێت بە تایبەتى لە ڕووى بابەتەوە، لە ڕووى یەکێتى بابەتەوە کە کاراکتەر بەو چوارچێوەیە دەبەخشێت؟ بێگومان، چونکە ئەمە شتێکى ئەستەم نییە، لەبەر ئەوەى ئێمە لەبەردەم تێکستەکاندا بەرانبەر بە هەیکەلێک ڕادەوەستین، تەماشاى کۆمەڵێک کەرەستە ناکەین کە هێشتا پێوەندییان پێکەوە نەسازاندووە، کە هێشتا هەر کەرەستەى خاون، لەوانەیە لە هەندێ شوێندا سەرنجى جۆرە هەڵبزڕکانێک بدرێت، ئەویش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاعیر کاراکتەرێکى بە ئەمەکى سەردەمەکەیەتى، بەو مانایەى کە ئەو پارچە پارچە بوون و لێکترازانە دەروونییەى کە سەردەمەکە پێى بەخشیووە، ئەو دەیگوازێتەوە ناو دەق، دەتوانین بڵێن ئەو لە هەندێ بارودۆخدا کارفەرماى ئاوێنە دەبینێت کە پیشاندانەوە و پەرچکردنەوەیە، بێگومان بە شێوەیەکى سایکۆلۆژییانە. ئەو ناتوانێت خۆى وا دەربخات و بنوێنێت، قەوارەیەکى تۆکمە لەناو خودێکى بێهێز و لێکهەڵوەشاوە بەردەستە بکات. بەم پێیە دەکرێ بڵێین یەکێتى بابەت لەم دەقانەدا دەکەوێتە دەرەوەى چوارچێوەى دەقەوە، ژیان خۆى یەکێتى بابەتە، ژیان، دیارە بە سەرلەبەرى جوانیى و دزێوییەکانییەوە یەکێتى بابەتە.چونکە لێرەدا تەواوى کەرەستەکانى جیهانە شیعرییەکە لەئەزموونى ژیانى شاعیرو قووڵاییەکانییەوەوەرگیراوە و جیهانەکەى پێ بنیاتنراوە:

مانگ دەستى نزایە هەڵفڕیووە

لە تریفەى خۆى زیاتر کەسى نییە

لە کانییەکیش دەپێچێتەوە کە هیچى لەبارەوە نازانێ

کانیش لە ئاست جۆگەى دامێنى خۆى

کەڕ و

لالڕ و

کوێرە                                                   سروودى زەوى: ل60

 

ئەگەر پاشینەى شاعیر ئەزموونە بێچەند و چوونەکەى بێت، ئەوا لە نێوانى ئەزموون و گوزارشتکردن لێیەوە هەر وەکو نەزار قەببانى بۆى چووە دابڕان نییە. نووسینیش ژیاندنەوەى ئەو ئەزموونەیە بە شێوەیەکى کاملڕ، بە شێوەیەکى هونەرییانەى باڵا. خودى شاعیریش ئەو منە شیعرییە لەسەر کاغەزدا دادەهێنێ کە ئەرکێکى گرینگى هەیە ئەویش ڕوونکردنەوەى پەیامەکانە هەروەکو"سان جۆن پێرس"ئاماژەى بۆ کردووە:

گەورەم نەشونما ئەگەر بە درۆ ماچ بکەم

خودا و خود سزام دەدەن                             سروودىزەوى: ل58- 59

 

ڕابردوو و داهاتوو لەناو یەکدا مردوون

قاچى ئێستاشیان لەناودا سڕە                       سروودى زەوى: ل121

 

 

*ڕەهەندە دیار و نادیارەکان

ڕەنگە ناوەرۆک و تاک وشەکانى جیاوازییەکى ئەوتۆ بەخۆوە نەبینن، چونکە جیاوازییەکە لە ساتوسەودادایە لەگەلڕ جەوهەرى شیعر و زمان خۆیدا، دەشێ بوترێ ئەوەى کە یاخیبوون و سەرکێشیى پێوە دیارە تاڕادەیەک فۆرمە، واتە مەبەستى سەرەکى ئەو یاخیبوونە لەو فۆرمە گشتییەى کە باوە و کۆدەنگیى لەسەرە. ڕەنگە شتى جیاوازى هەبێت ، بەڵام کە دەریدەبڕێت و تەوزیفى دەکات بە جۆرێک ئەنجامى دەدات کە تا ئەندازەیەک هاوتاى نییە، نەبینراوە، پێشتریش بەو شێوەیە نەخوێندراوەتەوە، لانیکەم لەناوەندەکەى ئێمەدا. دیاریشە شیعر بێجگە لەوەى بونیادنانى زمانێکى جوداواز و پەرەپێدان و پێشخستنى لە ئەستۆدایە، ئەرکێکى دیکەشى هەیە، ئەویش ڕۆشنبیرکردن و دەوڵەمەند کردنى زمانە، واتە زمان والێدەکات هەڵگرى پاشخانێکى مەعریفى قووڵتر بێت و ڕۆحێکى دینامیکییانەتر لە بۆتەیدا شاردراوە بێت و بە بەها و بابەتگەلى هەمیشە خۆتازەکەرەوە و کاژفڕێدەر بارگاوى بێت:

ترپەى دڵم گوێ لە مێشکم ناگرێ و شوێنپێى ناناسرێتەوە

کۆمەڵێک مردوو مۆمیان لەسەر دەستیان ڕاگرتووە

دەموچاویان تەواو سوورهەڵگەڕاوە و ئەو ڕازە دەدرکێنن

پەپوولە بڕوا بە ڕووناکى چراى دزانیش دەکاتسروودى زەوى: ل62

شاعیر، هەڵبەتە لە میانەى زمانەوە بە شتەکانەوە پەیوەستە، دەکرێ وەکى تر بڵێین زمان تاقە نیشتیمانى بێچەند وچوون و بێ هاوتاى ئەوە. زمان تا ئەندازەیەکى زۆر بەرجەستەکەرى خەونى شاعیرە، نەوەک ژیانە ڕیاڵیستییەکەى:

دەتوانم باوەڕ بەو هەموو شتانە بهێنم کە بینیوومن

چونکە هەموویان خەون بوون                     سروودى زەوى: ل63

 

هەتاو خەریکى دزینى پارچە قوماشەکانى پرسەیە

داواى کرد لە دزییەکەیدا یاوەرى بین

ئەم داوایە تایبەتە بەو مرۆڤەى چاوى دڵى ناسیووە

سروودى زەوى: ل125

 

بێگومان زمانى شیعریى زمانێکى بارگاوییە بە وێنە، لە ڕێگاى وێنەشەوە دەیەوێت ئەو ڕاستیانە ئاشکرا بکات کە بە هۆیانەوە نیازى ئاشکرا کردنى ماناى ئەزموونە تایبەتمەند و کەسییەکەى خۆیەتى. سەرەنجام هەروەکو ئەوەى کە بلیخانۆف بۆى چووە شیعر بیرکردنەوەیە بە وێنە. بۆ ئەوەیش کە بە وردى ئەوە دیاریبکەین ئایا دیاردەى وێنە دەبێ چى بێت، بۆ ئەوەى ئەوەیش دیاریبکەین ئاخۆ وێنە پێش هزر دەکەوێت، یان بە پێچەوانەوە، ئەوا لەگەلڕ گاستۆن باشلاردا پێویستە بڵێین شیعر پتر لەوەى دیاردەى ئاوەز بێت، دیاردەى ڕۆحە. بەم پێیەیش خەیالڕ ڕۆڵێکى گەورەى تێدا دەبینێت. بەو مانایەى کە وزەیە لە داهێنان و توانایە لە هێنانە ئارا و قابلییەتە لەسەر کۆکردنەوەى جیاواز وهاودژەکان و یەکخستنى نەگونجاوەکانە لە گشتێکى لواو و هارمۆنیدا. لەوەیش بترازێ توانایەکى مەزنیشە لە تێکشکاندنى یەکێتى ڕوواڵەتییانەى شتەکان و تێکوپێکدانى پێوەندییە شەقڵییە کۆنەکان لەپێناو سەرلەنوێ بنیادنانەوەیان. بەمجۆرەیە کە ژیانێکى شیعریی بە کۆنسێپت دەبەخشرێت، ئەو کۆنسێپتەى کە پێویستە بە هەنووکەوە پێوەندیدار بێت و ڕەنگدانەوەى حاڵیبوون و دەرک پێکردن بێت بۆ خودى سەردەمەکە خۆى:

هەمیشە یەکەم بارانى سالڕ دڵخۆشم دەکات و دوا بارانیش دەمترسێنێ

نازانم بۆ ناتوانم تەواو لە باران نزیک ببمەوە

یاداشتنامەیەکى توندوتیژم داوەتە یەکەم بارانى سالڕ

نەرم ببارێ

نان نەرم ئاوپرژێن دەکرێت

شانەى هەنگوینیش بە نەرمى پڕ دەبێت          سروودى زەوى: ل68

 

ناڵى ئەسپ لەق بووە و سروشت تووڕە و دڵخراپە

ئەى هێزى دیدار و ئەفسوونى ڕووناکى خودا

فەرمان بە دڵم بدە خراپە دەرکاتسروودى زەوى: ل67

 

*شیعر واقیعى خودیى خۆى دەئافرێنێ

دیارە شیعر هەمیشە واقیعى خۆى دەخوڵقێنێ و کۆمەک لە دەرەوەیش دەخوازێت بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە ئاڵۆزەى، واقیعى حاڵیش درەوشانەوەى زیاترى پێدەبەخشێت. شیعر هەندێجار لێرەدا لۆژیکێکى فۆتۆگرافیانەى هەیە، زوومێکە وێنەى نزیکتر دەگرێت، کەڵەکەیان دەکات و سەرەنجام کە تەواو ئامادە دەبن، دەیانخاتە توێى ئەلبوومێکەوە، دەتوانین بڵێین ئەلبوومەکە چەکامەیە، بەڵام ئەوەى کە لێرەدا جیاکارە گۆشەنیگاکانە، هەر فۆتۆیەک لە پنتێکى دانسقەوە دیمەنەکەى خۆى ڕاوشکار دەکات و لە چوارچێوەیەکى ئەفسووناوى سەرسامکەردا ئەوقى دەکات. ئەو دنیایەى لە دەرەوەى دەقدا بوونى هەیە، لە سەراپا و بە درێژایى مەودا و ڕەهەندەکانى تژییە لە دژوازیى و نەگونجان، بێگومان دەقیش زۆر لەو دنیایەوە دوور نییە و ئەو دژوازییانە دەگوازێتەوە بۆ ناو خۆى، ئیتر دنیایەک ئافەریدە دەبێت کە گواستنەوەى کتوپڕ لە شتێکەوە بۆ شتێکى تەواو جیاواز زالڕ دەبێت و تاڕادەیەک دەق هەناسەسوار دەکات، ئەگەر بە شێوەیەکى ڕووکەشانەیش سەیرى بکەین ئەوا پەیوەندى بڕگەکان کاڵبوونەوەیەک دەستەویەخەیان بووەتەوە، لەملاولەولایشدا پێوەندییەکان بوونى خۆیان لەدەستداوە، بەڵام وەکى تر کە توێژى سەرەوەى ئەو ڕووکارە بەجێ دەهێڵێت هەمان ئەو دنیایەى دەرەوەى دەق دەبینین کە شیعر بە یاسا و لۆژیکى خۆى ئافەریدەى کردۆتەوە و هەست ناکرێت کە کەموکووڕى تێدا هەبێت و ئەو یەکێتى بابەتییەیش کە لەلایەن زۆرێکەوە جەختى لەسەر دەکرێتەوە هێندە بزر بووبێت کە بە زەقى بەو دەقانەوە دیاربێت کە واقیعێکى بێ یەکێتى و پڕ هاودژیى نمایندەى دەکەن. بەڵام وەکو شێوە و فۆرم دەشێ پێوەندییەکانى زمان نەتوانن یەکێتییەکى بابەتیى بەرجەستە بکەن، بە دیوەکەى دیکەیشدا ناوەرۆک بە ئەرکى ئەوە هەڵدەستێت، ئەویش ئەگەر بێت و ڕەچاوى ئەو واقیعەى دەرەوەى چامە بکەین، کە وەکو شەقلڕ شڵەژان و دابڕانى ڕووکەشانە پیشان دەدات، وەلێ لەودیوى ئەمانەدا بێ شک ئەوەى بەڵگەنەویستە یەکێتییەکى بابەتییانەى مکووم و تۆکمەیە:

کتێبێک لە ئومێدى خۆیدا دڵى داینەوە

شوێنیشمان لەسەر زەوى نییە

ئەگەر هەشمانبێت یارییەکى ئاگربازییە

تیشکى سووتێنەر شەمێى تواندەوە

پایزیش سووکایەتى بە شکۆى درەخت دەکات

وەکو عەلیشیشى فیکە بۆ کێشراو

دەممان بەرز کردووەتەوە                           سروودى زەوى: ل69-70

 

بە پەیژەیەکى نووستوو هەڵدەکشێمە ناو تاریکى و ڕووناکى

پەیژە تەنیایى و ترس و واقوڕمانە

تاریکى لێوى لە کوڵمى ڕووناکى دەکاتەوە       سروودى زەوى: ل70-71

*سەرکەوتنى هەستەکان لەناوەوە بۆ دەرەوە

دیارە وێنەکان بیر و هەستەکان ئاشکرا دەکەن، سۆزەکان بەرجەستە دەکەن. هەژموونى وێنەکان لایەنەکانى دیکەى شیعر تاڕادەیەک کاڵدەکەنەوە و لێڵیى بە بابەت و مانا دەبەخشن.یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى شیعرێک کە وێنە دایهێناوە هەستکردنە بەبوونى کۆمەڵە گرێیەک لە نێوان گواستنەوەى وێنەکاندا، کە ئەمەیش وادەکات لە ڕەوتێکى سروشتى و بێگرێ وگۆڵییەکى شیعریى بێبەریی بکات. ئەگەریش شیعر پێبەپێ خۆى لە چەمکى وێنەدا ببینێتەوە ئەوا ماناى ئەوەیە کە وێنە ئێلیمێنتێکى سەرەکى و یەکانەیە لە پێکهێنان و بەدیهێنانى شیعردا. "سى. دەى. لوویس" لە کتێبى وێنەى شیعرییدا دەڵێت: داهێنان و بوێریى و بە پیتیى لە وێنەدایە، ئەمانە هەمووى بە "خاڵێکى بەهێز"لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام ئەو ڕۆحەى کە بە سەر چامەى هاوچەرخدا باڵادەستە وەکو هەر ڕۆحێکى دیکە شیمانەى ئەوەى هەیە لەدەست دەرفرتێ. هەڵبەتە وێنەیش هەردەم جێگیرە و خودى قەسیدەیش لە دەرەنجامدا وێنەیە، دەکرێ هەموو شتێکى بگۆڕێت، بۆ نموونە ئاڕاستە، شێواز، بابەت، فۆرم.....تاد، بەڵام وێنە هەر بە جێگیریى لە پێکهاتەى شیعردا دەمێنێتەوە و هەر وەکو پێوەرى سەرەکى و شکۆى شاعیر و بەرزى و ژیانى بەرجەستەى شیعریش دەمێنێتەوە بەو پێیەى"درایدن"ئاماژەى پێداوە:

پەپوولە بڕوا بە ڕووناکى چراى دزانیش دەکاتسروودى زەوى: ل66

تریفەش چەند لە ئاسکێکى دووگیان دەچێ

بە نەرمى پێ هەڵدەگرێ                             سروودى زەوى: ل67

نووشتەى چاوەزار بە ناوچەوانى خانوو جۆلانە دەکات

سروودى زەوى: ل82

درەخت تا بەرز نەبێتەوە سێبەر ناگرێسروودى زەوى: ل82

 

لێدانى دلڕ هەموو شتێکى من دەزانێ و چاوساغى هەقیقەتە

سروودى زەوى: ل85

 

بێگومان ئەوەى کە هاوگونجاندن لە میانى وێنەکاندا بەدیدەهێنێت ڕێککەوتنى بابەت و وێنەیە. وێنە ڕێگاى بابەتەکە ڕۆشن دەکاتەوە، کۆمەکى دەکات خۆى باشتر بەدیاربخات، یان بدۆزێتەوە."ئاى. ئەى. ڕیتچاردز"پێیوایە: ئەو توانا سەرسامکەرەى شاعیر بۆ هاوئاهەنگکردنى قسە، هەرچى چۆنێک بێت بەشێکە لەو توانا فرە سەرسووڕ هێنەرترەى هاوئاهەنگکردنى ئەزموون. خودى ئەزموونى مرۆڤ کە هەمیشە بابەتى تەواوى شیعر بووە. شیعر کاتێ کە قووڵاییەکانى مرۆ تەیدەکات، خەسڵەتى نوێ، یان جیاواز بە شتەکان دەدات، مانایەکى پۆزەتیڤانەیان پێ دەبەخشێت، لەوێوەیە کە دەتوانێت جێگایەکى شایستە و پڕبەپێست لە جیهاندا دەستەبەر بکات، چونکە هەروەکو ماکلیشیش ئاماژەى پێکردووە: شیعر یەکێکە لەو ڕێگایانەى کە ماناى ژیانمان بۆ ڕاڤە دەکاتەوە و قووڵترین پێداویستییە مرۆییەکانیشمان ئەوەیە کە مانا بۆ ژیانمان فەراهەم بکەین:

کیسەلڕ کە سەرى خۆى دەباتەوە ناو قاوغى

لە قووڵایى خۆى دەڕوانێ                                       سروودى زەوى: ل72

 

جا ئەگەر شیعر هەروەکو ئەوەى کریستۆڤەرکۆدوێلڕ بۆی چووە: یەکێک لە کۆنترینى ئەو چالاکییە ئێستێتیکییانەى هزرى مرۆڤایەتى بێت ئایا ئەڵتەرنەتیڤى دیکەى هەیە؟ واتە دەتوانین پشتگوێى بخەین و هەست بە ناتەواوى و کێماسییەک لە ژیانى مرۆییماندا نەکەین؟ دیارە تا ئێستا ئەم پرسیارە بێ وەڵام ماوەتەوە، چونکە شیعر بۆ ڕۆحى مرۆڤ لەم سەردەمەیشدا پێداویستییەکى پەیگیرە و سەرومڕە لەوەى بە ڕۆڵێکى پۆزەتیڤ و گرینگ هەڵبستێت لە پێشخستنى و پاقژکردنەوەى لە گوناهە زەمینییە ناچیزەکان،هێشتا تێپەڕاندنى قێزەوونیى و یەکدۆخییەکانى ژیانە و جیهانێک بە ئادەمیزاد ڕەوا دەبینێت کە هەست دەکات پێوەى پێوەندیدارە و ناتوانێت دەستبەردارى بێت:

 

سەرم لە تاریکى و ڕووناکى سووڕماوە

کامیان لەبەر کامیان هەڵدێن                         سروودى زەوى: ل71

 

وێدەچێت ئەفلاتوون بایەخى بەو چێژ و لەزەتە دابێت کە شیعر دەیبەخشێت، ئەریستۆیش بایەخى بەو کارفەرمایە دابێت کە شیعر دەیبینێت، هەڵبەتە وەزیفەى شیعریى لەلاى ئەودا خۆى لە"کاتارسیس"دا دەبینێتەوە کە دەکرێ چەشنى فیلتەرێک بۆ پاقژکردنەوەى دەروونى مرۆ لێى بڕوانین، بەڵام ئێمە پێمان ناکرێت شیعر لە یەکێک لەم دوو بەخششەى خۆى داماڵین، یان بەبێ یەکێکیان وێناى بەرکەماڵبوونى بکەین، چونکە بۆ ئێمە چێژ و وەزیفەکەیشى هەر پێداویستە:

 

دەستى بکوژ چرچ و لۆچ و پەڵەى تێ کەوتووە

ناتوانێت خەون ببینێ کە پەپوولەیە    سروودى زەوى: ل66

 

زەوییەکى دانەچێندراو نەیتوانى بزە بهێنێتە سەر لێوان

هەڵمى هۆشمەند پێى ڕاگەیاندم                      سروودى زەوى: ل114- 115

 

بەڵگەنەویستە کە ئومێد و ئاواتى بێهاوتا و بێچاڵش و بەرهەڵستیى شاعیر جگە لە شیعرى پەتیى شتێکى دى نییە، بۆریس پاستەرناکیش ئاماژەى بەوە داوە کە: تاقە پەیامێک کە دەکەوێتە ئەستۆى شیعرەوە ئەوەیە کە جوان بێت.هەڵبەتا بە گوێرەى ئەم چەمکە بێت هەندێ شوێن لە جەستەى دەقەکانى سەباح ئامانجیان پێکاوەو بەردەوامە لە گێڕانەوەى خەون و واقیعى تێدا ناتوێنێتەوە و بەو شێوەیە مشتوماڵى ناکات. نەبوونى شیعر، یان چککردنى لەژیانیدا بوونى گەورەترین بێئومێدییە لەقەوارەیدا.لەم لاپەڕە شیعرییانەدا دەق بە شێوەیەکى حەپەسێنەرانە ڕەهەندى ئێستای بەسەردا زاڵە، یان هەموو ڕەهەندەکانی لە هەنووکەدا شاردۆتەوە، هەڵگرى ڕەهەندى ئەم ساتەوەختەیە و لە میانییەوە بەر ئێستا دەکەوین وەک ئەوەى لە بەرانبەر فیلمێکدا بین کە بە تەکنۆڵۆژیاى (سێ ڕەهەندیى-3د) پیشان بدرێت، یانى لە هەموو لا و گۆشەیەکەوە ئێستا بەرجەستە بکەن، ئەمەندە بە پڕاوپڕیى وکتومت ژیانى خۆى ژیاوە و دەژێت، کتومت شیعر دێت ئەوەى بۆ دابهێنێتەوە، بە چەشنێک ئەو کارەى بۆ ئەنجام دەدات کە هەرگیز مەودایەک لە نێوان ئەو دوانەدا بەدی ناکرێت،تەنیاسروشتى ئەو دیالەکتیکە دەرک پێدەکرێت کە لە نێوان هەردوولادایە. ئەم ئەزموونە بە جۆرێکى باڵانسدارتر خۆى دەنوێنێ و ڕوواوڕووى جیددییەتێکى ئەوتۆمان دەکاتەوە بڵێین دنیاى شیعر هێشتا هەر بەردەوامە لە بەخشینى پیت و فەڕ بە دنیاى واقیع:

برادەران بێ بایەخن ئەو بەردانەى بۆ مل شکاندن دەیهاوێینە بەرپێى یەکترى

مانگ لە ئاسماندا تەنیایە و گۆرانى هەمووشمانەسروودى زەوى: ل76

 

بێگومان (سەباح ڕەنجدەر) هزرێکى بەرجەستەکەر و بینین ئامێزى هەیە، بە ئیحاى تابلۆیەکەوە شیعر دەنووسێت کە پێشتر لە زەینیدا ئامادەیى هەیە و دواجار هێڵەکان و ڕەنگەکان و فیگەرە مۆدێرنەکان هێدى هێدى دەبنە ڕایەلڕ و هۆنراوەکانیان لێ بەرهەم دەهێنێت، ئیتر پێویستە لەسەر خوێنەر بە هەموو ماناکانى خوێندنەوە دەقەکان بخوێنێتەوە. بەمجۆرەیش ڕایەڵەیەک لە نێوان کۆزمۆزى (جیهانى) تایبەتى و کۆزمۆزى گشتییدا بوونى هەیە، یانى لێرەدا شتێک نییە ناوى جیهانى تایبەتى پەتیى، یان جیهانى گشتیى پەتیى بێت، هەردووکیان لە کارکردێکى دوو لایەنەدان، واتە جەدەلییەتێک لە نێوانیاندا درێژەى هەیە، بە یەکترى کارتێکراون، گۆڕانی یەکێکیان گۆڕانى بێچەند و چوونى ئەوى دییان دەگەیەنێت:

ئەو هەموو خەڵکەى کەوتوونەتە دواى ئەسپ

چاوەڕوانى هەواڵێکن

چ هەواڵێک

بۆ باڵى باڵندە پیت و فەڕ دەڕژێنێتە سەر پشتىسروودى زەوى: ل75-76

 

*وێنە و جووڵانەوە

شاعیر، وەک هەمیشە لەمیانەى زنجیرە وێنەیەکەوە دەجووڵێتەوە، کە هەست و سۆزمان دەخرۆشێنن و دەیانهێننە جووڵە و ورووژان، کە هەرگیز خاڵى نین لە بەها ئۆنتۆڵۆژییەکان و یادەوەرى شیعریمان دەهەژێنن، ئێمە دەبێ دووبارە پێى ڕابێینەوە، دەبێ دووبارە وێنەکان ڕێکبخەینەوە و تابلۆیەکیان لێ دروست بکەین کە سەرەنجام قەسیدەکەیە و ئێمە دەیخوێنینەوە، واتە ئەو تابلۆیە دەتوانێ ببێتە پانۆڕامایەک کە لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە چامەکە بەرجەستە دەکات. یانى گەڕانەوەیەکە بۆ خود، کە ئەویش بە ناڕاستەوخۆیى گەڕانەوەیە بۆ واقیع، یان پەنابردنە بۆ ئەو واقیعەى کە خود دەرکى پێدەکات و خۆى تێدا دەبینێتەوە کە هەقیقەتێکى جیاوازى بەرهەمهێناوە، هەقیقەتێکى نوێ هەروەکو ڤیکتۆر شکڵۆفسکى ئاماژەى پێکردووە، هەموو پێوەندییە ئاسایى، یان کۆنەکانى زمانى تێکوپێک داوە و یەکێتی ڕواڵەتیى شتەکان تەفروتونا دەکات و پێوەندییەکى دیکە و یەکێتییەکى تریان بۆ دەگونجێنێ، کە ئەمەیش بەدڵنیاییەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەى لە هیچەوە شتێکى جیاواز بخوڵقێنێت، ئەگەرچیش زۆربەى هەوڵەکانیشى دەگەنە بنبەست:

 

بخوور تا نەسووتێ بۆنى بڵاو نابێتەوە

درەخت تا بەرز نەبێتەوە سێبەر ناگرێ

ئاو تا نەڕوات ئاوازى لێ پەیدا نابێت

پشکۆ تا نەبێتە خۆڵەمێش با نایبات    سروودى زەوى: ل82

چ هۆگربوون و نیازێکى پاکە بە هیواوە ڕاکەى

ڕووخسارى مەحالڕ دەبێتە ئاوێنە بۆ بەرانبەرسروودى زەوى: ل83

 

*لۆژیکى شیعریى

دەشێ وێنە لە شیعردا بەرجەستەترین ئێلیمێنت بێت، ئەگەرچیش بەسەر دنیایەکى کۆلکەڕەنگینەییدا ئاوەڵامان دەکاتەوە، بەڵام ئایا شیعر تەنیا وێنە دەیخوڵقێنێت، یان شتگەلێکى دیکەیش لە پێکهاتەیدا بەشدارن؟هەر بۆنموونە: ئۆبژێکت، خەیالە، پرسیار، خەون، زمان، گێڕانەوە، یادەوەرى، کات و شوێن، دنیابینیى، فەنتازیا.....تاد، بەڵام مەرجى سەرەکى ئەوەیە کە شیعر ببێتە بۆتەیەک و ئەمانە و هەرچى ئێلیمێنتێکى تریش هەیە بگرێتەخۆ و بە شێوەیەکى گشتگرانە یەکێتى فۆرم وناوەرۆک پێکبهێنێ، کە دواجار دەبێتە یەکێتى بابەت تێیدا و بە ئاقارى مانایەکى گشتیى دەمانبات و پەیامێکى لێوە هەڵدەگۆزین. بێگومان ئەوانەىلەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، پێویستە سەرتاپا تێک بڕژێن و پێکهاتەیەک بخوڵقێنن کە خۆى لە یەکێتى بابەتدا ببینێتەوە، هەڵبەتە بەر لەمانە هەموویشى مۆتیڤ شتێکى ئۆرگانى و گرینگە و پێداگریى دەبێتە مایەى ئەوەى ئەو ئێلیمێنتانە لە تێکستێکدا ئاوێتە بن و گوتارێکى شیعریى کاملڕ بخەنەڕوو. بێجگە لەمانە لۆژیکیش لەم داهێنانەدا بەشدارە، کە پێویستە زۆربەهێز بێت و پرد لە نێوانى وێنەکان و سەرجەم ئێلیمێنتەکانى دیکەدا دروستبکات و لە کاتى خوێندنەوەیدا هەست بە شپرزەیى و پەرتوبڵاوی نەکرێت. ڕەنگە هەبێت بپرسێت: لۆژیکى شیعریى چییە کە وا پەیدەرپەى دووپات دەبێتەوە؟ دیارە ئەو جووڵانەوانەیە کە گواستنەوە شیعرییەکانى دووتوێى دەق شیاو و مومکین دەکەن و یاساوڕێساکانى بەرقەراردەکەن و سەلیقەیەکى سەرئاساى پێناوێت بۆ دەرکپێکردنى، ئەو خوێنەرەى کە بەدواى پێوەندی ڕایەڵەکانى قەسیدەدا دەگەڕێت، بەدواى ئەو پێوەندییانەدا دەگەڕێت کە بەشەکان پێکەوە دەلکێنێت و گشتێک دروستدەکات دەبێ بزانێت ئەوە عەوداڵى یەک شتە ئەویش لۆژیکى شیعرییە. بەڵام ئایا ئەو پێوەندییانە ڕەزامەندیى بە خوێنەر دەبەخشن؟ مەبەست ئەوەیە ئایا گونجانێکى سەرجەمگیر هەموو شتێک لەئامێز دەگرێت؟ نازانم کێ یەکەمجار وتوویەتى شیعر لۆژیکى ناوازەى خۆى دەخوڵقێنێت، بەڵام ئەمە بەڵگەنەویستە، لێرەدا بە ماناى یاساوڕێسا خۆى دەدات بەدەستەوە و هەر شیعرێک سەرلەنوێ و بۆ یەکەمجار ئەو لۆژیکە بۆ خۆى دەئافرێنێ، چونکە تەنیا یەک لۆژیک بوونى نییە، ئەگەرچیش هاوبەشییەکى لۆژیکى لەمیاندایە، بەڵکو لەڕاستیدا هەر دەقێک خاوەنى لۆژیکێکى سەربەخۆیە و پێبەپێى ژمارەى دەقەکانیش لۆژیکەکان هەمەجۆر و بێ ئەژمارن:

باڵندەى دێرینى هەولێر شەهید کرا

فڕینى لە یادمان ما

دایکى شەهیدێک تەرمى باڵندەى دێرینى هەولێرى

وەک دەسکە نێرگز و مێخەک

لە قەراغ ڕێگاکاندا بۆ فرۆشتن داناوە سروودى زەوى: ل85-86

 

نواڵە لە قۆزاخەى مندا بۆنى خەمڵاند

منیش لە قۆزاخەى شیعر

ئەرێ گیان لە کوێى جەستەدا دەژى               سروودى زەوى: ل 85

دیارە هەر وەکو ڕامبۆ دەڵێت، سەباح لەم دەقانەدا تەواو سەردەمانەیە و ئەمەیش ئەگەر ڕووکەش نەبێت ئەوا (نهێنیى دەقىجیاوازە). ئاشکرایە کە جۆرە ئەزموونگەراییەک هێشتایش ئەم بەرهەمانەى جیاکار دەکەن، ئەویش ماناى ئەوەیە کە ئەو لە ئارەزوویەکى بەردەوامدایە بۆ هێنانە ئاراى شتێکى تەواو نوێ، بۆ هێنانى گۆڕانکارى و خۆجێهێشتن و دەقەکانیشى تیشک دەخەنە سەر قۆناغێک کە بەڵگەنەویستە بێسەروبەرییەکى بێهوودە تێیدا بەرجەستەیە و سکێچێکى جیاکارانە و تایبەتمەندانەى بۆ دەکێشن. ئەم قۆناغەى ئەوى پێدا تێدەپەڕێت لەوانەى پێشووترى دەوڵەمەندترە، چ لە ڕووى بابەت چ لەڕووى فۆرمەوە، ئەگەرچیش سەداى ئەزموونە بەراییەکانى فەزاى ئێستایشیان بەیەکجاریى بەجێ نەهێشتووە و بە تەواوەتى لە ترادیسیۆنەکانى شیعرى پێشووتر دانەبڕاوە، یان دەکرێ بڵێین هێشتا پەیوەندى بە ڕابردووى شیعریى خۆیەوە هەر بەردەوامە، بەڵام هەست بەوە دەکرێت کە ئەمەیان گەیشتنە بە وێستگایەکى دیکە لە ژیان و ئەزموونى گەورەبوون و بەساڵدا کەوتن. چونکە گەڕانێکى تاقەتپڕووکێن و جیددى بەناو ئەم بەرهەمەدا بەو ڕۆحە ترساوە ئاشنامان دەکات کە لە گەڕاندایە، بەو ڕۆحە شارەزامان دەکات و پێمان دەڵێت کە بەدواى چیدا گیرۆدەیە:

دواڕۆژ ماڵى شایستەى نەمرانە

درەختى مردنى تێدا بە سێبەر و بەر بکەین      سروودى زەوى: ل89

 

گەیشتم بە شوێن پێى خۆم و گوێ لە بێدەنگى مردن دەگرمسروودى زەوى: ل87

 

قەلەڕەش باڵە تەپە دەکات

منیش لەو ئاسۆیە دەڕوانم کە لەناو دڵمدا درێژ دەبێتەوەسروودى زەوى: ل94

 

*شیعر و ئاشکرا کردنى واقیعى خود

شیعر لێرەدا نامەى خودێکە بۆ دەرەوەى خۆى،خودێکى لەبیرکراو، خودێکى زیندانیى، کە لە ئاکامدا بووەتە تاقە دەستاوێژێک بۆ گەیاندنى کردەیەکى مرۆیى، بۆ گەیاندنى هەقیقەتێک کە ئادەمیزاد باجەکەیەتى، چوونە بەرەو پاکو بێگەردیی و پاکیزەیى، بەرزبوونەوەیە، گەیشتنە بە ڕووناکیى، ئەو ڕووناکییەى لە شەرمیدا پێغەمبەرەکانیش دەمرن، ڕووناکییەک کە تەماهى کردنە لەگەلڕ خودا، خودایەک کە ئامادەیییەکى کردەیى و پەیگیرى لە زۆربەى شیعرەکاندا هەیە و گوزارشت لە شتێکى زیندوو، شتێکى سەرئاسا دەکات، پێویستە دانبەوەدا بنێین کە شیعر بێچەند و چوون پابەندبوون و لایەندارى ڕۆحە، کراسێک نییە کرابێتە بەر شتێکى ئەبستراکت، ئەگەر وایش بێت ئەوا حەتمەن کراوەتەبەر هەندێک شتى بەرجەستە کە مانایەکمان پێدەبەخشن. بۆیە کە شیعر بێدەنگ دەبێت، کە شیعر دەستبەردارى خۆى دەبێت، ترسێک هەڵدەوەرێتە سەر خودى شپرزەى شاعیر و هەر هەموو شتەکانیش:

هەمیشە تەواو بوونى شیعر دەمترسێنێ           سروودى زەوى: ل79

*شیعر و زمانى خەون

دیارە ئیدى زمان درەوشانەوەیەک هەڵدەگرێ کە دەشێ پێشتر خەون زمان بووبێت و لە هەشتەمین کۆشیعر و لەم وێستگەیەدا خۆى بەدیهێنابێت. سەرەتا زمان دەچێتە دۆخى بەرایى خۆیەوە، وەکو کەرەستەیەکى خاوى لێدێت، ئومێدى ئەوە دەکات شتێکى ڕۆشن و جیاوازى لێوە بنیاد بنێت، نە زمانى ئاخاوتنى خەڵک بێت، نە ئەو زمانەیش بێت کەئەدەبێکى تەقلیدیى پەیجۆرى دەکات و گۆڕانکارى بەسەردا هێناوە و مەوداى لەگەلڕ زمانى ئاخاوتن وەرگرتووە ، ئیتر ئەوەى کە دێتە بەرهەم بە بارتەقاى خەیالڕ مەودا وەردەگرێت و دووردەکەوێتەوە، ناچارمان دەکات بەڕووى ئاسۆیەکى دیکەى درێژتر و بەرزتر ڕامێنین، لەو فۆرمەڵە نوێیەى کە شەقلڕ دەگرێت، وەکو ئەوەى یارییە سەیر و سەمەرەکانى یادەوەرى بێت لەگەڵماندا. لەڕاستیدا نووسین لەلاى شاعیری ئەم لێکۆڵینەوەمان، تەواو وەکو نووسین نییە لەلاى کافکادا، یانى کۆششێک نییە لەپێناوى مانەوە، بەڵکو کۆششێکە بۆ گۆڕینى چوارچێوە سوننەتییەکانى ژیان و ورووژاندنى چالاکییەکى ڕۆحیى، هەوڵێکە بۆ بەتاڵکردنەوەى زمان لە ڕەمزە تەقلیدییەکانى خۆى و هەوڵێکیشە بۆ کردنى مانا و سیمبوڵى تەواو جیاواز بە سەرنوێشتى هەموو ئەو وشانەى تامەزرۆى نوێبوونەوەن:

لەگەلڕ هەر دابارینێکدا

ترسى بوڕکان لە هەناوى زەوى کەمتر دەبێتەوەسروودى زەوى: ل79

 

لەبەر خاترى ئەوەى درەختى مردنم بە سێبەر و بەر بکەم

دڵم لە سینگمدا کتێبى نوێژەکانى هەڵگرتووەسروودى زەوى: ل87

 

*ئاستەکان و گوزارە لەخۆکردنى زمان

سەرەڕاى وێنە کتوپڕ وگواستنەوە بەردەوامەکان، چامە گشتێک پێکدەهێنێت و ملکەچى یەک ڕیتمە، ڕیتمێکى هێور و لەسەرخۆ کە لە ناخى قەسیدەکانەوە هەڵدەچێت. هەر قەسیدەیەک بە هۆى ئەم ڕەگەزى کتوپڕییەوە شۆکێکى کاتییانە بە وەرگر دەبەخشێ و وایلێدەکات پەیدەرپەى بگەڕێتەوە سەرى و هەوڵبدات ڕایەڵەى شتەکان پێکەوە ببەستێتەوە. هەموو دەقێکیشى بێگومان ژیانى تایبەتى خۆى هەیە و بەهێوریى پەرە دەسێنێت و پێدەگات. زمانەکەشى لە هەندێ ئاستدا نەبێت ئەگینا تەجرید دەیپێچێتەوە، لە هەندێ ئاستی تریشدا دەکرێ بوترێ ماناش پەردەپۆش دەکات و وامان لێدەکات داواى سرووش بکەین بۆ ئەوەى ئەو مانا شاراوانە کەشفبکەین و پێیان بگەین. لە ڕاستیدا هەموو ئاستێکى چامەکانیش خودانى ئەو چڕیى و مەندیی و دەوڵەمەندییەى زمان نین، لە هەندێ شوێن ڕاستەوخۆیى وەکو گانگرین بە بەشێک لە جەستەى قەسیدەکانەوە دەئاڵێت، جگە لەوە گوزارشتى ڕاپۆرت ئامێزییش باڵادەست دەبێت کە دیارە هیچ هەستێک ناورووژێنن، بەڵام ژیان پێداویستیى پێیانە و خۆى هەڵیان دەهێنجێنێت، دەشێت بڵێین لەو جێگایانەدا زمان گەلێک یەکئاست دەبێتەوە و لە خۆى بترازێ ئیحا بۆ هیچ شتێک ناکات و تەنیا چەمکە ناوبراوەکەى پاستەرناک دێنێتەدى، بەو مانایەى کە دەق ناکارێت مانا فەرهەنگییەکان بەجێ بهێڵێت، یان ڕەتیبکاتەوە و ماناى دیاریکراوى خۆى"یانى ماناى داهێنراوى خۆى"بە وشە ببەخشێت:

ئەو دارەى تەمبوورى لێ دروست کرا

ئەو دارەى تابووتى لێ دروست کرا

ئەو دارەى پەیژەى لێ دروست کرا

ئەو دارەى فەلاقەى لێ دروست کرا               سروودى زەوى: ل95

 

لە سەرەتادا تەنیا جوانیى هەبوو

نۆرەى کێیە جوانیى بکوژێ

لە سەرەتادا تەنیا وشە هەبوو

نۆرەى کێیە وشە بکوژێ

لە سەرەتادا تەنیا بەختەوەرى هەبوو

نۆرەى کێیە بەختەوەرى بکوژێ

لە سەرەتادا تەنیا نەمریى هەبوو

نۆرەى کێیە نەمریى بکوژێ                        سروودى زەوى: ل65

 

ماسیى حەوز

دۆلفینى ڕووبار

نەهەنگى دەریا

ئەختەبووتى ئۆقیانووس

ئیرەییان بۆ یەک تاوى سەندووە                   سروودى زەوى: ل19-20

 

گوڵدان

لەسەر لێوى پەنجەرە

لامپا

لەسەر لێوى پەنجەرە

دیوان

لەسەر لێوى پەنجەرە

شەمێ

لەسەر لێوى پەنجەرە                                سروودى زەوى: ل72- 73

*شیعروگەیاندن

ئەگەر شیعر، بە پێى بۆچوونى تۆڵستۆى گەیاندن بێت، ئەوا دەبێ گەیەنەر بێت، گەیەنەرى هەست و بیر و خەون و خواست و ئاواتەکانى مرۆ بێت، گەیەنەرى هەقیقەتى دۆخى مرۆیى بێت، هەقیقەتێک کە وردزوێرس ئاوا گوزارەى لێدەکات و دەڵێت: بە زیندوویى لە ڕێگاى هەست و سۆزەوە بۆ دلڕ دەگوازرێتەوە، بێگومان ئەو ئەرکەیش هەر تەنیا شیعر دەتوانێ بەو شێوەیە پێى هەستێت، کە ئەمەیشى ئەنجام دا ئەوا جێگۆڕکێ لەگەلڕ مانادا دەکات و سەرەنجام خودى شیعر خۆى ئامانجە نەک گەیەنەر:

جوانى لە بارێکى شڵەژاودا خۆى پێشان دام

دەموچاوى سروشت بە ئاسانى ئەشکەنجە دەدرێسروودى زەوى: ل32

 

دیارە لە دنیاى شیعریى سەباحدا سانسۆرێک لەسەر وشەکان و شتەکان هەست پێناکرێت، یانى هیچ وشە و شتێک لە کۆنتێکستى شیعریى ئاودیو ناکرێت، بە پێچەوانەوە هەست بەوە دەکرێت کە لە فەزاى شیعرەکانیدا قەڵەمێکى منداڵکارانە سەرقاڵى کردەى نووسینە و ڕایى دەکات، ڤیژنێکى منداڵانەی دەگمەنیش تانوپۆى دنیاکەى پڕ کردۆتەوە و پارێزگارى بە خۆیەوە کردووە،موتووربەیە بە بەرائەتێکى ناوازە و دنیایەکى ئەوتۆى ئافراندووە کە بێجگە لە شیعر بە هیچ شتێکى دیکە هاوچوون نییە، بۆیە تەماشا دەکەین دەقەکان وەکو گوان لێوانلێون لە ژیان، ژیان کەفوکوڵیانە و پێى زیندوو دەبن و هەڵدەچن، ئیتر شیعرییەت لەبەرزبوونەوەدایە، بەرزبوونەوەیەکى بەرچاوى دەستەبەرکردووە و زۆر بە زەقى دەرکى پێدەکرێت. ئیدى خواست و تمووحەکانى بەردەوام دنەى دەدەن، هەر وەکو ئەوەى نەگەیشتبێتە هەرێمى شیعری پەتیى، چونکە گەیشتن بەو شتەى کە ئاواتێتى پێی بگات، بەڕاى"ئۆسکار وایڵد"دەبێتە بکوژى ئەو شتە، واتە وەکو ئەوە وایە پێى نەگەیشتبێ، یانى دووبارە کردنەوەى ژیانێکى سیزیفییانە، واتە هەڵوەرینى هەموو تمووحەکان، هەڵبەتە تمووحەکانى شاعیر بێجگە لە هەنگاونان بەرەو ئەو جێگایانەى، کە کەس پێیان نەگەیشتووە شتێکى تر نین و لە ڕاستیشدا شیعر هەنگاونانە بەرەو ئەو شوێنەى کە نازانرێت چییە، بۆیە هەمیشە هەوڵەکان دووبارە دەکرێنەوە:

 

دەمەوێ بۆ شوێنێک بڕۆم

شوێنەکە تۆى ئەى شیعر                            سروودى زەوى: ل104

 

شاعیریش دیارە هەرگیز یادەوەرى ناپاکیى لێناکات، شەنکردنى شتە دێرینەکان بە سروەیەکى تازە هەردەم ڕۆحێکى بێوێنە و سەیریان پێدەبەخشێت و قووڵاییەکى تازەیش لە ناخماندا بەئاگا دەهێنێت. جیهان هەمیشە بەرقەرارە، سوواوە، لە ڕاستیدا زۆر دەمێکە سوواوە، پێیناکرێت تێیدا بەردەوام بێت، ئیدى بۆ ئەوە دەکۆشێت ئەڵتەرنەتیڤێک بخوڵقێنێ، یان لانیکەم بیدۆزێتەوە، جیهانێک دابهێنێت تایبەت بێت بە خۆى کە ئەویش لەو خەونانەدا دەرک پێدەکرێت کە ڕووبەرى دەقەکان خەواڵوو دەکەن. بۆ بەدیهێنانى ئەم بارەیش خەیالڕ دەبێتە پەرجووى شاعیر، دەبێتە جێژوان و تێیدا بە ئامانج و خواستەکانى دەگات، بەو شتانە دەگات کە واقیع لێیان بێبەرى کردووە، بەڵام تەنیا جەمسەرێک نییە لە پڕۆسەى شیعر نووسیندا، بەڵکو بەشدارێکى سەرسەختە و ئەگەر تەنیا خۆى تۆخ بێتەوە و ڕوون و نێت دەربکەوێت لەناو دیمەنى شیعردا ئەوا چیدى وەکو شاعیرێک دیارنامێنێ و دەبێتە خەوبینێک، خەوبینێک کە هیچ پێوەندییەکى بە دنیاى ئاگایى و دەرەوەوە نییە و لە هەموو شتێک دابڕاوە"بێگومان بە بێ بەشدارى کردنى ڕەگەز و ئێلیمێنتەکانى دیکەى کردەى نووسینى شیعریى":

 

باران وەک ئەوەى

بلیمەتى دەروونى ئاگرم پێ بڵێ

یان بەختەوەریى خۆى ئاشکرا بکات

دەنگى نزم کردووەتەوە و بە نەرمى لە گۆڕم دەدا

ئیدى دەبێ من گۆڕ جێ بهێڵم و بێمە دەرێسروودى زەوى: ل38- 39

 

ئاسوودەیى چرا بە دەستان

دەبێتە بەرى مزر و شیرینى درەختەکانسروودى زەوى: ل86

 

*کۆنسێپت و بەها شیعرییەکان

هەندێجار لە بەها شیعرییە ترادیسیۆنییەکان دوور دەکەوێتەوە، کۆمەڵێک ئامرازى پەیوەندى و وشەى پەیوەست بە ژێر لێوەوە دەکات، هەندێجارى دیکە فۆرم لەگەلڕ ناوەرۆکدا ئاتاجیان بە پرد ڕایەڵکردن هەیە، هەندێجاریش کۆنسێپت پێش وێنە دەکەوێت و بەدواى وێنەیەکدا دەگەڕێت تا بیکات بە جەستە بۆ خۆى، یان وێنە پێش کۆنسێپت دەکەوێت و بەدواى بیرۆکەیەکدا دەگەڕێت تا بیکات بە ڕۆح بۆ خۆى و پێى زیندوو بێت، هەندێجارى تریش بەهاى تەواوى بە زوبان داوە و پەیوەندى ڕاستەوخۆ لەگەلڕ شتەکاندا بەو هۆیەوە بەرقەرارە، جاروباریش لەگەلڕ لۆژیکدا مەودا وەردەگرێت و دوور دەکەوێتەوە، لە دنیاى واقیعیش دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکیشدا ئەگەر تۆزقاڵێکیش دووربکەوێتەوە ئەوا بۆ ئەوەیە لە خەیالڕ پتر نزیک بێتەوە، چونکە لەوە دڵنیایە کە تەنیا لەمیانەى خەیاڵەوە کە سێنتەرە، پڕۆسەى داهێنان ڕەوایەتى خۆى وەردەگرێت و شەقلڕ دەگرێت:

من باوەڕم بەو چپەیە هەیە کە نیگا دەیکاتە گۆرانى

گۆرانى ئێسکى لەشى ئەو مرۆڤە دەتوێنێتەوە کە چاوى دڵى ناسیووە

سروودى زەوى: ل102

لە هەواى ڕووندا مردم و نازم کێشرا

کتێبەکانم شانیان دایە بەر تابووتم

گالیسکەى گەڕەکەکان و بازاڕ بەدوامدا ڕۆیشتنسروودى زەوى: ل104

دیارە دووپاتکردنەوە هەندێ بڕگە لە جەستەى شیعرەکان وەکو دەنگ، یان مۆسیقاى زیادە لە بنیادى دەقەکاندا بەشدارى دەکەن، بۆ ئەوەیە کە شیعرەکان لە یەکنەوایى و یەکئاستیى دەرباز بکەن و ڕیتمێکى ئەوتۆى پێببەخشن کە بێزاریى بڕەوێنێتەوە و بەردەوامییەک بە خوێندنەوە بدات. هەروەها هەوڵێکیشە بۆ دۆزینەوەى ڕیتمێکى گۆرانیئامێزى بێ گرێ لەناو چوارچێوەى گشتیى ڕیتمى چامەکاندا، ئینجا بۆ هێدى کردنەوەى ئەو تووڕەییە شەففافەى کە لەودیو تێکستەکاندا ئامادەیی هەیە و خۆى مەڵاس داوە، بێگومان ئەو تووڕەییە نمایندەى هەڵچوونە، نمایندەى ساتەوەختەکانى پشێویى و شپرزەبوونى ناوەکییانەیە، زمانیش لە جوانییەکانى خودى خۆى بێبەری ناکات، چونکە بە خاوى و ڕووکەشانە بەکارى نەهێناوە و هەوڵى ئەوتۆى نەداوە تارمایى بخاتە سەر نهێنییەکانى بۆ ئەوەى تایبەتمەندێتییەکانى هەست و سۆز تاریک دابگێڕێت، بەڵکو بە مەعلانیى ساتوسەوداى لەگەڵدا دەکات و ناهێڵێت بە خاوى و خۆڕسکیى پانتاییەکان داگیربکات، کە بەرچاویشمان دەکەوێت کفتوکۆى لەناو حاڵەتێکى شیعریی پارسەنگدا دامرکاوەتەوە و بووەتە ئەو تووڕەییەى کە ئێستێتیکایەکى زیادەڕەوى بە دەقەکان بەخشیووە:

{بەس نەبوو/ ل9-10، ئەو بایەى گۆماوێک دەشڵەقێنێ/ ل30، ئەى ئەفسوونى دلڕ/ ل40-41، گۆرانییەک بۆ/ل 51، چاوەڕوانى هەواڵێکن چ هەواڵێک/ ل 58-60-62-71-72-76، شیعر دەستى لەسەر شانم دانا/ ل57-63، پێغەمبەرێک ڕووە و ماڵى خۆى دەڕوا/ ل64، لەسەرەتادا تەنیا جوانیى هەبوو/ ل65، خودا لە تەوراتدا/ ل68، گوڵدان لەسەر لێوى پەنجەرە/ ل72-73-75، چۆنت ویست ئاوها/ ل79، دڵم لە سینگمدا/ ل87، چیمان بۆ دەکرێ/ ل91، هەتاوى پڕ ڕەنگى/ ل93، ئەو دارەى تەمبوورەى/ ل95، نزیک قامیشەڵانێک/ ل99، دڵى گەلیان لە/ ل124}

*سیخناخکردنى شیعر بە ئامرازەکانى

بێ شک لە هەندێ شوێنیشدا هەست بەوە دەکرێت کە وێنەگەلێکى زۆر و زەبەند کەڵەکە کراون، گەرچى زیندووێتییەکى کاریگەریش بە وێنەکان بەخشراوە، کەچى خوێنەر پێیناکرێت ئەو بابەتە بەدیبکات کە لەودیویاندا خۆى حەشارداوە، ئەمە لەوحاڵەتەدا کە شاعیر بەشە ناوێنەییەکانى قەسیدەى پشتگوێ خستبێ کە دەکرێ بەهۆیەوە پێوەندی بنیاد بنرێت و بابەتەکەیشى پێ بەرجەستە بکرێت، وەلێ وێڕاى ئەوەیش کەڵەکە کردن و قانگدان و تێئاخنینێکى زیاد لە پێویستى وێنە بۆ ناو دەقى شیعریى هیچ شتێک دانامەزرێنێت جگە لەوە نەبێت کە"حاتم الێکر"دەڵێت"قەسیدەى سەرابیى"بەرهەم دەهێنێت و هیچى دى. بێجگە لەوە"جى. ئێم. تریڤیلیەن"یش ڕاى وایە شیعر: کە سەرناکەوێت لەبەر ئەوە نییە کە لە خەیالڕ بێبەرییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە خەیاڵێکى زۆر زیاد لە پێویستى تێدایە، واتە تەنیا خەیالڕ شیعر ناهێنێتەدى، هەر تەنیا وێنەیش شیعر ناهێنێتەدى،یانى نە پێویستە شیعر بە خەیاڵێکى زیادەڕۆ خەفە بکرێت، نە بە کۆمەڵێک وێنەیش لێوڕێژ بکرێت، هەر شتێک، هەر ئێلیمێنتێک لەناو شیعردا ئامادەیییەکى زیاترى هەبێت ئەوا بێ سێودوو هاوسەنگیى هونەریى لەقدەبێت و بە زەقییەوە بێ باڵانسیى پێوە دیاردەبێت، کە هەر ئەمەیش هۆکارى سەرەکى سەرنەکەوتنى قەسیدەیە:

کیسەلێ لە پێشبڕکێدا چى دەوێ

هەزار پێیەکى فریوو خواردووم بینى

دڵى خۆش بوو لە پێستى خۆیدا جێى نەدەبووەوە

چەنە لێدانێکى بەلاشى بوو لەگەلڕ شیعردا

میوە چەند بێ باک و شێتانە بەسەر سینگى درەختەوە پێدەگات

خودایە خۆ بە خۆت ئاگادارى

ئاڵاى شیعر چەندین جەنگاوەرى بە جەرگى لەناودا نێژراوە

سروودى زەوى: ل105-106

 

مانگ ئاى چەندت غەریبى دەکەم

بگەڕێیتەوە ناو دەفى دەستم

خۆر لە قووڵایى دەریادا خاو نابێتەوە

بەردى بن لم ماندوو ناژى و لە درێژبوونەوەى ڕۆژگار یاقووت

نازى دەکێشن

وێنەى ڕوخسارى ساوایەکى لە شیر بڕاوە و بەردێکم کێشا

زمان لەناو بڵێسەى گشت دەسەڵاتەکان داگیرسا

ئەى نەمریى لە دوو دنیا

ئاگرى ژیانمت لە دڵێکى ئەفسانەییدا کردووەتەوەسروودى زەوى: ل109

هەڵبەتە هەموو شیعرێک هەوڵێکى داهێنەرانەی تەواونەکراوە،هەوڵێکە سەرەنجام ماوەیەکى کەم شاعیر ئەفسوون دەکات و لێى خۆشنوود دەبێت، دواجار باى ڕاڕایى و دڵنیانەبوون ڕەزامەندییەکەى دەڕەوێنێتەوە، بۆیە هەوڵێکى دیکە شەقلڕ دەگرێت ودەڕسکێت، هەوڵێک و هەوڵێکى تر و کۆشیعرێک و یەکێکى ترو.....بێکۆتایى دووبارە بوونەوەى هەوڵەکان، ئیدى هەوڵى تەواوى ساڵەکانى ژیان دەبێتە چامەیەک کە هەرگیز تەواو نابێت و هەمیشە لەناو بەرهەمەکانى دیکەدا سەداى خۆى بەرجەستە دەکاتەوە:

دروود بۆ وچان و بەهرە و فەرهەنگى پاراو و بێ پایانى ئادەم

دواى تەواو بوونى هەر شیعرێک

ڕووبەڕووى یەک دادەنیشین

ئاو دەزێتە چاوى و بە شکۆ و هەڵچوونەوە شتێک دەڵێ

سروودى زەوى: ل78

*ناسنامەى شێواز

لە ڕاستیدا شێواز لەم چامانە خاوەنى یەک ناسنامەیە، چونکە نمایندەى یەک ئەزموونى پشوو درێژە، ڕۆحى هەر یەکەیان پڕکێشییەکى فرە بێهاوتاى تێدا نابینرێت بۆ تاقیکردنەوەى جۆر، یان شێوازێکى دیکە، لەپێناوى گەیشتن بە فۆرمیوولایەکى تاقی نەکراوە، فۆرمیوولایەک ڕووبەڕووى بڕیارێکى ترانسێندێنتاڵمان بکاتەوە، ڕووبەڕووىدەستپێکێکى تازەمان بکاتەوە کە ئاماژە بێت بۆ دنیایەکى تر، کە بۆ بەردەوامێتى شیعرێکى جیاکار بنیات نرابێت، شیعرێک کە لە خودى جەستەى زوباندا ئازادى هێنابێتەدى و وەکو فێنۆمێنۆلۆژیاى ئازادى بەدیار بکەوێت و بۆ هاوچەرخێتییەکى پێداویستیى خوڵقێن دەست بدات و پەیگیر بێت. هەڵبەتە شێواز بە وێنە، یان ڕەگەزێکى ناگەهان دەستپێدەکات و لە چامەکاندا دووبارە دەبێتەوە، ئیدى هەست دەکرێت هەموو دێڕێک گۆڕین و گواستنەوەى بابەت لەخۆ دەگرێت و لە هەقیقەتیشدا ئەو گواستنەوانە لە شتێکەوە بۆ شتێکى دى ئەو ڕەگەزى کتوپڕییەتۆخ و ئافەریدە دەکات. لە ڕاستیدا هەندێجار لە خۆمان دەپرسین ئایا ئەمانەى کە شاعیر پێیان هەڵدەستێت لە تانوپۆى چامەکاندا گەمەکردنن لەپێناوى ئامانجێکى دیاریکراودا کە ئێمە دەرکى پێناکەین، یان هەر ستایەڵێکە تایبەتە بە خۆى و مەبەستیش لێى گەمەکردن نییە. بەهەرحالڕ، لە زۆر شوێنى تردا هەست بەوە دەکرێت کە شاعیر لە قەیران و تەنگژەدایە، بێگومان قەیرانى بەساڵداچوون و نزیکبوونەوە لە کۆتایى، لە مردن، لە دنیایەک کە نادیارە، ڕەنگە دۆزەخ، یان بەهەشت بێت، لە شەیتان، یان لە خودا نزیکبوونەوە بێت. نزیکبوونەوە جەمسەرى گرینگى ئەو قەیرانەیە و ئیدى شیعر هەموو دەمامکەکانى جارانى خۆى وندەکات، یان فڕێیان دەدات بۆ ئەوەى تەمومژێک بڕەوێتەوە، بۆ ئەوەى ڕوونییەک، ڕوونییەکى دەگمەن خۆى دەستەبەر بکات:

ئادەم دەمامک وەک دەبدەبەى دەم با

بەولا و ئەملادا دەچێت                               سروودى زەوى: ل95

ئەو هەستکردن و درکاندنە میتافیزیکییەیش هەر بەردەوام دەبێت و لەبیرى ناچێت کە یەکێک لە پەیامەکانى خۆى بکاتە پێوەندییەکى بابەتییانە لە نێوانى دوو دنیادا. ئەو دوو دنیایەى کە لە ژێر کۆنترۆڵى هەڵبژاردنى ئێمەدایە، دنیایەک کاتییانە تێیدا جێگیر دەبین و ئەوى تریش ماڵى هەتاهەتاییمانە، بۆیە هەست بەوە دەکەین تیشکۆ دەخاتە سەر ئەوەى یەکەمیان، بەڵام بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ باسى ئەوى تریان دەکات:

ئاوى چاو لە کتێبخانەى ئاشکرابوونى هێماکانى دوو دنیا

بەسەر دەفتەرى شیعرمدا دەبارێت                 سروودى زەوى: ل114

 

هەندێک دەڵێن سەرەتاى ڕێگا فەڕ و جوانییە

هەندێکیش دەڵێن کۆتایى

ڕێبوارى سەرەتا و کۆتایى بووم

کۆتاییش وەک سەرەتا

هەمان هەستى بۆم هەبوو                            سروودى زەوى: ل11

 

دەتوانم باوەڕ بەو هەموو شتانە بهێنم کە بینیوومن

چونکە هەموویان خەون بوون                     سروودى زەوى: ل63

 

لە ماڵى هەمیشەییدا

کێل دەرگایە یان پەنجەرە                           سروودى زەوى: ل70

بۆ تاریک داهاتن زۆرى نەماوە                   سروودى زەوى: ل89

 

دلڕ جێ بەخۆ ناگرێ و بەردەوام جێ دەگوازێتەوە

ئەى جێ هەموومانت حەپەساندووە    سروودى زەوى: ل92

لە مانەیش بترازێت شاعیروەکو لە سەرەتادا ئاماژەى پێکرا خودانى ئیگۆیەکى هەڵئاوساو و نائاساییە، دەتوانرێ لە جەستەى قەسیدەکاندا زۆر بە ئاسانى جێ پێی هەڵبگیرێت:

ئەى هەقیقەت من باجى تۆم

تاج ئیرەییم پێدەبات                                   سروودى زەوى: ل57

 

ڕوخسارم ئەفسوونى ڕووناکى خودایە           سروودى زەوى: ل58

 

گەورەم نەشونما ئەگەر بە درۆ ماچ بکەم

خودا و خود سزام دەدەن                             سروودى زەوى: ل58

 

لە ماڵى تۆدا ڕادەکشێم و دەڕوانمە جوانیت ئەى خودا

سروودى زەوى: ل116

 

*دەرەنجام: ڕۆحى زوبان و کارکردى شیعر

ئەوى ڕاستى بێت شیعرى لە مەزنێتییەوە هەڵقووڵاو دەتوانێت کارکردێکى مەزنى بەسەر ڕۆحى زوبانەوە هەبێت بەو پێیەى کە"گاستۆن باشلار"ئاماژەى بۆ دەکات، وێنەى شیعرییش بێگومان لە زمانەوەپەیدا دەبێت و هەمیشەیش نەختێک لەسەرووى زمانى گەیاندن و ماناوەیە، مادامەکى ناوەرۆکیش شیمانەییە هەروەکو ئەوەى تیۆریستەکانى خوێندنەوە و وەرگرتن بۆى چوونە، کەواتە دەکرێ بڵێین خوێندنەوە، یانى هەڵهێنجان و پێشبینیى کردن و ئەنجامگیریى. بێگومان پڕکێشى ئەوەم نەکردووە بڵێم خەریکى ڕاڤەکردنى دەقەکان بوومە، بەڵکو لە هەندێ شوێندا هەندێک لە بەشەکانى ئەم ئەزموونەم بەرباسداوە و لە هەندێ شوێنى تریشدا بەپێى توانا هەوڵم داوە فەزاى گشتیى دەقەکان بدوێنم و سەرپشکیان بکەم بۆ ئەوەى بە پێناسەکانى نێو دەق، دەقەکان دووبارە شەقلڕ ببەخشنەوە. دیارە هەست و سۆزەکانى ناوتوێى شیعر هەتا بڵێى چڕوپڕن، شاعیر هەروەکو ستارۆبنیسکى بۆى چووە نکووڵى لە خودى خۆى دەکات و تێیدەپەڕێنێ و گۆڕانکارى بەسەردا دێت. لەوانەیە لە هەموو شوێنێکدا قووڵبوونەوە دەقەکانى دەوڵەمەند نەکردبێت، دنیابینییەکى مەحکەم و تۆکمە بەدینەکرێت، یان بەجۆرێکى تر بڵێین دنیابینییەکى وردوخاش و کۆڵاژکراو خۆى دەسەپێنێت، دەشێ لەوەوە سەرچاوەى گرتبێت کە شاعیر دەرک بە پەرتوبڵاویى دنیاکەى بکات، بێگومان لە دەرەنجامى هەست کردنێکى بەهێز بە تێپەڕینى تەمەن و بەساڵداچوون، کە ئەمەیش لەئاکامدا دەبێتە مایەى ئەوەى کە پشت لە یەکێتى بابەت بکات و لە تانوپۆى بەرهەمەکاندا لاواز بەدەرکەون، یان نادیاربن. هەڵبەتە تێکست بە پێشمەرجیى خودیى و بابەتیى مەحکوومە، واقیعى خۆى بەدەر لە واقیعى مەوزووعی بنیات نەناوە، بەڵکو کۆمەکى لێوەرگرتووە بۆ ئەوەى واقیعێکى ئەوتۆ بخوڵقێنێ کە جێگاى بڕوا بێت، یانى سەرچاوەى هەبێت و ئەمەندەیش خەیالڕ نەیپێچێتەوە، کە لە خوڵگەى باوەڕ پێ هێنانەوە دوور بێت و بە چاوى ئاسایی نەبینرێت. بێجگە لەمانەیش، لە ڕاستیدا شیعر لەپێناوى کۆمەڵێک وێنە، یان کۆمەڵە خەیاڵێکى چەمووش و کۆمەڵە هەستێکى هەیەجانئامێز و هەڵچوودا نایەتەدى، بەڵکو گشتێکە و لە کۆمەڵێ بەش و ئێلیمێنتى بچووکتر پێک هاتووە، کە لە دووتوێى ئەم نووسینەدا ئاماژەمان پێیانداوە. لەیادیشمان نەچێت ئەوەى کە لێرەدا بە زەقى پەی پێدەبرێت ئەوەیە کە شاعیر دیسان بۆ چەسپاندن و سەقامگیرکردنى ڕەمزە کۆنو ئەفسانەکانى خۆى هەوڵێکى دژوار و جیددى داوە، توانستى بێوێنەشى لە کۆکردنەوەى دژوازییەکان پیشانداوە و جاروبار بە تەمومژێک ڕتووشى قەسیدە دەکات کە ئەوەیش بێ شک کۆمەکى وەرگر دەکات بۆ ئەوەى پتر لە پێکهاتە و کەرەستە هەمەجۆرەکانى شیعر وردبێتەوە و لێیان ڕابمێنێت و تەئەمموولیان بکات.

دیارە لەسەرەتادا مەبەست و نیازم ئەوە بوو هەڵوێستەیەکى پشوو درێژ بەرانبەر بە خەون و وێنەى شیعریى ئەم ئەزموونە بکەم، بەڵام نەدەکرا هەندێ لایەنى دیکە بازنەدەنە دووتوێ و ڕووبەرەکانى ئەم هەوڵەى دیاریکردنى فەزاى گشتیى دەقەکانى لەئەستۆ گرتبوو. لەڕاستیشدا ئەم ڕاوبۆچوونانە ئەگەرچى بەشێکیان زۆر گشتین، سەرەڕاى ئەوەیش بۆ ئەوە دەرنەبڕاون هەتا بە شێوەیەکى کاتیگۆریکییانە وەربگیرێن، چونکە دواجار هەموو شتێک هەر ڕێژەییە و شتى لەو بابەتە ڕەها بوونى نییە. بەهەرحالڕ من هەتا ئەم ساتەوەختەیش پێموایە خوێندنەوەیەکى بەر پرسانە و جیددییانە بۆ ئەزموونى شیعرى (سەباح ڕەنجدەر) ئەنجام نەدراوە و زاتى ئەوە دەکەم بڵێم ئەم ئەزموونە بە پێچەوانەى ئەوانەى پێشووى دنەمان دەدات ئەو گۆشەنیگا پێشوەخت و ئامادەیە شکست پێبهێنین لە گەیشتن بە شانشینى شیعرەکان، بەڵکو وامان لێدەکات ببینە خاوەنى گۆشەنیگایەکى (تەواو جیاواز)، کە ئەوەیش بە تێڕوانینى من تاقیکردنەوەى دنیابینیى و دیدێکى ترە بۆ سمینى دنیایەکى تر کە دنیاى دەقى کراوەیە و چەندین گریمانە هەڵدەگرێ و هەڵوێستى جیاجیا دەورووژێنێ و بێگومان هەر هەڵوێستەیەکیش بۆ ئەوەى کارفەرما و ئەرکى خۆى بە چەشنێکى دانسقە بەجێ بهێنێ پێویستە لە یەک گۆشەنیگاوە بڕوانێتە داهێنانى ناوازە هەتا بە جۆرێکى دروستتر دەرەنجامە سوودمەندەکان بە وەرگر بگەیەنێت. دواجار، ئەوەى نەوتراوە ئەوەیە کە هەموو شاعیرێکى داهێنەر شتێک دەگرێتە ئەستۆ، با ئەو شتە ناو بنێین گۆڕین، گۆڕینى دنیا ناڵێم، بەڵکو گۆڕینێکم مەبەستە هەر چەندێ ناچیزیش بێت هەر گرینگ و پڕ بایەخە، بەڵام ئەگەر گۆڕینى دنیابینیى مرۆڤ بێت ئەوا بێچەند و چوون شاعیر بە زیادەوە پەیامى ترانسێندێنتاڵى خۆى گەیاندووە و مەبەستى خۆیشى پێکاوە.

نیسان و مایسى 2012: لەندەن

 

 

 

 

 

 

سەرچاوەکان:

1ـ ڕرشیبالد ماکلیش ـ الشعر و التجربە ـ ترجمە: سلمى الخچراء الجیوسى ـ مراجعە: توفیق الێایغ ـ دار الیقچە العربیە ـ مۆسسە فرانکلین للگباعە والنشر ـ بیروت، نیویورک 1963.

2 ـ محمد مبارک ـ مواقف فى اللغە والادب والفکر ـ دار الفارابى بیروت ـ مکتبە النهچە بغداد 1974.

3 ـ د. على جعفر العلاق ـ فى حداپە النێ الشعرى ـ دراسات نقدیە ـ دار الشۆون الپقافیە العامە ـ الگبعە ڕلاولى ـ بغداد 1990.

4 ـ سى. دى. لویس ـ الێورە الشعریە ـ ترجمە: د. احمد نێیف الجنابى و اخرون ـ دار الرشید للنشر ـ بغداد 1982.

5 ـ حاتم الێکر ـ مواجهات الێوت القادم ـ دراسات فى شعر السبعینات ـ دار الشۆون الپقافیە ـ بغداد 1986.

6ـ ڕوجیە جارودى ـ واقعیە بلا چفاف ـ ترجمە: حلیم گوسون ـ مراجعە: فۆاد حداد ـ دار الکتاب العربى للگباعە والنشر ـ القاهرە 1968.

7 ـ جبرا ابراهیم جبرا ـ النار والجوهر ـ دراسات فى الشعر ـ المۆسسە العربیە للدراسات والنشر ـ بیروت ـ بدون تاریخ.

8 ـ د. محمد خیر البقاعى ـ بحوپ فى القراءەو التلقى ـ مرکز الانماءالحچارى ـ حلب 1998.

9 ـ کریستوفر کودویل ـ الوهم والواقع ـ دراسە فى منابع الشعر ـ ترجمە: توفیق ڕلاسدى ـ دار الفارابى ـ بیروت 1982.

10ـ نیما یوشیج ـ ڕرزش احساسات و پنجمقالە در شعر و نمایش ـ انتشارات گوتنبرگ ـ 1351.

11ـ عبدالعلى دست غیب- نیما یوشیج (نقد و بررسى)- انتشارات پازند- چاپ دوم 1354.

12ـ ڕدبیات نوین ایران ـ از انقلاب مشروگیت تا انقلاب اسلامى ـ ترجمە و تدوین: یعقوب اژند ـ انتشارات امیر کبیر ـ تهران 1363.

13ـ فەرهەنگى زاراوەى ئەدەبى و ڕەخنەیى ـ نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد ـ بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوە ـ سلێمانى 2011.

14- Gaston Bachelard-The Poetics Of Space- Translated by: MariaJolas- Beacon Press- Boston 1994.

15- Poetry 1900- 1975- Edited by: George Mac Beth-Longman With Faber and Faber- Ninth impression 1989.

 

 Image result for dikt kunst

گەڕان بۆ بابەت