ما 6438 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

چیاکان ڕووناک بوونەوە و سوارەکان لە دەمى ئاسۆ هاتنەخوارەوە / ئاسمان داگیرسا و دەچینە ناویەوە / ئێمە هەین وەک ئەستێرە و بوێریشین وەک بەیەکگەیشتى ڕەنگەکانى پەلکەزێڕینە / ناوکى پشکۆ ڕەنگى لە ڕەنگى پەلکەزێڕینە ماتترە.

 

ئەو سێوە ساردەم لە ئادەم وەرگرت

سەباح ڕەنجدەر

ناوى پێشترى زەوى

بەکێوکەوتوو لەسەر ئەسپى چەتەیى نەکەوت    خۆى چەکى شانى دانا و لە چیاکانەوە بۆ ناو مەلەوانگاى شار هاتەخوارێ    یادەوەرى بیرکەوتەوە و بوێریی ئەوەى کرد قسە لەگەڵ خۆیدا بکات و خەونى بە خۆوە بینیوى لێکبداتەوە    لەبەر هیچ نا تەنیا لەبەرئەوەى ویستى ئەسپ و ئوتۆمبێل و کەپر و کۆشک و ڕێگاى تووش و شەقامى ئارام و پەنجەرە و ئاسۆى پێکەوە خۆش بوێ و ئاوازی زۆریشى لەبارەى بەلەمى کاغەزین و کەشتیی نووح و ڕووبارى تەنک و لافاو کردە بەیت و داستان و خوێى نان    تۆپەڵێک بەفرى چیاى هێنا و لەسەر بەردى شەقامەکان تواندییەوە    ویستى شەقام بە  روخسارى شۆراویی پاکى بەیانیانى ببینێ    چیاکان کەسیان تێدا نەمێنێت دەمرن    باش لە دەشتایى ناچێتە دەرەوە    زەوى وەک منداڵى تێر شیر و خەو لە باوەشى چەکوشێکى ئاگریندا نوستووە و مێشى چەتوون لە برینەکانى دەردەکات و بە ڕێکخستنە ساکارەکەى دەمێنێتەوە    پێش ئەوەى مردوو بمرێت و شوێنێک هەبێت بۆ ناشتن زەوى ناوى پەلکەزێڕینە بوو    بۆ کردنەوەى دەرگا کلیل لە قفڵدا دەسووڕێ    چیاکان ڕووناک بوونەوە و سوارەکان لە دەمى ئاسۆ هاتنەخوارەوە    ئاسمان داگیرسا و دەچینە ناویەوە    ئێمە هەین وەک ئەستێرە و بوێریشین وەک بەیەکگەیشتى ڕەنگەکانى پەلکەزێڕینە    ناوکى پشکۆ ڕەنگى لە ڕەنگى پەلکەزێڕینە ماتترە.

 کانوونى دووەمى 2017 هەولێر

ئەو سێوە ساردەم لە ئادەم وەرگرت

دواى خوێندنەوەى دەست و خەتم خۆم ڕاهێناوە بچمە پیاسە و گفتوگۆى چاو لەگەڵ کەژاوەکانى شەقام گەرم کەم و هیواکان وەک سێو بە تەنافى ڕێگاکانەوە کراون مەیان لێ دەڕژێ    گەواڵەیەک زەوى خۆى نەدواندبوو بەسەر بێشەرمیى خۆیدا ڕژا و دەمارى گرتم    وەختبوو دەمارەکانم لەناو جەستەم بێنە دەرەوە و دەروونم بە تووڕەیی بمێنێتەوە    نیشتیمان    دایەگەورە سنوورەکانت فریودەرن    دڵى گەرمى بەیان و چاوى ڕۆشن دەبەخشنە چەتە بازوو بادراوەکان    جەستەش لەناو درەختەکانە تەمبەڵى پاشەکەوت دەکات    دەتوانن وەرزێک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و سەرى گەنجینەى تێدا هەڵدەنەوە    ئەم جەستە پڕخوێن و برین و دەمار هەڵکێشراوە چەند بەرگەى ئەم جۆگەلێهەڵگرتنە دەگرێت    دەست و خەتى نیشتیمانیان هێناوە پێش خۆى و لە هەموو شتێک گەیشت    بە تووڕەیییەوە ئێمەى لە باوەشى خۆى فڕێ دا و سەرمان بەو بەردە کەوت کە بوڕکان لە قووڵایییەکانى زەوى هەڵیدابووە دەرێ    هەوا تاریک دابێ چاو هەموو شتێک دەبینێ    خۆر ناتوانێت هەڵبێ بارێکى گرانى لەسەر شانە    لاولاوى لە ڕەگەوە قرتێندراو زوو بەلادادێ    لەناو بێستانیشدا تەڵە بۆ کەروێشک لەترازە و داربەڕوویەکى گەورەش لە پشت لانەى هەیە بە باى باڵى ئەو باڵندانە دەلەرێتەوە بەسەرى دەنیشنەوە    باڵندە نەخشەى زەوییان کێشا و دایانمەزراند منیان لەبەردەم ئاگر و جەنگدا بێ پەنا جێ هێشت و چوونەوە ئاسمان    گوتیان هاتین و دەڕۆین دیسان دێتەوە وەک ئەوەى موگناتیسێک لە پشتى کاغەزێکدا بجووڵێنیت ئاوا منیان لە زەویدا جووڵاند لە دەستى چەپم ئادەم و حەوا لە پێش دەرگاى ئەم کوخە ڕاوەستاون کە بۆى فڕێدراون تەماشاى ئەو هەورانە دەکەن بە ڕوونى تێدەپەڕن و دەڵێن لکەکانى دارسێو ساردە وەک دەست و قاچى مردوو

شوباتى 2017 هەولێر

 

لە ئێستاى ئەم دەستنوێژگرتنەدا کەروێشک وشەیەکى گوت

لە دەمى جۆگەیەکدا دەستنوێژم دەشوشت

هەتاویش لەپشت هەور خۆى دواخستبوو

لە ئێوارەى نزیک دەکردمەوە

کەروێشکێکى تۆقیو لە بناردا هاتەخوارێ

ناوچەوانى گەرمی بە دەستى تەڕم وەنا و برین لە قووڵایییە

چاوى هەڵێنا و بە چاو داوای کرد

لە پێشەنگاى کەلەپووردا تەماشاى کەوڵ بکە و هیچم لێ مەپرسە

سوارێک پڕیشکى ئاگر لە ناڵى ئەسپەکەى هەڵدەستا و هەڕەشە بوو

چاویشى  لە شانەى کلاشینکۆف داڕێژرابوو

خۆى هەڵیبژاردبوو

لێرە لە شوێنى دەستنوێژشوشتن و دەشتودەرى ئازاددا

دواى ڕژانى ترسێک

دواى دڵنیابوون لە بیرکردنەوەى سەر بەردەباز

دواى ڕەوینەوەى تاریکى بۆسەیەک

دواى تەنکبوونەوەى چاڵە قووڵ و پڕ ئاوەکان

دواى ئەوانەش زەوى مەتەڵێکى منداڵانەى داینێ

وا خەریکە کەروێشکێکى پێ لەسەر چەقۆ و قانەگیا

خۆڵى لانەیەک هەڵدەداتەوە و گەرموگوڕى ماڵە باوان ڕادەگەیەنێت

یەکەمجار کەروێشکێکى خرپن بۆ خەوێکى کورت زەوى هەڵکۆڵى و گەرمایى زەوى دۆزییەوە    

گژوگیاش تف ناکاتەوە

شوباتى 2017 هەولێر

شیعرێکى بڵاونەکراوە

18/11/1965 ژیانم بەئاگاهێنایەوە    16/8/1989 بووک لە کەژاوە دابەزى و ژیان سادەتر بووەوە    هاتە سەر ئەو سەکۆیەى دایکم نوێژى لەسەر دەکرد    چەناگەى لەسەر سەرى دانا و هەردوو دەستى بەرزکردەوە و پاشان لەناو جامێک ئاوى ڕوونى نا    ئەى ئاسوودەیی هەردوو دیوى چیا بووکەکەم ناوکى ڕووناک بێت و هەور بجووڵێت    هەور جووڵا

 10/10/1990 یەکەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى  جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى    5/6/1992 دووەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى    17/4/1996 سێیەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى  جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى    15/1/2001 چوارەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى  جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى    6/7/2004 پێنجەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى  جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى 20/12/2007 شەشەمین نەخشى خودام نوقڵى بەیانیى  جەژنى خستە دەستى دایکە زەوى   

تا کاڕکاڕەى ڕۆح بەو مێژووانەى نوقڵیان خستووەتە دەستى دایکە زەوى فڕیوم و ترپەکانى دڵیان ڕێکخستووم و لە خۆشحاڵیدا چاوم درەوشاونەتەوە                                                                      

ناوکى ڕووناک دەرگا بە سۆفى حەفت زەوى و ئاسمان بگرن     تووڕەیی ڕووناکى هێمن بکەنەوە و ئەم شیعرەم بۆ بڵاوبکەنەوە ئەو نوقڵ بەخشانەى لە شیعرەکەمدا خەونم جریواندوون تابووتەکەم لەسەر شان دانێن     یان لەسەر پشتى ئەسپى حەساوەى دواى ڕاو    سڵاوم هەیە سڵاو     خۆم باشم و هەموو شتێکیش شێوەى وەرگرتووە و شایەنى ئەوەن لە جەنگ ڕزگار بکرێن    نەمریی پیاڵەى پڕ کردووم و نامەردان لەناو ئاوى ڕەش سەوڵیان لە دەست خزیى و چاوی شەرمەزارییان بردە ناو تفرى لە مار جێماو    ماڵەکەم لە ناوەڕاستى هەولێرە درەختى حەفت زەوى و ئاسمان لەبەر پەنجەرەکەم لە گەشە بەردەوامن و بۆنیان هێناوەتە ژوورێ     هەر باڵندەیەک جارێک هەرجارێک بینیمیبێت دێتە ناو لک و پۆپەکانیان بۆنى شیعرە بڵاوکراوەکەم هەڵدەمژێ و دەچێتە ڕووناکى دیدارێک    دەنگى بە بۆن بەرزدەبێتەوە    ئەم ژیان بە ئاگاهێنەرە پێش چل ساڵى بووە پێغەمبەر

 

 

                                                           ئادارى 2017 هەولێر

Image result for eva sitt eple kunst

گەڕان بۆ بابەت