ما 3981 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەناوبانگبوون خۆشە، بەڵام چۆن؟
بەناوبانگبوون خۆشە! زۆر کەس لەم ژیانەدا بەشوێنیەوەن، هەرچەند زۆرکەسیش رقی لێیەتی. ئەوانەی حەزیان بەناوبانگبوونە، تامەزرۆی سەرنجی خەڵک و بینینی کارتێکەری خۆیانن لەسەر دەورووبەر، ئەوانەیشی رقیان لێیەتی و خۆی لێ دەبوێرن، پێیان وایە گەر بەناوبانگ بن ئەوا ئارامیی ژیان لەدەست دەدەن و بگرە دەکەونە بەر بەخیلیی خەڵکی دیکە و بۆیە ئاسانتر لەم هەموو بوارێکەوە دەکەونە بەر دەستدرێژیی کەسانی ترەوە.
 
بەڵام وەک وتمان بەناوبانگبوون خۆشە و زۆر کەس عەوداڵین.
 
یەک لەوانە نووسەران و قەڵەمبەدەستانن. بێگومان یەکێک لە دنەدەرەکانی نووسین لای هەندێ کەس دەتوانێ ئەمە بێت، هەرچەند گەر هەر ئەمە بێت ئەوا قەت نابێ بە نووسەری چاک!
 
بێگومان بەناوبانگبوون لەخۆیدا باشە. بەو مانایە کە ئەوە دەگەیەنێ بەرهەمی کەسەکە جێگای سەرنجە و دەخوێندرێتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە چلۆن نووسەرێ دەتوانێ بەناوبانگ بێت؟
بۆ بەناوبانگبوون، دەق، واتە بەرهەم سەرەکیترین مەرجە. بە بێ دەق، ئەویش دەقی باش و داهێنەرانە، بەناوبانگبوون لە ئاستی شیاو و پێویستدا مەحاڵە. بەڵام هەندێ کەس وای تێگەیشتوون کە خۆبینینەوە لە ناو کۆڕوکۆمەڵە خاوەن پرستیژەکان و دروستکردنی پێوەندی و بە ئەشەمیللاگوتن و هەڵگوتن بەم و ئەوی تردا، واتە ئەوانەی لە مەیدانەکەدا هەن و دەنگ و رەنگێکیان هەیە، ئەوا هەر کە دەقێک یان چەند دەقێکیان بەرهەم هێنا، ئیتر بە شوێنی شیاوی خۆیان دەگەن و، خەونەکەیان دێتە دی. ئیتر پاڵی لێدەدەنەوە!
 
بەڵام جیهانی نووسین بێ رەحمە. هەزار ئەوەندەیش خاوەن پێوەندی چاک بین، ئەوا بە بێ بەرهەمهانینی دەقێکی باش، فریامان ناکەوێت.
 
بە واتایەکی تر لەدووا پێناسەدا تەنیا دەق و بەرهەمە بڕیاردەرە. تەنیا دەق.
 
گەر دەتەوێ بەناوبانگ بی، دەبێ بنووسی. نووسین و نووسین، ماندووبوون و ماندووبوون، ئارەقکردنەوەی مێشک و ئارەقکردنەوەی مێشک،... بە بێ کۆتایی و بە بێ سنوور. هەڵبەت لەبیریشت بێت کە لە تەواوی ئەم کاتانەدا دەبێ فکرت تەنیا لای دەقەکەت بێت، نەک لای شتی تری وەک بەناوبانگبوون!
 
ئەمەت لەبیر بێت!
 
سایتی قەلەم
 
٢ ئاپریلی ٢٠١٧

Bilderesultat for gal etter å bli kjent kunst

 

گەڕان بۆ بابەت