ما 4034 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هونەر و دەسەڵات
هونەر دەتوانێ پێوەندی بە هێز و دەسەڵاتەوە هەبێ. لە سەرتاسەری مێژوودا دەبینین لە هونەر وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی گەورەیی و نواندنەوەی هەیبەتی دەسەڵات کەڵک وەرگیراوە. بۆ وێنە بڕوانە کۆشک و تەلارەکان، یاخود کلیسا و مزگەوتەکان.
گەورەیی، شێوازی دروستکردن و رازاندنەوەی ئەم بینایانە، وەها کاریگەرییەک لەسەر بینەر جێدێڵێ کە ناچاری دەکا لە ئاست گەورەیی و هێز و دەسەڵاتی دانیشتوان یان خاوەنەکانیان چۆکی ملدادان و خۆبچوکبوون دابدات. راستییەکەی ئەوەیە کە هەمیشە هێز و دەسەڵاتەکان لە هونەر ئەوپەڕی کەڵکیان وەرگرتووە.
 
لە راستیدا هونەر خۆی لەخۆیدا فڕی بە سەر هێز و دەسەڵاتەکانەوە نیە. چونکە هونەر دیاردەیەکە خاوەنی چوارچێوە و مانای تایبەتی خۆیە کە تەنیا گوزارشت لە خۆی دەکا، هەڵبەت خۆیەک کە هەوڵدەدا بە شێوازی خۆی بڕوانێتە ماناو دیاردە بنەڕەتیەکانی ژیان و یەک لەوان دەسەڵات، ئەویش بە شێوەی کۆنکرێتی، لە راستیدا هەوڵێک بۆ گەیشتن لە بنەما و مەعناکانیان. هونەر قەت وەک دەستپێکی خۆی، خزمەتکردنی دەسەڵاتی وەک نێوەڕۆک و مەبەستی خۆی پێناسە نەکردووە. کەواتە خزمەتکردن بە هێز و دەسەڵات،  بۆ هونەر خەسڵەتێکی دەرەکیی و لاوەکییەوە و ناتوانێ بەشێک لە زاتی بێت.
 
بەڵام وەک دەبینین لە هونەر دەتوانرێ بەمەبەستی خزمەتکردن بە هێز و دەسەڵات کەڵک وەربگیردرێ. کەم نین تەنانەت ئەو نیگارکێش، پەیکەرتاش، شاعیر و نووسەرانەی وا بەرهەم بۆ سەلماندنی ئایدیایەکی سیاسی کە پێوەندی راستەوخۆی بە دەسەڵات و هێزەوە هەیە بەرهەم دێنن.
 
هەڵبەت ئەمەیش دەتوانێ شێوازێک لە هونەر بێت. بەڵام ئەم شێوازە، مەسرەفەکەی کاتییە و ناتوانێ بمێنێتەوە. چونکە هەر کاتێ مەبەست و داواکە بەدی هات ئەوا ئیتر بەرهەمەکە لە کەڵكی پێویستی خۆی دەکەوێ.
 
تەنیا ئەو هونەر و ئەدەبە زۆر دەمێنێتەوە کە بە بێ گوێدانە هێز و دەسەڵات، بە فۆڕمی خۆی تەنیا لەسەر دەربڕینی وێناکانی خۆی لەمەڕ جیهان و بوون یەکانگیرە. ئەم جۆرە هونەرە تەنانەت بە شێوازی غەیرە ئامرازیش لە دەسەڵات و هێز دەڕوانێ. ئەم جۆرە هونەرە نایەوێ خزمەتگوزاری ئایدیایەکی دەسەڵاتی تایبەت بێت ئەوەندەی کە دەیەوێ دەسەڵاتیش وەک هەموو پنتە گرینگەکانی تر بە شێوازی خۆی لێی بڕوانێ.
سایتی قەڵەم

 

٥ ئاپریلی ٢٠١٧

Bilderesultat for makt kunst

گەڕان بۆ بابەت