ما 4126 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تەنیایی، بەڵای جیهانی مودێڕن
لە فیلمکێکی شێوە دێکۆمێنتاری نۆروێژیدا کە لە سەر گروپێکی توندڕەوی ئیسلامی بە ناوی 'ئۆممە' لە نۆروێژ دروستکراوە و لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی ئەم وڵاتەدا بڵاوکراوەتەوە، باس لە کەسێکی ئیسلامی دەکرێ کە ئەگەرچی لە نۆروێژ لەدایک بووە و گەورەبووە (بە باکگراوندی پاکستانییەوە)، کەچی دەبێ بە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی ئیسلامییە توندڕەوەکان و هەوڵدەدا لە رێگای ریکلامە و بەئەندامکردنی خەڵک و ناردنیان بۆ سووریا، یارمەتی ئەو دەسەڵاتە داعشییە بدا کە بە دەوڵەتی ئیسلامی بەناوبانگە.
فیلمەکە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ وێنایەک لە ناوەوە لە رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکان و شێوازی کاریان پەیدا بکەن، دەتوانێ زۆر سەرنجڕاکێش بێت. ئەم فیلمە تیشک دەخاتە سەر زۆر لایەنی ئەم رەوەتانە و دەتوانێ زۆر هۆکاری سەرهەڵدانی ئەوانمان بە تایبەت لە ئەوروپا بۆ شیبکاتەوە.
 
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ئەم فیلمە ئەو کاتەیە گوتەبێژی گروپی ئوممە لە شوێنێک دا دەڵێ کە محەممەد پەیامبەری ئیسلام گوتویەتی پێویستە هەموو کەسێ ئەندامی گروپێک (جماعت) بێت بۆ ئەوەی هەست بە تەنیایی نەکات، چونکە لەناو گروپدا بوون دەبێتە هوی حەزبەژیانکردن و خۆی لە خۆیدا دەتوانێ زۆر دنەدەر بێت بۆ ژیانێکی چالاکانە. لەگەڵ گروپ یان جەمع دا بوون دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەست بە 'تعلق' واتە لەگەڵابوون لە گەڵ ئەوانی تر بکات. ئەوسا دەڵێ ئەمە شتێکە کە مرۆڤ لە نۆروێژ هەستی پێ ناکا.
 
پاشان یەکێک لەو کەسانەی کە لە لایەن ئەم گروپەوە کراوە بە ئەندام و بە رەچەڵەک نۆروێژییە، دەڵی کە موسوڵمان بوون لای گرینگە، چونکە هەست بەوە دەکا لە هەموو شوێنێ خاوەنی خوشک و برایە، ئەمە لە کاتێکدایە کە نۆروێژ کۆمەڵگایەکی داخراوە و مرۆڤ لەم تایبەتمەندییە بێ بەرییە.
 
ئاشکرایە کە هەر دووکی ئەم کەسانە کە یەکیان باکگراوندی پاکستانی هەیە و ئەوی تریان نۆروێژی، بەڵام هاوکات لە کۆمەڵگایەکی مودێڕندا گەورە بوون و پێگەیشتوون، لە باری دەروونناسییەوە هۆکارێک دەخەنە روو کە یەکجار گرینگە، ئەویش تەنیاییە.
 
 
راستییەکەی ئەوەیە کە لە وڵاتانی مودێڕنی وەک سکاندیناڤیا سەرەڕای ژیانی باش و ئەو دەوڵەتە خۆشگوزەرانەی کە هەیە، بەڵام تەنیایی کێشەیەکی سەرەکیی بەشێکی بەرچاوی مرۆڤەکانە. کێشەیەک کە هەڵبەتە خودی کۆمەڵگاکەیش لێی ئاگادارە و هەوڵدەدەن بە جۆرەها شێواز بەرەوڕووی ببنەوە.
 
 
هەست بە پەراوێزی و نەدیتران لەلایەن ئەوانی دیکەوە، دەتوانێ سەرچاوەی گەلێک ئازاری دەروونی بێت. ئەو ئازارەی کە دەکارێ بەرگی جۆرەها ئایدیۆلۆژیی توندڕەوانە پەیدا بکا و مرۆڤ هانبدا بۆ خۆبینینەوە لەو کۆ و گروپانەدا وا ئاشقی یەکترن و کەچی هاوکات بە نەفرەتێکی بێ پایانەوە لەوانی تر دەڕوانن. نەفرەتێک کە بە ئاسانی دەتوانێ بکوژێ و ببێتە سەرچاوەی شەڕە ترسناکەکان.

 

سایتی قەڵەم

 

٨ ئاپریلی ٢٠١٧

 Bilderesultat for ENSOMHET KUNST

گەڕان بۆ بابەت