محەمەد محەمەدمرادی

سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، کەماڵی سەید قادر و عەبدولموسەور و کەسانی تریش هەر لەژێر ئەم دەسەڵاتە سیاسییەدا و لەم کۆمەڵگادا تێرۆر [و ئەتک] کران، بۆیە ئەم ڕووداوە یەکەمجار نییە و دواجاریش نابێت. ئەم دەسەڵاتە ئیتر هیچ نەماوە نەیکات و چاوەڕێی هەموو شتێکی لێدەکرێت. 

 

 

جوگرافیای سەرکوت، لە سۆرانی مامە حەمەوە تا فەرهاد پیرباڵ

محەمەد محەمەدمرادی

ئەوەی کە فەرهاد پیرباڵ ئەتوانێ ببێتە کاندید بۆ خەڵاتی باشترین قەشمەڕی پێنج ساڵی ڕابردوو، هەرگیز پاساوی ئەو دڕندایەتییە نییە بەرامبەری کرا. ڕووداوەکە بەتەنیا خۆی ئەوندە قیزەون و ترسناک هەیە کە ببێتە بابەتی نووسین و بیرکردنەوە، بەڵام لە پەراوێزی ئەم ڕووداوەدا کاردانەوەکانی خەڵک، کۆمەڵگای مەدەنی و مەجازیش زۆر مانادار و جێی ڕامان بوون. هەربۆیە خوێندنەوەی ئەتۆمیستیی ئەم ڕووداوە لام وانییە ئەنجامێکی هەبێت و، لە ئەساسدا ئەم ڕووداوە دەبێ لەناو گشتیەتێکی گەورەتردا لێک بدرێتەوە.

١ـ بەپێی ئەو ناوانەی پیرباڵ لە ڕاپۆرتەکەی NRT دا ئاماژەیان پێدەدا، کە دیارە دەکەونە ناو باڵی نێچیروان بارزانی لەناو PDKدا، مەرج نییە فەرهاد پیرباڵ خۆی زانیبێتی، بەڵام زۆر گوماناوی پێدەچێ ئەم ڕووداوە سیناریۆیەک بێت لەناو PDKدا، واتە هەوڵی باڵێک بێت بۆ ناشیرین‌[تر]کردنی باڵەکەی تر. ئەم گریمانەیە کاتێک بەهێزتر دەبێت کە پارتی خۆی پێچەوانەی جارانی پێشوو زۆر پێداگرە لە ڕوونبوونەوەی ڕووداوەکە. بەڵام لێرەدا لەم گریمانەیە دەگوزەرم بۆ ئەوەی بتوانم چەند خاڵێکی تر باس بکەم.

٢ـ سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن، کەماڵی سەید قادر و عەبدولموسەور و کەسانی تریش هەر لەژێر ئەم دەسەڵاتە سیاسییەدا و لەم کۆمەڵگادا تێرۆر [و ئەتک] کران، بۆیە ئەم ڕووداوە یەکەمجار نییە و دواجاریش نابێت. ئەم دەسەڵاتە ئیتر هیچ نەماوە نەیکات و چاوەڕێی هەموو شتێکی لێدەکرێت. بەڵام کاردانەوەکانی پاش ڕووداوەکە لەلایەن خەڵکەوە بەجۆرێک بوون و وەها شۆک ببوون دەتگوت هەموویان لە وڵاتێکی وەکوو سوید یان دانیمارک دەژین و ڕووداوێکی وایان بەهیچ شێوە لە کۆمەڵگاکەیاندا چاوەڕێ نەدەکرد. لام وایە پێویستە ئیتر واز بهێنین لە موقەدەسکردنی خەڵک و بگەڕێینەوە بزانین ڕۆڵی خەڵک لەم دۆخەدا چییە و چ پشکێکی بەر دەکەوێت. ئەوپەڕی گەمژەییە خەڵک لە حیزبەکان جیابکرێنەوە و داماڵرێن لە هەموو تاوانێک. خەڵک و حیزبەکان پێوەندییەکی دوولایەنە و تێکئاڵاویان پێکەوە هەیە. هەر حیزبێک دواجار ڕەنگدانەوەی وشیاریی کۆیی بەشێکی کۆمەڵگایە. ئێمە ناتوانین خەڵکی سلێمانی لە یەکێتی و گۆڕان جیا بکەینەوە، یاخود پارتی لە هەولێر و دهۆک. کەواتە خەڵک ڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە و گشتیەتی دۆخی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردستاندا. «لێدان و سوکایەتیکردن بە نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگران و تەنانەت تێرۆر کردنیان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەناو کورددا، نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر و لەسەردەمی میرنشینی باباندا مەولانا خالیدی نەقشبەندی شاربەدەرکرا، لە سەردەمی شێخ مەحمووددا جەمال عیرفان نووسەر و ڕەخنەگر تیرۆرکرا، گۆرانی شاعیریش بە بەرچاوی خەڵکەوە لێیدرا، عەبدولکەریمی مودەریسیش بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازەوە دەرکرا، عەبدولخالق مەعروف بەهۆی نووسینی کتێبێکەوە تیرۆرکرا، محەمەد موکری نووسەر لە سەرەتای هەشتاکاندا بەهۆی نووسینی رۆمانێکەوە خەریکبوو لەلایەن یەکێتییەوە سزای کوشتنی بەسەردا بسەپێنرێت، بەڵام تاڵەبانی فریای کەوت. لەم ساڵانەی دوایشدا رەوتی لێدان و سوکایەتی کردنەکان بەردەوام بوون، کەمالی سەید قادر لە هەولێر هاوشێوەی فەرهاد پیرباڵ لێیدرا، ئاسۆس هەردی  و رێبین هەردی برای لە سلێمانی لێیاندرا، ساڵى ٢٠١٣ش لە سلێمانى هەوڵى تیرۆرکردنى شاسوار عەبدولواحید درا، ئەمانە جگە لە تیرۆرکردنی چەندین رۆژنامەنووس لە ساڵانی رابردوودا» هەمووی لەم کۆمەڵگادا ڕووی داوە. بەشێکی ئەم ڕووداوانە ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە بووە و بەشێکیان لەلایەن دەسەڵاتەوە. فەرهاد پیرباڵ ئەمڕۆ لە هەولێر لێی دراوە دوێنێ لە سلێمانی لێی درا. بەڵام ڕووداوەکەی سلێمانی بەراورد بەمەی هەولێر کاردانەوەیەکی وای نەبوو. جیاوازیی ئەم دوو ڕووداوە تەنها ئەوەیە لە سلێمانی لەلایەن خەڵکەوە لێی دراوە و لە هەولێر لەلایەن دەسەڵاتەوە. خەڵک دەیانەوێ بڵێن: «ئێمە بۆمان هەیە لە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران بدەین، بەڵام دەسەڵات بۆی نییە».

٣ـ خەڵکیش بەقەد دەسەڵات لە ڕۆشنبیران و نووسەرانیان داوە و بێڕێزییان پێکردوون، بەڵام ئەگەر تەنها بۆ چەند ساتێک چاوپۆشی بکەین لەمە و وای دانین خەڵک هەرگیز ڕاستەوخۆ پەلاماری ڕۆشنبیرانیان نەداوە، دیارە ناڕاستەوخۆ دەوریان بینیوە لەم ڕووداوانەدا. لەپێش چاوی هەموواندا دوو چەکدار دێن و فەرهاد پیرباڵ بەرشەق دەدەن، خەڵکیش بە هێمنی سەیری ئەم شانۆ قیزەونە دەکەن. ئەبێ لەخۆنامۆیی لەم خەڵکەدا گەیشتبێتە چ ئاستێک کە تەنانەت یەک کەس دەخاڵەت نەکات و ئەمانە بەدڵی خۆیان چییان پێ خۆشە بیکەن. ئەم سڕبوون و لەخۆنامۆییەی خەڵک پەیامێکی تێدایە، ئەویش ئەوی کە دەسەڵات چیی پێ خۆشە با بیکات کەس وەدەنگ نایەت. ئەڵبەت ئەم پەیامە زۆر پێشتر گەیشتووە بە گوێی دەسەڵات. ئەو کاتەی کە سۆران، سەردەشت، کاوە و وەدات تێرۆر کران و ئەو جۆرەی کە پێویست بوو خەڵک وەدەنگ نەهات!

٤ـ کاردانەوەکان لە ئاستی گشتیدا بەم بێڕێزکردنەی فەرهاد پیرباڵ بەتەنها بەقەد تێرۆرکردنی سۆران، سەردەشت، کاوە و وەدات، بگرە زیاتریش بوو. بۆ ئەبێ وابێت؟ یانی ئەمەی بەسەر فەرهاد پیرباڵدا هاتووە تراژیکترە لەوەی بەسەر سۆران، سەردەشت، کاوە و وەداتدا هات؟  ئایا بۆمان هەیە خۆزگە بخوازین کە چوار قۆناغە تفەنگیش لە سۆران و سەردەشت و... بدرایەت، بەڵام لەسەر لاپەڕەی هەبوون نەسڕدرایەتنەوە؟ ئەم خۆزگەیە پێم وانییە خۆزگەی خەڵکی کوردستان بێت، خەڵکی کوردستان پێی باشترە کەسێک بکوژرێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر بە ناحەقیش، بێڕێزیی پێنەکرێت. ئەمە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگایەکە کە هیشتا لە سەردەمی عیل و عەشیرە و دەرەبەگایەتیدا دەژی.

٥ـ سۆران، وەدات و کاوە و ... تێرۆر دەکرێن، بەڵام فەرهاد پیرباڵ نا. دیارە فەرهاد پیرباڵ ئەوندە چەقڵی چاویان نییە کە تێرۆری بکەن. ئەم سیستمە سەرکوتکارە دیارە میکانیزمێکی زۆر وردی هەیە بۆ سەرکوت و جوان دەزانێ چی دەکات. لەڕاستیدا فەرهاد پیرباڵ هیچ کات ئەوندە سنووربەزێن نەبووە کە وەکوو مەترسییەک بۆ سیستم بێتە ئەژمار. لە هەموو ئەو ناڕەزایەتییانەدا کە پیرباڵ ئەم چەند ساڵەی دوایی دەری بڕیوە، هەرچەند لە فۆڕمێکی تاکگەرایانە و لە ڕوواڵەتێکی دۆنکیشۆتیانەدا بوونە، بەڵام هیچ کات بەرەوڕووی گشتیەتی سیستم نەوەستاوە و هەمیشە درزێکی ئایدۆلۆژیکی هێشتۆتەوە بۆ جامەلووسکێ کردن.

 

٦ـ کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک هەمیشە لە شانۆکەدا ئامادەن و بەشداریی چالاکانەیان هەیە. ئەوەی لەسەرەوە لەو چەند خاڵەدا باسمان کرد نزیکەی هەموویان سەبارەت بە ڕۆژەڵاتییەکانیش وەڕاست دەگەڕن. لە بێدەنگبوونیانەوە بەرامبەر بە تێرۆرەکانەوە بیگرە تاکوو دەگاتە ڕەگی مل دەرپەڕاندنیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بێڕێزیکردن بە فەرهاد پیرباڵ. ئەڵبەت کوردانی ڕۆژهەڵات تەنیا لەم جۆرە ڕووداوانەدا نییە کە دێنە دەنگ و ڕەگی مل دردەپەڕێنن، ئەوان لە هەموو پرسێکدا بەشداریی چالاکانەیان هەیە، بەتایبەت ئەو پرس و بابەتانەی پێوەندییان بە کوردایەتی، دەوڵەت و ئاڵاوە هەبێت، ئیتر ئەمان ڕیگە نادەن خەڵکی هەرێمەکە، ئەو خەڵکەی کە گەمە بە چارەنووسیان دەکرێت، تەنانەت هەر قسەش بکەن. بارودۆخی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە خراپترین دۆخی مومکیندایە و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە بەدی ناکرێت. هەربۆیە کوردانی ڕۆژهەڵات ڕاهاتوون کە بە سەرکەوتنەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە، ئەو چرکەساتانەی کە بڕێک لە مەیلەکانی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، دەستپەڕی سیاسی دەکەن. ئیتر گرنگ نییە ئۆبژە کام بەش بێت، ئەتوانێ وتارێکی سانتیمانتاڵی دەمیرتاش بێت، یاخود حەماسەتی دەوڵەتەکەی بارزانی، ئەمان کاری خۆیان دەکەن.

بازدید: 811