ما 8530 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

مەهدی خالید خەمبار   

 ئەوەی لە مێژو نە ڕوی دابوو نە بە گوێماندا چپابوو، ئەوەی لە ئاڤێستا و تەورات و ئینجیلا و زەبور و قورئانا نەنوسرابوو، لێرە بە ئێمەیان نووسی. خۆ ڕۆژی حەشریش بۆ هەمو مرۆڤەکانە نەک میلەتێ... ئەوەی لەم حەشرەیا بینیمان، ئەوەی دەنگی زێڕە و گریان و فیزاحی دەهات، ئەوەی ناسیم، ئەوەی بینیم. 

 

لە ئەنفالەوە بۆ ئەنفالەکان!

مەهدی خالید خەمبار                   

کیژۆڵەیەکی پارچەڵەی ڕۆژە تاڵەکانی مێژو، شاژنە ئەنفالێکی تاقانەی ئەمڕۆی کۆستکەوتو،کەدەپەیڤێ فرمێسکەکانی وەکو باران بەخوڕ بەسەر ڕومەتەکانیدا دەهاتنەخوار،ئومێدێکی گەشی بە هاتنەوەی ئازیزانی لە دڵدابو، بە قورگی پڕ گریانەوە دەیگوت ناخۆشترین وشە کە دەیبستم ئەوەیە کە بڵێن ئەنفالەکان نایەنەوە.

پڕبە ناخی لە خائینان، موستەشار و پەنادەرانیان ڕق ئەستور بو، هەنسک و گریان نەیدەهێشت بە سانایی قسەکانی تەواو بکات، دەیگوت ئەمانە ئێمەیان ڕاپێچی مەرگدا،ڕۆڵەکانمانیان بۆ سەفەرێکی بێکۆتا برد.

پیاوێکیش کە ئازار و سۆی پشتشکاندن کەنەفیانکردبو، چاوەکانی پڕبون لە حەسرەت و خەمی بێسۆراخی کەسوکاری و وتی لە کۆی چل کەسم تەنها هەر خۆم ماوم، ئیتر من چیمداوە لەژیان؟ شاژنێکیتری ئەنفال وتی کاتێ بەیانی بوو، خۆفرۆش و عەسکەر وەک ڕەوە کولە دابارین.

دڵیان لە سینەدا نەبو، ڕەنگیان لە دێوەزمەی شەو دەچو، ئەی خودایە لەو کاتەدا تۆ لە کوێ بوی؟ نە فریای کچ و ژنە قژ دەسکەنە کراوەکان کەوتی و نەبەهانای مەلۆتکە و ساوا جێماوەکانەوە چوی! بەدەم گریانەوە وتی ئەمانە گەلەگورگی تینوی خوێن بون، کۆکراوەی حەرامزادە و خۆفرۆشانی هەزار شوێن بون. ئەم تاڵانچیانە سەر و ماڵیان فەرهودکردین، ماڵەکانمان وەک غەنیمە و خۆشمان ڕاپێچی مەرگ و بازاڕی عەکاز کراین.  

ئەوان هاتن وەک گەردەلول و ڕەشەبا لولیان داین و سڕمسڕم بۆ نێوتەراکتۆر و ئیڤا کان باریاندەکردین و پەیتا پەیتا بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێمان دەبەن؟ چیمان لێدەکەن؟ دواتر دەرکەوت بۆ سەربازگەی توبزاوایان بردین و لەوێش لە بێرەی ڕۆژەحەشرمانیاندا.

لەوێ ئەوەی دیمان ئەوەی بیستمان هەرگیز بەسانایی ناتوانی ئەو چرکە ساتانە بیگێڕێتەوە، لە ڕۆژی حەشر دەچو و ناچو . وتی لەم سەربازگەیەی تۆبزاوە... پۆڵێن کراین...کەوتنە جیاکردنەوەمان، بەپێی تەمەن و ڕەگەز، کچە عازەب و ژنە گەنجەکانیان لێمان دابڕان... کوڕە گەنجەکانیان بڕ کرد، ساواکانیان لە کۆشمانا دەڕفان لەو شەوە نەخەوتین تا بەیانی، ئەم تابڵۆ پڕ لە تراژیدیایە لێدان و ئەشکەنجە و زیڕەی مناڵ و گریان و ڕاپسک ڕاپسک بون بە ڕەنگەکانی.  

ئەوەی لە مێژو نە ڕوی دابو نە بە گوێماندا چپابو، ئەوەی لە ئاڤێستا و تەورات و ئینجیلا و زەبور و قورئانا نەنوسرابو، لێرە بە ئێمەیان نوسی .خۆ ڕۆژی حەشریش بۆ هەمو مرۆڤەکانە نەک میلەتێ... ئەوەی لەم حەشرەیا بینیمان، ئەوەی دەنگی زێڕە و گریان و فیزاحی دەهات، ئەوەی ناسیم، ئەوەی بینیم.

تا چاو بڕکا هەموی کورد بوو... قەتار قەتار بۆ گەشکوژی ڕیزکرابو، لە جێی تەنها عیزرائیلێ... ئەوەی دیمان هەزاران عیزرائیل وەستابو.

ئەی خودایە... تۆ پێتوتون مەرگ بێنن لە جێی ژیان؟ ئەی ئەگەر نا... ئەو حەشاماتە هەر هەموی هاواری تۆیاندەکرد! ئەی بۆ دڵۆپێ لەو بەحری بەزەییت بەسەرمانا دانەباران؟ دەڵێن خوا چی بوێ دەیکا، بەدگومان نیم، بەڵام ئەوان چەکمە ڕەقەکانی مێژوو.

کە بردمانیان هەرچی گوناحە بو کردیان، هەرچی لای خۆت حەرامە بو ئەمان بردیان، هەرچیشیان برد نەهاتنەوە. هاواری زۆرمان بۆت هێنا و پاڕاینەوە، لاڵاینەوە، وتمان ئەی خوا، تو گەورەیی و بێشەریکیت فریای ئۆمەتەکەتکەوە! ئاخر ئەی خوا کوا ئەو جامی غەزەبەت بۆ چ دەورانێکی کارەساتبارتر هەڵگرتوە؟

ئەنفالەکان تەنها کەسایەتی و ناخی گەورەساڵانیان وێران نەکردوە. بۆ گەنجانێکیش کە لەو ڕۆژە سامناکەدا یان هێشتا لە سکی دایکا و یان بەرمەمکە و لە تەمەنی شکۆفەدا بونە بۆ ئەم وەچە لە نەبونی سۆزی باوکیان و خۆشەویستی برا و خوشک و کەسوکارەکانیاندا قورسە چێژ لە ژیان وەربگرن.  

جگە لە چەند کەسێکی کەم  کە لە تاڵاوەکانی ئەنفال و چاڵەکانی مەرگەوە نەبێت کە بە موعجیزە ڕزگاریان بوە چ دکۆمێنیتێکی ئەوتۆی ئەنفالمان نیە تا بتوانرێ هەمو گرێ نهێنێکانی ئەنفالی پێبکەینەوە و کەیسی ئەو هەزاران کچ و پاکیزە  شوێنبزربانەمان یەکلایی بکەینەوە. هەرچەندە بەداخەوە نەوەکو پێویست هیچ  بۆ کەسوکاری ئەنفالەکان کراوە و نە مامەڵەی تەندروستیش لە گەڵ ئەوانەشدا کراوە کە لە مەرگەساتی ئەنفال قورتاریانبوە، لەڕاستیدا ئەوانە گەنجینەیەکی دانسقەی میژویین و دەبێت هەمو ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێت.

ئەوانیش بەم جۆرە باس لە ڕوداوەکە دەکەن ودەڵێن چەند شەووڕۆژێک نان و ئاویان پێنەدابوین، وەختبو بۆ قومێک ئاو کوێراییماندابێت، لاکەی سکمان دەهات بەیانیەک باریان کردین،هەر ڕۆیشتین،نەگەیشتین بەو گۆڕە پان و درێژەی بۆیان ئامادەکردبوین، وتی ئەو ئۆتۆمبیلە کەسکەی ئێمەیان پەستایە ناوی کوشنەکانی بە کوردی لێیان نوسرابو ، ئیمەیان برد بۆ عەرعەر، سەماوە،سنوری کوێت، سنوری ئوردن و سعودیەی شوێنانیتر،بەوە دەرکەوت ئەمە ماشینی مەرگن و ئێمەش بۆ مەرگەستانی بیابانەکان دەگوازنەوە.   

نوگرەسەلمانیش بەشێکی زۆر لە بەساڵاچوان و ژن و منداڵی تێئاخێنرابو.    

لەم بەندیخانەیەدا چەندین ئینجانەی پیرۆزیەکانی کچان و ژنان شکان و ڕوشێنران،کچان و ژنان کران بە چەورترین پاروی بەر کەڵبەی قڕێژی حەجاج و حەجاجەکان.   

لە دەرەوەی بەندیخانەکەشدا سەگە ڕەشەکانی بیابانیش ڕۆژانە بە خواردنی سەدان تەرمی نێر و مێمان خەنی بوبون. نوگرە سەلمان بەواتا ئازار،ئەشکەنجەدان،بێویژدانی،توینێتی و برسێتی،دوا ویستگە تاڵەکانی ژیان. لێرەشەوە جیابونەوەی لێوی ساوا لە مەمۆڵە و پەنجەکان لە شەقشەقە و باوشە گەرمەکان لە جگەرگۆشە دەستپێدەکا!

 لێرەشەوە تابڵۆی ڕاپسک ڕاپسکی کچان  و فیزاحی ژن و نوزەی ساواکان و ئاوێنە شکاوەکانی فریشتە بێدەرەتانەکانی گەرمیان و کوێستان و نوێژ و دوعا و پاڕانە و ئازاری قامچێکەی حەجاج بە پەیژەکانی مرۆڤایەتی و دونیای ئیسلامی و عەرەبی و دونیای دەرەوەدا بۆ لای خوا هەڵگەڕان، بەڵام دەرگاکان کڵۆمکرابون و پێدەچێت کەس لەم زمانانە نەگات!

لەم نوگرەسەلمانەوە دونیایەک جوانیان لێمان دزیوە و هەزاران گوڵە نەرگزی گەرمەسێر و کوێستانمانیان بە شمشێری غەدری ئەنفالەکان گەشمردەکرد، هەر سینگی بلورینی فریشتەکانی ئێمەن تیرە ژەنگاویەکانی مێژو سمیویەتی.

لەم ئەنفالە شومەدا !با نەدەپەرژا کەزیە دەسکەنە کراوەکان بداتە دەستی گەردەلول و نە دەشپەرژا هەور لە فرمێسکی دایکان پێکبهێنێ و سواری شەپۆلی خۆی بکات و بیبات بەسەر لێوی زیندەبەچاڵەکانی بیاباندا دایبکات  

ئەی پەپولە بێوەیە لە برائەت هەڵکێشراوەکان، دەوەرنەوە ئەوە ئامێزی گەلەکەتانە وا بۆتان واڵا کراوە. دەوەرنەوە با پەپولەکانی هەناسەی بەرائەتان چیتر لە دڕکەکانی بیابان نەئاڵێن و چیتر غوربەت و لمەڵان  ئازارتان نەدەن.

 

 Image result for ‫ئەنفال‬‎

گەڕان بۆ بابەت