ما 5894 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رازی ملکەچبوون
یەکێک لە کۆنترین شێوازەکانی مشروعیەتی دەسەڵات، گەڕانەوەیە بۆ خودا. دەسەڵاتداران، بەتایبەت پادشاکان لە قدیم یەکجار پشت ئەستوور بەم شێوازە بوون. ئەوان دەیانگوت راسپاردەی خودان و مەشروعیەتی دەسەڵاتی خۆیان لەوەوە وەرگرتووە.
 
تەنانەت محەممەد رەزاشا، دووا پاشای پەهلەوی لە ئێرانیش هەر ئەمەی دەگوت. ئەو بە خۆی دەگوت کە سێبەری خودایە. ئەم شێوازەیە ئیستایش لەهەندێ شوێنی دونیا بۆ وێنە لە ئێراندا ماوە.
 
رەنگە ئەوەی کە دەسەڵاتدارەکان چلۆن شەرعیەتی خۆیان لە بوونەوەرێکی نەبینراو و هەست پێنەکراو وەردەگرن، بۆ هەمیشە یەکێک لە رازە گەورەکانی ژیانی مرۆڤ بێت، لەگەڵ ئەوەی زۆر بیرمەند هەوڵی لێکدانەوەیان بۆ داوە. ئاخر وێناکردنی ئەوەی کە چلۆن مرۆڤێک لە گەڵ خودا قسەدەکا و ئەم پەیوەندییەی خۆیشی دەسەلمێنێ، پرسیارێکی گەورەیە.
  
پرسیارێکی گەورەیە چونکە لەگەڵ ئەوەی ئێمە تەنیا مرۆڤەکە دەبینین و نەک خودا، کەچی باوەڕ بە قسەی مرۆڤەکە دێنین و تەنانەت ملکەچیشی دەبین!
 
بەڵام سەیر ئەوەیە کە پرۆسەی باوەڕهێنان و ملکەجبوونی ئێمە بەم شێوازە لە مەشروعیەتی دەسەڵات، زۆرتر پەیوەندیی هەیە بە لایەنی زەبروزەنگی دەسەڵاتەوە. واتە شیر و شمشێر و زیندان و گرتن و هەڕەشە و کوشتن دەورێکی سەرەکی لەم باوەڕهێنانەدا دەبینێ. باشترین نمونەیش بۆ وێنە لەشکرکێشییەکانی سوپای عەرەب بوو بۆ جیهان و بە زەبری هێز ناچارکردنی خەڵکی بۆ قبوڵکردنی دینی ئیسلام. یاخود شەڕەکانی محەممەد بوو لە خودی دووڕگەی عەرەبستان بۆ ناچارکردن و ملکەچکردنی عەرەبەکان.
 
بێگومان ئەوەتەی مرۆڤ هەیە جۆرێک لە نیاز بۆ سیستمێکی دەسەڵات ئاسا لە ئارادا بووە. لە رێگای دەسەڵاتەوە مرۆڤەکان ژیانی رۆژانەیان رێکدەخەن. بەڵام بۆچی مرۆڤەکان ملدەدەنە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر کە سنوورەکانی ئەرکی رێکخستنی کۆمەڵگا تێدەپەڕێنن و دەستدەکەن بە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان، ئەمە ئیتر رازێکی یەکجار گەورەترە.
 
ئەم ملکەچ بوونە بە تایبەت لەو کلتورانەدا بەهێزترە کە خودا لایان نموونەی بەرزی سزادانە و دونیای چێکردووە بۆ ئەوەی دوواجار مرۆڤەکانی تیا سزابدات، جا چ لەم دونیایەدا و چ لە دونیایەدا.

سایتی قەڵەم

 

٢١ ئاپریلی ٢٠١٧

Bilderesultat for straff kunst

گەڕان بۆ بابەت