ما 3595 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

پارادۆکسی بایەخە مودێڕنەکان
هیچ  بیر و فەلسەفەیەک کامڵ نیە. دەکرێ هەموویان خاوەن خاڵی لاواز بن و بدرێنە بەر رەخنە. ئەمە سروشتییە. بەڵام کاتێک قسە لەسەر ئەو جۆرە بیر و فەلسەفانەیە کە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە ژیانی رۆژانە و رێکخستنی کۆمەڵگاوە هەیە، ئەوا ئەم ناکامڵییە دەتوانێ ئەنجامی قورسی لێبکەوێتەوە.
 
واتە تا ئەو جێگایەی بیرو بۆچوونەکان لە چوارچێوەی بیر و باوەڕدان، خاڵە لاوازەکانیان ئاسایی دێنەبەرچاو، بەڵام کاتێک لە چوارچێوەی بیر و باوەڕ دەردەچن و بەرگی ژیانی رۆژانە و رێکخستنی کۆمەڵگا لەبەردەکەن ئەوا تەواو دەکەوینە چوارچێوەیەکی ترەوە.
 
بۆ نمونە با بڕوانینە بایەخە لیبڕاڵییەکانی وەک 'کراوەیی' و 'تۆلێڕانسە' کە دوو بنەمای زۆر گرینگن لە کۆمەلگا لیبڕال و مودێڕنەکاندا. وەک دەزانین ئەو دوو پنتە وەک دوو بنەمای ئەخلاقی و بایەخدار داوا لە شارۆمەندان دەکەن کە بەرامبەر بە یەکتر و بیروباوەڕەکان کراوە و بە تەحەممول بن و دەست بۆ سوکایەتی، بێ رێزی و زەبر و زەنگ نەبەن.
 
بەڵام ئەی ئەگەر لە وەها کۆمەڵگایەکدا بەتووش کەس یا گروپێکەوە بین کە باوەڕی بەم دوو پرینسیپە نیە؟ داخۆ ئەوانی تر چۆن دەبێ هەڵس و کەوت لەگەڵ وەها کەسانێکدا بکەن؟  ئایا دەتوانن دەست بدەنە سەرکوت و سڕینەوەیان؟ داخۆ ئەگەر ئەمەیان کرد، لە دژی هەمان ئەو دوو بنەمایە نەجووڵاونەتەوە بۆخۆیان رایانگەیاندووە؟
 
بێگومان نەبوونی تۆلڕانس لەبەرامبەر گروپە توندڕەوەکاندا، بەمانای سڕینەوەی ئەو دوو باوەڕەیە، ئەگەرچی زۆرتر ئەم کەس و تاقمانە دەگرێتەوە. بەڵام لەبیرمان نەچێ کە لێرەدا بنەما بە جۆرێک خەیانەت لەخۆیشی دەکا و خۆی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە. چونکە بەرامبەر بە هەندێ کەس نەیتوانیووە کراوەیی و تۆلێڕانس نیشان بدا.
 
ئەزموونەکان پێمان دەڵێن لەم کۆمەڵگایانەدا بەرامبەر بە کەسە توندڕەوەکان ئەم هەڵوێستانە رەچاوکراون:
ـ قەدەغەکردنیان،
ـ سڕینەوە یاخود گرتن و دەستبەسەرکردنیی کەسە سەرەکییەکانیان هەم بە ئاشکرا و هەم بە بێدەنگی،
ـ تەحەمولی ئەوانی تریان تا ئەو جێگایەی خەتای گەورە و مەترسیداریان لێ روونادات،
ـ چڕکردنەوەی کاری کلتوری و وشیارگەرانە لەسەریان،
ـ سەرئەنجام هەوڵدان بۆ پڕژ و بڵاوکردنەوەی جوگرافیانەی ئەو شوێن و گەڕەکانەی ئەوان وەک ئەتنیک، یان ئایین تیایدا نیشتەجێن.
 
بەڵام هەموو ئەمانە دیسان بە مانای لاوازکردنی ئەو دوو بنەمایەن لە کۆمەڵگاکەدا جاڕیان بۆدراوە. کەواتە جاری وایە 'بنەما' خەیانەت لەخۆی دەکا بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێت. خۆپاراستنێک کە تێیدا بەشێک لە کۆمەڵگا قوربانی دەکرێ لە پێناوی هێشتنەوەی زۆرینەدا، واتە ئەوانەی باوەڕیان بەم پرینسیپانە هەیە.
 
بەڵام دەتوانین لەوەها وەزعێکدا دیسان قسە لەسەر تۆلڕانس و کراوەیی بکەین؟
 
رەنگە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکە لەباری ماناییەوە لەگەڵ خۆمان چارەسەر بکەین، دەبێ کەڵک لە وشەی 'رێژە' وەربگرین. واتە دەتوانین لە وەها کۆمەڵگایەک دیسان باس لە تۆلڕانس و کراوەیی بکەین، بەڵام لە رێژەیەکی دیاریکراودا!

سایتی قەڵەم

 

٢٦ ئاپریلی ٢٠١٧

Bilderesultat for paradoks

گەڕان بۆ بابەت