ما 6780 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

 ئەڵڵایش هەموو فریشتە و مەلایکەکانی ئامادەکرد و بڕیارەکەی بۆ گێڕانەوە. هەموویان بەم پەیامە شاد بوون و ئیزرائیلیش داوای لە خودا کرد کە ماوەیێک پشوی بداتێ تا پاش کارێکی تاقەت پڕوکێن بەرەو کەنارەکانی یەکێک لە دەریاکانی روی زەوی وەڕێ بکەوێت. بەڵام شەیتان کە هەواڵەکەی بیست، داگیرا و هەستی بە بەرەو کۆتایی چوونی خۆی کرد.

 

راگەیاندنی هاوبەشی خوداکان

رەسوڵ سەفەریانی

رۆژێک لەم رۆژانەدا خودای موسوڵمانان "ئەڵڵا" تازە هاتبووە ئۆفیسی کاری رۆژانەی و خەریکی خوێندنەوەی راپۆرتەکانی ئیزرایل و باقی فریشتەکانی بوو کە لە پڕ تەلەفونە نێۆخۆییەکەی زەنگی لێدا. هاوکات کە خەریک بوو لە سەفحەی کامپیوترەکەیەوە دواراپۆرتی ئیزرایلی لە سەر ئەرکە جێبەجێ کراوەکانی لە سوریا و ئورووپادا کە بە دەستی سەربازەکانی ئەنجام درابوون دەخوێندەوە، دەستی چەپی برد و گوشی تەڵەفونەکەی کە جەڕەسی لێدەدا هەڵگرت. لەوسەری خەتەکەوە دەنگی مونشییەکەی بوو کە وتی:

ـ "قوربان! روحولقدوس دوو جار تا ئێستا تێلی کردووە و داوا دەکات کە بتانبینت. وتیشی کە تێلی کردووە بۆ رەقەمەکەی جەنابتان، بەڵام داخرابوو، یان مەشغول بووە، بۆیە تێلی بۆ ئۆفیسەکەت کردووە."

ئەڵڵا کە هەر چاوی لەسەر کامپیوترەکەی بوو لە وەڵامدا تەنیا وتی:

ـ "باشە خۆم تێلی بۆ دەکەم."

پاشان هەر بە دەستی چەپی دەستی برد کە تەڵەفونەکە دابنێتەوە سەر جێگاکەی خۆی، بەڵام لەبەر ئەوەی زەین و چاوی لەلای راپۆرتەکانی ئیزرایل بوو، هەرچی کرد بۆی نەخراوە شوێنەکەی خۆی. بۆیە مەجبوور بوو سەری وەرگێڕێت تا بە چاو شوێنەکەی ببینێتەوە. ئەم کارە توڕەی کرد، هاوکات کە تەلەفونەکەی بە توڕەیی و توند کوتا بەسەر جێگاکەیدا لەبەر خۆیەوە وتی من دەڵێم کە چەپ قەت بۆ من و لەگەڵ من نەبووە. هەمیشە چەتیان خستووەتە کارم. ئینجا بە بینینی رەقەمە سەرسوڕێنەرەکانی ئیزرایل سەرێکی بە نیشانەی رەزایەت تەکان دا، بەڵام هاوکات دڕدۆنگییەکیش روویتێکرد، لە بەر خۆیەوە وتی وا بڕوات ماوەیەكی تر کەسی بێىڕوا بە من لە سەر زەوی نامێنێت. بۆیە روحولقدوسیش زۆری بۆ هاتوە و کەوتوەتە تەلەفون کردن. ئەمجار بڕێک لە توڕەییەکەی رەواوە و لەبەر خۆیەوە بزەیێکی هاتێ و وتی ئێستا کاتیەتی با تەلەفونێکی بۆ بکەم.

تەلەفونەکەی هەڵگرت، رەقەمەکەی دۆزیەوە، لێیدا و نای بەگوێیەوە و چاوەڕوانیی زۆری نەخایاند کە بە هەلەوێک لەوسەرەوە و مەرحەبایێک لەم سەرەوە وتوێژەکە دەستی پێکرد. بە قسەکانی ئەڵلادا وادیاربوو روحولقدوس داوای دیدار و چاوپێکەوتنی خێرا دەکات.

پاش  کۆتایی وتووێژەکە فریشتەی بەرپرسی هۆڵەکانی بانگ کرد و پێی وت کە بە خێرایی و بێ کاتکوژی شوێنێک دابین بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ روحولقدوس و حەواریونی.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیان نەبووو، بەڵام لە ماوەی ئەم هەزار و چەن سەد ساڵەدا هەرکاتێک لایەنگرانیان لە سەر زەوی تێکهەڵدەچوون، شەڕەکەیان زۆری دەخایاند و مەترسی کزبوونی دەسەڵاتی لایەنێکیان دەهاتە ئاراوە، داوای کۆبوونەوە دەکرا و بەو شێوە کۆتاییان دەهێنا بە کوشتن و شەڕ و ناکۆکییەکان. ئەڵبەتە بە درێژایی مێژووی ئەم خودایانە، کێشمەکێشی نێوان لایەنگرانیان لە زەویدا بەردەوام بووە.

روحولقدوس و فریشتەکانی لە کاتی دیاریکراودا گەیشتنە شوێنی دیاریکراو. لە لایەن ئەڵلا و فریشتەکانی دەربارییەوە پێشوازییان لێکرا. ئەڵڵا دەیزانی روحولقدوس بە تەنیا نایێت بۆ وەها دیدارێک. ئەو دەیزانی بە گوێرەی عادەت بانگهێشی خوداکانی تریش دەکات، هەر چەند بچوک و کەم باوڕمەندیش بن. رۆحولقدوس باوڕی بەوە هێنابوو کە دەبێت گوێی لە بۆچوونی کەمینەکانیش بگیردرێت، بۆیە لە ئەهورا و بووداوە بگرە تا ئەوانەی پێش ئەوانیشی لەگەڵ خۆی هێنابوو. ئەڵڵا بەڵام زۆر گوێی لەم قسانە نەبوو و هەمیشە ئەم رەفتارەی ئەوی بە نیشانەی زەبونی و لاوازی دادەنا. ئەڵڵا بڕوای وایە ئەوە دەسەڵات و توانایە حەق و ناحەق دەسەلمێنێت و دیاری دەکات.

ئەڵڵا و دارودەستەکەی بە جلی رەش و ردێنی درێژی رەش و سپییەوە کە سمێڵیان تاشراو یان زۆر کورت کرابوەوە لە لایێکی مێزە درێژە کۆتایی نادیارەکە ریزیان بەست. لایەنی روحولقدوسیش کە زۆر نەرم و هێور بوون و جلی سپییان لە بەردا بوو و ردێن و قژێکی کاڵ و بۆریان بوو، بە کەمێک  مەودا لە مێزەکە راوەستا بوون. ئەڵڵا داوای لێکردن کە دانیشن.

روحولقدوس بە نەرمی وەڵامی داوە کە من دەمەوێت ئەمجارە بە تەنیا خۆم و خۆت و خوداکانی تر قسە بکەین. نامەوێت کەس لەگەڵمان بێت.

ئەڵلا پاش تێفکرانێکی کورت، سەری بەرز کردەوە و لە ناوچاوی رۆحولقدوسی رووانی، وتی من بەس لەگەڵ خۆت دادەنیشم.

روحولقدوسیش سەری وەرگێڕا و سەیرێکی هاوڕێکانی کرد. هەموویان بە ئاماژەی سەر رەزامەندیان پیشان دا. ئەویش روی کردە ئەڵلا و وتی زۆر باشە من ئامادەم. پاشان ئەڵلا بە سەر و دست ئاماژەی کرد کە فریشتەکان و پاسەوانەکانی کە سەروچاویان بە دەسڕێکی رەش داپۆشیبوو، هۆڵەکە جێ بهێڵن.  روحولقدوسیش روی کردە هاورێیانی و داوای لێکردن کە لە دەرەوە چاوەڕیی بن.

کاتێ دەوریان چۆڵ بوو، ئەڵڵا روویکردە بەرانبەرەکەی و وتی فەرمون.

روحولقدوسیش سەیرێکی ناوچاوانی ئەڵڵای کرد کە وەک ژنراڵێکی سەرکەوتوو و براوە لە شەڕێکدا خۆی دەنواند. پاشان زۆر بە ئارامی و بە نەرمی دەستی کرد بە قسەکردن.

- "داوام لێکردی بتبینم سەبارەت بەو پشێوی و رووداوانەی لەم دواییانەدا باوڕمەندانت دروستیان کردوە. ژیان و ئاسایشیان نەک هەر لە مرۆڤ بەڵکو لە هەموو بوونەوەرەکان شێواندوە و خستویانەتە زەحمەت و مەترسیەوە. بە روخسار و سەر و سیمایێکی مەترسیدار و ترسناکەوە هاوار ئەکەن و ئەڵێن "ئەڵڵا گەورەترە" و لەگەڵ ئەم هاوارە خۆیان دەتەقێننەوە. وایان کردووە کە ناوی ئەڵلا بووەتە رەمزی مردن و کوشتن. ئەگەر گەورەیی وایە سەد رەحمەت لە بچووکەکان! ناوت بووەتە ترس و ژیانی کردووەتە بەشێک لە مەرگ. ناوی تۆ بووەتە سیمبول و هێمای مردن و بۆنی ژیانی لێنایەت. تۆ سەیری ژیانی باوڕمەندانی من بکە. لەوێ هەمووی دەژین بۆ ژیان. مردن ترسناک نییە و هەموو رووبەری ژیانی دانەپۆشیوە. وەک بەشێک لە ژیانە. ئەم کارانەی موسڵمانەکانت خۆشەویستی و ئەوینی کوشتووە. کەس کات و دەماخی بیرکردنەوەی لە بابەتە گرینگەکانی ژیان نەماوە. باوڕمەندانت بە ناوی تۆوە خۆیان و خەڵک دەکوژن. ئایا ئەوانە نوێنەرانی راستەقینەی جەنابتن و ئیزنیان لە جەنابت وەرگرتوە بۆ بن بڕ کردن و کوشتنی ئینسان و ئەشق و خۆشەویستی؟ ئایا جەنابت حوکمی یاساغ کردنی خۆشەویستیت بۆ ناردوون؟ ئەگەر وەڵام 'بەڵێ'یە، بۆچی؟ ئایا جەنابت تەنیا خودای قەهر و کوشتن و توڕەییت، یان هەڵگری خۆشەویستیشی؟"

-  "من هیچ ئیزن و فەرمانێکم دەرنەکردووە بۆ کەس و کەسیش گوێی لە فەرمانی من نییە. بەڵکو ئەوان من بە گوێرەی سفاتێک دەناسن کە موحەمەد وەسفی کردووم، واتە من داتاشراوی بیر و هزری ئەوم و باوڕمەندانیشم من لە رێگای ئەوەوە دەناسن. چی ئەو لەزاری منەوە دەریکردووە هەر ئەوە بووەتە فەرمانی من. من دەقی شەخسیەت و تایبەتمەندی ئەخلاقی موحەممەدم، وە تۆش ئەوەیت کە عیسا دەیویست. بۆیە من و تۆ جیاوازیمان هەیە. جگە لەمانە لەوکاتەوە من خولقام ئیتر تۆ مردی و ئایینت ئیتر ئیعتباری نەما. موحەممەد ئەمەی بە باوڕمەندانت وتوە و پێیانی راگەیاندووە کە ئەو ئایینە ئیتر نابێ بمێنێت. هەمووان دەبێت لەدەوری یەک ئایین و یەک خودا کۆ ببنەوە. لەگەڵ هاتنی موحەممەد و ئایینەکەی تەنیا، یاسا و رێسای ئەو شەرعیەتی هەیە. جگە لە من و ئاینیێک کە موحەممەد بۆی داناون هەمووی ئەوانی تر بە کافر و لادەر دەژمێردرێن. موحەممەد سەرەتا بوتەکانی تری شکاند، پاشان منی داتاشی تا تۆش لادات."

- "هەم موحەممەد و هەم پێغەمبەرانی تر باسی یەک خودا دەکەن، بەڵام وەک تۆ دەڵێیت دەبێت هەزاران خودا هەبێت کە هەر ماوەیێک یەکیان دەسەڵاتی بە دەست بووە. ئەم قسەیەیش راستە و ئێستا سەرەی تۆیە. وەک باسیشی دەکەی وا دیارە ئایینی جەنابت ئایینی شەڕ و کوشتن و خوێنە و هەر هەموو ئەوانەی لەم هێڵەدا نەگونجن، دەبێت پاک بنەوە."

- "وەک موحەمد وتویەتی ئەوانئی تر یان دەبێت ئیمان بە من بهێنن، یان دەبێت بکوژرێن، لە باشترین  حاڵەتدا دەبێت جزیە بدەن بە باوڕمەندانم بۆ ئەوەی نەیانکوژن. ئیتر سەردەمی ئێوە و نەرم و نیانی لە بەرانبەر دوژمناندا تێپەڕیوە. ئێمە رومەتمان بۆ شەپڵاخەی کەس ناهێنینە بەرەوە. بۆ پاراستنی ئایین موحەممەد لە غەزوەکاندا دیلەکانی دەستی دوژمنی کوشتوە بۆ ئەوەی ئاینەکەی بپارێزێت. ئەمەش  نەریتێکە کە ئەمڕۆ بۆ هەموو باوڕمەندانی بەجێماوە. دەکوژین و دەکوژرێین بۆ پاراستن و هێشتنەوە و بەهێز کردنی دین.

- "بەڵام ئەمڕۆ ئیتر سەردەمی یەک دەنگی و یەک خودایی بەو مانای کە تۆ دەیڵێیت نەماوە. ئێمە خوداکان کە هەر کامێکمان هەڵگری بەشێک لە سفاتی گشتی ئەو خوداین کە ئینسان خەونی پێوە دەبینێت، دەبێت گوێ بگرین لە باوڕمەندانمان. ئەگەر بێتو وا نەکەین بە دڵنیاییەوە بۆ هەمیشە لە بیرو مێشکی ئینساندا دەسڕێینەوە. ئینسانی ئەمڕۆ لە تەمەنی گەورەسالیدایە. ئیتر وەک جاران منداڵ و کەم تەجروبە نییە. پێویستی بە پێغەمبەر و خواداتاش نەماوە. ئەمڕۆ هەرکەسەو خودایێک لە سەر ئەساسی زانیاری و پلەی تێگەیشتویی بۆ خۆی دادەنێت. بۆیە خوداکان و بڕواکان و روانگەکان جیاواز و فرەروخسارن."

- "بەڵام وەک موحەممەد رایگەیاندووە، ئیتر پێغەمبەری تر نابێت و منیش دوواخودا دەبم. تا دونیاش لە کافر و دژە من پاک نەکەینەوە باوڕمەندانم ئاسودە دانانیشن."

- "ئەوەی کە پێغەمبەری تر نایێتەوە رووی زەوی راستە، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی موحەممەد وتوویەتی، بەڵکو بۆ ئەوەی هەر وەک وتم ئینسانی ئەمڕۆ نە پێویستیان بە پێغەمبەرە و نە کەسیش دوای وەها بابەتێک دەکەوێت. ئەمڕۆ هەر ئینسانێک بۆ خۆی پێغەمبەرێکە. خودای خۆیان بە کەیفی دڵی خۆیان دادەتاشن. مگەر تۆ نابینیت کە هەر ئێستا لە نێوان موسڵمانان و باوڕمەندانی جەنابیشدا هەزاران پێناسە و وەسف لەسەر تۆ هەیە. ئەگەر ئەوانەی وا ئەوان دەیڵێن جەنابت نیت، کە واتە بە دڵنیاییەوە خودای وەهاش هەیە. جا بۆیە من داواتان لێدەکەم پێش ئەوەی بە زۆر دەسەڵاتتان لێبسێنن، بە ئارامی بچنە دڵی باوڕمەندانتانەوە و کورسی و کۆشکی دەسەڵات بە جێ بهێڵن. دەسەڵات و حکومەت لێگەڕێن بۆ خودی مرۆڤەکان، چون ئەوان خۆیان دەتوانن ئەو بەهەشتە وادەدراوەی پێغەمبەرانیان بە جوانی وەدی بێنن."

- "باشە تۆ دەڵێیت من چیبکەم؟ ئەوە من قسەکانی تۆم قبوڵ کردووەو تەسڵیمی ئەو حەق و راستییە بووم. هەر وەک وتم کەس گوێ لە من ناگرێت. کێ دەتوانێت بە داعش، ئەلقاعیدە، ئەلشەباب، بوکوحەرام و هەموو ئەوانەی کە بەناو بۆ من شەڕدەکەن بڵێت کە ئەڵڵا دەستی لە کار کێشاوەتەوە و ئیتر نایەوێت لە هیچ کوێ جگە لە دڵی خوازیاراندا بوونی هەبێت. ئەوە لە ئەمڕۆوە منیش دەمەوێت وەک ئێوە بە ئارامی و دور لە شەڕ و هەڵای دەسەڵاتداری و خوێن رشتن لە دڵی باوڕمەندانمدا بژیم و ببمە مەشخەڵ و چرای خۆشەویستی و رزگاری بۆیان. بەڵام کێ ئەم پەیامە دەگەیێنێت؟ بە عەزەمەتی خۆم قەسەم ئەگەر هەر ئێستا خۆم شەخسەن بچمە لای ئەبوبەکری بەغدادی یان هەر کام لەو کەس و لایەنانەی کە باسم کردن، ئەوەی ئێستا رامگەیاند بەوانی بڵێم، دەس بەجێ دەمکوژن و بە کافرم دەکەن و ناهێڵنن ئەم پەیامە بڵاو بێتەوە!"

- "من پێم وایە بە گشتمانەوە راگەیاندراوێک دەرکەین و بە هەموو باوڕمەندان و خوداداران بڵێین کە لە ئەمڕۆ بەولاوە خوداکان تەنیا لە دڵەکاندا دەنیشن و دەسەڵات و حکومەتەکان دەسپێرن بە ئینسانەکان خۆیان. لەمڕۆ بەولاوە کەس بۆی نییە بە ناوی خودا و لە پێناوی خودادا کەس بکوژێت. خودا دژی کەس نییە و کەسیش بە دوژمنی خۆی نازانێت. ئێمەی خوداکان هەر هەموومان یەکین و هەرهەموو ئینسانەکانیشمان وەک یک خۆش دەوێت. نە باوڕ و ئیمانی کەسمان پێویستە و، نە ئیمان و باوڕیش دەبێتە هۆی سەربوون بۆ کەس. سزا و پاداشی هەموانیش بەدەس ئێمەیە و تەنیا پاش مردن دەدرێت. کەس نوێنەری ئێمە نییە، هیچ یاسایێکی سەر زەوی ئێمە داینارێژین. ئینسانەکان بە عەقڵی پێدراویان دەبێت یاسای گونجاو بۆ خۆیان دابنێن."

- "زۆر باشە من لەگەڵت هاوڕام. بەراستی منیش لەم هەموو دۆعا و نزا و پاڕانەوەی مرۆڤەکان ماندووم، ئیتر نامەوێت چیتر ئەم دۆخە ترسناکە دوبارە بێتەوە. ئەگەر ئێمە خوداین ئەوا خۆمان دەزانین کێ بکوژین و، کێ بهێڵین. نە نوێنەرمان پێویستە و نە کەسیش نوێنەرمانە. ئەگەر ئەوانیش، دەسەڵاتداران و زاڵمان دەڵێم، ئەوا باشترە بە ناوی ئێمەوە نەیکەن."

-  "ئەی زۆر باشە. کە واتە تۆ بە فریشتەکانت و مەلایەکەکانت راگەیێنە و منیش بە هاوڕێیان و لایەنگرامی رادەگەیێنم. ئەم راگەیاندنەش دەکەینە دوانووسراوەی خوداکان و وەک پاشکۆی هەموو کتێبە ئاسمانییەکان بە هاوبەشی بڵاوی دەکەینەوە. هیودارم کە ئینسانەکانیش ئیتر گوێ لە هیچ مەڵا، کەشیش، شێخێک و حاکمێک نەگرن و دەس هەڵگرن لە یەکترکوژی. من خۆم نووسراوەکە ئامادە دەکەم و بۆتانی دەنێرم. بە هەمو زبانێک بڵاوی دەکەیەنەوە."

***

روحولقدوس ئەمەی وت و بەرەو لای هاوڕێیانی وەرێکەوت. ئەڵڵایش هەموو فریشتە و مەلایکەکانی ئامادەکرد و بڕیارەکەی بۆ گێڕانەوە. هەموویان بەم پەیامە شاد بوون و ئیزرائیلیش داوای لە خودا کرد کە ماوەیێک پشوی بداتێ تا پاش کارێکی تاقەت پروکێن بەرەو کەنارەکانی یەکێک لە دەریاکانی روی زەوی وەڕێ بکەوێت. بەڵام شەیتان کە هەواڵەکەی بیست، داگیرا و هەستی بە بەرەو کۆتایی چوونی خۆی کرد.

 Bilderesultat for Gud kunst

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت