ما 5693 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆژی کرێکار، سیمبولێکی گرینگ
رۆژی یەکەمی مانگی مەی (گوڵان)، رۆژی جیهانیی کرێکارانە. لەم رۆژەدا لە هەموو جیهاندا کرێکاران، رێکخراوە پیشەییەکانییان و هەروەها هەموو ئەو کەس و رێکخراوە سیاسییانەی داکۆکی لە مافی کرێکاران دەکەن، ئەم رۆژە جەژن دەگرن و وەک سیمبولێکی گرینگ ئاڵاکەی بە شەکاوەیی دەهێڵنەوە.
لەناو تێکۆشەرە سیاسییەکاندا هەن کەسانێک کە لەم رۆژە خۆیان دوور رادەگرن و سەرەڕای ئەوەی بۆخۆیان خاوەن رەگ و ریشەیەکی کرێکارین، یاخود رێکخراوە سیاسییەکانیشیان باوەڕیان بەم رۆژە هەیە و یادی بەرز رادەگرێ، بەڵام خۆی لێ دەپارێزن و بە رۆژی خۆیانیان نازانن.
 
هۆکار بۆ ئەم هەڵوێستە زۆرە. یەک لەوان دەتوانێ هەستیاربوونی ئەوان بێت سەبارەت بە نزیکبوونی ئەم رۆژە لە نەریتی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی. ئەوەیکە بە شێوەی ترادیسیۆنی حیزب و لایەنە چەپەکانن ئەم رۆژە بەرزڕادەگرن و بە جۆرەها شێوە جەژنی دەگرن.
 
بەڵام لەبیرمان نەچێ کە لە راستیدا ئەم رۆژە پێش لەهەر شتێک رۆژی کرێکارانە، بەدوور لەهەر چەشنە ئایدیۆلۆژییەکی سیاسییان. لەبیرمان نەچێ کە ئەم رۆژە، رۆژێک بوو تێیدا لە ساڵی ١٨٨٦ کرێکارانی شیکاگۆ لە ئامریکا لە چوارەمین رۆژی مانگرتنی خۆیاندا درانە بەر فیشەکی چەکەکانی پۆلیس و لەسەر ئەوەی داوایان دەکرد رۆژانە لەجیاتی دە ساعەت، هەشت سەعات لە رۆژدا کاربکەن، ژمارەیەکیان لێ کوژرا و بریندارکرا.
 
بە واتایەکی تر، رۆژی کرێکار سیمۆلی بەرخودانە بۆ سەرەتاییترین مافی کرێکاران کە لە درێژەیدا خۆی لە یەک وشەدا چڕدەکاتەوە 'ژیانێکی شیاو'.
 
رۆژی کرێکار یەکێک لەو رۆژانەیە کە تێیدا بەشێوەیەکی زۆر سادە و راستەوخۆ دروشم و داواکانی کرێکاران بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی بۆ بە میلیارد مرۆڤ بەرجەستە دەکرێ. ژیانێک گەر دابین بکرێ رەنگە بۆ هەمیشە یەکێک لە بنەماکانی پشێوی لە سەر رووی تۆپی زەوی دوور بکرێتەوە.
 
کەواتە با ئەم رۆژە بەرز رابگرین و هەوڵبدەین بەتایبەت لە وڵاتە دوواکەوتووەکاندا بیکەین بە رەمزی تێکۆشانێکی بێ وچان بۆ دابینکردنی مافی خۆرێکخستن کە مەرجێكی گرینگی گۆڕانە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانە لە پێناوی ژیانی بەشێکی بەرچاوی خەلک.

سایتی قەڵەم

١ مانگی مەی ٢٠١٧

Bilderesultat for workers 1 may

 

 

 

 

 

 

 

 


 

گەڕان بۆ بابەت