ما 377 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان

ئاژەڵان بە دەوریدا دەهاتن و مەراییان لەبەر دەکرد، هەر وەک گەورەیەک کە دەبێ ملکەچ و چاوبەفەرمانی بن. بۆ خافڵاندنی، پۆلێک ئافرەتی سەرخۆش بەجۆشێکی شێتانە لەبەر دەمیا هەڵدەپەڕین. لەگەڵ دەنگی موزیکێکی خۆش، خوایانی هەرزەکاران و لاوانی تازە پێگەیشتوو بەڕێزەوە بەدەمیەوە ئەهاتنە پێکەنین.

 

 

ساتیری کەڕ 

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان

رووبین داریۆ (نیکاراگوا)

١٩١٦ـ١٨٦٧      

رۆبین داریۆ یەک لەو چەند نووسەرە سپانی ـ ئەمریکییانەیە کە ناوبانگی جیهانی دەرکرد. لە پێشدا وەک شاعیرێکی لاو ناسرا، بەڵام هەر زوو دوای دەرکەوتنێکی ورووژێنەر لەبواری وێژەییدا، رووی لە رۆژنامەوانی کرد. گەشتەکانی لە تەمەنی لاویەتیدا دەستپێکرد و لە خزمەت ئیدارەی دیپلۆماسیدا، نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە زۆر شارانی دەرەوەدا لە ئەستۆ بوو. لەگەڵ ئەوەش کە رووبین سروشتێکی تووڕە و خەمۆکی هەبوو، کەچی لە بواری جۆراوجۆردا کەسێکی چالاک بوو. شانبەشانی ئەنجامی ئەرکی دیپلۆماتیک و ئەرکەکانی دیکەی، دەشینووسی.

رووبین ئەگەرچی زۆرتر وەک شاعیر ناسراوە، بەڵام دانەری چەند چیرۆک و پەڕتووکی گەشتنامەیشە. کتێبی چیرۆک و هۆنراوەکانی بەناوی' ئازوڵ' (١٨٨٨) لە ئەورووپادا کەوتە بەر سەرنج. 'ساتیری کەڕ' لەم کتێبە هەڵبژێردراوە. ئەم پەخشانە جوان و دڵڕفێنە وێنەیەکی دیارە لە شێوازی وێژەیی داریۆ.

( لە رووی دەقێک کە 'ئیساک گۆڵدبەرگ' کردوویە بە ئینگلیسی، کراوەتە کوردی.)

 

ساتیری کەڕ

لە نزیک چیای ئولیمپوس ساتیرێک(١) دەژیا. ئەو پادشایەکی لە مێژینەی  نزارەکەی خۆی بوو. خواکان  پێیان گوتبوو: ناکەس! ئەم نزارە هی خۆتە. بەخۆشی بژی، ‌‌‌حۆرییان ڕاوکە و با دەنگی شمشاڵەکەیشت هەر بێت. بەمجۆرە  ساتیر خۆش دەژیا.

ڕۆژێکیان کە باوە ئاپوللۆ(٢) خەریکی چەنگ لێدان بوو، ساتیر ناوچەی ژێر دەسەڵاتەکەی خۆی بەجێهێشت و وێرای بەچیای پیرۆزدا سەرکەوێ، سەری سووڕما لە بینینی ئەو خوایە قژدرێژە. ئەوەبوو خوا بۆ تەمیە کردنی وەک تەختەبەرد کەڕی کرد.

لەرەی دەنگی چریکەی باڵداران و گمەی نەرمی کۆتران بە خۆڕا دەڕژایە نێو قووڵایی ئەو نزارەوە، خۆ ساتیر هیچی نەدەبیست. بولبول لەسەر ئەو قژە ئاڵۆزانەی کە بەتەرزی دارە مێو رازابوونەوە، گۆرانی وایان دەچڕی، ئاو لە رۆیشتن دەکەوت و گوڵی ژاکاو و سیسەوەبوو پێی دەگەشانەوە. ساتیر بەبێ هەست دەمایەوە، کەچی بە سووسە کردنی سمتێکی سپی و خڕ کە تیشکی زێڕینی خۆر لە نێو گەڵای دارانەوە دەکەوتە سەری، لە خۆشیانی داوێن پیسی، دەهاتە قاقای پێکەنین و هەڵخستنەوە.

ئاژەڵان بە دەوریدا دەهاتن و مەراییان لەبەر دەکرد، هەر وەک گەورەیەک کە دەبێ ملکەچ و چاوبەفەرمانی بن.

بۆ خافڵاندنی، پۆلێک ئافرەتی سەرخۆش بەجۆشێکی شێتانە لەبەر دەمیا هەڵدەپەڕین. لەگەڵ دەنگی موزیکێکی خۆش ، خوایانی هەرزەکاران و لاوانی تازە پێگەیشتوو بەڕێزەوە بەدەمیەوە ئەهاتنە پێکەنین.

ساتیر ئەگەرچی، نەدەیبیست و نە دەنگی چەقەنەش دەگەیشتە گوێی، بەڵام بەشێوەی خۆی خۆشحاڵ بوو. ئا بەمجۆرە ئەم شاریشنە بە قاچە بزنەکانییەوە رۆژگاری دەبردە سەر.

ئەو ساتیرێکی حەشەری و هەوەسکار بوو، لە کۆشکەکەیدا دوو راوێژکاری هەبوو: کڵاوکووڕەیەک و کەرێک. یەکەمیان بە کەڕ بوونی ساتیر پلە وپایەی خۆی لە دەست دابوو. بەرلەوە، کاتێک ساتیر لە ئارەزووەکانی تێر و بێزار دەبوو، بە ئارامی شمشاڵی دەژەند؛ کڵاوکووڕەش بە دەنگە خۆشەکەی هاوڕێیی دەکرد. دوایی کە لە نزارەکەیدا  شریخەی هەورە گرمەشی نەدەهاتە گوێ، گوێدرێژە پشوودرێژەکەی وەکوو کێو لە خزمەتیدا بوو. کڵاوکووڕە بەیانان زوو لە دەستی ‌هەڵدەفڕی و بە ئاسمانەوە دەیخوێند.

ئەم نزارە گەورە و بەربڵاو بوو، پۆپەی دارەکانی نشینگەی کڵاوکووڕە و لەوەڕگەی بن دارەکانێش، پاوانی گوێدرێژ بوو. کڵاوکووڕە بەیانان، گزینگی خۆر بەپیریەوە دەهات؛ شەونمی چرۆی دارانی هەڵدەمژی؛ داربەڕووی لە خەو هەڵدەستاند و گۆرانی بۆ دەگوت: "پیرە بەڕوو هەستە لە خەو." بە یەکەم ماچی خۆر دڵشاد دەبوو؛ ئەو خۆشەویستی ئەستێرەی بەیان بوو، ئەم گەردوونە شینەش دەیزانی، ئەو باڵدارە بەو چکۆلەییە، لەو بۆشاییە بێ سنوورەی ژێرەوەی ئەودا دەژی.

گوێدرێژەکەش (کە هێشتا لەگەڵ' کانت' دا، نەکەوتبووە قسە و دووان) بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی گشتی، زانا و شارەزایەکی فەلسەفە بوو. ساتیر کە دەیبینی، ئەم گوێدرێژە، لەم لەوەڕگە و لەم هەوا مەند و ئارامەدا، گوێ دەلەقێنێ و بۆخۆی خەریکی مڵوومۆیە، وەک کەسێکی خاوەن بیر بە چاوی رێزەوە سەیری دەکرد. لەو رۆژگارانەدا کەر ئەو ناوبانگەی ئەمڕۆی نەبوو. هەر کە شەویلکەی دەجووڵاندەوە، گەلێک زەحمەت بوو پیاو لە پیاهەڵدانیدا بڵێ: ئەوە' دانیەل هاینەسوس'ی لاتین؛ یان 'پاسەرات'، ' بوفۆن' و 'هوگۆ'ی گەورەی فرانسییە؛ یاخۆ، 'پوساوا'  و 'واڵدیراما'ی سپانییە.

ئەگەر مێش و مەگەس بیانگەزتایە ئارام و لەسەرخۆ، بە لەقاندنی کلک دەیترساندن و دووری دەخستنەوە. جاروباریش لەقەیەکی دەخست و لە ژیر تاقی ئەو دارودرەختانەدا دەنگێکی سەیری لە گەروو دەهێنایە دەر. لەو دارستانەدا ئەو گیاندارێکی ماڵەکی و خۆشەویست بوو. هەر کە نیوەڕۆیان لە سەر تەختی ئەو زەوییە ڕەش و خۆشە، سەرخەوێکی بۆ دەشکاند، گوڵ و گیاکان بۆنی خۆشیان بۆ بڵاو دەکردەوە، دارە گەورەکانیش گەڵاکانیان شۆڕ دەکردەوە، بۆ ئەوەی سیبەری بۆ بکەن.

لەو رۆژانەدا بوو، کە 'ئۆرفیوس'، لە ترسی کوێرەوەری و کڵۆڵی مرۆڤ، لای خۆی بیری کردبۆوە، با راکا بۆ نێو دارستان، ئەو شوێنەی کە دار و بەرد لێی تێدەگەن و بە تاسەوە گوێی بۆ ‌‌‌هەڵدەخەن.

لەوێیە ئەو دەتوانێ لە هەوایەکی بەرینی تەبایی، لەیەک تێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردندا، گڕ و تینی ئەوین و ژین بە دەنگی ئامێرەکەی ببەخشێ.

کاتێک 'ئۆرفیوس' چەنگەکەی دەژەند، زەردەخەنەیەک دەکەوتە سەر روخساری 'ئاپوللۆ'. دیمیتر(٦) لە خۆشیانا گەشکەی دەگرت. دارخورماکان گەردەیان دەپژاند، دەنکە تۆکان شەقیان دەبرد، شێرەکان بە ئەسپایی یاڵیان دەبزاوت.  جارێکیان گوڵە میخەکێک لە لاسکەکەیەوە دەرکەوت و گۆڕا بە پەپوولەیەکی سوور. هەسارەیەکیش لە بەندی ئاسمان کەوتە خوار و بوو بە گوڵە سوێسنەیەک.

کامە دارستان لە هی ساتیر چاکترە، کە بتوانێ دڵی لێ بستێنێ؟ لە کوێی دیکە وەک ئەوێ، وەک نیوەخوا چاوی لێدەکرێ؟ دارستانێک بەو هەموو جوانی و خۆشی و هەستبزوێنییەوە؛ لە کوێی تر حۆری و ئافرەتی مەیخۆر و دەسلێنەدراو و نەکراوەی وای لێ دەست دەکەون؟ ئەی لەوێ نەبوو، داری ترێ و گوڵی سوور و دەنگی زرینگەی' سیسترۆمی(٧) لێبوو؟ ئەی لەوێ نەبوو ئەم پادشایە قاچ بزنە لەبەردەم خواکانیا بەسەرخۆشی هەڵدەبەزی و وەک سیلونوس(٨) نازی دەکرد؟

ئەو بە تاجەگوڵێک وچەنگەکەیەوە، بە سیما و فیزێکی شاعیرانەوە، قنج و قیت ، دەم بە پێکەنین، کەوتە رێ. هات تا گەیشتە دارستانەکەی ئەم ساتیرەکوڵکنە. بۆ بەمیوان بوون دەستیکرد بە گۆرانی گوتن. بەسەر' ژوپیتری(٩) گەورەو' ئێروس(١٠) و' ئافرۆدیتا'(١١) گۆرانی هەڵگووت. بە جوانی و رێکوپێکی' سەنتاورز(١٢) بە لەنجەولار و جۆشی ئافرەتانی مەیخۆریدا هەڵدا، بۆ پیاڵە شەرابەکەی 'دیۆنیسوس (١٣) و گورزەکەی 'تیرسوس(١٤) کە لە هەوادا هەڵیدەسووڕاند، گۆرانی گوت. بۆ' پان(١٥)؛ ئیمپراتۆری کەژ و کێوان، بۆ ساتیری نیوەخوا، فەرمانڕەوای ئەم دارستانە، کە ئەویش گۆرانی دەگوت؛ بۆ تێکەڵاوی خاک و هەوا، ئەم دایەگەورەی هەبوونە گۆرانی گوت. ئاوەها ، بەدوور و درێژی دەنگی خۆشی 'ئەولیان هارپ'(١٦) ، سرتە و چرپەی بیشەڵان و دەنگی نووساوی فسکە فسکی سەدەف، ئاوازی بەسۆزی گەرووی باڵدارانی دەرهێنان. بەندێکی وا بەسۆزی لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی چڕاند، خواکانی خستە جۆشی خۆشی.

هەر لە دەسپێکی بەندەکەیدا، خۆر رووناکتر ترووسکایەوە، دارە گەورەکان کەوتنە جووڵە، پەڕی سوورە گوڵان وەرینە خوار، گوڵە شلێرەیش لە بێ‌هێزییا شۆڕ بۆوە وەک لە بوورانەوەدا بێ.

ئۆرفیوس بە دەنگی خۆشی ئامێرەکەی شێری هێنابووە نرکە و بەردی هێنابووە گریان. ئافرەتە مەیخۆرەکانیش بەبێدەنگی گوێیان بۆ هەڵخستبوو، هەر وەکی لەهۆش خۆ چووبێتن. حۆری کەنیشکێک کە تا ئێستا، ساتیر، بە تەنیا نیگایەکیش لێی نزیک نەبووبۆوە، بەترسەوە چوو بەلایەوە و پێیگوت: "خۆشم دەوێی....'' کڵاوکووڕە وەک مەلەکەی 'ئاناکریۆن' فڕی و لەسەر چەنگەکەی نیشتەوە. ئێستە تەنیا دەنگی ئۆرفیوس بوو کە دەزرینگایەوە و سروشتی هێنابووە خرۆش. ڤینووس لەو نزیکانەوە، بەدەنگە ئاسمانییەکەی هاواری کرد: '' دەبێ ئاپوللۆ لێرە بێ؟''

لەم ئاشتی و تەباییە گەورە و سەر ئاسایەدا، تەنیا کەسێک کە هیچی نەدەهاتە گوێ ئەم ساتیرە کەڕە بوو.

کاتێ ئۆرفیوس لە گۆرانی وتن بڕایەوە، رووی لە ساتیر کرد و گوتی: '' بەڕێز، خۆشت هات لە گۆرانییەکانم؟ '' ئەگەر خۆشت هاتووە، با لای تۆ لەم دارستانە بمێنمەوە. ''

ساتیر تەماشایەکی دوو راوێژکارەکەی کرد. ئەوان دەبوو ئەوەی کە ئەو تێینەدەگەیشت، تێیگەیەنن. ئەو تەماشایە بیروڕای دەویست.

کڵاوکووڕە، هاتە قسان، هەموو هێزی خۆی دایە گەرووی بۆ ئەوەی تا ئەتوانێ دەنگ هەڵبڕێ: ''گەورەم ئەم میوانە، کە ئاوا گۆرانیان دەڵێ، با لێرە بمێنێتەوە. بڕوانە چەنگ لێدانەکەی چەند جوان و هەستبزوێنە. بینیت ئەمڕۆ بە چەنگەکەی چ خۆشی و شکۆیەکی بە کەش و هەوای پێکەوە ژیانی ئەم نزارە بەخشی؟ گەورەم، من ئەم شتانە تێدەگەم. کاتێ خۆر هەڵات و دنیا لە خەو ئاگای بۆوە، دەفڕم بۆ بەرزایی ئاسمان، لەوێوە، لەو بەرزاییەوە، مروارییە نەبینراوەکانی لەرەی دەنگم دەڕژێنمە نێو رووناکی بەیان. ئەوسا پێت دەڵێم کە، ئۆرفیوس چەند جوان گۆرانیان دەڵێ. ئەو هەڵبژاردەی خواکانە.

مووزیکەکەی هەموو نزارەکەی مەست و سەرخۆش کرد. هەڵۆکان نزیک بوونەوە و بەسەر سەرمانەوە کەوتنە فڕین. دەوەن و بنچکە گەشاوەکان بۆنی خۆشیان بڵاو کردەوە. هەنگەکان شانە هەنگوینەکانیان بەجێهێشت و هاتن بۆ گوێگرتن. ئەرێ گەورەم، ئەگەر لەجێی تۆ دەبووم، ئەو چەپکە گوڵەی تەرزی دارەمێوەم پێدەبەخشی.

دەزانی لەم دنیایەدا دوو هێزمان هەنە: یەکەمیان ئەو هێزە راستینەی لە شان و باسک دایە و دووهەمیان ئەو هێزەی لە مێشک و بیر دایە.

ئەوەی هێرکوول بە هێزی بازوو دەیکرد، ئۆرفیوس بە هەناسەی دەیکا. ئەگەر خوای گەورە، بەهێزی مستەکۆڵەیەک کێوی ئاتووسی ورد و خاش کرد، ئۆرفیوس بە هێزی دەنگە خۆشەکە|ی شێری' نیمیا' و یەکانەی ' ئیریمانتوس'ی رام و دەستەمۆ کرد.

مرۆڤەکان هەندێکیان بۆ ئاسن کوتان هاتوونە ئەم دنیا، هەندێکیان بۆ دەرهێنانی بژیوی ژین لەم خاکە، هەندێکیتر بۆ بەشداری لە شەڕە خوێناویەکاندا، هەندێک بۆ فێر کردن و وانە وتنەوە، ئەوانیتر بۆ رێزگرتن و مەزن کردن و گۆرانی وتن. ئەگەر ئەمن مەیگێڕی تۆم و پیاڵەکەت بۆ پڕ دەکەم لە شەراب، ئەوە خۆشی و چێژی نێو دەمتە؛ ئەگەر گۆرانییەکت بۆ بڵێم ئەوە سەرچاوەی شادی رۆحتە."

هەر کە کڵاوکووڕە دەستی بە خوێندن کرد، ئۆرفیوسیش بە ئامێرەکەی بۆی لێدا، بایەکی توند و بەهێز لەو دارستانە سەوز و بۆنخۆشەدا هەڵیکرد. ساتیری کەڕ ئارامی لێبڕا. ئەم میوانە بێگانە و نامۆیە کێ بوو؟ بۆ ئەم سەما هەستبزوێن و شێتانەیە کوتوپڕ لەبەردەمیا وەستا؟ دوو راوێژکارەکەی چییان گوت؟

ئاخ! کڵاو کووڕە چریکاندی، بەڵام خۆ ساتیر هیچی نەدەبیست!  سەرئەنجام چاوی گێڕا بۆلای کەرەکەوە. بیروڕای ئەوی گەرەک بوو؟ کە وایە زۆرباشە؛ لەبەردەم ئەو دارستانە گەورە و بەرینەدا، لە ژێر ئەو ئاسمانە شین و پیرۆزەدا، کەرەکە سەری لەملا بۆ ئەولا لەقاند. مڕومۆن، وشک و بێدەنگ، هەر وەک فیلەسووفێکی لە بیرکردنەوەدا بێ.

دوایی ساتیر ئەو سمە دووفاقەی، بە زەویدا کوتا. نێوچاوانی تێکنا، بەتووڕەیی و بەبێ قسەکردن، بەپەنجەی رێگای چوونەدەرێی لە دارستان بە ئۆرفیوس نیشاندا.

''نا! ''

دەنگی گەیشتە ئولیمپوس، ئەو چیایەی خواکان لەوێ خەریکی یاریکردن بوون،  تریق و هووڕی پێکەنینیان دەنگی ئەدایەوە، کە لەوە بەدوا بە هوومێری ناو برا.

ئۆرفیوس خەم لە دڵ بە شەقاوی گەورە، گەورە لە دارستانەکەی ساتیر چووە دەر. لە یەکەم داری لاورێل کە تووشی هات خەرێکبوو خۆی هەڵواسێ. ئەو خۆی هەڵنەواسی، بەڵام لەگەڵ ئەوریدیکدا زەماوەندی کرد.

¤¤¤¤¤

١ـ ساتیر:  satyr لەئەفسانەی یۆنانیدا خودایەکی دانیشتووی دارستانە، یان نیوە خوایەکە: نیوەی مرۆڤە و نیوەی بزنە. لەشی موودارە، شاخی بەسەرەوەیە، قاچ و کلکی وەک بزنە.

٢ـ ئاپۆلۆ: Apollo  لە ئەفسانەی یۆنان و رۆمەکاندا: خوای تیرهاوێژی، پزشکی، پێش بینی و شیعر و مووزیک  بووە.

٣ـ لایر: Lyre چەنگ . بەربەت. ئامێرێکی مووزیکی یۆنانی کۆنە.

٤ـ ئۆرفیووس:  Orpheus لە ئەفسانەی یۆنانی کۆندا، ژەنیارێکی ئامێری چەنگ بووە. لە کاتی ژەنیندا، دار و بەرد و گیانداری خستووەتە جۆش.

٥ـ فاون: Faun نیمچە خودایەکی لادێی رۆمانەکانە. لە ناوقەد بەرەو ژووری ئادەمیزادە و بەرەوخواری بزن بووە.

٦ـ دیمیتر: Demeter  لە ئەفسانەی کۆنی یۆنانیدا، ژنە خوایەکی کشت و کاڵ و بەرداری و راگری ژیانی ژن و مێردایەتی بووە.

٧ـ سیستروم: Sistrum ئامێرێکی کانزایە، بە راوەشاندنی دەزرینگێتەوە. میسرییەکان لە رێ و رەسمی ئایینیدا بەکاریان هێناوە.

٨ـ سیلینیوس: Silenus دەعبایەکە لە شێوەی پیاوێکی ریشداری سەرخۆشی رووخۆشی گوێ قوتی کلکدارە کە لاق و سمی لە هی بزن دەچێ. (ئەفسانەی یۆنانی)

٩ـ ژۆڤە:  Jove ژوپیتر. گەورە خوای رۆمییەکان.

١٠ـ ئێرۆس:  Eros (یۆنان) خوای خۆشەویستی. کوری ئافرۆدیت.

١١ـ ئافرۆدیت: Aphrodyte ژنە خوای دڵداری و جوانی. (یۆنان)

١٢ـ سەنتاورز:  Centaurs(یۆنان) گیاندارێکی ئەفسانەیی، سەر و سنگ و پەلی مرۆڤ و لەش و لاقی وەک ئەسپە.

١٣ـ دیۆنیسوس: Dionysusخوای سەوزی و شەراب. ( یۆنان)

١٤ـ تایرسیوس:Thyrsus گورزێکی رازاوەیە بە بەری قوچی کاج بە سەرەکەیەوە و لاولاو بە دەوریدا. دایۆنایسوس و بەدووکەوتووەکانی هەڵیاندەگرت.

١٥ـ پان:  Pan خوای لەوەڕگە و دارستان و ئاژەڵی کێوی و شوان.

١٦ـ ئەولیان هارپ:Æolian harp سندووقێکی ژێدارە، کە با لێیئەدا دەنگی لێوە دێ.

١٧ـ لاورێل: دارێکی هەمیشە سەوزە.

 

                  Bilderesultat for eventyr kunst