ما 1300 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فێربوون لە رەقیب
بیر و ئایدیۆلۆژیا، لایەنێکی گرینگی مرۆڤن. هەر هەموومان بەجۆرێک خاوەن بیر و ئایدیۆلۆژیای خۆمانین. تەنانەت گەر نەیشتوانین تەعبیر لە بیری خۆمان بکەین، بەڵام بە لایەنگری لە لایەنێک (جا چ سیاسی، یان فەلسەفی و ئایینی)، شوێنی خۆمان لەم گەردوونەدا دیاری دەکەین.
 
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ژیانکردن لە کۆمەڵگادا بە بێ جۆرێک لە هەڵوێستی فیکری و سیاسی نامومکینە. مرۆڤ لە رێگای بیر و ئایدیۆلۆژیاوە شوێنی خۆی لە ناو لایەنەکاندا دیاری دەکا و مانا و مەبەست بەو ساڵانەی دەدا وا لە سەر گۆی زەوی دەژی.
 
تا ئێرەی کارەکە هیچ عەیبی نیە. ئەگەرچی لەباری نێوەڕۆک، ئاکام و نەتیجەوە بیروڕاکان جۆراوجۆرن و ناکرێ هەموویان وەک یەک سەیربکەین. بۆ وێنە راسیسم و فاشیسم هەڵگری ترسناکترین کارەساتەکان بوونە بۆ مرۆڤایەتی. تەنانەت هەنووکەیش ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە لە زۆربەی وڵاتان قەدەغەن.
 
بەڵام لە نێوان ئایدیۆلۆژیاکانی تردا هەندێ جار جۆرێک لە پاوانخوازی دەبینرێ کە هەڵدەداتە کردەی رۆژانەی تاکەکانی باوەڕمەندیشی. واتە لایەنگرانی بیرێک پێیان وایە وەک چۆن مافی بەرگری کردن و سەرخستنی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیانیان لە گۆڕەپانی سیاسەت دا هەیە، هەر بەو پێیەیش پێیان وایە دەبێ لایەنگرەکانی بیری رەقیبیش وەلابنێن و جۆرێک لە ئابڵۆقە و سیاسەتی تەریکخستنەوەیان بخەنە سەر. ئەوان، پێشبڕکێکان دەگوازنەوە بۆ ژیانی پریڤات و شەخسی!
 
بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە سیاسەتی بایکۆتکردن لە دووامانادا دەبێتە وێرانکردنی خودی بایکۆتکەران. چونکە لۆژیکی ژیان پێمان دەڵێ کە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ژیان، فێربوون لە رەقیبەوەیە. بایکۆتکەران بەم کار و هەڵوێستەیان یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی فێربوون لە خۆیان دەستێننەوە و زیاتر و زیاتر خۆیان لە باری ماناوە بەرتەسکتر دەکەنەوە. جگە لەمە ئەم جۆرە هەڵوێستە دەبێتە هۆی تێگەیشتنی ناڕاست و نادروست لە ئاست و توانای پێگەی خۆ و، ئیتر بەرەبەرە لێکدانەوە هەڵەکان سەرهەڵدەدەن.
 
هیچ بیر و ئایدیۆلۆژیایەک مافی سنووردارکردنی لایەنگرانی خۆی لە ژیانی رۆژانەدا نیە.
 
سایتی قەڵەم
١٧ مەی ٢٠١٧
Bilderesultat for thought thinking kunst

گەڕان بۆ بابەت