ما 9864 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەلمێنەری رای پۆستمودێڕنەکان!
یەکێک لەو تیۆرانەی بیرمەندانی پۆستمودێڕن هێنایانە گۆڕێ، تیۆری کۆتایی سەردەمی رەوایەتە گەورەکان واتە ئایدیۆلۆژیاکان  بوو. ئەوان دەیانگوت ئەمە تایبەتمەندییەکی سەردەمی مودێڕن بووەو ئیتر ئیستاکە کۆتایی هاتووە. رەوایەتە گەورەکانی وەک ئایدیۆلۆژییە مەزنەکان کە بەشارەتی خۆشبەختی و ژیانێکی باشتریان بە گوێی مرۆڤدا دەخوێند لای ئەوان بۆ هەمیشە سەردەمیان بەسەرچووبوو.
 
بەدەر لە راستی و دروستیی ئەم بۆچوونە کە ئێستاکە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی باوەڕیان پێی هەیە و بۆیە لە جیاتی تێکۆشان بە فۆڕمی جاران، ئیستاکە بوونەتە چالاکی مەدنی و سەوز و هتد، خودی بیرۆکەکە دەتوانێ جێگای رامان بێت.
 
با ساتێک بیر لە دۆخی دژواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەینەوە. لەوێ لە نێوان دوو ئایدیۆلۆژیای گەورەی وەک ناسیونالیسم و ئیسلامگەرایی بە هەموو ژێرگرووپەکانیانەوە شەڕێکی گەورە و ترسناک لەئارادایە. هەر دووکی ئەم ئایدیۆلۆژیانە هەوڵدەدەن بیرۆکەی زاڵ بن و هەموو لایەنەکانی تر بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. هەڵبەت جاری وایە ئەم شەڕە لەنێوان دوو ژێرگرووپی یەک ئایدیۆلۆژیایشدایە! بەڵام دەبینین بە بێ ئاکامێکی ئەوتۆ بۆ سەرکەوتنی لایەنێک، شەڕ هەروا درێژەی هەیە. لا راستیدا شەڕ بووە بە سەرەکیترین دیاردەی رۆژانە.
 
پرسیار ئەوەیە کە داخۆ ئەم شەڕە بێ سەرئەنجامە، تیۆری پۆستمودێڕنەکان لەمەڕ کۆتایی سەردەمی رەوایەتە گەورەکان ناسەلمێنێ؟ داخۆ هۆکارێکی بەردەوامیی کارەساتەکە لەودا نیە کە ئیتر هیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناتوانێ ببێ بە بیری سەرەکی و سیستمێکی خۆسەلمێنەر؟ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەموو ئەم لایەنانە دەبێ لە گشتگیریی بیرۆکەی خۆیان دابەزن و تەنیا وەک یەکێک لە لایەنەکانی ژیانی رۆژانە قبوڵی بکەن، نەک وەک لایەنی سەرەکی و زاڵ؟ داخۆ ئەرکی هەمووان نیە کە بیر لە سیستمێک بکەنەوە کە تێیدا هەموویان دەکرێ بەشێوەی یەکسان جێگایان بێتەوە؟
 
سایتی قەڵەم
١٨ مەی ٢٠١٧
Bilderesultat for alles krig mot alle kunst

گەڕان بۆ بابەت