ما 2506 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هیگڵ و کێشەی سەربەخۆبوون
هیگلی فیلسووفی ئایدیالیست لە شوێنێکدا دەنووسێ "سروشتی ئۆرگانیزم وەهایە کە هەموو بەشەکان پێکەوە کاردەکەن، جا ئەگەر یەک لە بەشەکانی سەربەخۆ بێ ئەوا هەموویان لەناودەچن."١
 
هیگل ئەم رستەیە سەبارەت بە دەوڵەت دەنووسێ، بەڵام دەکرێ بۆچوونەکەی درێژبکرێتەوە سەر گەلێک لایەن، یاخود هەر خودی رستەکە بە قووڵییەکی زیاتر لێی بکۆڵدرێتەوە.
 
با سەرەتا بە پرسیارێک دەست پێبکەین. داخۆ دەتوانین بڵێین هەموو ئۆرگانە سروشتییەکان هەڵگری خاوەن وەها نێوەڕۆک و سروشتێکن؟ بێگومان نا. بۆ وێنە بڕوانینە جەستەی مرۆڤ وەک ئۆرگانێک. ئەم جەستەیە بە جیابوونەوەی قۆل دەکرێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا، ئەگەرچی قۆلەکە دەمرێ. بەڵام بە جیابوونەوەی دڵ، نەک تەنیا دڵەکە دەمرێ، بەڵکو هەموو بەشەکانی تری ئۆرگانەکە و بە تێکڕا خودی ئۆرگانەکەیش وەک یەکەیەک لەناو دەچێ.
 
دەتوانین بڵێین کە لە ئۆرگانە ناسروشتییەکانیش دا هەر هەمان لۆژیک زاڵە. بۆ وێنە قوتابخانەیەک دەکرێ وەک قوتابخانە بمێنێتەوە ئەگەرچی بۆ وێنە خاوەن شوێن و ژووری تاقیکاری بۆ وانەکانی فیزیک و شیمی نەبێت، بەڵام هەر ئەم قوتابخانەیە گەر خاوەنی مامۆستا نەبێت ئەوا وەک ئۆرگانێک دەمرێ و ئیتر ناتوانین وەک قوتابخانە ناوی بەرین.
 
کەواتە لە هەر ئۆرگانێک دا هەندێ بەش هەن دەوری سەرەکی و گرینگ دەگێڕن و، هەندێ بەشی دیکە رۆڵی لاوەکی.
 
بەڵام دەکرێ قسەکەی هیگڵ لە روانگەیەکی ترەوە سەرنجی بخەیەنە سەر. ئەویش ئەوەیە کە هەر بەشێک لە ئۆرگان جیادەبێتەوە و بە واتای هیگڵی سەربەخۆ دەبێت، ئەوا دەمرێ. بۆ وێنە لەو نموونانەیدا هێناماننەوە، نە قۆڵ دەتوانێ درێژە بە ژیانی خۆی بدا و نە شوێنی تاقیکارییەکە بە بێ قوتابخانە. کەواتە لەهەر حاڵەتێکدا بەشی سەربەخۆیە دەدۆڕێ.
 
گەر لە روانگەیەکی کۆنسێرڤاتیڤییەوە ئەم بۆچوونەی هیگڵ بۆ وڵاتان راگوێزین، ئەوا هەندێ کەس دەتوانن بۆ وێنە بڵێن گەر بەشێک لە وڵاتێک جیا بێتەوە، ئەوا ئەو بەشە دەمرێ، بەڵام خودی وڵاتە سەرەکییەکە درێژە بە ژیان دەدا. واتە راست ئاژۆخوازەکان، بەشێکی جیاخواز لە هەر هەل و مەرجێکدا ناچار بە مردن دەبینن.
 
بەڵام وەک وتمان هیگڵ ئەم بۆچوونەی خۆی سەبارەت بە دەوڵەت بەکاردەبا. لای ئەو دەوڵەت یەکەیەکی وەهایە کە بە سەربەخۆبوونی هەر بەشێکی، گشتی سیستمەکە لەناو دەچێ. هەڵبەت تێگەیشتن لەم پرسە رەنگە ئەستەم بێت، چونکە لای ئەم فیلسووفە، مانای دەوڵەت هەمان مانا نیە لیبرالیستەکان پێناسەی دەکەن.
 
سایتی قەڵەم
٢١ مەی ٢٠١٧
ژێرنووس:
1-       file:///C:/Users/fatt/Desktop/Ny%20mappe/Hegel_om_frihet_Anders_Skrede.pdf. Hegel om frighet, side 68
Bilderesultat for hegel

گەڕان بۆ بابەت