ما 8724 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موراڵ و ئازادی
رەنگە بنەڕەتیترین تایبەتمەندیی ئازادی ئەوە بێ کە پێوەندی نەپچڕاوە و توند و تۆڵی هەیە لەگەڵ دیاردەیەک بە ناوی موراڵ واتە ئەخلاق. کەسی ئازاد ئەو کەسەیە کە بڕیارێکی ئەخلاقی دەدا و لەم رێگایەوە لە دژی دۆخی باو رادەوەستێ.
 
لە کۆمەڵگایەکدا زۆربەی کەسەکان تەسلیمی دۆخی باو دەبن و تەنیا بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی خۆی و نزیکترین کەسەکانی دەژین، لە کۆمەڵگایەکدا ئەو کەسانە ئاوڕنادەنەوە سەر پێداویستییە گشتییەکان و هیچ ئەرکێک لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگادا بە گشتی بەئەستۆ ناگرن، ئەوان لە تایبەتمەندییەک بەناوی موڕاڵ و ئازادی بێ بەری دەبن. بە تایبەت ئەمە لەناو کۆمەڵگا دیکتاتۆرییەکاندا یەکجار قووڵایی زیاتر پەیدادەکا.
 
ئازادی پێوەندی بە دانی بڕیارێکی موڕاڵییەوە هەیە کە تێیدا مرۆڤی ئازاد نۆرمە باوەکان دەشکێنێ و ئەرکی زیاتر لەئەستۆ دەگرێ. ئەو تەنیا بۆ خۆی ناژی و هەوڵدەدا شێوەی ژیانی وەها بێت کە کاریگەری لەسەر دۆخی گشتیش دابنێ. لە راستیدا هەر کردەیەک کە بتوانێ سنووری ئیستا بشکێنێ و زەلیلی و داماوی و دەستەوەستانی مرۆڤ بەرپەرچ بداتەوە، بڕیارێکی ئەخلاقییە کە مرۆڤ بە ئازادییەوە دەبەستێتەوە.
 
هەڵبەت گرینگ نیە ئەم موڕاڵە پانتاییەکەی تا چەندەیە، ئەوەیکە داخۆ هەڵدەداتە مەیدانە سیاسییەکان یا نا، گرینگ نیە ئەوەندەی کە دەبێ خاڵی سەرەکییەکەی شکاندنی دۆخی باو بێ، کە بێگومان بڕیارە سیاسییەکان بە هۆی ئەوەوەی شمولیترن دەتوانن لە خۆیاندا ئەخلاقی تر بن، واتە زیاتر لە گەڵ ئازادی پێوەندی بەرقەرار بکەن.
 
هەمیشە بە درێژایی مێژوو ئەو مرۆڤانەی جوانتر بوونە کە هاتوونەتە ناو ئەم گۆڕەپانەوە. ئەوان توانیوویانە زیاتر کاریگەرییان هەبێ لەسەر دەورووبەری خۆیان. ئەوان زیاتر لەو تایبەتمەندییە بەهرەمەند بوونە کە ببنە نموونە. ئەگەرچی جاری وایە لە درێژەی کارەکانیاندا هەندێ شتیشیان کردووە کە بە پێچەوانەی ئاواتەکانیان وەرگەڕاوەتەوە.
 
سایتی قەڵەم
٢٧ مەی ٢٠١٧ 
Bilderesultat for frihet kunst

گەڕان بۆ بابەت