ما 4552 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

جورئەتی رادەربڕین
ئازادیی تاک بنەڕەتیترین پێناسە و پرینسیپی لیبرالیزمە. هەموو رەهەندە جۆربەجۆرەکانی ناو لیبرالیزم لەسەر ئەم خەسڵەتە کۆکن. لە لیبرالیزمی کلاسیکییەوە بگرە هەتا لیبرالیزمی کۆمەڵایەتی و لیبرالیزمی نوێ. ئەگەرچی جۆری لێکدانەوەی ئازادیی تاک لەهەر کام لەمانەدا لەگەڵ پێوەنددانەوەی بە چەمکەکانی تر، گۆڕانی بەسەردادێ.
ئەوەی لە ئازادیی تاکدا بەرجەستەیە، بەتایبەت ئازادیی رادەربڕینە. تاک بۆی هەیە بەمەرجی پێشێل نەکردنی کەرامەتی ئەوی تر و بەرتەسکنەکردنەوەی ئازادیی ئەوی دی، رای خۆی لە سەر کێشە و دیاردە جۆربەجۆرەکان دەرببڕێ. لای لیبرالیستەکان، تاک بنەمای کۆمەڵگا و هەربۆیە یەکەمین مەرجی بەجوڵەخستنی جڤاکە.
 
ئەوەی لە ئازادیی تاکدا بەرجەستە دەکرێ، باوەڕمەندبوونە بە توانای فکریی مرۆڤ لە تۆژینەوە و دیتنی دیاردەکان لە روانگەی جۆربەجۆرەوە و، هەربۆیە دیتنەوەی فرەچەشنیی بیر و رێگاچارەکان و هەروەها تیشک خستنە سەر دیاردەکانە لە گەلێک سووچ و روانگەوە. لە راستیدا ئازادیی تاک، بریتییە لە گرێنتی کردنی دەوڵەمەندیی بیر.
 
بۆیە زۆر گرینگە لە هەر کۆمەڵگایەکدا تاکەکان بتوانن را و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و هیچ لەمپەرێکی دەرەکی و دەروونی لەسەر ئەم رێگایەدا نەبێ.
 
دەسەڵاتەکان (چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی وەک ئۆرگان خەونی دەسەڵات دەبینن)، هەوڵدەدەن لە رێگای بەربەستی دەرەکی (وەک ترساندن، کوشتن، زیندانی کردن و...) یان بەربەستی دەروونی (وەک راهێنانی خەڵک بەخۆسانسۆرکردن)، بەر بە ئازادیی تاک لە بواری رادەربڕیندا بگرن. دەسەڵاتەکان مەیلێکی سەیریان بە بەرتەسککردنەوەی ئازادیی تاک هەیە، جا لە ژێر هەر ناوێکدا (چ بە ناوی ئایینەوە، چ بە ناوی نەتەوەوە یان چینەوە)، بۆیە لەسەر تاکەکان واجبە کە واز لە جورئەتی بیرکردنەوە و رادەربڕین نەهێنن و ئەوەی لە دەروونیاندایە دەرببڕن. دەسەڵاتەکان حەزدەکەن هەمیشە وای بنوێنن ئەوان خاوەن حەقیقەتن و بۆیە کەسێک کە بە پێچەوانەی جۆری رووانین و لێکدانەوەی ئەوان بجوڵێتەوە، دەستبەجێ بە نەیار و خائینی لەقەڵەم دەدەن!
 
لیبرالیسم لە بواری ئابووری دا سەرەڕای دەسکەوتە ماددییەکانی، بە داخەوە کۆمەڵگایەکی چینایەتی بەرهەم هێناوە، بەڵام لە بواری پرینسیپە کلتوورییەکاندا (بۆ وێنە ئازادی) خاوەن پێشینەیەکی دەوڵەمەندە کە مرۆڤە ئازادیخوازەکان دەبێ بیپارێزن.
ئازادی، رۆح و هەوێنی پێشکەوتنە. لەهەر بارودۆخێکدا.
سایتی قەڵەم
٢٧ ژوئەنی ٢٠١٧
 
 Bilderesultat for freedom

گەڕان بۆ بابەت