ما 4398 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هونەر و ناشیرینی
کوبیزم شێوازێکە لە هونەری وێنەکێشانەوە کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست سەریهەڵدا. لەم شێوازەدا، لە شکڵ و فۆڕمی گیومێتری واتە هیندسی کەڵک وەردەگیردرێ و یەکەمین وێنەی ئەم سەبکە هونەرییەیش لە ساڵی ١٩٠٨ لە لایەن 'پیکاسۆ'وە بە ناوی 'کیژەکانی ئاڤینون' کێشراوەتەوە کە بەم شێوەیەیە:
 Bilderesultat for pikene fra avignon picasso
ئەوەی لەم وێنەیەدا دەبینرێ، نواندنەوەی کۆمەڵێک کیژە لە شێواز و فۆڕمێکی نوێدا. کەڵک وەرگرتن لە شکڵە هیندیسییەکان بینەر لە بەرامبەر ئەزموونێکی تری رووانین و ئەزموونکردنی هونەریانەی ژیان و دیاردەکانیدا رادەگرێ کە جیاوازە لە شێوازەکانی پێش خۆی.
 
بەڵام ئەوەی لەم شێوازە هونەرییەدا سەرنجڕاکێشە، ئەزموونی جوانییە. واتە ئیتر بینەر بە بینینی ئەم تابلۆیە هەست بەو جوانییە ناکا کە بۆ وێنە لە هونەری رۆمانتیزم، کلاسیسم یاخود رئالیزم دا هەستی پێدەکرا. جوانی لێرەدا گۆڕان و شۆڕشێکی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە.
 
لە راستیدا ئەوەی لەم شێوازەدا زیاتر سەرنجڕاکێشە فۆڕمێکی نوێیە بۆ دیتن بە شێواز و لە شکڵێکی تردا. لە کوبیزم دا لە رێگای بەکارهێنانی شکڵە هیندیسییەکانەوە دیاردەکان تیژتر خۆیان دەردەخەن. هەست دەکرێ روخساری مرۆڤەکان زیاتر دەمامکن هەتا روخساری خۆیان. لێرەوە سەرهەڵدانی گومان لە بینەردا بەرجەستە دەبێتەوە. واتە نیگای مرۆڤ سەبارەت بە دەورووبەری خۆش بینیی جارانی خۆی لەدەست دەدا.
 
کەواتە مەرج نیە هونەر هەمیشە ئێمە بە ئەزموونکردنی جوانییەوە گرێ بدا، ئەوەندەی کە هەوڵدەدا لە رێگای ئەزموونی نوێ و تازەوە، پێ لەسەر بوارەکانی تری رووانینمان دابگرێ. هونەر شۆڕشە لە دیتن و ئەزموونکردندا.
 
سایتی قەڵەم
٣ ژولای ٢٠١٧
 
 
 

گەڕان بۆ بابەت