ما 7136 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

میتولوژیا و پرسیار
لای 'رۆڵان بارت'، ئوستورە یان میتولوژیا سیستمی پەیوەندییە، پەیامە. لای ئەو میتولوژیا حەزی زۆری بەوە هەیە کە لە بەستێنە مێژووییەکەیەوە هەڵبداتە راستییەکی سروشتی. وەها کە ئیتر هەموو کەس وەک راستییەکی سروشتی وێنای بکا، نەک وەک راستییەکی مێژوویی. وەها ئیتر کەس باس لەوە نەکا چۆن پێک هات.
 
بەم شێوەیە میتولوژیا دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی پرسیارەکانی مرۆڤەوە و، تەنیا باوەڕمەندبوونە کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا دەمێنێتەوە. میتولوژیا، حەزی بە داخستنی توانای پرسیار و بیرکردنەوەی رەخنەییانەی مرۆڤە.
 
بارت پێی وایە لە جیهانی سیاسەتدا لەبەرەی راستدا میتۆلۆژیاکان زۆر زۆرترن هەتا بەرەی چەپ. ئەو پێی وایە ئوستورەکان لەبەرەی چەپیشدا دەست دەکەون و، وەک نمونە ئاماژە بە ستالین دەکا.
 
بەڵام لای رۆڵان بارت دەتوانرێ میتولوژیا دوچاری شکست بکرێ. ئەمەیش پرۆژەیەکە لە رێگای شۆڕشەوە.
 
رەنگە یەکەمین هەنگاو لە پرۆژەی شۆڕش دا هێنانەگۆڕی پرسیار بێت. ئەوەی کە جورئەتمان هەبێ لە خۆمان بپرسین میتولوژیاکان کە ئاوەها بوونەتە خاوەن راستییەکی سروشتی، چۆن و لە کوێوە سەریان هەڵداوە،... هۆکارەکانیان چی بوونە و لە چ بەستێنێکی مێژووییدا خۆیان خەمڵاندووە؟ بەم شێوەیە میتولوژیا لە بەرگی سروشتیانەی خۆی دادەماڵدرێ و، دەبێ بە دیاردەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و تێفکرین، نەک تەنیا بۆ باوەڕ و بۆ پیرۆزکردن.
 
میتولوژیاکانیش لە ژیانی رۆژانەدا زۆرن. بڕوانە 'خودا'، 'پەیامبەرەکان'، 'دین'، 'ئایدیا سیاسی و پیاوە سیاسییە بەپیرۆزکراوەکان'، 'خوێندنەوەی چارەنووس لە رووی ئەستێرەکانەوە، و هتد.
 
داخۆ تا چەندە بەستێنی پرسیار لە ئێمەدا هەیە؟

سایتی قەڵەم

 

١٢ ژولای ٢٠١٧

Bilderesultat for spørsmål

گەڕان بۆ بابەت