ما 7906 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

وەرگێڕان: حەسەن عنایەتی

ئایدۆلۆژیایەک کە ڕێگە دەدات بەهای ژنێک تا ئاستی شت/کاڵایەکی سێکسی دابەزێت، ژنانیش هان دەدات کە ساڵانە تەنیا لە بەریتانیادا یەک ملیار پاوند بۆ نەشتەرگەریی جوانی خەرج بکەن.

 

سەرمایەداری و دەسدرێژی سێکسی

کریس لالی

وەرگێڕان: حەسەن عنایەتی

کاتێک شۆفیر تەکسییەک بە ناوی «جان وۆربویز» لە لەندەن تۆمەتبار کرا بە بەکاربردنی مادەی هۆشبەر و دەستدرێژیی سکسیی بۆ سەر موسافیرەکانی، ئەوەش ئاشکرا بوو کە بەر لەوە، ژنانێکی زۆر نزیکەی حەوت ساڵ خەریکی ڕاپۆرتکردنی دەسدرێژییە سێریاڵییەکانی هەر ئەم کەسە بوونە، لە حاڵێکدا پۆلیس هەموو ئەم ڕاپۆرتانەی بە ناوی «نەسەڵمانی تاوان»ەوە وەلا نابوو.

حکوومەت دواجار ناچار بوو دیسانەوە دان بەوەدا بنێت کە شێوازی لێکۆڵینەوەی تۆمەتە سکسییەکان لە لایەن پۆلیسەوە، بەرەوڕووی گەلێک کێشەی بنەڕەتییە. ئەڵبەت ئێمە خوازیاری تەنگەتاوکردن یاخود سەپاندنی یاسا و ڕێوشوێنی توندوتوڵتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکان نین و هیچ حەزیشمان لەوە نییە کە دەسدرێژی وەک ئاوارتە جیا بکەینەوە، بەڵام ڕێژەی خوارەوەی سزا دەرچووەکان بۆ پیاوانی تۆمەتبار بە دەسدرێژی  ـ تەنیا بڕێک زیاتر لە ٥% ـ خۆی گوزارشت لە زەقبوونی ئەم کێشەیە دەکات.

ئەگەری ئەوەی کە پۆلیس و دادگاکان زیاتر باوەڕ بە قسەی قوربانییانی «کەسیکی دەسدرێژی نەناسراو» بکەن تاکوو قسەی قوربانیانی دیکەی دەسدرێژی (کە زۆربەیان لەلایەن هاوژینی ئێستە یاخود پێشووی خۆیانەوە دەسدرێژییان دەکرێتە سەر) ئێجگار زیاترە. بەڵام لەم نموونەیەدا بە ئەگەری زۆر قوربانییەکان «شایەدی بڕواپێکراو» نەهاتوونەتە ئەژمار، چونکە بۆچوون و ڕوانگەکە ئەوە بووە کە بەرلە سەرکەوتن بۆ تەکسییەکەی وۆربویز، تا درەنگانی شەو مەست و سەرخۆش لە دەرەوە بوونە.

٣٠ ساڵ بەسەر ئەو کاتەدا تێدەپەڕێ کە گرووپێک لە فیمینیستەکان یەکەم ڕێپێوانیان بە ناونیشانی «شەو وەربگرەوە» ڕێک خست. ئەوان کولتوورێکیان خستە ژێر پرسیارەوە کە ژنانیان بەهۆی دەسدرێژییەوە بە تاوانبار دەزانی. بەڵام هێشتا هەتا ئێستەش نزیکەی سێ‌یەکی خەڵکی بەریتانیا لایان وایە ئەگەر ژنێک سەرخۆش بووە، کەواتە بەشێک یاخود هەموو بەرپرسیارێتیی دەسدرێژی لە ئەستۆی خۆیدایە.

گەلێک بەرەنگاری و بەرخۆدان کراوە تاکوو یاسا قبووڵی بکات کە ژنێکی سەرخۆش ناتوانێ لە وەها حاڵەت و دۆخێکدا ڕەزایەتی هەبێت. سەرەڕای ئەمە دادگاکانی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکانی دەسدرێژی، هەروا بەردەوام لەسەر ئەم ڕووانگەیەن کە پێوەندیی سێکسی، سێرویسێکی لە دەست و ئیختیاری ژناندا، و پیاوانیش (چ عادڵانە و چ ناعادڵانە) لێی سوودمەند دەبن.

هیچ دادگایەک نییە کە ئەم ڕوانگە پڕسووکایەتی و بەلاڕێداچووە لە حەزی سێکسیی مرۆڤ بباتە مەحکەمە و بیخاتە ژێر پرسیار. پێوەندیی سێکسی بە چاوی کاڵایەک سەیر دەکرێ وەکوو هەموو کاڵاکانی تر. شتێک کە دەتوانێ ئازادانە پێشکەش بکرێت، بکڕدرێت یاخود بفرۆشرێت یان تەنانەت بدزرێت؛ و نەک بەشێک لە شوناسی ئێمە و شێوازی پێوەندیگرتنی ئێمە لەگەڵ ئەوانی تر.

بۆ کاڕل مارکس، شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی ئەڵمانی، نەبوونی کۆنتڕۆڵ بەسەر ژیان و کار لە سیستەمی سەرمایەداریدایە کە ئەساسەن دەبێتە هۆی نامۆیی مرۆڤەکان لە خۆیان و هەروەها لە یەکتر. خانووەکانی ئێمە هەر بەو ڕادەیە بەشێکن لەم نامۆییە کە شوێنكار یاخود شەقامەکان هەن.

دەسدرێژی و توندوتیژیی سکسی زیادەڕۆوانەترین فۆڕمی ئەم نامۆییەن؛ نەفیی موتڵەقی سەرەتاییترین ئەگەرەکان و پۆتەنشێڵە مرۆییەکانە بۆ دەربڕینی هاودەردی و ڕێزی بەرامبەر. ئامارەکان بەشێوەی ترسناک گوزارش لە حەزی سێکسیی نامۆ دەکەن کە کۆمەڵگای ئێمە بەرهەمی دەهێنێت. لانیکەم ٤٧،٠٠٠ ژنی باڵغ ساڵانە لە بەریتانیا دەکەونە بەر دەسدرێژی، ئەویش زۆربەیان لە ماڵەکانی خۆیاندا و لە لایەن پیاوانێکەوە کە دەیانناسن.

توندوتیژیی سێکسی لەلایەن کۆمەڵگایەکەوە پەرەی پێدەدرێت کە تێیدا هەموو ژنان بە بەردەوامی وەکوو شت/کاڵایەکی سکسێکی دەناسێندرێن، کۆمەڵگایەک کە بەشێوەی سیستماتیک سووکایەتی بە ژنان دەکات و زوڵ و ستەمیان لێ دەکات.

جێی شەرمە کە ژمارەی کلابە ڕێگەپێدراوەکانی (لەپ دەنس) لە ژمارەی (ناوەندەکانی قەیرانی دەسدرێژی) زیاترە. پیاوانێک کە دەسدرێژی دەکەنە سەر ژنان کەمینەیەکن. ژنانێکی زۆر کە لە بێبەزەییبوون و توندوتیژیی پیاوێکەوە خەساریان بەر دەکەوێت، دواتر لە داهاتوودا درێژە بە پێوەندە سۆزدارانە و عاشقانەکانی خۆیان دەدەن.

لە نێوان کەسانێکدا کە بوونەتە قوربانیی دەسدرێژیی سێکسی، کەسانێکی زۆر هەن کە وا بیردەکەنەوە کە تەنیا ڕێگە چارە ئەوەیە کە یەک بە یەکی کەسانی دەسدرێژ بە کۆت و زنجیر ببەسترێنەوە. لەحاڵێکدا کە دەسدرێژان دەبێ لە دەرمان و ڕاوێژکار سوودمەند بن تاکوو بتوانن بگەڕنەو ژیانی ئاسایی خۆیان و ڕێگە بگیردرێت لە دووپاتکبوونەوەی ئەو کردارەیان. بەڵام بۆ بنبڕکردنی هەموو فۆڕمەکانی توندوتیژیی سێکسی ئێمە دەبێ پێکەوە بۆ خولقاندنی کۆمەڵگایەکی زۆر جیاواز هەوڵ بدەین.

مادام کە لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیداین کە زەختەکان و قورسایی ماڵیی پەروەردە و گەورەکردنی منداڵەکان دەخاتە سەر شانی خانەوادە تاک وتەریکەکانم، ژنان هەروا سەرکوتکراو و گوێڕایەڵ دەمێننەوە. ئایدۆلۆژیایەک کە ژنان تەنیا بە ژنی ماڵ و دایک دەبینێت (و نەک مرۆڤێک بە توانایی و لێهاتووییەکانی خۆیەوە) درێژە پەیدا دەکات چونکە پاساو بۆ کاری بێ‌کرێ و بەلاشی ژنانێک کە خانەوادە دەگەڕێنن دەهێتەوە. کۆمەڵگای سەرمایەداری کۆمەڵگایەکی چینایەتییە. شوێنێک کە چینی حاکم لە هەتاییکردنەوەی دابڕانە سێکسیەکان و بەردەوامیی ئەو دۆخە قازانج دەبات.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەسەر ڕوانگەی کۆمەڵگا بە نیسبەت قوربانییانی دەسدرێژییەوە ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە ژمارەی ئەو ژنانەی کە قوربانییانی دەسدرێژی بەهۆی سەرخۆشبوون یاخود لەبەرکردنی جلوبەرگی نالەبارەوە بە تاوانبار دەزانن لەگەڵ ژمارەی پیاوەکان یەکسانە.

ئایدۆلۆژیایەک کە ڕێگە دەدات بەهای ژنێک تا ئاستی شت/کاڵایەکی سێکسی دابەزێت، ژنانیش هان دەدات کە ساڵانە تەنیا لە بەریتانیادا یەک ملیار پاوند بۆ نەشتەرگەریی جوانی خەرج بکەن.

ئێمە وەکوو پیاوان و ژنانێکی تاک، دەتوانین هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی لە کۆمەڵگاکەماندا ڕەت بکەینەوە و هەرواش دەکەین. بەڵام وەکوو تاک ناتوانین زەختە کولتووری و کۆمەڵایەتییە فۆڕمدەرەکانی ڕوانگەکان و پێوەندییەکانمان بەرامبەر بە یەکتر هەڵوەشێنینەوە. وەها شتێک پێویستی بە بزووتنەوەیەکە بۆ گۆڕین کە تێیدا پیاوان و ژنانی چینی کرێکار بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ حاکمیەت پاڵ بدەن بە یەکەوە و لەم ڕەوندەدا فێر بن کە بەها و بایەخێکی یەکسان بۆ یەکتر قایل بن.

 

سەرچاوەی وەرگێڕان:

https://meidaan.com/archive/39519

 

  Bilderesultat for sexualitet vold kunst

گەڕان بۆ بابەت