حەسەن عنایەتی

 ئیتر دەمێکەیە لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگە ئەو حەماسەت و بارە ماناییەی خۆی داناوە و لە چریکێکی گیان‌لەسەردەستەوە گۆڕدراوە بۆ ئەندامی سوپایەکی ڕێکخراو و ئیمڕۆیی. پێشمەرگەیاتیی ئەمڕۆ ئیتر وەکوو هەموو کارەکانی تر جۆرێک پیشە و هەلی کار دێتە ئەژمار. 

 

سیمای پێشمەرگە لە میدیاکاندا

لە نێوان هاتن و ڕۆیشتنی 'داعش' دا

حەسەن عنایەتی

پێشمەرگە بەدەر لە مانا کەلامییەکەی کە زۆر ڕوونکەرەوەیە، لە سادەترین پێناسەی خۆیدا کەسێکە کە لە پێناو گەل و نیشتمانەکەیدا خۆبەخشانە سەر و ماڵ و ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە و دەست دەداتە چەک و ئەوەی هەیەتی و نییەتی بە وشیارییەوە دەیکاتە قوربانیی بەها و ئامانجەکانی.

بەڵام گشتمان ئەزانین ئیتر دەمێکەیە لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگە ئەو حەماسەت و بارە ماناییەی خۆی داناوە و لە چریکێکی گیان‌لەسەردەستەوە گۆڕدراوە بۆ ئەندامی سوپایەکی ڕێکخراو و ئیمڕۆیی. پێشمەرگەیاتیی ئەمڕۆ ئیتر وەکوو هەموو کارەکانی تر جۆرێک پیشە و هەلی کار دێتە ئەژمار. لانیکەم تا پێش دروستبوونی داعش کەسێک کە دەبوو بە پێشمەرگە لە ئەمن و ئارامیی تەواودا پێشمەرگایەتیشی وەکوو بژاردەیەک لە پێش چاو دەگرت و بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆی و تواناکانی لە بازاڕی کاردا و لە هەمووی گرنگتر پوتەنشێڵەکانی بازاڕی کار بڕیاری دەدا کە ببێت بە پێشمەرگە یان نا! تەنانەت ڕێژەیەکیش پێشمەرگایەتییان وەکوو کاری دووەم و پارت‌تایم هەڵدەبژارد.

 بەپێێ ئامارەکان لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی سەرجەم هێزە چەکدارەکان برێتییە لە نزیکەی نیو ملیۆن (٤٢٠ هەزار) کەس. لێرەدا کارمان بەوە نییە کە ئەم ڕێژەیە بەنیسبەت ڕێژەی گشتیی جەماوەری هەرێم ئەتوانی چەندە پرسیارئامێز بێت، بەڵام ئەبێ پرسیار بکەین ئەم نیو ملیۆن کەسە کام چینی کۆمەڵایەتی پێکی دەهێنن؟ ئایا ئەگەر بەپێی ئەو پێناسەیەی سەرەوە بێت، بە قەولی ژاک ڕانسیەر، ئەمە لەشکری بێکاران نین کە هاوار دەکەن بمانچەوسێننەوە؟!

ئەگەر تەنانەت لە ٢٠٠٣ێشەوە بە سەرەتا بگریین، ڕێژەیەکی زۆر و بێ‌سەرەوبەرە و بێ‌حسێب و کتێب پارە کەوتە دەست دەسەڵاتداران و مافیاکانی هەرێم بەڵام ئەم پارەیە نەکەوتە کەرتی بەرهەمهێنان و مۆدێڕنیزەیشێنی کۆمەڵگاوە و بەوپێیەش ژێرخانە ئابوورییەکان گۆڕانکارییەکی وایان بەخۆیانەوە نەدی کە وەڵامدەری ئەو لەشکرە بێکارە بن. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم فام و تێگەیشتنی ئەوەیان نەبوو کە ئەم سەرمایانە بخەنە گەڕ بۆ گەشەپێدانی ژێرخانە ئابوورییەکان یاخود لە بنەڕەتەوە خۆیان نەیانویست ئەوە پرسیارێکی زۆر گرنگ و گەورەیە و لە تاقەت و مەبەستی ئەم وتارەدا نییە، بەڵام شتێک کە زۆر گرنگە و دەبێ بیری لێ بکەینەوە پێوەندیی گەشەنەکردوویی ژێرخانە ئابوورییەکانە بە هاندرانی ئەم نیو ملیۆن کەسەوە بۆ ئەوەی ببنە پێشمەرگە و لە ئەساسدا لەپێناو بژێویی ژیانیاندا دواجار ببنەوە بە دارەدەستی حیزبەکان بۆ سەرکوتکردنی خۆیان و ڕفێقەکانیان و کەسوکاریان. پێشمەرگە لە تەواوەتیی خۆیدا هەرگیز تەواوەتییەکی یەکگرتوو نەبووە و بەدەر لە هەموو تەزادەکان و شەڕە ناوخۆییەکان کە هەر ئەم هێزە ئەنجامی داوە، مەودای نێوان پاراستنی پارتی و دژەتێرۆری یەکێتی هەر ئەوندەیە کاتێک چاو دەبڕینە ناو چاوی هوجام سورچی بە ١١ منداڵی وردەوە کە دووانیان کەمەندامن و ئەو وێنا ئەفسانەییەی پێشمەرگە (وەکوو چریکێکی گیان لەسەردەست و لێهاتوو کە هیچی نییە بۆ لە دەستدان و تەنها لەپێناو بەها و ئامانجەکانیدا دەژی) لە زەینماندا درز هەڵدەگرێت.  بەڵام ئەم درزە کاتێک گەورەتر دەبێتەوە و تەمومژی بەها و ئامانجە خەیاڵییەکان ون دەبن و برسێتی و پەژارەی نان دەردەکەوێ کە پارتی و یەکێتی ئەکەونە کێبڕکێ بۆ ئەوەی کامیان شانازیی ئازادکردنی سەید ئەحمد (پێشمەرگە دیلەکەی دەستی داعش)یان پێببڕێت.  

سەید ئەحمەدیش وەکوو هوجام سوورچی و وەکوو زۆربەی ئەو نیو ملیۆن خەڵکە بەدوای پارووێک ناندا بۆتە پێشمەرگە، ئەویش وەکوو هوجام سوورچی منداڵوردە و هەموو منداڵەکانی بێجگە لە کچێکیان کەمەندامن، بەڵام سەید ئەحمەد جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ هوجام سورچی ئەویش ئەوەی کە ئەم خۆیشی کەمەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتە.  بەلای منەوە هوجام سورچی و سەید ئەحمەد سیمای ڕاستەقینەی پێشمەرگە و نوێنەر و نموونەی ڕاست و دروستی ئەو نیو ملیۆن خەڵکەن کە زۆربەیان (لانیکەم تا پێش هاتنی داعش) لە بێکاری و لەپێناو بژێویی ژیاندا بوونەتە پێشمەرگە.  

سوورچییەکان سیمای ڕاستەقینەی هێزی پێشمەرگە، یان باشتر وایە بڵێین نیو ملیۆن خەڵکی ئەم هەرێمەن، بەڵام میدیاکانی چینی باڵادەست دەیانەوێ بە زەبری ئاپاڕاتە زەبەلاحەکانی وێنەسازی وێنە پڕ لە حەماسەت و ئەفسووناوییەکەی جارانی پێشمەرگە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بپارێزن.

٣ی ئاگوستی ٢٠١٤ کاتێک داعش هەڵی کۆتایە سەر شەنگاڵ، پێشمەرگە چووە قۆناغێکی ترەوە، دەورانی هێمنی و ئارامیی پێشمەرگە بەسەرهاتبوو. دەمێکە بوو پێشمەرگە وەکوو هەموو کارمەندانی تری حکوومەت بەبێ هیچ دڵەڕاوکێ و مەترسییەک دەچوونە دەوامی ڕۆژانەی خۆیان. دەکرێ بڵێین تا ئەوکات پێشمەرگە هێزێکی جێگیر و نەبزێو بوو لە خزمەت شەڕی سارد و ڕکابەریی حیزبەکاندا بەرامبەر بە یەکتر و هەم ڕێبەرایەتی ئەمەی دەزانی و هەم خودی پێشمەرگەش.

 بەڵام لەو کاتەدا کە پێشمەرگە لە شەنگال کشایەوە، داعش گەیشتە نزیک هەولێر، زۆرێک لە بیانییەکان لە هەولێر هاتنە دەرەوە و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی هەولێر خەریک بوو شارەکە چۆڵ بکەن دیسان میدیاکانیان خستەوە گەڕ بۆ ئەفسانەسازی. نەجمەی غوڵامیان هێنایەوە بە (ئەوا دیسان هەرای جەنگە) و مەرزیە فەریقییان هێنایەوە سەر شاشەکان کە سڵاوی گەرمی دڵی پڕهومێدیان پێشکەش بکات. میکائیلیان خستە پێشەوە تاکوو لە زمانی ئەم نیو ملیۆن خەڵکەوە بڵێ (پێشمەرگەین و فیدای خاکین، لە شەهیدبوونیش بێباکین)، ناسری ڕەزازیش بەهەمان شێوە، جگە لەمانە میدیاکان شەومەن و تەڵخەک و پۆڕنستار نەما دەستەودامێنی نەبن بۆ ئەوەی بە شان و مەچەکی پێشمەرگەدا هەڵبدەن. بۆچی؟ چونکە دەسەڵاتداران و تاڵانکەران خۆیان باش ئەوە دەزانن کە دیسانەوە بۆ پاراستنی سروەت و سامان و بەرگریکرن لە دزی و گەندەڵییەکانیان پێویستیان بە خوێنبازیی ئەم لەشکرە برسی و ڕەشوڕووتەیە.

لێرەدایە کە پاڕادۆکسە گەورەکە لە سیمای پێشمەرگەدا دەردەکەوێ، چینی باڵادەست لە کاتی تەنگانەدا هەوڵ دەدات سیما کۆن و ئەفسانەییە پڕحەماسەتەکەی پێشمەرگە زەق بکاتەوە بەڵام کە دۆخەکە گەڕایەوە جێی خۆی و مەترسییەکە نەما ئیتر بەرەبەرە لە ڕێگای میدیاکانیانەوە ئەو سیمایە کەمڕەنگ دەکەنەوە.

شەڕی داعش کۆتایی هاتووە و  هەزارو حەوسەد و چلوپێنج شەهید، دەهەزار و شەست‌ونۆ بریندار و شەست‌وسێ دیل و بێسەروشوێن خەسارێک بوو کە بەداخەوە بەر هێزەکانی پێشمەرگە کەوت. شەڕی داعش کۆتایی هاتووە و چینی باڵادەست ئیتر پێویستی بە سیما پڕحەماسەتەکەی پێشمەرگە نەماوە بۆیە سەید ئەحمەد دەهێننە سەر شاشەکان. سەید ئەحمەدی خاوەن پێداویستی تایبەت کە وەکوو پێشمەرگەی دیلی دەستی داعش ڕزگار کراوە و بە هاتوهاوارەوە شەڕیانە لەسەر ئەوەی کێ ئازادی کردووە. سەید ئەحمەد ڕێک ئەو سیما هێمایین و ڕەمزییە بوو کە ئەوان لە ئێستەدا پێویستیان پێی بوو. ڕوخسارێکی ماندوو و تێكشکاو و لەڕ و لاواز کە کۆک کراوە تەنها سوپاسگوزاری بکات. بەڵام سەید ئەحمەد لەڕاستیدا نە لە سیما پڕحەماسەتەکەدا جێی دەبێتەوە و نە لە ئەم سیما تێکشکاو و بێدەموزمانەی پێشمەرگەدا. سەید ئەحمەد تەنانەت ناتوانێ هەر چەکداریش بێت، سەید ئەحمەد لە بەرەکانی جەنگ چێشتلێنەر بوو، واتە ڕێک سیمای ڕاستەقینەی ئەو نیوملیۆن خەڵکەی کە  لە برسێتی و لەپێناو بژێوی ژیاندا پێشمەرگایتیی وەکوو هەلێکی کار هەڵبژاردووە. بە قەولی مەرزییە فەریقی (ئەگەر بە منیش باوەڕ ناکەن تەنیا تاقە ئێوارەیەک بە میوانی بچنە ماڵە شەهیدێکیان.)

 

   Bilderesultat for war art

بازدید: 870