ما 3933 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆمان، تاک و گشتی
وەک بیرمەندان لەسەری کۆکن، رۆمان لە سەردەمی کاپیتالیزم سەرهەڵدەدا، واتە کاتێک 'تاک' لە ژێر چەپۆکی سیستمی سوننەتی (ترادیسیۆنی) رزگاری دەبێ و دەتوانێ بەدوور لە کۆت و پێوەندە عەشیرەیی و بنەماڵەیی و... لە پانتایی شاردا خۆی ببینێتەوە و ببێ بە خاوەن نەریتێکی تر. 'تاک' پنتی سەرەکیی رۆمانە.
 
ئەو دیاردەیەیە کە لە سیستمی کۆمەڵایەتی ـ ئابوریی نوێدا وەها بێ رەگ و ریشە دەبێ کە لە رێگای رۆمانەوە بە شوێن دۆزینەوە و پێناسەی خۆیدا دەگەڕێ. رۆماننوس، خەریکی یارمەتیدانی ئەم تاکەیە!
 
بەڵام بەردەوام هەندێ کەس پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە رۆمان بە پێی سەرەکی کار لە سەر دۆخ بە گشتی دەکا و رۆمانێک سەرکەوتووە کە بتوانێ ئەم دۆخە بنوێنێتەوە. لای ئەوان چەمکێکی گشتی بە ناوی 'دۆخ' لە چاو 'تاک' بە پلەی یەکەم دێت.
 
گومان لەوەدا نیە کە کاتێک رۆماننووس باس لە تاک دەکا، لە رێگای وەسفی جیهانی دەروونیی و دەرەکیی ئەو تاکەوە بە جۆرێک دۆخی گشتیش دەنوێنێتەوە. بەڵام ئەم نواندنەوەیە لە رێگای پێشکەشکردنی تاکەوەیە نەک لە رێگای خودی گشتەوە.
 
هەروەها مەرج نیە رۆمان هەمیشە ئەم گشتە لە کاتی پێشکەشکردنی تاکدا بنوێنێتەوە. چونکە لەسەردەمێکدا ئێمەی تیادەژین دەکرێ تاکێک لە رێگای راگەیەنێرە گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەها گیرۆدەی دۆخێکی دەرەوەی کۆمەڵگای خۆی بێت کە وەک پاڵەوانی رۆمانێک لایەنە گشتییەکانی کۆمەڵگای خۆی نەنوێنێتەوە.
 
کەواتە لە سەردەمی ئێمەدا دەکرێ ئەم گشتە هەم دەرەکی بێت و هەم ناوخۆیی. چیتر ناکرێ 'گشت' لە سۆنگەی دۆخی ناوخۆییەوە پێناسە بکەین.
 
سایتی قەڵەم
١٨ ئۆگۆستی ٢٠١٧
Image result for romaner kunst

گەڕان بۆ بابەت