ما 8245 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بەجیهانیبوون و بەنێونەتەوەیی بوون
بەجیهانیبوون دەستەواژەیەکە کە لە دەیەی نەوەدی سەدەی بیستەمەوە هاتە ئاراوە و، زۆر باو بوو. لەپێش ئەوەدا رەوتی زیادبوونی پێوەندییەکان و کارتێکەرییەکان لە جیهاندا زۆرتر بەکەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی 'بەنێونەتەوەیی بوون' تەعبیری لێدەکرا.
 
بەجیهانیبوون ئەو رەوتەیە تێیدا لە باری ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری یەوە کارتێکەرییەکان لە ئاستی جیهانیدا یەکجار زۆرتر و چڕتر دەبنەوە.
وەک لە جیاوازیی نێوان بە نێونەتەوەیی بوون و بەجیهانیبوون دەردەکەوێ، دوو خەسڵەتی زۆرتربوون و چڕتربوونن سەرنجڕاکێشن. بەڵام دەکرێ خەسڵەتێکی تریش بەمە زیاد بکرێ. لەسەردەمی بەجیهانیبوون کارتێکەرییەکان تەنیا لە نێوان دەوڵەتەکاندا نین (بە پێچەوانەی سەردەمی بەنێونەتەوەیی بوون)، بەڵکوو بەشەکانی تری ناو وڵاتێک بۆخۆیان راستەوخۆ دەچنە ئەم پرۆسەیەوە. بۆ وێنە بڕوانە ئەو کارتێکەرییەی ئینتەرنێت بەدوور لە خواستی دەوڵەتەکان دەیگێڕێ.
بەڵام راستییەکەی ئەوەیە سەرەڕای سەرهەڵدانی ئەم رەوتە، لە گرینگیی دەوڵەتی نەتەوەیی کەم نەبووەتەوە و دەوڵەتەکان هەر وەک جاران دەور و نەقشی خۆیان بە هێندێ جیاوازییەوە دەگێڕن.
دەتوانین بڵێین لەگەڵ بەجیهانیبوون، بەنێونەتەوەیی بوونیش ئەو خەسڵەتەیە کە لەپاڵیدا رێدەکا و رۆڵی خۆی پاراستووە. ئەگەر لە بەجیهانیبوون دا نەقش و رۆڵی دامەزراوەکانی غەیرە دەوڵەتی بەرجەستە دەبن و لە بەنێونەتەوەیی بوون دا نەقشی دەوڵەتەکان، دەتوانین بڵێین لە جیهانێکدا کە خەسڵەتیە سەرەکییەکەی بەجیهانیبوونە، بە نێونەتەوەیی بوونیش دەچێتە دۆخێکی ترەوە و خەسڵەتی تر وەردەگرێ.
رەنگە یەکێک لەم خەسڵەتانە دزەی جۆرێک لە ریفۆڕمخوازی لەناو ئەو دەسەڵاتانەدا بێت کە حەزیان بە پاوانخوازییە. راستییەکەی ئەوەیە لە وڵاتانی نادیمۆکراسی، بەشێکی گرینگی شەڕی گۆڕان لەناو خودی دەسەڵاتدا سەرهەڵدەدا. کارتێکەرییەکان، قاوخەکان دەشکێنێ. قسە لە سەر کاتە.
سایتی قەڵەم
٢ سێپتەمبەری ٢٠١٧  
Image result for globalisering

گەڕان بۆ بابەت