ما 4104 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان

توریدۆ لەو خیابانە چکۆلە تەنگەبەرەدا، دەست لە گیرفان و سەبیلە بە لای لێویەوە، دەهات و دەچوو، وای دەنواند  کە هیچ دەربەست نییە و خەریکی چاوبازی لەگەڵ کچاندایە؛ بەڵام لە دەرووندا خۆی دەخواردەوە. بیری لەوە ئەکردەوە مێردەکەی لۆلا ئەو هەموو زێڕەی هەیە و ئەو هەموەش کە ئەو لێرەوە دێت و دەچێ لۆلا هیچ لای لێ ناکاتەوە.

 

 

سەربازە سوارەکەی روستیکانا

لە ئینگلیزییەوە: موحەممەدئەمین مەجیدیان

ئیتالیا

گیوڤانی ڤیرگا

١٩٢٢ـ١٨٤٠

               

لەگەڵ ڤێرگا خۆمان لە دەورەیەکی مودێرندا دەبینینەوە. بەرەبەیانی سەدەی نۆزدە، ئیتالیا دەکەوێتە نێو لافاوی بزووتنەوەی رۆمانتیکی، کە 'بایرۆن' و سکات باویان پێدابوو. 'مانزۆنی تا کۆتایی ئەم سەدە زاڵ بوو بەسەر رۆمان و چیرۆکی ئیتالیادا.

ڤێرگا ساڵی١٨٤٠ لە 'کاتانیا' سیسیلی لە دایک بووە. گرینگترین بەرهەمی نووسینی 'چیرۆکەکانی ژیانی جووتیارانی سیسیلین.' لە نێو ئەم چیرۆکانەدا، ناسراوترینیان 'سەربازە سوارەکەی روستیکانا'یە، کە دواتر وەک پەرتووکی دەقی 'ئۆپێڕای ماسکاگنی' قبووڵ کرا. تەنانەت مووزیکەکەیشی هێزی ئەم بزووتنەوەی لێنەستاند. ڤێرگا وەک یەکێک لە پێشەنگانی بزووتنەوەی دراماتیکی ئیتالیا دێتە ئەژمار.

(فرێدریک تابێر کووپێر' ئەم چیرۆکەی کردوە بە ئینگلیسی.)

                     سەربازە سوارەکەی روستیکانا

 

دوای ئەوەی 'توریدۆ ماکا' کوڕی پوورە 'نۆنزیا' لە سەربازی گەڕایەوە ماڵ، هەموو رۆژانی یەکشەممە یونیفۆڕمە تفەنگداریەکەی لەبەردەکرد و کڵاوە سوورەکەی لە سەر دەنا و بە خۆبادان و کەشوفشێکی تاوس ئاسا دەچوە مەیدانە گەورەکەی نێو شار. ئەو بەم کڵاوە سوورەیەوە راست وەک ئەو پیاوە فاڵگرەی دەچوو، کە لە پشت مێزی قەنارییەکانیەوە، چاوەڕوانی مشتەری رادەوەستا.

کچان لە رێی کلیسادا، لە توێی چارشێوەکانیاندا، لووت بەرەو زەوی، ملەملەیان بوو، بۆ چاولێکردنی؛ مناڵانیش وەکوو مێش لە دەوری دەسووڕانەوە.

ئەم کوڕە لە گەڕانەوەیدا لە سەربازی، لەگەل خۆیا سەبیلەیەکی هێنابۆوە کە شایەک بەسواری ئەسپ لە سەر کاسەی سەبیلەکەی کێشرابۆوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا 'لۆلا'، کچەکەی رێزدار' ئانجیلۆ'، بۆ جارێکیش خۆی نیشان نەدا، نە لە رێگای کلیسا و نە لە  بانیژەی ماڵەکەیانەوە. چونکە دیاریکرابوو، بۆ کابرایەکی خەڵکی ' لیکوودیا'.

ئەم کابرایە گاریچی بوو. دەوترا لە پشتیرەکەیدا چوار هێستری هەیە. توریدۆ بە بیستنی ئەم هەواڵە، ئێجگار دڵگران بوو. وا رقی داگیرسا، پێی خۆش بوو، لاقێ لە لاقی ئەم کابرایەی بنێ و لەم سەر بۆ ئەو سەر هەڵیقڵیشێنێ. ئەمە شتێک بوو کە ئەو حەزی دەکرد لەگەڵ ئەم کابرایەی خەڵکی لیکوودیای بکا.

کەچی ئەو هیچی لەگەڵ نەکرد. تەنیا دڵی خۆی بەوە خۆش کرد، بەبەر پەنجەرەکەیاندا بێت و بچێ و هەرچی قسەی سووک و ناشیرین کە دەیزانی، بە گۆرانی وتن بیانڵێتەوە.

دراوسێکان دەیانپرسی:" ئەرێ کوڕەکەی خاتوو نۆنزیا کارێکی دیکەی نییە بیکا، بێجگە لەمەی وەک چۆلەکەیەکی تەنیا، شەوەکانی بە گۆرانی وتن بباتە سەر؟"

وا رێکەوت رۆژێکیان توریدۆ، لە رێگا تووشی لۆلا هات. لۆلا لە نوێژ کردن لە کلیسا دەگەڕایەوە، بە دیتنی توریدۆ رەنگی هەڵنەبزرکا، نە سوور هەڵگەڕا نە سپی؛ وەک ئەوەی هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبووبێ. توریدۆ وتی: ''خۆشحاڵم بە چاوپێکەوتنت!''

''ئۆ، هاوڕێ توریدۆ، گوتیان تۆ سەری مانگ لە سەربازی گەڕاویەوە''

''بە منیش زۆر شتی تر گوتراوە'' توریدۆ وەڵامی دایەوە. ''کە وایە راستە دەتهەوێ شوو بکەی بە ئاڵفیۆی گاریچی؟''

''ئەگەر وابێ ئەمە ویستی خوایە!'' لۆلا وتی و دوو گۆشەی لەچکەکەی لە ژێر چەناکەیەوە لەیەک نزیک کردەوە.

توریدۆ گوتی: ''بەم گرتن و بەردانە ویستی خوا بەجێدەگەیەنی، بۆیە ئەویش پاداشتی چاکت ئەداتەوە! ئەمەش ویستی خوایە من لەو رێگە دوورەوە بگەڕیمەوە و ئەم هەواڵە خۆشەی ببیستم، ئەرێ لۆلا خانم!'' توریدۆی داماو هێشتاش هەوڵی ئەدا نیشان بدا، زۆر دەربەس نییە، کەچی هەر دەهاتوو دەنگی زیاتر دەنووسا؛ بە فیزێکەوە لەبەر دەم ئەم کچەوە دەڕۆیشت و گێز و گوڵینگەی مێزەرەکەی بەسەر شانەکانیەوە دەهاتن و دەچوون.

کچەکەیش بەڕاستی بەبینینی ئەم سەر و چاوە درێژەی توریدۆ ئازاری دەبینی، بەڵام دڵی ئەوەی نەبوو بە قسەی خۆش هەڵیخەڵەتێنێ. سەرئەنجام وتی: ''هاوڕێ توریدۆ، رێگام بدە با بگەمە لای کچەکانیتر. ئەگەر خەڵک پێکەوە بمانبینن چمان پێدەڵێن؟''

توریدۆ وەڵامی دایەوە: ''ئەرێ راستە، ئێستا کە ئەتەوێ شوو بکەی بە ئاڵفیۆ، کە چوار هێستری لە پشتیرەکەیدا هەیە، ئەی ئەمە نابێتە هۆی قسە و باس بۆ خەڵکی؟ با ئەمەش لەولاوە بێستێ، ئەوکاتەی من لە سەربازی بووم، ئەو دایکە داماوەم ناچار بوو، تەنیا ئێسترە کوێتەکەمان و ئەو کوتە رەزەی خوار رێگاکەوە بفرۆشێ. ئەو زەمانەش خۆ رۆی، کە خانمی' بیرتا' لە نێوانمانا بوو، بیرێکیش لەو کاتانە ناکەیتەوە لە پەنجەرەی سەر حەوشەکەتانەوە چەندمان پێکەوە قسان دەکرد. پێش ئەوەی بچم بۆ سەربازی، ئەم دەسرەشت پێدام. خوا خۆی دەزانێ چەند فرمێسکم رژاندۆتە سەری، ئەوەندە کە دوور کەتبوومەوە ، لەوانەبوو ناوی ئێرەشم لەبیر بچێتەوە. زۆر باشە ئێستا کەوایە، خواحافیز خانمی لۆلا، با بیبڕینەوە و کۆتایی بێنین بەم هاوڕێیەتییە.''

  خانمی لۆلا و گاریچی پێکەوە زەماوەندیان کرد؛ یەکشەمۆی دوای شاییەکە لۆلا لە بانیژەی ماڵەکەیانەوە دەرکەوت، دەستەکانی نابوە کەمەری بۆ ئەوەی بازنە زێڕە گەورەکانی کە شووەکەی پێیدابوو، نیشان بدا.

توریدۆ لەو خیابانە چکۆلە تەنگەبەرەدا، دەست لە گیرفان و سەبیلە بە لای لێویەوە، دەهات و دەچوو، وای دەنواند  کە هیچ دەربەست نییە و خەریکی چاوبازی لەگەڵ کچاندایە؛ بەڵام لە دەرووندا خۆی دەخواردەوە. بیری لەوە ئەکردەوە مێردەکەی لۆلا ئەو هەموو زێڕەی هەیە و ئەو هەموەش کە ئەو لێرەوە دێت و دەچێ لۆلا هیچ لای لێ ناکاتەوە.

لە ژێر لێوەوە بۆڵاندی و گوتی: ''حەز دەکەم لەبەر چاوی ئەم سەگگڵاوکەدا سووک و بێڕێزی بکەم.''

بەرانبەر بە ماڵی ئاڵفیۆ، خاڵۆ کۆلای رەزەوان دەژیا. خاڵۆ کۆلا پیاوێکی زەنگین و پارەدار بوو، دەگوترا پەڵخە بەرازێکە بۆخۆی. ئەم پیاوە ، کچێکی قەیرەی لە ماڵدا هەبوو. توریدۆ زۆری گوت و زۆری مەرایی کرد، هەتاکوو خاڵۆ کۆلا لە لای خۆی دایمەزراند؛ پاشان توریدۆ، رێی هاتووچووی بۆ ماڵیان کرایەوە و دەستی کرد بە قسەی خۆش بۆ کچەکەیان.

'' بۆ ناچی ئەم قسە خۆشانە بۆ خانمی لۆلا بکەی؟'' سانتا پێیگوت.

''لۆلا گەورە خانمێکە بۆخۆی! ئەو ئێستا هاوسەری یەک لە تاجدارەکانە!''

''وابزانم هێندە چاک نیم ببمە هاوسەری تاجدارێک.''

''چی دەڵێی، ئەتۆ سەدجار لە لۆلای خانمتری، ئەمن پیاوێک ئەناسم قەت چاو لە لۆلا یان جوانتر لەویش ناکا، هەتا تۆ لەوێ وەستا بیت. بۆیە رایەی ناکەوێ پێڵاوەکانیشت بۆ هەڵگرێ، بەڕاستی رایەی ناکەوێ!''

''ئەرێ، رێوی کە زانیی دەمی ناگاتە ترێ، بە بەرسیلەی دەگوت، ئۆی چەند ناسک و شیرینی؛ تووخوا هاوڕێ توریدۆ، واز بێنە لەم قسانە.''

''بۆ، دەترسی بتخۆم؟''

''نا، ناترسم ، نە لە خۆت و نە لەو کەسەی خزمەتی دەکەی.''

''ئەرێ، هەموو دەزانین دایکت خەڵکی لیکوودیایە، ئێوە خوێنتان زوو دێتە جۆش! دەنا دەمتوانی بەچاو هەڵتلووشم!''

''کە وایە بەچاو هەڵملووشە و ورتکەیەکیشم لێ مەهێڵەرەوە؛ بەڵام ئەو دەستە چیلکەم بۆ هەڵگرە.''

''لەبەر دڵی تۆ چیلکە هیچ، ئەو خانوەت بۆ هەڵدەگرم.''

سانتا بۆ ئەوەی سوورهەڵگەڕانەکەی خۆی بشارێتەوە، چیلکەکەی دەستی بۆ توریدۆ خست، بەڵام بەری نەکەوت.

''بیبڕێنەوە، بە قسەکردن دەستە چیلکە نابەسترێ.''

''ئەگەر دەوڵەمەند دەبووم ، چاوم دەگێڕا بۆ هاوسەرێکی وەک تۆ، سانتا!''

''من وەک لۆلا نابمە هاوسەری پیاوێکی تاجدار، بەڵام منیش وەکوو ئەو وەردەکی(جیاز) خۆم هەیە، ئەگەر خوا پیاوێکم بۆ بنێرێ.''

''ئێمە دەزانین ئێوە دەوڵەمەندن، ئەرێ. ئێمە ئەوە دەزانین.''

''ئەگەر تۆ ئەوەندە دەزانی، بەس قسان بکە، باوکم ئێستا دەگاتێ، منیش حەزناکەم لە حەوشە بمبینێ.''

باوکی گەیشت و رووی تاڵ و گرژ کرد. بەڵام سانتا وای نواند کە ئاگای لە هیچ نییە، چونکە گوڵینگەکانی مێزەرەکەی توریدۆ دڵی لە رەگ و ریشەوە هێنابوە لەرزین و لەبەر چاویا هەر دەهاتن و دەچوون.

پاش ئەوەی باوکی سانتا توریدۆی لە ماڵ وەدەرنا، کچەکەی پەنجەرەی لێکردەوە. هەموو شەوان پێکەوە دەکەوتنە قسان. ئەمەش ببوە قسە وباسی نێو دراوسێکان.

توریدۆ دەیگوت: ''خەریکم بۆت شێت دەبم. خواردن و خەوم نەماوە.''

''بڕوات پێناکەم.''

''خۆزگە کوڕی ویکتۆر ئامانوئێل دەبووم، چونکە دەمتوانی بتخوازم!''

''بڕوات پێناکەم.''

''بە حەزرەتی مریەم دەتوانم وەک کوتە کەیکێک قووتت بدەم!''

''بروات پێناکەم.''

''بە شەرەفم!''

''وەی دایە گیان.''

لۆلا هەموو شەوێ لە پشت کووپەی رێحانەکانیەوە ، خۆی دەشاردەوە و بە بیستنی ئەم قسانە زەرد و سوور هەڵدەگەرا. رۆژیکیان توریدۆی بانگ کرد و گوتی: ''هاوڕێ توریدۆ، چۆنە وا کۆنە دۆستان، ئیتر یەکتر نادوێنن؟''

توریدۆ ئاخێکی پڕ لە داخی هەڵکێشا و گوتی: ''بەختەوەر ئەو کەسەی بۆی هەیە لەگەڵ تۆ چاکوچۆنی بکا!''

لۆلا وەڵامی دایەوە و گوتی: ''ئەگەر پێت خۆش بێ چاکوچۆنیم لەگەڵ بکەی، خۆ دەزانی ماڵمان لەکوێیە!''

توریدۆ ئەوەندە هاتووچووی ماڵیانی کرد، سانتا پێیزانی و پەنجەرەکەی بەڕوویا داخست. کاتێکیش توریدۆ بە یونیفۆڕمە تفەنگداریەکەیەوە لەوێوە دەهات، دراوسێکان بزەیان دەهاتێ و بەسەر لەقاندن و دەست راکێشان نیشانی یەکتریان ئەدا. مێردەکەی لۆلا بە هێسترەکانیەوە لە دەرەوەی دێدا، بە کاروباری خۆیەوە خەریک بوو.

 

لۆلا گوتی: ''رۆژی یەکشەممە بەنیازم بچمە کلیسا، بۆ پاکانە (اعتراف)، چونکە دوێشەو بە ترێڕەشکەوە خەوم بینیوە."

توریدۆ وتی: ''نا تووخوا، جارێکە بێستە!''

''نەء، ئێستا کە جێژنی پاک( زیندوو بوونەوەی مەسیح) نزیک بۆتەوە، مێردەکەم دەیهەوێ بزانێ، لەبەرچی بۆ پاکانە نەچوومە کلیسا.''

سانتای کچی خاڵۆ کۆلا، لەبەر دەرکەی ژووری پاکانەی کلیسا، ئەژنۆی دادابوو و چاوەڕوانی نۆرە مابوو. لۆلا لە ژوورەوە خۆی لە گوناحەکانی شتبۆوە. سانتا لەبەر خۆیەوە وتی: ''ئەها ئیتر ئێرە رۆم نییە بتنێرم بۆ تۆبە کردن!''

کە ئاڵفیۆ بە هێسترەکانی و پووڵێکی زۆرەوە گەڕایەوە ماڵ، دەستێ جلی جوانیشی، وەک دیاری بۆ رۆژانی پشوو، بۆ ژنەکەی هینابٶوە.

''کاری چاکت کرد دیاریت هێناوەتەوە بۆ ژنەکەت.'' سانتای دراوسێی پێیگوت. ''چونکە کە تۆ لە ماڵ نیت ژنەکەت کارێک دەکا، کە دەبێتە مایەی سەرشۆڕی بۆ تۆ.'' ئاڵفیۆ یەک لەو گاریچییانە بوو کە کڵاوەکەی تا بن گوێ دائەکێشا خوارەوە، بە بیستنی ئەمجۆرە قسانە لەسەر ژنەکەی، رەنگی تێکچوو، هەروەک خەنجەرێکیان لێدابێ. هاواری کرد: ''شەیتان، ئەگەر درۆ بکەی، چاوێکت بۆ ناهێڵمەوە فرمێسکانی پێ بڕێژی. نە هی خۆت نە هی بنەماڵەکەت!''

''من لەبیرم کردوە فرمێسک بڕێژم!'' سانتا وەڵامی دایەوە؛ ''ئەو کاتەش نەگریام کە بەم چاوانەی خۆم دیم، توریدۆی کوڕی پوورە نونزیا، شەوانە دەچوە ماڵتان بۆ لای ژنەکەت!''

''ئەگەر وایە، زۆر چاکە'' ئاڵفیۆ وەڵامی دایەوە؛ '' زۆر سپاس بۆ تۆ''

ئێستا کە ئاڵفیۆ لە ماڵەوە بوو، توریدۆ ئیتر نەدەچوو بۆ ئەو خیابانە تەنگەبەرە، خەمەکانی خۆی زیاتر لەگەڵ هاوڕێکانی، لە مەیخانە بەبا دەدا. ئێوارەی پێش جێژنی پاک، دەورییەکی گەورەی پڕ لە سووسیس لەسەر مێزەکەی بەردەمیان دانرابوو. کاتێ ئاڵفیۆ هاتە ژوورەوە، هەر لە دوورەوە چاوێ لە توریدۆ بڕیبوو. توریدۆ زانی بۆ چ کارێک هاتوە. چنگاڵەکەی لە سەر دەورییەکەی دانا و پرسیاری کرد: ''هاوڕێ ئاڵفیۆ، چ خزمەتێکم پێدەکرێ؟''

''شتێکی گرینگ نییە هاوڕێ توریدۆ، ماوەیەکە نەمدیوی، دەمهەوێ لەسەر شتێک قسەت لەگەڵ بکەم کە خۆت دەیزانی چییە.''

توریدۆ خێرا فەرمووی خواردنەوەی کرد و گلاسێک مەی بۆ راگرت، بەڵام ئاڵفیۆ بە دەست دایە دواوە. دوایی توریدۆ هەستا و گوتی: ''ئەوە لێرەم هاوڕێ ئاڵفیۆ."

ئاڵفیۆی گاریچی دەستێکی کردە ملی توریدۆ و بەگوێیدا چپاندی: ''دەتوانی بێزەحمەت سبەی بەیانی بێیە خوارەوە، بۆ نێو ئەو هەنجیرە دڕکاویانەی کانزیریا. لەوێ دەتوانین قسەی خۆمان بکەین هاوڕێ توریدۆ. هەتاوکەوتنان لەسەر شەقامە گەورەکە چاوەڕوانم بە، پێکەوە دەڕۆینە خوار.''

لە دوای ئەم قسانە ماچی رووبەروونەوەیان لەگەڵ یەک ئاڵوگۆڕ کرد. توریدۆ گوێی ئاڵفیۆی خستە نێوان ددانەکانیەوە. بەمجۆرە خۆی بە بەڵێنەکەی پابەند کرد.

هاوڕێکانی دەستیان لە سووسیسەکە کێشا دواوە، توریدۆیان بە بێدەنگی هەتا ماڵی خۆی بەڕێکرد. پوورە نونزیای داماو هەموو شەوێ تا درەنگان چاوەڕێی کوڕەکەی دەمایەوە.

توریدۆ رووی لە دایکی کرد و گوتی: ''دایکە، لەبیرتە ئەو رۆژەی دەچوومە سەربازی، تۆ بیرت دەکردەوە، ئیتر قەت ناگەڕێمەوە! وەرە ماچێکیترم بەرێ ، چونکە سبەی دەچمە سەفەرێکی دوور و درێژ!''

بەرلەوە رۆژ بێتەوە، چەقۆ زامندارەکەی، کە لەو کاتەوە چووبوو بۆ سەربازی لە ژێر کادا شاردبوویەوە، لەگەڵ خۆیا هەڵگرت و بەرەو هەنجیرە دڕکاویەکانی کانزیریا کەوتە رێ.

لۆلا کە دیتی مێردەکەی بەو بەیانییە زووە ماڵ بەجێدەهێڵێ، بەدەم گریان و هەنیسکدانەوە گوتی: ''یا مریەمی پیرۆز، بەم تووڕەییە بۆ کوێ؟''

''دوور ناچم'' ئاڵفیۆ گوتی.'' بەڵام زۆر بۆتۆ باش دەبێ هاتوو نەگەڕامەوە.''

لۆلا، لە شەوکراسەکەیدا، لای جێوبانەکەی دەستی کرد بە دۆعا کردن و تەزبێحەکەی، کە برادەر بێڕنارد لە سەرزەمینی پیرۆزەوە بۆی هێنابوو، بە لێویەوە نا و دۆعای'' دروودی خوات لێبێ مریەمەی پیرۆز''ی لەبەر خوێند.

توریدۆ پاش ئەوەی، مەودایەک لەو رێگایە شانبەشانی هاوڕێکەی، کە کلاوەکەی تا سەر گوێچکەکانی هێنابوە خوارەوە و بێدەنگ مابۆوە، رۆیی و گوتی: '' هاوڕێ ئاڵفیۆ! بە خوایەتی خوا، دەزانم من، هەڵە و بەدکردار بووم و دەبێ مافی ئەوەت بدەمێ بمکوژی، بەڵام بەرلەوەی بێمە ئێرە، ئەو دایکە پیرم دیت، بە بیانووی سەردانی جووجکەکان هەستابوو بمبینی کە دەڕۆم، دەبێ راستییەکە لە دڵی درابێ. بە خوایەتی خوا، دەمهەوێ وەک سەگ بتکوژم، پێش ئەوەی ئەو دایکە پیرەم  بۆم بێتە گریان.''

''زۆر چاکە'' ئاڵفیۆ وەڵامی داوە. توریدۆ چاکەتەکەی داکەند و گوتی: ''تۆ لێدانی خۆت بوەشێنە، دواییش نۆرەی منە.''

ئەوانە دوو دژمنی باش بوون. توریدۆ یەکەم زەبری لێدرا، بەلام زوو بازووی خۆی بەرخست. کە جوابی زەبرەکەی دایەوە، راست دای لە بێخی رانی ئاڵفیۆ.

''ئۆی، هاوڕێ توریدۆ، تۆ بەڕاستی بە نیازی بمکوژی؟''

''ئەیچۆن، خۆ من پێمگوتی؛ لەو کاتەوە، ئەو دایکە پیرەم هەستا، دانی جووجەڵەکان بدا، دەموچاوی وا لەبەر چاوما دێت و دەڕوا.''

 ''کە وایە جوان چاو بکەرەوە،" ئاڵفیۆ پێیگوت.' 'ئەمڕۆ دەمەوێ ئەم کێشەت لەگەڵ ببڕێنمەوە.''

بە وریاییەوە دەستی چەپی خستە سەر برینەکەی و ئەوەندە دامووکاوە تا هەنیشکی لە زەوی درا، لە پڕ مستێک خۆڵی هەڵگرت و هەڵیپرژاند بە چاوی توریدۆدا .

توریدۆ هاواری لێ هەستا،'' ئای نەمام'' بۆ خۆ پاراستن بە ناهومێدی هەنگاوێ کشایە دواوە؛ بەڵام ئاڵفیۆ گەیشتە سەری و چەقۆیەکی کرد بە سکیا و یەکیتریشی کرد بە ملیا.

''ئەم سێهەمینە، بە شانازی خێزانم کە بەخۆڕایی لەگەڵیا خەوتووی. ئێستە رەنگە دایکت لەبیری بچێ دان بە جووجەڵەکان بدا.

توریدۆ لە نێو ئەو هەنجیرە دڕکاویانەدا چەند جار بەملاولادا لەتری برد. دواییش وەک کۆتەرە دارێک کەوتە زەوی. خوێن وەک کەفی سوور لە گەرووی قڵپەی کردە دەر. ئیتر دەرفەتی ئەوەی نەما بە هەناسە سواری، هاوار بکا وەی دایە گیان.                                                               

 

 Image result for soldat kunst

گەڕان بۆ بابەت