فەڕۆخ نێعمەتپوور

تێکەڵێک لە فەلسەفە و لە سیاسەت، یاخود تێکەڵێک لە حەقیقەتی سیاسی و حەقیقەتی فەلسەفی، پێداویستیی رۆژە. لە سەردەمێکدا کە چەکەکان هەتا دێ کوشندەتر دەبن و مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر لە تەنیشت یەکترەوە دەژین، ئەم ئاوێتەکردنە تا رادەیەک لە ئەگەری شەڕە جەستەییەکانمان دووردەخاتەوە.

 

حەقیقەتی سیاسی، حەقیقەتی فەلسەفی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ لە دونیا بگات و تەفسیری بکات، پێویستی بە کۆمەڵێک لێکدانەوەیە کە لەدوواجاردا دەتوانن خۆیان لە چوارچێوەی 'حەقیقەت' دا ببیننەوە. حەقیقەت ئەو پنتەیە کە لەسەری رادەوەستین و شوێنی خۆمانی لێیەوە سەبارەت بە دونیا، کۆمەڵگا و رەوتەکانی دیاری دەکەین. هەربۆیە لە ژیاندا هەموو کەس خاوەن حەقیقەتی خۆیەتی. کە زۆر جار ئەم حەقیقەتە دەبێتە دیاردەیەکی گشتی و بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی باوەڕیان پێی دەبێ و، جاری وایە دەبێ بە حەقیقەتێک کە تەنیا یەک تاک باوەڕمەندە پێی.

حەقیقەتەکان 'ئۆبژێکتیڤ' ین. واتە خاوەن بنەمای موتڵەق نین و هەربۆیە بنەماکانیان بە پێچەوانەی حەز و خەونی ئێمە زۆر قایم و پتەو نین. نەک تەنیا لە حەوزەی فەلسەفەدا هەندێ فیلسووف هەن کە حەقیقەتی زانستی دەخەنە ژێر پرسیارەوە (وەک فێنۆمێنۆلۆژیستەکان)، بەڵکو لە خودی حەوزەی فەلسەفەی ناسینیش دا کەسانی وەک 'پۆپێر' تیۆرێک بە زانستی دەزانن کە بتوانێ لە خۆیدا رەگەزەکانی رەدکردنەوەی هەڵگرتبێ. هەڵبەت فیلسوفی وەک ئیفلاتون بە تووندی دژی ئەم جۆرە بۆچوونانەیە و پێی وایە حەقیقەتی موتڵەق هەیە و دەکرێ مرۆڤ لە رێگای پرۆسەی ناسینەوە پێی بگا.

رەنگە لەناو حەقیقەتەکاندا هیچ حەقیقەتێک بەقەدەر حەقیقەتی سیاسی ئۆبژێکتیڤ واتە زەینی نەبێ. بە پێچەوانەی حەقیقەتی فەلسەفی کە سەرەڕای ئۆبژێکتیڤ بوونی باوەڕی بە پرسیارکردن لەسەر حەقیقەتەکەی خۆیشی هەیە، حەقیقەتی سیاسی زۆرتر پێداگرە لەسەر باوەڕمەندبوون بە خۆی. واتە کەمتر سیاسییەک و ئەو حەقیقەتەی هەڵگریەتی مەیلی بە دانانی پرسیار لەسەر بنەماکانی خۆی هەیە. بۆیە جیهانی سیاسی زیاتر لە هەر جیهانێکی تر مەیلی بە رووبەڕووبوونەوە و بە هەڵگیرساندنی ململامێ و شەڕە فیزیکی و جەستەییەکان هەیە.

کاتێک رووبەڕووی کەسێک کە خاوەنی بیری فەلسەفییە دەبینەوە، دەبینین جۆری گفتوگۆ و دیالۆگی جیاوازە لەگەڵ کەسی سیاسی کە زۆر هەڵپەی ئەوەیەتی بۆچوونی خۆی بسەلمێنێ و بیسەپێنێ. کەسی فەلسەفی لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ تۆ گفتوگۆ دەکا بەردەوام مەیلی بە لێکدانەوەی بنەڕەتیانەی زیاترە و لە هەندێ شوێن دا تەنانەت لەگەڵ خۆی دەکەوێتە مۆنۆلۆگ. واتە گفتوگۆی فیلسووف تێکەڵێکە لە دیالۆگ و لە مۆنۆلۆگ. هەروەها هەوڵدەدا لەگەڵ موخاتبەکەی پێکەوە حەقیقەت پەیدا بکەنەوە (پەیدا کردنەوەی حەقیقەت بە واتای دەرچوون لە سنوورە باوەکانی ئەو حەقیقەتەیە کە خەریکن قسەی لەسەر دەکەن). بەڵام کەسی سیاسی پێداگرە لەسەر راستی و دروستیی خۆی و، هەڵە و ناڕاستیی ئەوی بەرامبەری. بۆیە دیالۆگە سیاسییەکان هەمیشە مەیلیان بە حەزف و لابردنی ئەوی تر هەیە، لە کاتێکدا دیالۆگی فەلسەفی لە بیری بەرامبەریش وەک سەرچاوە و یارمەتییەک بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت کەڵک وەردەگرێ. بگرە حەقیقەتی خۆیشی.

هەڵبەت نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ کە فیلسووفەکان گوایا پێداگرنین لەسەر هیچ حەقیقەتێک. بەپێچەوانەوە، ئەوانیش دەبێ باوەڕیان بە هەندێ حەقیقەتی خۆیان هەبێ. جیاوازییەکە لێرەدا تەنیا ئەوەندەیە کە ئەوان بەردەوام ئاگایان لەوەیە رەنگە هەڵە بن، بەڵام مرۆڤی سیاسی کەمتر بە ئەگەری هەڵەبوونی خۆی دەگا. جگە لەمە، فیلسووفەکان کەمتر دەگەنە کوشتنی یەکتر لە پرۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتردا.

کەواتە بۆ ئەوەی سیاسییەکان بتوانن مەیلی شەڕی جەستەیی لەگەڵ یەکتر کەم بکەنەوە، پێویستە زیاتر و زیاتر فەلسەفە بخوێننەوە و زیاتر و زیاتر لەکاتی روانینی دونیا و ساتەوەختی دیالۆگ دا کەڵکی لێوەرگرن. فەلسەفە لە گرژبوونمان کەم دەکاتەوە و زیاتر باوەشمان بۆ گوێ لێگرتن لە ئەوی دی ئاوەڵا دەکا.

تێکەڵێک لە فەلسەفە و لە سیاسەت، یاخود تێکەڵێک لە حەقیقەتی سیاسی و حەقیقەتی فەلسەفی، پێداویستیی رۆژە. لە سەردەمێکدا کە چەکەکان هەتا دێ کوشندەتر دەبن و مرۆڤەکان زیاتر و زیاتر لە تەنیشت یەکترەوە دەژین، ئەم ئاوێتەکردنە تا رادەیەک لە ئەگەری شەڕە جەستەییەکانمان دووردەخاتەوە.

فەلسەفە نەرمکەرەوەی سیاسەتە.

 

 Image result for dialog kunst

بازدید: 813