گفتوگۆ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

من پێم وایە ژێرخانەکانی مەعریفە و سیاسەتی کوردی لەو ئاستەدا نین کە بە پان و بەرینی ئیزنی وەها شتێک بدەن. بۆیە دەبینین کە نووسەری کورد جاروبارە هەوڵدەدا هەندێ رەگەزی پۆستمودێڕنی بخاتە ناو چیرۆکەکانییەوە، بەڵام بەردەوام خەریکی گێڕانەوەی حەقایەتە گەورەکانە. 

 

تەوەرى (چیرۆک)

 

  گفتوگۆ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

سازدانى تەوەر: خەمگین خدر

 بڵاوکراوە لە پاشکۆی کلتور و ئەدەبی هەفتەنامەی رووداو

* وەک ئا شکرایە ژانرى چیرۆک چونکە پەیوەندییەکى بنەڕەتى بە هونەرى گێڕانەوەوە هەیە، بۆیە ژانرى چیرۆک لە زۆربەى ژانرەکانى دیکەى نووسیندا بوونى هەیە. ئاخر لە ژیان خۆى چیرۆکێکى درێژە، یان ئەگەر بەڕوانگە ئایینیەکانەوە لە ژانرى چیرۆک بڕوانین، ئەوە ژیان بە سەفەرێکى کورت دەچوێنن. دیارە ژیانى هەر یەکێکیشمان بۆ خۆى چیرۆکە، بۆیە لە چیرۆک لە زۆربەى ژانرەکانى دیکەى ئەدەبیاتدا هەیە و هەندێک ژانر تەنانەت بەبێ ڕەگەزى چیرۆک ناتوانێت بژیت. بۆ نموونە: کام شانۆنامە هەیە ڕەگەزى چیرۆکى تێدا نەبێت؟ ئایا دەچێت بیرەوەریی بنووسینەوە و ڕەگەزى چیرۆک بوونى نەبێت؟ ئایا کام ڕۆمان هەیە خوێنەر بەر چیرۆک نەکەوێت؟ ئاخر زۆرجاران شیعرێکى کورتیش چیرۆکێکى درێژى لە هەناوى خۆیدا هەڵگرتووە. کەواتە دەپرسین: چیرۆک چییە؟

 

- چیرۆک بە گشتی گێڕانەوەی رووداو یان رووداوگەلێکە، جا رووداوێکی دەرەکی و فیزیکی بێت، یان رووداوێکی دەروونی و رۆحی. بەڵام کاتێک دەتوانین ئەم گێڕانەوەیە ناوی چیرۆکی لەسەر بنێین کە بەرگی مودێڕن لەبەربکا. واتە هەندێ تایبەتمەندیی نوێ هەیە کە ئەم شێوە گێڕانەوەیە لە شێوازەکانی پێش خۆی کە بۆ وێنە حەقایەتە جیادەکاتەوە و، ئیتر دەتوانی پێی بڵێین چیرۆک. بۆ وێنە:

ـ لە چیرۆکدا لە گەڵ کەسایەتی رووبەڕووین، واتە مرۆڤ قارەمانی سەرەکییەتی،

ـ خاوەن کات و شوێنی دیاریکراوە،

ـ خاوەن رەوتێکی 'هۆ ـ هۆگر'ە واتە 'علت و معلول'،

ـ لۆژیکێکی دەروونی، رووداوەکان یاخود بەسەرهاتەکان پێکەوە گرێ دەدا،

ـ خاوەن سترۆکتۆرە،

ـ لە زمانی ئەدەبی کەڵک وەردەگرێ. وە بە گوێرەی وتەی فۆرمالیستە رووسییەکان ئەم زمانە دەبێ لە توانای 'سەرسامکەری' بەهرەمەند بێت، ئەگەرچی ئەم توانایە رێژەییە و لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەگۆڕدرێ،

ـ داهێنراو بێت، واتە نابێ گێڕانەوەی کتومتی واقع بێت،

ـ لە کاتی خوێندنەوەدا قووڵبوونەوە لە خوێنەردا چێبکا، واتە ببێتە هۆی زانیاری زیاتر، یاخود هەستی جوانناسی زیاتر لەسەر رووداوێک،

ـ سەرنجڕاکێش بێت، واتە ناکرێ هەموو رووداوێک هەوێنی چیرۆکی تیا بێت. گەر تیاشی بێت دەبێ وەها تانوپۆکەی بچنرێتەوە کە سەرنجڕاکێشی لەگەڵ خۆی بەرهەم بێنێت.

 

 

*ئایا چى کۆمەکى چیرۆکنووس دەکات، تاوەکو بتوانێت چیرۆکێکى باش بنووسێت؟ دواتریش مەرجى چیرۆکێکى باش بەلاى تۆوە چییە؟

 

- هەموو ئەو سەرنجانەی سەرەوە کە لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لێکرد، یارمەتیدەرن. تەنانەت واوەتریش، ئەمانە بنەماسەرەکییەکانی مەرجی نووسینی چیرۆکن. بە کورتی دەتوانم بڵێم کە دەکرێ ئەمە لە دوو گروپدا کۆبکەینەوە: ١ـ شارەزایی لە سەر تکنیک، ٢ـ شارەزایی لە سەر ناوەڕۆک.

هەموو چیرۆکنووسێک دەتوانێ فێری تکنیک و مەرجەکانی نووسینی چیرۆک بێت، بەڵام ناوەڕۆک شتێک نیە لە رەگەزی تکنیک. واتە لە بەشی ناوەڕۆکدا هیچ وڵامێکی لەوەپێش دیاریکراومان نیە. نووسەر دەبێ ئەوەندە چیرۆک بخوێنێتەوە هەتا شێمایەک دێتە زەینییەوە. دوواتر لە رێگای تاقیکردنەوە و هەڵەوە بۆ خۆی بە شێوازی خۆی دەگا. دیارە چەمکی تکنیکیش چەمکێکی بزۆز و بگۆڕە و رۆژبە رۆژ خۆی دەوڵەمەندتر دەکا.

کەواتە چیرۆکنووسی باش چ لە فۆڕم و تکنیک دا و چ لە ناوەڕۆکدا بە جۆرێک رچەشکێنیشە. 

 

*ئەوە زمانە یان تەکنیکە کە شێوازى چیرۆک دیارى دەکات؟ دواتریش، ئایا لە رێگەى زمانەوە بەر ئەزموونێکى نوێ تەکنیک دەکەوین؟

 

- بە رای من هەردووکیانە. گەر ئەم دووانە پێکەوە بن ئەوا دەتوانین باس لە شێواز بکەین. بەڵام زمان پشکی شێری بەردەکەوێ. لەبەر ئەوەی زمان ئامرازی سەرەکیی چیرۆکە، کەواتە نووسەر دەبێ گرینگیی زیاتری بداتێ. لەبیرمان نەچێ کە لە رێگای زمانەوەیە مانا دەخوڵقێ. جا زمانێک نەتوانێ مانا بخوڵقێنێ ئەوا تکنیکی دونیایشی بدەیتێ هێشتا دۆشداماوە. بە رای من لە رێگای زمانەوەیە قووڵایی مانا چێ دەکرێ و تکنیکی باشیش زیاتر یارمەتی ئەم پرۆسەیە دەدا. هەموو باسەکە لەسەر پێکهێنانی هارمۆنییە لە نێوان ئامرازە جۆراوجۆرەکانی چیرۆکدا. نووسەر دەبێ لە کاتی نووسین دا ئاگای لەوە بێت قورسایی زیالەڕادە نەداتە بەشێک و زوڵم لە بەشەکانی تر بکا. هەروەها لەبیرمان نەچێ کە خەمەکانی ناو چیرۆک دەبێ خەمێکی گشتی بن یاخود خەمێک بن کە بتوانن خۆیان بەگشتی بکەنەوە، واتە بە باسکردنیان سۆز لەوی تردا چێبکەن. ئەمە راستە کە ئەدەبییات شوێنی باسکردن و راهێنانی دونیای تاکە، بەڵام ئەم تاکە دەبێ بەجۆرێک تاکێکی گشتی بێت، واتە پەیوەندی لە گەڵ تاکەکانی تردا دروست بکا و ئەوانی تریش تاکایەتی خۆیانی تیاببیننەوە.  

 

* ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى چیرۆکى کوردى بدەینەوە، دەبینین هەندێک لە چیرۆکنووسان گوتە و ڕستەى تەمومژاوییان خستۆتە ناو چیرۆکەکانیانەوە کە ئەوە هونەرى گێڕانەوەى چیرۆکەکانى ئاڵۆز کردووە. ئایا تۆ ئەمە بۆچى دەگەڕێنییەوە؟

 

- گەمە بە زمان هەمیشە بەشێکی گرینگی کاری نووسەر بووە. ئەمە بەتایبەت لە ناو فیلسوفە رۆمانسییەکانیشدا باو بووە. زۆر جار نووسەر پێی وایە حەقیقەت ئاڵۆزترە لەوەی بە رستەی سادە خۆی بەدەستەوە بدات، بۆیە پەنا دەبەنە بەر رستە و چێکردنی مانای ئاڵۆز و دژوارخۆبەدەستەوەدەر. ئەمەیش بەڕای من پێویستە و بەشێکە لە کاری ئەدەب. چونکە ئەدەب بەردەوام سنوورە باوەکانی زمان دەشکێنێ و هەوڵدەدا زمان و مانای تر بخوڵقێنێ. ئاڵۆزی، هەندێ جار پێویستە، چونکە قاڵبی زەینی خوێنەر دەشکێنێ و فێری دەکا زیاتر لە گەڵ وشە و پێوەندیی نێوانیان لە دەق دا کار بکا. سەیر ئەوەیە ئەو رستانەی کە زەمەنێک پێمان وابووە ئاڵۆز بوونە، ئەوا لە دووای چەند ساڵێک دەبینین سادە دەنوێنن! واتە ئاڵۆزیش مانایەکی رێژەیی هەیە.  

 

* ئایا ئەدەبى پۆستمۆدێرن کاریگەریى بەسەر چیرۆکى کوردی دروستکردووە، یان چیرۆکى کوردى چۆن خۆى ئاوێتەى ئەدەبى پۆستمۆدێرن کردووە؟

 

- بە رای من ئەم کارلێکەرییە هەیە، بەڵام من گومانم لەوە هەیە کە بە مانای راستەقینەی خۆی ئێمە خاوەن وەها مانایەک بین. مەگەر ئەوەیکە نووسەر چەند مەرج هەیە پێی گەیشتبێ. مەرجەکانیش ئەمانەن:

 

ـ نووسەر دەبێ وازی لە باوەڕهێنان بە حەقایەتە گەورەکانی وەک ئایدیۆلۆژییە مەزنەکان هێنابێ،

ـ دەبێ جۆرێک لە مێتائەپسمۆلۆژی لە زەینیدا دروست بووبێ، واتە بتوانێ لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەو 'ناسین'ەی خۆی خاوەنیەتی راوەستابێ،

ـ بە جۆرێک لە هەزلیەتی روانگە سەبارەت بە 'بوون' گەیشتبێ،

ـ مەلەوانێکی باشی نێوان بیروڕا جۆربەجۆرەکان بێت،

ـ شارەزانی تکنیکی کۆن و نوێ بێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە کاتی نووسین دا تێکەڵیان بکا.

 

لە کۆمەڵگایەکدا هێشتا ئاوێتەی حەقایەتە گەورەکانە، واتە بەتایبەت باوەڕی بە ناسیونالیزم هەیە (ئەمەیش من نرخی لەسەر دانانێم، تەنیا دەمەوێ بڵێم کە دیاردەیەکە و هەیە)، چلۆن دەتوانێ ئەدەبی پۆستمودێڕن بە مانای راستەقینەی خۆی شکڵ بگرێ؟

من پێم وایە ژێرخانەکانی مەعریفە و سیاسەتی کوردی لەو ئاستەدا نین کە بە پان و بەرینی ئیزنی وەها شتێک بدەن. بۆیە دەبینین کە نووسەری کورد جاروبارە هەوڵدەدا هەندێ رەگەزی پۆستمودێڕنی بخاتە ناو چیرۆکەکانییەوە، بەڵام بەردەوام خەریکی گێڕانەوە حەقایەتە گەورەکانە. چیرۆکنووسی کورد هێشتا لە دووانەی (من / دوژمن) دا دەژی و بۆیە هێشتا خاوەن زەینێکی مودێڕنە، نەک پۆستمودێڕن.

 

*ئایا ڕەخنەى کوردى توانیویەتى لەگەڵ هەڵزنانى چیرۆک بە باڵای گێڕانەوەوە، هەنگاو بنێت؟

 

- بە هیچ جۆرێک. لەگەڵ رێزم بۆ ژمارەیەکی یەکجار کەمی رەخنەگران بەداخەوە ئێمە هێشتا لەمانای شیاوی خۆیدا خاوەن رەوتێک بەناوی رەخنەی چیرۆکی کوردی نین. رەخنەگری کوردی زۆرینەیان هێشتا لەناو بازنەکانی خزمخزمێنێ، دۆستایەتی، حیزبایەتی، ئایدیۆلۆژیا، ناوچەگەریی و هتد سەروموقلات لێدەدەن و گیرۆدەی ناوە ناسراوەکانن.

هەڵبەت لەخۆوەیش نیە رەخنەی کوردیمان نیە. بۆ ئەوەی رەخنەمان هەبێ دەبێ چەند مەرج لەئارادا بن:

ـ شارەزایی بە سەر قوتابخانەکانی ئەدەب دا،

ـ خوێندنەوەی ناوەڕۆکیانەی بابەت،

ـ توانای گرێدانی بابەت بە مێژووەوە،

ـ زاڵبوون بە سەر فەلسەفە و کۆمەڵناسی دا،

من لە تۆ دەپرسم. ئێمە چەند کەسمان هەیە بەم تایبەتمەندییانەوە؟

 

*ئایا چیرۆکى کوردى لە کوێى چیرۆکى دونیادایە؟

 

- بە رای من ئەدەبی کوردی خاوەن چیرۆکی باشە. بەڵام چونکە لە ئاستی بەرین و پێویست وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی تر، نازانین و ناتوانین بڵێین لەکوێدا راوەستاوە. ئێمە زەمانێک ئەمە دەزانین کە لە چۆنیەتی کاردانەوەی خوێنەری بێگانە ئاگادار بین. ئەمە رەوتێکە کە لە مانای واقعی خۆیدا هێشتا دەستی پێنەکردووە و بۆیە چیرۆکی ئێمە هێشتا بە گشتی لوکاڵی ماوەتەوە. پەڕینەوە لە لوکاڵەوە بۆ دونیا پردێکە چێکراو بەر لە هەرشتێک لەوەیکە نووسەری کورد دەبێ لەناو ماڵی خۆیدا بە جیددی وەربگیردرێ. لە دونیای کوردیدا بە داخەوە سیاسەت ئەوەندە زاڵە کە نەهێڵێ نووسەر وەک نووسینەکەی ببینرێ. دونیای کوردی بۆ نووسەران بەتایبەت زۆر بێڕەحمە. کەس بە قەدەر نووسەری کورد تەنیا نیە.

 

 

 Bilderesultat for noveller kunst