ما 7905 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

قادر نیکپوور

 

له‌م قسانه‌ دا بوو، بایه‌که‌ توندتر و توندتری کرد. گێژه‌ڵوکه‌یه‌ک دروست بوو،‌ چاو چاوی نه‌ده‌بینی. بایه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ توند بوو که‌ ئه‌و شته‌ی وه‌ک تۆپی فووتبال له‌ حه‌واکرد. که‌ره‌ له‌ ترسان زه‌نده‌قی چوو،  له‌بایه‌که‌ توندتر ده‌فڕی.

 

که‌ری به‌خته‌وه‌ر

قادر نیکپوور

جارێک له‌ جاران که‌رێک بێ کار وبار، بێ که‌س و کار، دەگەڕا لێرە و لەوێ.

زۆرجار دڵی پڕ ئه‌بوو له‌ خه‌فه‌ت. له‌گه‌ڵ خۆیی قسه‌ی ده‌کرد. ئەو زۆرتر حەزی له‌ ته‌نیایی دەکرد.

رووی له‌ هه‌ر شوێنێک ده‌کرد بێ حورمەتییان پێ دەکرد، یان به‌ لێدان و کوتان ره‌وانه‌ی شوێنێکی تریان ده‌کرد.

رۆژ به‌ رۆژ زۆرتر له‌ خۆی بێزار ده‌بوو. له‌ ناچار له‌ هه‌موو که‌س دوور کەوتەوە. شوێنێکی تازەی دیتەوە کە بە دوور بوو لە هات و هاوار و دەنگی مرۆڤەکان.

باشتر وایە بڕۆم بۆ شوێنێک کە بە دوور بێت لە بێ رێزی و بێ حورمەتی.

لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد: مرۆڤەکان تەنیا قازانج و بەرژەوەندی خۆیان لەبەرە، تاکو کاریان هەیە بە فرت و فێڵ رێزت لێ دەگرن، دوایی ئەوە چاوت دەردێنن، وە بە چاوی کەم سەیرت دەکەن. 

بەڵێ: له‌ رۆژێکی گەرم و خۆشی به‌هاری، له‌ نێو مێرگ و چیمه‌نێکی سه‌ر سه‌وز و خۆش خه‌ریکی له‌وه‌ڕین بوو. جاروبار گوێی بۆ ده‌له‌قاند و سه‌یرێکی ده‌ورووبه‌ری ده‌کرد.

 بێده‌نگی ئەو شوێنە تەواو سرنج راکیش بوو. نە بە هات و هاواری خەڵک و منداڵ، نە بە بێدەنگی ئەو شوێنە.

له‌ناکاو هۆشی رۆیی، له‌ دووره‌وه‌ جاوی بە شتێکی سه‌یر و سامناک کەوت. زۆری سرنج نەدایە. خەریکی خواردن بوو.

سه‌ری هه‌ڵێنا، به‌ وردی سه‌یری شتەکەی کرد.

بە خۆی وت، ئەوە چیە؟

ئه‌وه‌ شتە سەیرە لێره‌ چ ده‌کات؟

ره‌نگه‌ ئەمەش داوی مرۆڤەکان بێت کە چاویان بە ئاسوودەیی من هەڵنایەت.

هه‌رئه‌وه‌م که‌م بوو. دوایی ئه‌م هه‌موو خه‌م و خه‌فه‌ته‌، ئەم هەموو ئێش و ئازارە، نایەڵن لێرەش ئاسوودە بژیم.

نا، وا دیارە دەس بەردار نین.‌ با زوو لێرە بڕۆم، با زوو خۆم بشارمەوە. ده‌نا یه‌ک و دوو ده‌مگرێت و که‌وڵم ده‌کات.

رکێفێکی له‌ خۆدا و چه‌ند شه‌قاوێک دوور کەوتەوە.

له‌ترسان ئاوڕی نه‌داوه‌، لای وابوو شته‌که‌ به‌ دواییدا دێت.

ئه‌وجار له‌ترسان زۆرتر و زۆرتر هه‌ڵده‌هات.

ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵات تاکو تەواو هیلاک و شه‌که‌ت بوو.

سه‌ری هه‌ڵێنا، هیچ شتێک دیار نه‌بوو.

وتی، زۆر سه‌یره‌، خۆم به‌ چاوی خۆم بینیم!

ئەگەر هه‌موو جارێک هه‌ڵه‌م کردبێت، ئه‌مجاره‌یان هه‌ڵه‌ نیه‌. دروستە جار و بار گەوجم، بەڵام عەقڵم پێم دەڵێت ئەم جارەیان شتێک هەیە.

وتی، واباشه‌ پشوویه‌ک بده‌م، ئه‌وکات ته‌واو لێره‌  دوور ده‌که‌ومه‌وه‌.

ئاخ، دەبێ ئەم جێگا خۆشە بە جێ بێڵم!

تازە دەهات بحەسێمەوە، تازە دەهات کەمێک خۆشی لە ژیان ببینم.

بەڵام حەیف و سەد حەیف ئەوەشم لە قیس چوو.

ئەوەی ئەمڕۆ بینیم به‌سه‌، تازە ناگەڕێمەوە ئەم شوێنە.

ئه‌مڕۆیی چی، تازه‌ ئیتر قەت ناگەڕێمەوە، بۆ حەوت پشتم بەسە.

پێکه‌نینی به‌م قسه‌یه‌ هات و وتی: زۆر سه‌یره‌، نازانم یه‌که‌م پشتم کێیه‌، که‌چی باس له‌ حه‌وت پشت ده‌که‌م.

دوایی حه‌سانه‌وه‌ ویستی له‌م شوێنه‌ بڕوات.

دیسان هیچ دیار نه‌بوو.

کاکە، دەزانم باوەڕ ناکەی. خۆم بەم دوو چاوانە بینیم. خۆی بوو، ئیتر هه‌ڵه‌ ناکه‌م. بەم جۆرە لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد.

تاوێک خۆی خافڵاند، دیسان هیچ ده‌نگ و باس نه‌بوو.

جار و بار سه‌یرێکی ده‌ورووبه‌ری ده‌کرد.

نا، واباشه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌وشوێنه‌ بزانم چ باسه‌؟ ئەم شوێنە خۆشە، تازە دەبێت بە مڵکی خۆم.

شوێنێکی زۆر خۆشه‌، شوێنی وام ده‌س ناکه‌وێت.

کەرێکی دیکە دێت و دەڵێ ئێرە مۆڵگە و شوێنی باب و باپیرمە. شەڕی ئەویشم بۆ زیاد دەبێ.

تازە با ئەم دوو رووژەی تەمەنم بە خۆشی تێپەڕ بێت. لەمە زیاتر چیم گەرەکە؟

وا باشە زوو بگەڕێمەوە شوێنی خۆم. لە کوێ شوێنی وا خۆشم دەست دەکەوێ؟

هه‌موو زه‌ین و هۆشی کەر له‌و شوێنه‌ بوو. ورده‌ ورده‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌.

که‌م که‌م چاوی به‌ شتێک که‌وت. شتێکی بچووک هێندی باڵنده‌یه‌ک. به‌ڵێ باڵنده‌یه‌کی بچووک.

هه‌رچی نزیکتر ده‌بوو شتەکش گه‌وره‌تر ده‌بوو.

به‌ڵام دیسان هیچ ده‌نگ و باس نه‌بوو.

نزیکتر و نزیکتر که‌وته‌وه‌.

له‌وێ وه‌ستا، به‌ڵێ خۆیه‌تی، ئه‌مزانی خۆیه‌تی. هەمان شتە بوو کە بە چاوی خۆم بینیم.

تاوێک سه‌یری کرد، به‌ڵام هیچ ده‌نگ و باسی نه‌بوو.

لایی خۆی وتی: ئه‌رێ بۆ هیچ قسه‌ناکات،  یان بۆ هیچ جووڵه‌ی نیه‌؟

ئه‌ڵێی مردووه‌ یان خه‌وی لێ که‌وتووه‌!

نا، له‌قه‌ست خۆی له‌خه‌و کردووه‌، ئه‌و من باش ده‌بینێ.

ویستی بانگی بکات، به‌ڵام له‌ترسان ناوه‌که‌ی له‌ بیر نه‌مابوو.

بانگی کرد، ئه‌ری هۆی ...

ئه‌وه‌ لێره‌ ته‌نیا خه‌ریکی چی؟ بۆ قسه‌ ناکه‌ی؟ بۆ جووڵه‌ ناکه‌ی؟

وەرە با ببین بە هاوڕێ! داخۆ تۆش لە دەس مرۆڤەکان رات کردووە و، لە دنیا بێزاری.

هیچ ولامێک نه‌بوو.

وا دیارە دڵی زۆر پرە، لەگەڵ کەس قسە ناکات.   

له‌ترسان ناوه‌که‌ی له‌ بیر کردبوو.  

له‌گه‌ڵ خۆی قسه‌ی ده‌کرد، ناوه‌که‌ی له‌سه‌ر زارمه‌، هه‌ر ئێستا دێته‌وه‌ بیرم.

له‌ناکاو بایه‌کی توند هات. ئەو شتە کەوتە جووڵە.

که‌ری به‌سته‌زمان له‌ترسان ئه‌وی له‌سه‌ر زاری بوو له‌ بیری کرد و ده‌ست به‌ جێ هه‌ڵات.

تاوێکی چاک هه‌ڵات، وه‌یزانی دیسان به‌دوایی دادێت.

له‌پڕ ئاوڕێکی دایه‌وه‌، به‌ڵام هیچ دیار نه‌بوو.

شه‌قاوه‌کانی سه‌بر کرده‌وه‌، راوەستا.

دیسان سه‌یری ده‌ورووبه‌ری خۆیی کرد، هیچ باس نەبوو.

به‌ڕاستی نازانم چ قه‌وماوه‌؟ بەراستی سەرم لێ شێواوە.

سەیرە، یه‌که‌م جار بێ ده‌نگ بوو، دوایی که‌مێک جووڵایه‌وه‌، لە کۆتاییدا ده‌مگرێت و ده‌مخوات.

واباشه‌ بڕۆم له‌م شوێنه‌، ئێره‌م زۆر به‌ دڵ بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وایی لێ هات.

ئه‌مه‌ش له‌ بێ به‌ختی نێو چاوانی خۆمه‌، ئیتر ده‌ڕۆم لێره‌، شوێنێکی باشتر ئه‌دۆزمه‌وه‌.

که‌مێک رۆیشت، دیسان بیر هه‌ڵی گرت.

"ئه‌و شته‌ ته‌واو زه‌ین و هۆشی کەری هاڵۆز کردبوو."

نا، جارێکیتر ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌، به‌س ئه‌م جاره‌!

با بڕۆم و خاترجه‌م بم.

هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن: یه‌ک که‌مه‌، دوو خه‌مه‌، سێ خاترجه‌مه‌!

با بڕۆم و خاتر جه‌م بم،  بزانم ئه‌مه‌ چیه‌؟

با بڕۆم دڵداری دەمەوە، تا بزانم بۆ زیزە!

ئه‌وسا فکری منیش ئاسووده‌ ده‌بێت.

هیچ نه‌بێت لێره‌ ناڕۆم، جێگام زۆر خۆشه‌ و شوێنی وا خۆشم ده‌س ناکه‌وێت.

دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ به‌ره‌و شوێنه‌که‌‌.

له‌ دووره‌وه‌ شتێکی بینی، شتێکی بچووک.

هه‌رچی نزیکتر ده‌بوو شته‌ش گه‌وره‌تر ده‌بوو.

هه‌مان به‌سه‌رهاتی جاری پێشوو.

هاته‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ که‌ ویستی ناوی به‌رێت.

به‌ڵام ئه‌وجاره‌یان بایه‌کی زۆر توند هات، ‌هه‌رچی قانگه‌لۆشک و گژ و گیایی ئه‌و ناوه‌ بوو له‌گه‌ڵ خۆی رادا.

هاژه‌ی بایه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ بەرز بوو، که‌ری بێچاره‌ له‌ ترسان تەواو زەندەقی چوو. له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌شی به‌ بیر بوو که‌ بزانێت ئه‌و شته‌یه‌ چی به‌سه‌ر دێت.

دوایی هه‌ڵاتنێکی زۆر کەمێک راوەستا. ئاوڕی داوه‌، بینی ئه‌و شته‌ له‌ شوێنی خۆیی نه‌ماوه‌ و، زۆر له‌ شوێنی خۆی دوور که‌وتۆته‌وه‌.

وتی نا، ئه‌مجار دڵنیام ئه‌و شته‌یه‌ زیندوویه‌ و له‌قه‌ست خۆی مراندووه‌.

لەوانەیە کەڕ و لاڵ بێت. لای ئەو من که‌رێکی بێ عاقڵم، پێی وایە گەوجم، هیچ نازانم.

له‌م قسانه‌ دا بوو، بایه‌که‌ توندتر و توندتری کرد. گێژه‌ڵوکه‌یه‌ک دروست بوو،‌ چاو چاوی نه‌ده‌بینی. بایه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ توند بوو که‌ ئه‌و شته‌ی وه‌ک تۆپی فووتبال له‌ حه‌واکرد.

که‌ره‌ له‌ ترسان زه‌نده‌قی چوو،  له‌بایه‌که‌ توندتر ده‌فڕی.

داویی تاوێک وڵات هێدی بۆوه‌، شته‌کە پاش ئه‌م هه‌مووخول لێدان و سووڕ لێدانه‌ بە ئاسماندا، یه‌ک راست که‌وته‌ خواره‌وه‌ سه‌ر پشتی که‌ری به‌سته‌زمان.

کەر زانی شتێک کەوتۆتە سەر پشتی، ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵات تا گه‌یشته‌ چۆمێک.

له‌ ترسان، له‌ توونییه‌تی گه‌روویی ته‌واو وشک ببوو. هێزی هه‌ڵاتنی تێدا نه‌ما‌بوو.

ویستی خۆ باوێته‌ نێو چۆمه‌که‌، به‌ڵام له‌ترسان ئەو کارەی نەکرد، چونکه‌ مه‌ڵه‌ی نه‌ده‌زانی.

به‌ خۆیی وت: جاوه‌ره‌ دوایی ئه‌م هه‌موو قه‌زا و بەڵایە مه‌له‌ش نه‌زانم. ئه‌گینا هیچ نەبێت به‌ مه‌له‌کردن خۆم رزگار دەکرد.

له‌ داوێن چۆمه‌ وێستا بوو، سه‌یری ئاوه‌که‌ی کرد، ئاوه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ روون بوو که‌ باش ژێر ئاوی ئه‌بینی.

بیری هاته‌وه‌ که‌ ده‌مێکه‌ ئاوێکی به‌م جۆره‌ روون و خاوێنی نه‌دیوه‌.

وتی، خۆزگە هەموو مرۆڤەکان دڵیان وەک ئەم ئاوە روون بایە، ئیتر منیش ئاوام بەسەر نەدەهات.

به‌ڵێ، خه‌ریکی ئاو خواردنه‌وه‌ بوو، له‌پڕ وێنه‌ی شتێکی سه‌یری له‌ناو ئاو لەسەر شانی خۆی بینی.

نه‌یزانی  وێنه‌ خۆیه‌تی، ترس هێشتا به‌ری نه‌دابوو، له‌ هه‌موو شتێک ده‌ترسا‌.

به‌ڵێ، لە ترسان خزی که‌وته‌ نێو چۆمه‌که‌.

زۆری هاوار کرد، ئه‌ی هاوار خنکام به‌ فریام بگه‌ن، به‌ فریام بگه‌ن مه‌له‌ نازانم....

که‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئاوه‌ رۆیی، که‌مکه‌م ده‌هات نوقم بێت.

شته‌ به‌ هاواری گه‌یی.

دوایی تاوێک په‌له‌ قاژه‌، له‌ شوێنێک خۆیی به‌ پنج و گیایی قه‌راغ چۆمه‌که‌ گیرسانده‌وه‌.

به‌ڵێ، که‌ره‌ ئه‌گه‌رچی له‌ مردن رزگار بوو، بەڵام مردنی به‌ چاوی خۆیی بینی.

سیحری ئه‌و شته‌ کەری رزگار کرد. به‌ڵام کەر ئەوەندە ترسا بوو نەیدەزانی چ قەوماوە.

له‌راستیدا وا بوو، ئه‌و شته‌ که‌ری له‌ مردن رزگار کرد.

هه‌موو له‌شی که‌ر له‌ ناو ئاو دابوو، هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ مردن نزیک بوو.

ئه‌ترسا دیسان بکه‌وێه‌ ناو چۆمەکە. هیچ سه‌ری له‌م سەودایە ده‌رنه‌چوو.

وه‌یزانی ئه‌مه قه‌زا و قه‌ده‌ره‌ له‌ مردن رزگار بووە.

به‌ڵێ سیحره‌که‌ لای ئه‌م شته‌ بوو، ئه‌م شته‌ ئه‌وی له‌ مردن رزگار کرد.

"ئه‌م شته‌ هێزێکی تایبه‌تی تێدابوو، هه‌رچی کەر حه‌زی کردبایه‌ پێی ده‌گه‌یی".

دوایی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌، که‌ره‌ ئەو شتەی ویشک و برینگ له‌ قه‌راغ ئاو بینی.

هه‌رچی بیری کرده‌وه‌ نه‌یزانی چ قه‌وماوه‌، خۆی ته‌ڕ و شتڵانی ئاوێ، شته‌ش ویشک و برینگ له‌سه‌ر ویشکایی.

لایی خۆی وتی: من له‌م سه‌ره‌ که‌وتمه‌ ناو ئاو، ئه‌م شته‌ش له‌سه‌ر پشتم بوو.

ئه‌گه‌ر له‌وێ که‌وتۆتە خواره‌وه‌، لێره‌ چ ده‌کات، یاخۆ چۆن هاتۆتە‌ ئێره‌؟

چۆن ده‌بێ لێڕه‌ گیرسابوو بێته‌وه‌؟

بۆچی هیچ ته‌ڕ نیه‌؟

له‌م بیرانه‌ دابوو شته‌ دیسان جووڵایه‌وه‌.

که‌ره‌ که‌ ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌ک له‌ مردن نزیک بوو، له‌ترسان گیا و گژی قه‌راغ ئاوه‌که‌ی به‌رداو به‌ ئاودا رۆیی.

دیسان ده‌ستی کرد به‌ هات و هاوار، ئه‌ی هاوار خنکام به‌ فریام بگه‌ن، به‌ فریام بگه‌ن مه‌له‌ نازانم....

که‌ره‌ له‌گه‌ڵ ئاوه‌ رۆیی، که‌مکه‌م ده‌هات نوقم بێت.

دیسان شته‌ به‌ هاواری گه‌یی.

که‌ره‌ که‌ دوو جار له‌ مردن رزگار ببوو، به‌ ترس و له‌رز له‌ ئاو هاته‌ ده‌ر، زۆر به‌ فه‌قیری و به‌سته‌زمانی له‌ قه‌راغ ئاوه‌که‌ راکشا. پێی خۆش بوو بمرێت بەڵام بە ئاودا نەڕوات و نوقم نەبێت.

کاتێک‌ هۆشی هاته‌وه‌ به‌رخۆ، سه‌یرێکی ده‌ورووبه‌ری کرد.

دیسان ئه‌و شته‌ی وشک و برینگ بینی، سەر لەنوێ له‌ شوێنێکی دیکە.

که‌مێک سه‌ری له‌قاند و وتی: ده‌بێ بزانم چ باسه‌؟ ئه‌م شته‌یه‌ چی له‌من ده‌وێت؟

زۆر به‌ توڕه‌یی وتی: چیت داوه‌ له‌من، بڕۆ وازم لێ بێنە!

دووجار که‌وتمه‌ ناو ئاو، له‌ مردن گه‌ڕامه‌وه‌، له‌به‌ر چی؟

له‌به‌ر تۆ! من له‌ده‌س تۆ راده‌که‌م. بڕۆ وازم لێ بێنە!

شته‌ش زۆر به‌ خۆیی داشکاوه‌، به‌ پاشه‌ کشه‌ ویستی له‌وێ دوور که‌وێته‌وه‌، که‌چی که‌ره‌ هاواری کرد:

نا نا، ئیتر جووڵه‌ مه‌که!

درێژه‌ی پێدا وتی: تازه‌ دووجار له‌ مردن گه‌ڕاومه‌وه‌، ئه‌مجاره‌ بکه‌ومه‌ ناو ئاو مردنم مسۆگه‌ره‌!

شته‌ش به‌ قسه‌ی که‌ری کرد و مرته‌قی له‌ خۆیی بڕی.

که‌ره‌ که‌ بینی ئه‌و شته‌یه‌ به‌ قسه‌کانی ئه‌و وێستاوە، پشوویه‌که‌ی هاته‌وه‌ به‌رخۆ. 

بیری کرده‌وه‌ واز له‌م باسه‌ بێنێ و، به‌جۆرێک خۆیی له‌م کێشه‌یه‌ رزگار بکا.

ورده‌ ورده‌ به‌ بیانوویی گیا خواردن به‌ قه‌راغ ئاودا رۆیی.

دوو چاوی هه‌بوو و دوویی تریشی قه‌رز کرد تاکو‌ کێشک لە شته‌کە بکێشێت.

تاوێکی چاک به‌سه‌ر چوو، به‌ڵام له‌ شته‌ هیچ ده‌نگ و باس نه‌بوو.

ئه‌ویش به‌ وردی و به‌دزی سه‌یری که‌ری ده‌کرد.

حەزی دەکرد ببێتە هاوڕێی کەر. ئەویش بە جۆریک لە دەس زوڵمی مرۆڤەکان رای کردبوو، چارەنووسی بەم رۆژە گەیشتبوو.

که‌ره‌ ورده‌ ورده‌ داگه‌ڕا به‌ره‌و خواره‌وه‌.

که‌م که‌م گوێی له‌ ده‌نگی خه‌ڵک و دەنگە دەنگی مناڵان بوو.

وتی: ده‌لێی ئه‌م ده‌نگانه‌ به‌ گوێم ئاشنان؟

هه‌رچی نزیکتر ده‌بوو، ده‌نگه‌کان زۆرتر ئاشکرا ده‌بوون.

نا، واباشه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌، من له‌ ده‌ستی ئه‌م خه‌ڵکه‌ رام کردووە.

دیسان لێم ئه‌ده‌ن و رێم ده‌نێن، من حه‌زناکه‌م ئه‌وان جارێکیتر بێ حورمه‌تی و سووکایه‌تیم پێ بکه‌ن.

 من ئێستا کەرێکی سەربەخۆم، هیچ پیویستم بەوان نیە.

من له‌ ده‌ستی ئه‌وان رام کردووه‌، ئیتر حه‌ز لە دیتنیان نەکام.

حەز دەکەم بمرم، بەڵام بە چاوی بی حورمەتی و سووکایەتی سەیرم نەکەن. مردن خۆشترە لە ژیانی وا.

له‌م قسانه‌ دابوو که‌ خه‌ڵک به‌ره‌و پیری که‌ر ده‌هاتن، که‌ر ویستی هه‌ڵێت.

له‌ ناکاو گێژه‌ڵووکه‌یه‌ک هه‌ڵی کرد، که‌س که‌سی نه‌ده‌بینی و که‌س نه‌یزانی چ ده‌قه‌ومێت.

به‌ په‌رۆشتر له‌هه‌مووان که‌رە بوو. ویستی هه‌ڵێ به‌ڵام هیچی نه‌ده‌بینی، ره‌شه‌ بایه‌ک ده‌هات و ده‌چوو.

له‌ هه‌مان کاتدا شتێکی قورس و نه‌رم که‌وته‌ سه‌ر پشتی کەر.

دوایی تاوێک وڵات که‌م که‌م ئارام بۆوه‌، که‌ریش ده‌ورووبه‌ری خۆیی ئه‌دی و ده‌یزانی چ باسه‌.

هه‌ستی به‌وه‌ کرد که‌ شتێکی زۆر نه‌رم و خۆش سه‌ر و گوێ و پشتی ئه‌وی داپۆشیوه‌.

ویستی هه‌ڵی، به‌ڵام هه‌وڵه‌که‌ی بێ سوود بوو، چونکه‌ هێزی هه‌ڵاتنی تێدا نه‌مابوو.

سه‌یرێکی ئاوه‌که‌یی کرد تا بزانی ئه‌م شته‌ نه‌رمه‌ی سه‌ر شانی چیه‌؟

که‌ خۆیی له‌ ئاودا بینی‌، زەندەقی چوو، دیسان سه‌یری خۆیی کرد، ئەو شتە سه‌یرە هه‌موو له‌شی داپۆشی بوو.

کەوڵە شێر وتی: دەبی بە هاوڕێم؟ ئەگەر لەگەڵم راست بی، قەت پشتت بەرنادەم.

کەواتە من و تۆ هاوڕێی یەکترین، بڕۆ مەترسە، پشتت بەرنادەم.

به‌ڵێ، ئەو کەوڵە شێری کەر لێی دەترسا، بوو بە هاوڕێی گیانی گیانی.

کەواتە کەری بەستەزمان ناحەقی نەبوو.

به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان فه‌رقی ده‌کرد، چونکه‌ کەوڵی شێر که‌ری له‌ ده‌س ته‌نیایی رزگار کرد.

کەر ویستی ورەی خۆی نیشان بدات و، تۆڵەی خۆی لە خەڵک بکاتەوە.

شێر وتی: تۆ کە هاوڕێی منی، نابێ بیر لە تۆڵە ساندن بکەیتەوە. ئەگەر قسەت هەیە بڕۆ بیکە تا دڵت رزگار بێت. کەسێک کە بیر لە تۆڵە ساندن دەکاتەوە، لە قەفەس دا دەژی. ئێمە بوونەوەرەکان ئازاد و سەربەستین.

کەر رووی کردە نێو ئاوەدانی. خەڵک لە ترسان هەڵدەهاتن. منداڵەکان خۆیان لە باوەشی دایک و باوکیان دەگرت.

هەرچی کەر نزیکتر دەبوو، خەڵک دوورتر دەکەوتنەوە. لایان وابوو، ئەمە شێرە نزیک دەبێتەوە.

کەرە بە دەنگی بەرز وتی: "ئەی مرۆڤەکان ئێوە لە ترسان رادەکەن، بۆیە زوڵم دەکەن. ئێوە هیچ لە مانای ئازادی تێ ناگەن، ئەگینا لاواز کوشی و زوڵم ناکەن."

 

 Related image

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

   

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

   

 

  

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت