ما 8688 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: هاوڕێ یوسفی

لەهەموو ئەم بڕیاردانە ئایدیۆلۆژیکانەدا، پرسی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مارکسدا پرسێکی [چارەنووسساز و] دیاریکەرە. ئەم پرسە بەتەنها لەبەر گرینگیی مارکس وەک بیرمەند و سیاسەتڤان، فەیلەسووف، ئابووریزان و مێژوونووس نیە: گرینگ زانینی ئەم خاڵەیە کە مارکس لە ناوکۆیی کولتووری ئەڵمانیادا چ مانایەکی هەیە و هەنووکەش هەیەتی.  

 

بووژانەوەی نەریتی ئەڵمانیی بیرکردنەوە

گیۆرگ لوکاچ

و: هاوڕێ یوسفی

ئەم کتێبە* لە کۆتاییەکانی پاییزی 1983دا کۆتایی پێهات. ڕوودانی جەنگ بڵاوکردنەوەکەی بۆ چەند ساڵ دواخست. لە ساڵەکانی 8_1947، ئەو کاتەی کە کرا بڵاوبکرێتەوە، بەکۆی دەقەکەدا چوومەوە بەڵام لەبەر زۆریی کارەکانی دیکە تەنیا توانیم بەشێکی زۆر بچووک لەو بەرهەمانەی کە لە 1938 بەملاوە لەمەڕ هێگل نووسرابوون، لەبەرچاوبگرم. ئەم چاپە نوێیە، کە بۆ کۆماری فێدێڕاڵی ئەڵمانیا ئامادەکراوە، سەرلەنوێ پێیدا چوومەتەوە، بەڵام جگە هەموارکردنی نووسینەکەی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆی تێدانەکراوە.

خوێنەر لە پێشەکیەکەدا دەستی بە روونکردنەوەی تەواوەتیی ئەو تێبینیە مێتۆدۆدۆلۆژیکاڵانەی کە ڕێپیشاندەری نووسەر لە کۆی ئەم کتێبەدا بوون، ڕادەگات. لەم پەیوەندەشدا هۆکارێک بۆ گۆڕینی ئەو هەڵوێستانەی کە شازدە ساڵ پێش گرتوومە، نابینمەوە. ئەو هەوڵانەی کە لە فەرەنسا بۆ "مۆدێرنکردنەوەی" هێگل بەشێوەیەکی ئێگزیستانسیالیستی و ناعەقڵگەرا (irrationalist) ئەنجامدراون ـ بەتایبەت لە کتێبە بەناوبانگەکەی ژان هیپۆلیتدا ـ هانیان نەداوم بەڵگاندنەکانم ڕاستبکەمەوە یان تەنانەت تەواویان بکەم. ئەو ڕەخنە بنەڕەتیەی لێرەدا لە سیمای باوی هێگل لە سەردەمی ئیمپێریالیزمدا (1) گیراوە بەهەمان ڕادە دەربارەی ئەم هەوڵە فەرەنسیانەش، کە بۆ فەراهەمکردنی تەفسیرکردنەوەیەکی دووبارە دەدرێن، وەڕاست دەگەڕێت، ئەگەرچی باری ناوەکی و دەرەکی بۆ " لەدایکبوونەوەی هێگلی"  لە فەرەنسەدا لەگەڵ وەها بارێک لە ئەڵمانیادا گەلێک جیاوازە.

جێی خۆیەتی چەند خاڵێک وەبیری خوێنەرە ئەڵمانیەکانی بەرهەمەکانی دیکەم، بەتایبەت بەرهەمە دواییەکانم، بهێنمەوە. تەفسیرەکەی من دەربارەی هێگلی گەنج لە زۆر ڕووەوە تەواوکەری کۆمەڵێک بیرکردنەوەن کە لە خوێندنەوەکانی دیکەمدا سەبارەت بە مێژوو و ئەدەبیاتی ئەڵمانیا باسم کردوون. بەتایبەت، ئەم بەرهەمە ڕوانگەیەکی پۆزێتیڤ و ئیجابیە بۆ ململانێ لەگەڵ سەردەمی "کلاسیک"ی دژەعەقڵیدا، کە شرۆڤە و تەفسیرەکەی لە کتێبی "کەوتنی عەقڵ" (Destruction of Reason)دا هاتووە. لەو کتێبەدا، پەرژاومەتەسەر خوێندنەوەی نەریتی دژەعەقڵی، کە شێلینگ و دواکەوتوانی بەرپایان کردبوو. لێرەدا دەپەرژێمەسەر ڕەخنەی هێگل لە دژەعەقڵی و سەرکەوتنی [بەسەر ئەم دژەعەقڵیەدا]، هەرچەند ئەم کارە وەک خۆی تەنیا فۆرمێکی نەرێنی/ سەلبی و ڕەخنەگرانەی ناواخنی سەرەکیی کتێبەکە، واتە داڕشتنی مێتۆدی دیالێکتیکیی ئایدیالیستی، دەردەخات. ئەم دوو کتێبە لە چەند ڕوویەکیتریشەوە تەواوکەری یەکترن. دەستڕاگەیشتن بە ڕاڤە و تەفسیرێکی ئیجابی و پۆزێتیڤ لەمەی کە بۆ بەتایبەت ئەمە فەلسەفەی هێگل بوو کە بووە لەمپەرێکی گەورە بۆ دژەعەقڵەکانی خول و دەورانی خۆی و بۆ دژەعەقڵان بە درووست هێرشەکانی خۆیان بۆسەری  وەک نوێنەری بەرجەستەی  فەلسەفەی بوورژوایی پێشڕەویی سەردەم چڕکردەوە، تەنیا لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا دەربارەی هێگل مومکین و ئەگەردار دەبێت. لەهەمانحاڵدا ڕووندەبێتەوە بۆچی سنووردارێتی و لێڵیەکانی ئایدیالیزمی هێگل دەتوانێت بیانوویەکی باش بدات بەدەستیانەوە بۆ ڕەخنە لە دیالێکتیکی مێژووگەرا و وزەیان پێبدات بۆ بەرپاکردنی هێرشێکی تا ڕادەیەک ورد بۆ سەری. بەمجۆرە، لەڕێگەی خوێندنەوە و ڕەخنە لە گۆڕانکاریی سەرەتایی هێگل دەتوانین تێبگەین بۆ ناعەقڵانیگەرایی لە بەرهەمەکانی خولی سەرەتایی شێلینگدا هێشتا هەندێک نیشانەی لە جەوهەری فەلسەفی تێدابوو، و چۆن دواترەکان، ئەو کاتەی سۆسیالیزمی زانستی بۆ ململانێ لەگەڵیدا دیارکەوت، لە نیچەدا تەنانەت بەرحەقبوونە پاژەکیەشیان لەکیس دا. ئەگەر دەمانەوێت نەک پەی بە کاریگەریی ڕاستەوخۆی مارکس لەسەر گۆڕانکاریی ئەندیشەی ئەڵمانی بەڵکوو پەی بە دەسەڵاتی هەندێک جار لە ڕادەبەدەری نا ڕاستەوخۆشی ببەین، پێویستە هێگل، هەم گەورەییەکەی و هەم سنووردارێتیەکانی، بە شێوەیەکی ورد بناسین.

ئەمە بەهەمان ڕادە دیاریکەرە بۆ تێگەیشتن لە سەردەمی زێڕینی ئەدەبیاتی ئەڵمانیش. من لە خوێندنەوەکانمدا سەبارەت بە هۆلدێرلین و هاینێ، و بەتایبەت لە باسەکانمدا دەربارەی فاوستی گۆتێ، لە ڕوانگەی ئەدەبیاتی ئەڵمانیاوە ئاماژەم داوە بەم پەیوەندیە. لەوێوە کە کاکڵی سەرەکیی ئەم کتێبە شیکردنەوەی دیاردەناسیی ڕۆح (The Phenomenology of Mind) ە، هەوڵمداوە خزمایەتیە قووڵە فیکری و فەلسەفیەکانی لەگەڵ فاوستدا دەربخەم، بەجۆرێک کە خوێنەری ورد و خورد دەتوانێت دەستی بە تەواوکەرێکی پەیوەندیدار بۆ خوێندنەوە پێشووەکانی من دەربارەی ئەم شاکارەی گۆتێ لە ئاسۆگەیەکی دیکەوە ڕابگات. ئەم خاڵە تا ڕادەیەک سەبارەت بەکۆی پرسەکانی ئەدەبیاتی پێشڕەوەی ئەڵمانیش وەڕاست دەگەڕێت. یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی مێژووی ئەدەبیاتی ئەڵمانیا  یەکلاییکردنەوەی خۆیەتی لەگەڵ توخمە دواکەوتووەکانی ڕۆمانتیسیزمدا. هەرچی بە دواکەوتوویی نوێنەرانی ڕۆمانتیسیزم زیاددەبوو، ستایشکردنیان زیاتردەبوو، و لە ئێمپراتۆریای ئەڵمانیادا مێژوونووسە ئەدەبیەکان یان هەوڵیاندەدا لێکجیایی و جیاوازییەکانی [نێوان] کلاسیسیزم و ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانیا خەوشداربکەن یاخود ڕوانگە دواکەوتووەکانی خۆیان بەجۆرێکی زەق و هێرشبەرانە دەردەبڕی. لەم ڕووەوە، یەکێک لە کارە گرینگەکانی توێژەران بنیاتنانەوەی فیکریی دۆخی ڕاستەقینەی ئەو کاتە.

هاوکات، ئەمە کارێکە ناکرێت لە پرسە گشتیەکانی سیاسەتی کولتووری جیابکرێتەوە. لە کاتێکدا کە خەڵکی ئەڵمانیا لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی خۆیاندان، لەکاتێکدا بەشێکی بەرچاوی ڕۆشنبیرانی ئەڵمانیا هێشتا بڕیاریان نەداوە بۆ پێشەوە بڕۆن یان بۆ دواوە، بوونی ڕوانگەیەکی درووست دەربارەی کێشمەکێشە فیکریەکانی ڕابردوو هاوکات دەتوانێت چرای ڕێی داهاتوو بێت. هەمیشە هەوڵمداوە لە خوێندنەوە فەلسەفی و ئەدەبیەکانی خۆمدا ئامانجەکانی دیکە بخەمە خزمەتی خەباتێکی گەورەوە کە واقیع هێناویەتیە پێشەوە. لەو باوەڕەدام روونکردنەوەی فەلسەفەی هێگل و هەروەها پەیوەندیەکەی لەگەڵ ڕەوتە پێشڕەو و پاشڕەوەکانی ڕۆژگاری خۆیدا هاوکات دەتوانێت یارمەتیدەریش بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە بەپەلە و گرینگە.

لەهەموو ئەم بڕیاردانە ئایدیۆلۆژیکانەدا، پرسی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مارکسدا پرسێکی [چارەنووسساز و] دیاریکەرە. ئەم پرسە بەتەنها لەبەر گرینگیی مارکس وەک بیرمەند و سیاسەتڤان، فەیلەسووف، ئابووریزان و مێژوونووس نیە: گرینگ زانینی ئەم خاڵەیە کە مارکس لە ناوکۆیی کولتووری ئەڵمانیادا چ مانایەکی هەیە و هەنووکەش هەیەتی.  تووماس مان  سێ دەیە پێش ئێستا نووسی: "گوتم کە وڵاتی ئەڵمانیا هۆکارێک بۆ شادی بەدەستەوە نادات و قەت ناتوانێت لە خودی ڕاستەقینەی خۆی تێبگات مەگەر ئەوەی کارل مارکس لەگەڵ فێرێدریش هۆڵدێڕلین ئاشنا بکاتەوە_، ئەو ڕووبەڕووبوونەوەی هەنووکە خەریکە ڕووبدات. بیرمچوو ئەوە زیاد بکەم ئەگەر ئەم ئاشناییە یەک لایەنە بمێنێتەوە ناچارەکی نەزۆک دەرئەچێت".

لەڕاستیدا ئەمە چەشنێک گەڵاڵەی گەلێک هیوابەخشە، بەتایبەت ئەگەر هاوشان بێت لەگەڵ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی هۆڵدێڕلینی ڕاستەقینە_ ئەو کارەی کە نووسەری ئەم دێڕانە لێرەو لەوێ کردوویەتی. سەرباری هەموو ئەمانە، وەهمێکی ترسناک دەبێت ئەگەر بەم دەرەنجامە بگەین کە جەماوەری نەتەوەی ئەڵمانیا لەم گەڵاڵەیەی تەنانەت بەشێوەیەکی کەمینە تێگەیشتووە، و بزربوونی مارکس لە ئاسۆی کولتووریی بەشێکی بەربڵاو لە خەڵکی ئەڵمانیا خاڵێکی لاوازە هەموو ڕۆژ و هەموو کاتژمێرێک لەهەموو پانتاکانی کار و کردەدا بەرچاو دەکەوێت. نەریتە شۆڕشگێڕانەکانی خەڵکی ئەڵمانیا لە ڕووی بابەتیەوە لاوازترن لە نەریتەکانی نەتەوەکانی دیکە و ناتوانێت بەرگەی باری قورسی چاوپۆشیکردن لەم میرات و کەلەپوورە دیاریکەرە بگرێت.

دەتوانرێت کاری بووژاننەوەی نەریتی ئەڵمانی لە ڕێگەگەڵی زۆرەوە پێشبخەین. یەکێک لەو ڕێگەیانە دۆزینەوەی ڕەگی بەرهەمەکانی مارکسە لە ئەدەبیاتی ئەڵمانیادا، بە جۆرێک لە ڕادەی [تێکەڵبوون و] دەرگیریی مارکس لەگەڵ نەریتی پێشڕەوی ئەڵمانیا، لە لێسینگەوە بگرە بۆ هاینێ، و لە لایبنیتزەوە تا هێگل و فۆێرباخ، پیشان بدرێت و بسەلمێت کە بەرهەمەکانی، لە بونیادی فیکریەوە بگرە تا شێواز و ستایلی نووسین، تا چ ڕادەیەک ئەڵمانین. شیکردنەوەی مێژوویی درووستی ئەندیشەی هێگل، کە لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیەوە ئەنجام درابێت، دەتوانێت یارمەتیدەری چارەسەرکردنی ئەم پرسە بێت.

هەڵبەت، ئەم کتێبە پێش هەموو شتێک لێکۆڵینەوەیەکی توێژەرانەیە دەربارەی واقیعەکان و پەیوەندیەکان لە فەلسەفە و مێژووی فەلسەفەدا. بەهای [ئەم توێژینەوە] کەم و زۆر ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم پرسانە دیاریدەکات. سەرباری ئەمە، هیچ ناسینێک ناتوانێت لە تەریکی و لاتەریکیدا بوونی هەبێت. تێگەیشتنی درووست لە فەلسەفەی هێگل، ناچارەکی، ئەو پرسانەی هەنووکە هێنامانە ئاراوە زیندوودەکاتەوە و کتێبەکە بەجۆرێک داڕێژراوە کە ئەم پرسانەش ڕوونبکاتەوە. نووسەری [ئەم دێڕانە] ناتوانێت سەبارەت بە سەرکەوتن یان نەکەوتنی کار/ بەرهەمەکەی حوکمێک دەربکات، بەڵام لەسەریەتی ڕاشکاوانە خوێنەرەکەی لەگەڵ مەبەستەکەنیدا ئاشنا [و ڕووبەڕووبکاتەوە].

 

بووداپێست، ژانڤیەی 1954

 

*ئەم وتارە پێشەکیی چاپی نوێی 1954ی ئەو کتێبەیە کە لە بەشی سەرچاوەدا ناوی کتێبەکە بەتەواویی هاتووە.

ژێدەر:

1-      گ. ل. ئەم وشەی بۆ نیشاندانی خولێک کە بەدوای دامەزراندنی ئێمپراتۆریای ئەڵمانیا لە 1870دا سەریهەڵدا، و بە دیارایکراوی، دوای سەردەمی ویلهێلمی دووهەم و جەنگی جیهانی یەکەم، بەکاردەهێنا. و.ئ.

سەرچاوە:

Georg Lukacs: The Young Hegel: Studies in the Relations between Dialectics and Economics.

 

 Image result for georg lukacs

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت