پێشڕەو محەمەد

هەڵبەت ئامالیا لەلایەن كۆشكەوە ریسوا ناكرێت، چونكە پیاوانی كۆشك هەر ئاگایشیان لەم رووداوە نییە، بەڵكو رووشانی شەرەفی بنەماڵە و ریسوابوونی ئامالیا لەلایەن وەهمی خەڵكی نێو ئەم جیهانە بیرۆكراسییەتەیە، كە پۆل پۆل خەڵك لێیان دووردەكەوتنەوە و وەك سووك سەیریان دەكەن. 

 

ژیان لەنێو جیهانی بیرۆكراسییدا

دەربارەى سوژەى كافكایی

پێشڕەو محەمەد

ئێمە بۆ راهاتووین بەردەوام بەڕێوەببرێین؟ هەمیشەیش بەم بەڕێوەبردنە خۆشحاڵ بین و شانازیشی پێوەبكەین، تەنانەت هەموو هەوڵێكمان ئەوە بێت بچینە نێو جیهانی بیرۆكراسیی و لەلایەن بەڕێوەبەری بچووك و گەورەى بوودەڵەوە بكرێینە ئامانجی كارە ئیدارییەكان، هاوكات لەگەڵیشیدا هەموو ژیان و ماف و مانەوەمان بەدەست لۆژیكی بەڕێوەبەرایەتی بێت؟ ئێمە ئێستاكێ هەموومان لەنێو جیهانێكی تەواو بەڕێوەبراوداین و هیچ یەكەیەكی ژیانی شەخسیمان نەماوەتەوە، بەڕێوەبەرە بوودەڵەكان تا بینەقاقا دەستیان نەخستبێتە نێوییەوە. ژیانی بەڕێوەبراو یان ژیان لەنێو جیهانی بیرۆكراسییدا ئەو مانایە دەگەیەنێت، كە تۆ هەرگیز خاوەن بوونی خۆت نیت و لەنێو پۆلێك سیستەمی داخراوی بیرۆیی و بەڕێوەبەرایەتیدا بوونت ئاراستە دەكرێت و بەردەوام سوژەی تۆ پڕدەكرێتەوە، ئەویش نەك بەو مانایە كە بتوانیت خۆت بەڕێوەبەریت، بەڵكو بۆ ئەوەى بشێت بۆ هەمیشە لەنێو ئەم بیرۆكراسییەتەدا نغرۆ بكرێیت و تا ئەبەد نەتوانیت لێی رزگار بیت.

ئاخر (ك) دەبینین چۆن هەموو هەوڵێكی چوونە نێو كۆشكەوەیە و تەنانەت دەست بۆ ناچیزترین و خراپترین شتیش دەبات و پەنا دەباتە بەر سۆزانیی، ئاغایەكی بێدەستەڵات، پیرێژنێكی داماو، بارناباسێكی گەمژە تاوەكو بیگەیەنن بە كۆش؛ رێك هاوشێوەى جیهانی ئەمڕۆی بیرۆكراتی، تایبەت ئەمڕۆ لای ئێمە، تاك هەمیشە و هەموو هەوڵێك دەدات تاوەكو بچێتە نێو دەزگا بیرۆكراتییەكان و لەلایەن بەڕێوەبەرەكانەوە ژیان و بوونی ئاراستە بكرێت و رۆژ تا ئێوارە وەك رۆبۆت بە كۆنترۆڵ ئیشبكات. ئادۆرنۆ گوتەنی: ژیانی بەڕێوەبراو برێتییە لە دروستبوونی كولتووری زبڵ.

ژیانێك رۆژ تا ئێوارە لە بیرۆ و نووسینگەیەكی فەرمانگەییدا بەسەر بەریت و هەموو بیر و ئامانجی ژیانت تەرخانبكەیت تاوەكو خاوەن بیرۆ لێت رازی بێت، دەبێ چ جۆرە ژیانێك بێت؟ زبڵ! هەر كەسێك كەمێك دەربارەى بیرۆكراسییەت شتێك بزانێت و یان ئەزموونی كردبێت، دەزانێـت ئەمڕۆ سیستەم بووە بە تەونی جاڵجاڵۆكە و هەموویانی لەبەرژەوەندی ئەو سیستەمەدا بەكارهێناوە، تەنانەت كەلێنێك نەماوە تاوەكو بتوانن هەناسەى تێدا بدەن؛ هەڵبەت لێرەدا من باس لەو دەزگا بیرۆكراتییە گەورەیە دەكەم، كە كافكا لە رۆمانی كۆشكدا وێنەى كێشاوە و ئەمڕۆ بەڕوون و ئاشكرایی و لە هەموو ئاستەكاندا بەدیدەكرێت.

(ك) بەڕێكەوت دەگاتە ئاواییەك و وەك رووپێو دامەزراوە، هەرزوو لە میوانخانەیەك دەگیرسێتەوە و تەنانەت خەوەكەى تاڵ دەكرێت و لە شیرینەخەو بەو زستانە بەرفرانبارە خەبەری دەكرێتەوە، ئەرێ بۆچی خەبەری دەكرێتەوە؟ بێگومان لەبەر ئەوەیە، كە لەم گوندەدا پەیوەندییەكی بەهێزی بیرۆكراسی و سیستەمی ئیداری بەیەكەوە بەستراو ئامادەیی هەیە، كە دەبێت تەنانەت خەوتنیش بە فەرمانی كۆشك بێت. هەڵبەت كۆشك لای كافكا، تەعبیرە لەكۆى سیستەمی بیرۆكراسیی نێو دەوڵەت و دەشێت وەك ئەو دەزگا ئەبەدییەى ئیدیۆلۆژیی دەوڵەت سەیری بكەین، كە لویس ئاڵتووسێر بە وردی گوزارشتی لێكردووە، سوژە لەنێو ئەم دەزگایەدا بۆ ئەبەد داگیركراوە، سوژە ئەبەدی و سەروەر نییە، بەڵكو ئەوە ئیدیۆلۆژییە كە ئەبەدی و سەروەرە.

لەو گوندەدا كەمینەیەك خاوەن دەستەڵاتی سەروەری و سیاسیی و دەوڵەتە، زۆر بە كەمیش ئەو كەسانە لەنێو ئاواییدا دەردەكەون. پارێزەرانی ئەم كۆشكە پاسەوانەكان نین، بەڵكو ئەمە ئاپۆرەى خەڵكە بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو سیستەمە بیرۆكراسییە دەكات، كە بونیادنراوە، لەوانەیە خەڵك تووشی وەهم بووبێتن، بەڵام ئەوەى نكوڵی لێناكرێت لەم سیستەمە جاڵجاڵۆكەییەى نێو كۆشكدا، كاركردنی سیستەمە لەسەر خەیاڵی خەڵك؛ ئەوە بەرزكراوەتەوە كە گەیشتن بە كۆشك كارێكی هێندە زەحمەتە و تەنانەت مەحاڵیشە. لەناكاو نامەیەك بە (ك) دەگات و تێیدا نووسراوە كە وەك رووپێو دامەزراوە و هەر كارێكیشی هەبوو ئەوا دەتوانێت سەردانی كوێخای ئاوایی بكات، بێگومان ئەو كوێخایەش هێندە بێدەستەڵاتە، هاوكات خاوەن ئەو وەهمەیشە، كە خەڵك هەیەتی؛ روون و ئاشكرا بە (ك) دەڵێت كە بەهۆى هەڵەیەكی بیرۆكراسییەوە تۆ بانگهێشت كراویت، دەنا ئەمە دۆسییەكەى بۆ كاتێكی دی دەگەڕێتەوە و هاوكات ئاواییش بەهیچ جۆرێك پێویستی بە رووپێو نییە، لێرەدا (ك) باسی ناوەرۆكی نامەكە دەكات، كە كلام بەڕێوەبەری كوێخایە و هەر ئەویش ئەم نامەیەى نووسیوە و دانی بە رووپێوبوونی ئەودا ناوە، كلامیش بەدەستەڵاترە لە كوێخا و پیاوی كۆشكیشە.

لەم رۆمانەدا كافكا وێنەی سیسەمێكمان بۆ دەكێشێت، كە ژیانی رۆژانەى هەمووان لەلایەن بیرۆكراتییەوە سیستەماتیزە كراوە و بەبێ ئەوەى تەنانەت بتوانن كەمترین نیگاش ئاراستەى ناو كۆشك بكەن، تەنانەت ئاسان ناتوانن كارمەندانی كۆشكیش ببینن، مەگەر لە باڕەكان پاسەوانەكانیان ببینن، تەنانەت خەڵكی تووشی ئەو وەهمەش هاتوون، كە كارمەندانی كۆشك هەر رۆژە و بە چەشنێك دەردەكەون، تۆ لەوانەیە كلامت بینیبێت، كاتێك (ك) لەلایەن فریداوە رێیپێدەدرێت لە كونی دەرگاكەوە سەیری بكات، بەڵام راستی ئەوە كلام نەبووە تۆ بینیوتە، ئۆكەى بینیوتە، دەشێت سبەى یەكێكی دی ببینی ئەو كلام بێت؛ كەواتە كلام هەر رۆژە و بە چەشنێك دەشێت دەربكەوێت. ئەوەى زیاتر كێشەكان گەورەتر دەكات و چوونە نێو كۆشك و پەیوەندی بە دەستەڵاتدارانی كۆشكەوە لای (ك) زیاتر مەحاڵ دەكات، برێتییە لە وەهمی ئەو خەڵكە كاتێك بەرانبەر بەم دەزگا زەبەلاحە هەیانە. قسەكردن لەسەر ئەم دەزگایە وەك قسەكردن لەسەر شەرەف وایە، كاتێك بتەوێت بچووكترین چەوتە نیگا ئاراستەى ئەم دەزگایە بكەیت، ئەوا شەرەفی خۆت و خێزانت لەدەست دەدەیت، نموونەكەی ئەم جۆرە لەدەستدانی شەرەفەش، خێزانی بارناباسە، كاتێك خێزانەكەیان لە ئاهەنگێكدا ئامادە دەبن و یەكێك لە بەرپرسە پلە نزمەكان ئامالیای خوشكی بارناباس دەبینێت، رۆژى دواتر نامەیەكی بۆ دەنێرێت، هەڵبەت ئێمە تەواو نازانین ناوەرۆكی نامەكە چییە، بەڵام كاتێك ئامالیا نامەكە دەدڕێنێت، و بەپێی باسكردن و ترسی ئەو لە نامەكە، دەردەكەوێت كە ویستوویەتی سوكایەتی بە ئامالیا بكات و سزا یان لاقەى بكات، بۆ ئەوەى پێی بڵێت تۆ چۆن رێگەت بەخۆت داوە سەرنجی پیاوانی كۆشك رابكێشیت، سزاكە لەوە قورسترە كە ئامالیا لاقە بكرێت یان شتێكی لەم چەشنە، چونكە كاتێك نامەكە لە نامەبەر وەردەگرێت و دەیدڕێنێت، كارەساتە یەكسەر لێرەوە دەستپێدەكات.

هەڵبەت ئامالیا لەلایەن كۆشكەوە ریسوا ناكرێت، چونكە پیاوانی كۆشك هەر ئاگایشیان لەم رووداوە نییە، بەڵكو رووشانی شەرەفی بنەماڵە و ریسوابوونی ئامالیا لەلایەن وەهمی خەڵكی نێو ئەم جیهانە بیرۆكراسییەتەیە، كە پۆل پۆل خەڵك لێیان دووردەكەوتنەوە و وەك سووك سەیریان دەكەن. باوكی بارناباس كە پێڵاودوورە، و شاگردیشی هەیە، هەمووان لێیان دووردەكەونەوە و ئەو بنەماڵەیە بەر نەفرەتی جەماوەرێك دەكەوێت كە سیستەم كۆى ژیانی داگیركردووە و خستوویەتییە نێو ژینگەیەكی تەواو بەڕێوەبراو و بە بیرۆكراتیبوو. باوكی ئامالیا و بارناباس هەموو هەوڵێك دەدات و كۆى سامانەكەى دەخاتە كار تاوەكو شەرەفی تكاویان بەدەست بهێنێتەوە و هەژار و نەخۆش دەكەوێت و ئیفلیج دەبێت و دەكەوێتە سەر جێگا، لێرەدا یەكسەر بلۆكی بازرگانم بیركەوتەوە لە رۆمانی دادگاییدا، كاتێك پێنج ساڵی تەمەنی خۆى بۆ دۆسییەكەى لە دادگا خەرجكردووە، یان ئەو لادێیەى دێتە بەردەمی ژووری یاسا و دەیەوێت بچێتە ژوورەوە، بەڵام پاسەوانی دەرگاكە هەرچەند رێی پێنادات بچێتە ژوورەوە، بەڵام پێشی دەڵێت، كە هەر لە بنەڕەتەوە ئەم دەرگایە بۆ تۆ كراوەتەوە، تا سەرە مەرگ كابرای بەردەرگا چاوەڕوانی چوونە ژوورەوە دەكات، بەڵام ناچێتە ژوورەوە و لە سەرە مەرگدا پاسەوانی دەرگا پێیدەڵێت ئەم دەرگایە هەر بۆ تۆ بوو و بۆ كەسی دی نا، بۆیە ئێستا كە خەریكە بە كۆتایی دەگەیت، ئەوا دەچم گاڵەى دەدەم.

لەمەوە بەو دەرەنجامە دەگەین، كە لەنێو ئەم سیستەمە بیرۆكراتیی و یاساییەى كافكا باسیدەكات، سوژەى ئینسان هەر لە بنەڕەتەوە دەبێت لەنێو ئەم سیستەمەدا قەتیس بێت و رزگاربوونی بۆ نییە، واتا وەك تەونی جاڵجاڵۆكە وایە و كاتێك پێت كەوتە ناوییەوە هەرگیز رزگاربوون نییە، یان وەك ئەوەى وێنەكێشەكە بە یۆزێف ك. دەڵێت سێ جۆر ئیشكردن لەسەر دۆسییە هەیە، یەكێكیان بنەبڕكردنی دۆسییەیە، كە ئەمە مەحاڵە و بە خەیاڵیش پەی پێنابرێت، تەنها دەتوانیت دۆسییەكەت كەمێك دوابخەیت یان ئەوەیە حوكمەكە دوابخەیت. با بێمەوە سەر كۆشك، ئەو وەهمەى خەڵك بۆ دەستەڵاتدارانی كۆشك هەیانە، زۆر لەوە گەورەترە بتوانیت بە ئاسانی دەستت پێیان بگات، كەچی هەموو هەوڵێكیش دەدەیت بچیتە نێو ئەو سیستەمە بیرۆكراسییەتە داگیركەرەوە، كە ناهێڵێت هەناسە بدەیت، بە مانایەكی دی، دەبێت بە كۆنترۆڵی ئەو هەناسە بدەیت. وەك دەرۆزەكەرێك دەچیتە بەردەم دەرگای بەڕێوەبەرایەتی و داواى بڕێك هەناسە دەكەیت.

 

(ك) هەر كاتێك دەیەوێت بچێتە نێو كۆشكەوە و دەستی بە كلام بگات، كەچی ناتوانێت، بەڕێكەوت لە باڕەكە رێی دەكەوێتە سەر سكرتێرێكی بێدەستەڵاتی زۆر بچووك و لە ژوورەوە قسە دەكەن، كاتێك خەڵك تێدەگەن (ك) بە راڕەوەكەدا رۆیشتووە و ئەم دەستەڵاتدارەى بینیوە، هەموویان دەكەونە سەرزەنشتكردنی (ك) كە بۆچی تاوانێكی لەم چەشنەى كردووە و راستەوخۆ لەگەڵ سكرتێر توانیویەتی قسە بكات، ئەمە تاوانە، كارەساتیشە بۆ باڕ و ئاوایی. بۆیە دەبینین، ئاوایی خۆى بووە بە دەزگایەكی گەورەى بیرۆكراسی و پارێزەری كۆشك، تەنانەت لە زۆر شتدا بە شان و باڵی دەستەڵاتدارانی كۆشكدا هەڵدەڵێن كە خۆیان هەرگیز ئاگایان لەم شتانە نییە، بۆ نموونە لە ئەتككردنی بنەماڵەى بارناباس، كاتێك ئامالیا نامەى نامەبەرەكەى دڕاندووە، بێ ئەوەى دەستەڵاتدارانی كۆشك ئەهمییەت بەمە بدەن، یان تەنانەت كاتێك باوكی بارناباس هەموو هەوڵێك دەدات تاوەكو نامەبەر ئاشت بكاتەوە و واسیتە بكات، دەستەڵاتدارانی كۆشك ئاگایان لەمە نییە، بەڵكو وەهمی خەڵك بووە بەوەى گەورەترین ریسوابوون و رووشاندنی شەرەف رووبەڕووی ئەم بنەماڵەیە بكەنەوە. (ك) دواى هەوڵێكی زۆر بەپێی گێڕانەوەى ماكس برۆد، لەماوەیەكی كەمی هاتنی بۆ ئاوایی، تووشی نەخۆشی دەبێت و دەمرێت، پاشان نامەیەك لە كۆشكەوە دێت، كە (ك) مافی مانەوە و كاركردنی هەیە لە ئاوایی وەك رووپێو. هەڵبەت لێرە زۆر هەڵوەستە ناكەم، بەڵكو ئەمە پرۆژەى داهاتوومە كە بە وردی لەسەر كۆى لایەنە فیكرییەكانی كافكا ئیش دەكەم.

 Image result for birokratisme

بازدید: 650